کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جیاوازی لە نێوان (نەخێر)ی من و (نەخێر)ی شاسواردا

Friday, 11/08/2017, 10:23


ئەگەر دەوڵەت بون بریتی بێت لە یارییەکی بێزەون لە نێوان حیزبەکاندا، ئەگەر دەوڵەت بون بریتی بێت لەم یارییە ناشیرینەی حیزب و گاڵتەجاڕیکردن بە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیی و هاوڵاتی ، ئەوا دەکرێت کۆی ئەو یارییانە تێبگەین و بایکۆتی هەموو یارییەکانیان بکەین،
-----------------------------
چونکە لەم هەرێمە هەموو پێوەرەکان خێڵەکین و یاسا و دامەزراوەیی نییە، هەموو بەهاکان دەبنە یاری دەستی بزنس و سیاسیە بێ مۆڕاڵەکان، خۆ ئەگەر دامەزراوەیەکی وەک پەرلەمان هەبوایە و هێڵی سوری سەروەرییە نیشتمانییەکان دیاری بکردایە، ئەوا هەرگیز لە ئێستادا نە ناچار دەکراین سەیری یارییەکی وا بێزەونی نێوای دوو تیپی ناشیرین بکەین، ئەگەر پەرلەمان هەبوایە ئەوا یاری نێوان تیپی (بەڵێ) و تیپی (نەخێر) دەبوایە بدرایە بە دادگا و ئێستا شاربەدەر بکرانایە.
ئەم شانۆگەرییە ناشیرینانەی نێوان دوو بەرە، سەرچاوەکانیان یەک ئامانجە. ئەم دوو تیپە سەر بە یەک سەرچاوەی بۆگەنی یارییە ناشیرینەکانن. دوو دیوی یەک دراون، بۆیە:
- ئەگەر دەوڵەت بوون مافی بەشداریی هەر تاکێکمان بێت، ئەوا ئەم دوو تیپە لار و لەوێرە یاری بە کەرامەتی تاک بە تاکمان دەکەن.
- ئەگەر دەوڵەت بوون بریتی بێت لە خزمەتگوزاریی، ئەوە ئەم دوو تیپە نەک باسی ناکەن، بەڵکو دەیکەن بە هۆیەک بۆ شاردنەوەی ڕووی ناشیرینی خۆیان.
- ئەگەر دەوڵەت بون نەتوانێت کارەبا، موچە ، ئاو، سەروەری یاسا، لێپێچینەوە لە نایاساییەکان ، دۆسیەی نەوت ، تەندروستی ، پەروەردە ، دادگاکان، ...هتد ، بەرهەم بهێنێت، ئیتر بە هەردوو دیوەکەدا (نەخێر) و (بەڵێ) جگە لەیارییەکی بێزەون و بە گەمژەکردنی خەڵکی هیچی تر نیە .
ئەوە گومانی تیا نییە کە بەرەی (بەڵێ) تەنها لە پێناو یەک کەسدا دەکرێت و پەردەیەک دەدرێت بەسەر کێشەکاندا و بۆ دوورخستنەوەی تەمەنی نایاسایی مەسعود بارزانی، ئەمەیان هەموومان تێدەگەین ، بەڵام بەرەی (نەخێر) لە من باشتر دەزانن، کە شتێک نییە بە ناوی دەوڵەت بوون، ئەوان لە من باشتر دەزانن لەسەر ئاستی دەرەکی و ناوەکی ئامادەگیی و ژینەگەیەک نییە بۆ دەوڵەت بوون، لە من باشتر دەزانن، کە ئەمە ماکیاجێکە بۆ شاردنەوەی دەم وچاوە ناشیرینەکان ئەمانیش دێن و ئەم دەمامکانە دابەش دەکەن، بەرەی (نەخێر) هەمان کەرەستەی ماکیاجیان لە هەمان سەرچاوەی بەرەی (بەڵێ)وە هێناوە بۆ گەمژەکردنی کۆمەڵگا، بەڵام هەردوو بەرەکە ئەوە نازانن، کە ئێستە کۆمەڵگا لەوان باش تێگەیوە دەتوانێت بڕیار بدات، ئێستا تاک و کۆمەڵگا خاوەنی ڕاگەیاندنی خۆیەتی و هەر گاڵتەشی دێت بە شاشەی کەناڵی تەلەفیزیۆنەکانی ئەوان، وەک مەحوی دەڵێ:
(شوکور هوشیارە مەحوی تێ دەگات دنیا خەراباتە).
کەواتە تێگەیشتین لە بەرەی (بەڵێ) ئەمەیە و بەس بۆ سەرۆکێکی ناشەرعیە بۆ درێژکردنەوەی ئەو ناشەرعیەتەیە، بەڵام جیاوازی زۆرە لە نێوان (نەخێر)ەکەی من و (نەخێر)ەکەی شاسوار دەتوانم بڵێم :
1. (نەخێری) من لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە گاڵتە بە بەها نیشتمانیەکان نەکرێت، (نەخێر)ی شاسوار هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ فێڵ و ساختەکەی (بەڵێ)دا، بەلام بە دیوێکی تردا .
2. (نەخێر)ی من بۆ ئەوەیە کە سیاسەت و بزنس لەیەک جیا بکرێتەوە، (نەخێر)ی شاسواری بازرگان بۆ داگیرکاری حیزبێکی نوێیە لە بازاڕ.
3. (نەخێر)ی من بۆ ئەوەیە چاوچنۆکەکان کۆتاییان بێت، (نەخێر)ی شاسوار دانانی هێلکەی هەزارەها چاوچنۆکی ترە .
4. (نەخێر)ی من بۆ بایکۆتکردنی کۆی گاڵتەکردن و فێڵ کردنە لە تاک، (نەخێر)ی شاسوار هەمان گەمەی بەرەی بێتامی (بەڵێ)یە، بە دیوێکی تردا.
5. (نەخێر)ی من بۆ دەرکردنی تاکە لەم بارە قورسەی ژیان، (نەخێر)ی شاسوار بۆ کردنی تاکە بە موشتەرییەکی باشی بازاڕەکەی.
6. (نەخێر)ی من بۆ خێراکردنە لە چارەسەری موچە و کارەبا و ئاو، (نەخێر)ی شاسوار گاڵتەکردنە بە کات بۆ قسەنەکردنە لەسەر ئەم دۆسیانە و دورخستنەوەی.
7. (نەخێر)ی من بۆ ئەوەیە چی تر پارەی ئەم هەرێمە نەدزرێت و لە بازاڕەکانی دنیادا سپی نەکرێتەوە، (نەخێر)ی شاسواریش بۆ بەردەوامی دانە بەم دۆسیەیە.

بەڵێ هازارەها (نەخێر ) و هەزاران جیاوازی تر .
بە گشتی دەڵێین .... ئەم یارییە بێزەونە ڕابگرن، خەڵک ئەودیو شانۆکە دەبینێت، خەڵک دەزانێت ئەم داموچاوانە ماکیاج کراون، دەزانن هەموی بۆ بەرگرتن و پاراستنی سەرمایەی ناشەرعیی و کورسی ناشەرعییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە