پلانێکی ترسناك بەڕێوەیە، وریا بن
Wednesday, 16/08/2017, 14:25
لە شەوی هاویندا کە پلەی گەرما ٣٥ پلەی سەدییە و دوای تەنها ٣ کاژێر کارەبا پێدانی فەرمی کە سپلێت ئیشپیدەکات و دەهێڵێت بخەویت، لە پڕێکدا لە ئارەقەی خۆتدا خەبەرت دەبێتەوەو لە ناو جەهەندمەکەی مەسعود بەرزانیدا لە خۆت ڕادەمێنیت بوویتە قالۆنچەیەکی سڕ، یان کولـلەحاجیەکی پێ شکاو، چونکە ئایدیای بارزانی وایە ئەوەی لە تایەفەی بارزانی نەبێت، یان پیشەی ماستاوچێتی دەستدەکەوێت، یان دەبێتە دەعبایەکی وەکو سیسارکە کەچەڵە، لە دڵی خۆتدا دەتپرسی باشە خۆ دەنگەکانی ئێمە کە دووسەدو پەنجا هەزار کەس بووین درا بە گۆڕان و ئەوان پێی چوونە پەرلەمان، کەچی پاش ماوەیەکی کەم مەسعود بارزانی بە ناوی دیموکراتیەوە نەك پەرلەمانتارانی گۆڕانی شاربەدەر کرد، بەڵکو دەرگای پارلەمانی بە مەرسومێکی سەری ڕەش داخست و خەتمی ئەسوەدی لێدا.
ئەمەش با لەولا بووستێت، دەبێت بە دوو هەفتە جارێك چاوەڕوانی ئەوە بکەیت نیو سەعات ئاوی رەسمی بێتەوەو زمانتی پێ تەڕ بکەیت، ئەگینا دەبێت لەو چارەکە موچەیەی بە ٢ مانگ جاڕێك وەریدەگریت ٢٥ هەزاری لێبدەیت بە کڕینی ئاوی تەنکەر، جگە لە پارەی موەلیدە.
ئەوە بائعی هەر باسی مەکە ٤ مانگە هیچ نەدراوە، کەس نازانێت هەیە یان نییە؟ لە کوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت! هەرچەندە ئەو دوو سێ بابەتەش کە دابەشی دەکەن بە کەڵکی خواردنی مرۆڤ نایەت، وەك ئەو برنجە کۆن و کەڕواویەی مرۆڤ توشی شێرپەنجە دەکات.
نەوت؛ ئەوە هەر بووە بە پروپاگەندەی قیتارەکەی پێنجوێن و هەر ناگات، ساڵی پار هەر دابەش نەکرا.. گەر بشگات گرانتر لە بازاڕی جیهان بە هاوڵاتیانی دەفرۆشنەوە، ئەو مەسئولە بێفەڕانە، نا ببورن ئەو بازرگانە چاوچنۆکانە هەموومانیان وەك ئاژەڵ لە خراپترین دۆخی ژیانکردندا بەستووەتەوەو بێ لەوەڕگا، کەسێك نییە پێیان بڵێت ئێ باشە کاکە ئێوە گەر هەر ئاژەڵ راگیر دەکەن ئاو و ئالیکیشیان لەبەر دانێن..
نەوتی کوردستان لە لایەن مافیاکانی بارزانیەوە تاڵانکرا و بووە بە بەدبەختی بۆ خەڵك، بووە هۆی ئەوەی موچەی حکومەتی ناوەندی لە فەرمانبەرانی هەموو کوردستان بڕی و کەچی ئێستاشی لەگەڵدا بێت کەس نازانێت پارەی پترۆدۆلار بۆ چ بانکێکی جیهانی دەچێت و دەچێتە سەر حسابی کام مافیا و چی بەسەردێت؟ رۆژێك ماستاوچییەكی بارزانی لەگەڵ هاوڵاتییەکی ئۆرگواییدا وتوێژی دەکرد و شانازی بەوەوە دەکرد کە بارزانی سەرۆکیان لە جیهاندا شازە چونکە ملیاردێرە، ئۆرگواییەکەش وتی: بەڵکو من شانازی بەسەرۆکەکەمەوە دەکەم کە موچەی مانگانەکەی تەنها ١٢٥٠ دۆلارەو مانگانەش لە بانک لەبەرچاوی ئەو خەڵکە وەریدەگرێت، نەك حیمایەی نییە ، بەڵکو ماشێنەکەشی (ڤۆلکس واگن) مۆدیلی ١٩٨٧ــە، بگرە رەفزی ئەوەشی کرد ئەو ماشێنە بە دەوڵەمەندێکی عەرەب بفرۆشێت بە نرخی ١ ملیۆن دۆلار، هەرچەندە موڵکی شەخسی خۆشیەتی.
جا با بێینەوە بۆ مەهزەلەی سیاسیەکانی لەمەڕ خۆمان، مافیا دەیهەوێت لە سایەی دەنگی خەڵکدا بکرێتە دیکتاتۆری دەوڵەتێك بە ناوی دەوڵەتی کوردکوشتن، نا ببورن دەوڵەتی کوردی ، هەر خۆی سنووری کوردانی رۆژئاڤا بە رووی دەرمان و خۆراكدا دادەخات تا لە برساندا بمرن و لەلایەکی ترەوە خۆشی بە پاڵەوانی دەوڵەتی کوردی دەناسێنێت. هەر خۆی چالاکڤانە سیاسیەکانی کوردانی باکوور لە ڕێی خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە بە کەلەپچەکراوی و چاوبەستراوی تەسلیم بە میتی تورکی دەکات و دەشڵێت دەنگ بە بەڵێ بۆ ریفراندۆمێك بدەن کە من دەوڵەتتان بۆ دامەزرێنم.
ئەمە چ خەونێکی ئیزعاجە! فەیلەسوفی ئەم ریفراندۆمەش ئەبوچیچۆیە، ئەو کەسایەتییەی لە خوێن و فەلسەفە و فیکری بارزانیەوە هەڵقوڵاوە، ئەو فەیلەسوفەی بە فەلسەفەی پێڵاو ناسراوە.
|
فەیلەسوفی بنەماڵەی بارزانی (ئەبو چیچۆی پێڵاو) |
٢٦ ساڵە میللەت دەگەوجێنن، ئیتر کاتی ئەوەیە میللەت کارتێکی سوورتان بۆ بەرز بکاتەوە بڵێت: بۆ دەرەوە ئێوە ئەهلی ئەوە نین و کەڵکی ئەوەتان نییە حوکمی لادێیەك بە دادپەروەریی بکەن، نەك ٥ ملیۆن مرۆڤی کوردی رەش و رووت و مەحروم و هەژارو چەوساوە.
ئەم ریفراندۆمە گەر بە بەڵێ تەواو بێت ئەوا بارزانی لە تیمساحەوە دەبێتە عەزیاو هەمووان دەخوات، نەك بەس بە ئاشکرا وەدات دەفڕێنێت وبە زیندوویی چاوی دەردەکات، بەڵکو زمانی هەموومان لە ساڵۆنی بارزانیدا دەبڕێت و دەڵێت ئەمەیە دەوڵەتی دیموکراتی کوردان بە پێشەوایەتی و ئەندازیاریی من.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست