کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چیرۆکەکانی چیا، تا لە سێوی سماقولی نەخۆیت نازانی، کە بۆچی دایە حەوا لە بەهەشت یاخی بوو! چیرۆکی ژمارە(١٥)

Monday, 07/08/2017, 18:54


دوایی دروستبوونی بەرەی کوردستانی لەئێران ، یەکێتی بڕیاری دا بەرەو ناوچەی بادینان بڕوات، کەئەوە خەوی لەمێژینەی شۆڕشی نوێ بوو، کە کارەساتی هەکاری لەهەناویدا  مێژووی خۆی تۆمارکرد، قسە زۆرکراوە لەسەری ، بەڵام بکەرەکانیان هەر لەناوماندا دێن و دەچن، چونکە گەلێکین ڕووداوەکان هیچ هەڵوێستەیەکمان پێناکات و بیرمان دەچێتەوە .
 هێزێکی ١٠٠پێشمەرگەی یان زیاتر  لەگەڵ شەهید "ئازاد هەورامی"دا گەیشتنە بادینان و ڕەتڵی دووهەمین بەسەرکردایەتی کاک "حاکم عومەر عەزیز" بوو.  ئەوکاتەی بڕیارم دا بۆ بادینان بڕۆم  لەگەڵ ڕەتڵی دووهەمدا بوو منیش فریاکەوتم بەو پارچە بەهەشتەی نیشتمان شادبم،  کاک حاکم عومەر وەک جێگری مەڵبەندی بادینان  دیاری کرابوو. هێزەکەمان کە تەنها مەفرەزەیەکی ١٣ کەسی بوو، بەرلەمن  ئەوان کەوتبونەڕێگە و لەدەشتی کۆیە مابونەوە، چاوەڕێیان کردم تابگەمەپێیان.
 بەخێرای لەهەوارەکانی شێخ باخەوە بەتەنها بەشانی چیای سارادا  گەیشتمە گوندە جوانەکەی  "قەمچوغە "  من چەند جارێک ڕێگەم کەوتبۆ ئەم گوندە ، هەمووجارێکیش  چیرۆکی  ڕێویە فێڵبازەکەی قەمچوغەم  بیردەکەوتەوە . بەهیوام هەموو ئەوچیرۆکە  نازدارەتان بیستبێت ، کەهیچی کەمتر نییە لە چیرۆکی کچە  کڵاوسورەکە کە لەجیهاندا ناسراوە و کراوەتە فلیمی کارتۆنی ، ڕەنگە زۆریشمان بینیبێتمان ؟  ئەو کارەکتەرەکەی گورگێکە و ئەم ڕێویەکی  فێڵبازو بەسەبر .
  ئێوارە  لەگەڵ  مەفرەزەیەک بەشەقامە قیرەکەی  دوکان سلێمانیدا پەڕینەوەو گەیشتینە گوندی" تەلان"  کە دنیا ڕوناک بۆوە من چاوەڕێم نەکرد ، بەخێرایی بەچیاکەدا هەڵگەڕام ،  کەسەرکەوتم ئیتر دەشتی کۆیە  دەرکەوت و بەرەو گوندی بۆگرد چوم و گوندی گۆپتەپەم لێدەرکەوت  بەدەستی چەپدا ، گوندی ووتەنی : شینای  ئەم مەڵبەندەی  وەک تابلۆیەک نەخشاندبوو هەمووی سەوز دەچۆوە ،  چومەسەر زێکەو بە پردەکەدا کە  بەسیمی کارەبا دروستکرابوو پەڕیمەوە ، گەر هەڵەنەبم  وابزانم کاک "پۆڵای مهەندیس" دروستی کردبوو زۆر هونەرمەندانە  نەخشاندبووی  خزمەتێکی گەورەبوو بەو ناوچەیەی کردبوو .
دوای پەڕینەوەم دەمزانی کە هاوڕێکانم لە گوندی کڵێسە ن و لەوێ گرتمنەوە و هەواڵی کاک حاکم  عومەرم پرسی ، لەوەڵامدا ووتیان : کە  پێش چەند شەو بەرەو مەڵبەندی سێ  بەڕێکەوتوە .
 ئێمە  بەنیاز بووین  لەزووترین دەرفەتدا  بکەوینەڕێگە ، بەڵام ئەوڕۆژە هێزێکی زۆر لەمەڵبەندی دوو چوارەوە  لەوێ  کۆببونەوە ، پێیان ووتین  : کە ئەم شەو بەنیازی چالاکیەکی گەورەی سەربازین .
 دەمەو عەسرێکی درەنگ  ئێمەش  ئاگادارکراین کە  چالاکیە سەربازێکە شارۆچکەی تەقتەقە و ئێمەش دەبێت بەشداربین لەگەڵیاندا ،  لەئێمەو دوو مەفرەزەی تر ڕەبایەیەکی گەورەمان بۆ دەستنیشان کرا کە لەسەر شەقامە قیرەکەبوو کە لەکۆیەوە  دەهات بەرەو تەقتەق  و  پەمپ یان "مزەخە"ی ئاوەکەی نزیکیشی کەلەسەر ڕۆخی ڕوبارەکەبوو بەرامبەر ڕەبایەکە   ژوورێکی ڕەنگ زەردی گەورەبوو  پڕبوو لە یەکەکانی دوژمن ، دەبوو ئەو تاقە ژوورەش کۆنتڕۆڵ بکەین . ووتیان: ئاگاداربن زۆرجاران چەکدارەکانی ڕژێم دەچنە ناوی و کەمین دادەنێن . ئەو جێگەیەی ئێمە کەوتبۆ نزمێوە و  ڕووتەن بوو لەکەندەڵانێ زیاتر هیچی تر نەبوو کەبمان پارێزێت  لەڕۆخی ڕووبارەکە ، ڕەبایەکە  سادرەکەی  بەبەرزێوەبوو بۆیە  ئەوان  پارێزراوتربوون  لەئێمە و هەر زوو زانیمان گرتنی ئەم ڕەبایەیە  ئاسان نی یە ...!


ئێوارە زۆری هێزەکە  خەریکی چاکو چۆنی و  دوایش  هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ گێران بوون ، دیمەنێک   پەیامی  ئازادیەکی  خۆشی دەبەخشی یە ئەم  سروشتە  ، پێشمەرگەکان  بۆ شەڕ دەچووین  کەچی شادمانی  ئەم  جێگەیەی  تەنی بوو، لەشایی  دەچوو. 
 لێرە هیچ تابلۆیەکی ڕەش نەبوو زۆربەمان  ئومێدمان  بە داهاتووی ئەم   شەڕەهەبوو کەدەمان کرد ، یاخود  دەمان وویس کەرامەتمان پارێزراوبێت و نەتەوەیەکی ئازادمان هەبێت  ، هەموومان  دەمان زانی  سەرکەوتن  پێویستی بەقوربانی دانە .
ئیتر هەر کەرت و مەفرەزەبوو ماڵئاوای دەکردو بەرەو ئەو جێگەیەی بۆی دیاری کرابوو کەوتنە ڕێگە . ئێمە  دورنەبووین لەو ڕەبایە نەفرەتیە  کەبۆمان دیاری کرابوو.
  تاریک و ڕوون  بوو بەناو بێشەڵانێکی قامیشدا  بە  قەراغی  ڕووبارەکەدا  ڕۆیشتن  و لەوێ   ڕەبایەکەمان لێدەرکەوت ،ئێمە لەنزمیدا بووین ، بێدەنگ دەستەی هێرش بەر جیاکرایەوە  و هەموو هێزەکە  یەک نهێنی شەوی هەبوو  ، بۆڕوودانی هەر ئەگەرێک .
  شەهیدێک بەقوڵپی خوێنەکەی بەرگە خاکێکەی بەرمی ڕەنگ کرد .
تاریکی باڵی کێشا بەسەر ناو چەکەدا ، ئاوی ڕووبارەکە سەربەرەوخوار بێوەستان دەڕۆی ماسیەکان خۆیان بۆ پشو ئامادەکرد  جار ناجارێک شەپۆلێکی شێت  دەیدا لەڕۆخی ڕوبارەکە دەنگێکی نزم گۆمی بیذەنگی دەشڵەقاند و پاشان بێدەنگی  .
ڕێک نازانم  دەمژمێر چەند بوو لەهەموو لایەکەوە تەقە دەستی پێکرد ، لە هیرشی یەکەمەندا دوای ئاربیجێکان  ئێمە  دوو شەهیدمان  بەخشی  . دووگەنج  کە دوای زانیم ناویان "لوقمان ، کاوە" بوو ئەوان پێشمەرگەی  کەرتی سنجی  مەڵبەندی چواربوون ، نازانم کامیان بوو فوارەی خوێنی سەرسنگی   منی نقومی خوێن کرد ، بێدەنگ  هیچی نەوت  تاریک بوو   ،تفەنگەکەیم زامن کرد   هێواش ڕایان کێشا  بۆ کەندڕەکە لەڕۆخی ڕووبارەکە. 
 ئامرکەرتێکیش   ملی برینداربوو ئەویش دورخرایەوە ، توڕەبونی ئێمە هێزەکەی  دوژمی ئاسودەکردبوو ،  ئەوان جوێنیان بەشەهیدەکان دەدا  ، بەبەرزێوەبوون ، شارۆچکەی تەقتەق گیرا ، تەنها  ئەو پایگا نەفرەتیەی ئێمە  مابوو  ، لەهەموو جێکانەوە تەپڵی سەرکەوتن لێدەدرا، لای ئێمە  هیچ پێشەوە چونێک نەبوو .
 ئێستا تێدەگەم "هەموو ئەو شتانە دەزانرێت  نابێت بووترێت " بەڵام  هێزی شەڕکەر دەبێت  ئاشنای یەکبن ، سوپا دەبێت  ڕابەری هەبێت  ژمارەی هەرچەنێک بێت. 
 مامۆستای سامورایەکان دەڵێن : "لەهەر شەڕێکدا توڕەبوونی خۆت  کۆنتڵۆڵ نەکەیت ، ئەوە بەدڵیایەوە دەدۆڕێت".
 شەڕەکە زۆر بەر فراوان بوو  ، ڕژێمی بەعس  لەلوتکەی دەسەڵاتدابوو  ، تەکنەلۆژیای جەنگ  لای سوپای داگیرکەران زۆر گەشەی کردبوو ، کۆپتەرەکان هاتنە سەر مەیدانی شەڕەکە،  ئەوان ئەو شەوەیان کردە چراخان  هێندە ڕوناک  بوو  دەتوانی  دورمان بکەیت . بەسەدان  گولە کە کۆپتەرەکان و پایگا نەگیراوەکە لەئێمەیان دەگرت لەڕووبارەکەی دەدا  ، وابزانم ماسی گەورەو بچوکیان لەڕووبارەکەدا نەهیشت . 
 شەڕ درێژەی کێشا و هەمووی دوبارە بونەوەبوو ، ئەوان لەناو سادرەکاندا  جێگەیان قایم بوو، بواریان نەدەداین هێرش کەین بۆیان  ، ئێمەش  خۆمان بە زەویدا دابوو لە قەراغی شەقامە قیرەکە ،  گولەکانمان  خەریک بوو بەرەو تەواو بوون دەچوو ،پاشان کۆپتەرەکان  بەو  " گولەگڕدارانەیان " ناوچەکەیان دەکردە  ڕۆژی ڕوناک و ماوەیەکی زۆر گڕە نەعلەتێکە  بەئاسمانەوە دەما ، ئەوەش هۆکارێکی تر بوو کە ئەو پایگا نەفرەتیەمان بۆ نەگیرا . 
دەمەو بەیانی  بوو هیزەکە هەمووی بڵاوەی پێکرا  تەنها لای ئێمە وە دەنگی تەقە دەبیسرا ، کاتێک کاک "راید جەلال " هات   ووتی :  هەرچی ئاربیجیە  باکۆبێتەوە   نازانم ژمارەی ئاربیجێکان چەند بوو؟  بەڵام  ئەو کاتانە ئەوە چەکی  قورسی شۆڕش بوو   یەک ڕیز ئاربجی لەیەک کاتدا   ڕووی لەو پایگایە کرد و  بێدەنگی   باڵی کێشا بەسەر ناوچەکەدا ، ئێمە  ماندوو وەنەوزمان دەدا بە ڕۆخی ڕووبارەکەدا گەڕاینەوە  دنیا ڕووناک ببۆوە  ،  خۆم لەڕووبارەکە هەڵکێشا  تاخوێنی هاوڕێ شەهیدەکە   بەبەرگەکەمەوە نەمێنێت  و سەرخەوێکی قوڵم شکاند . دەمەو نیوەڕۆبوو  گوێم لەدەنگی کۆپتەر بوو   خانەخوێیەک کە خەریکی کشتوکاڵ بوون شۆربایەکیان  لەماسی دروستکردبوو  بۆمان  تام و چێژەکەی هێشتا لەلام بزر نەبوە   .
 عەسرەکەی بەڕێکەوتین  بەرەو مەڵبەندی چوار کە لە گوندی "سماقولی"بوو ، کە تاریکی باڵی بەسەر ووڵاتدا کێشا  ڕابەرێک پێشمان کەوت بە شانی کۆیەدا  وابزانم  باوەجی پێدەڵێن ئەو جێگەیە   بە بەینی دوو پایگادا کە لەسەر دووگردۆلکە بوون  ڕۆیشتین ، من و کونجرینی  لەسەر شەقامە قیرەکە  ماینەوە تا هەموو هێزەکە ڕۆی  ، ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام  ڕابەرەکەمان بوو ئەو ناوچەیە وەک بەری دەستی شارەزابوو  ، لەبەینی ڕەبایەکاندا سیمی تەلەفۆن هەبوو  ڕێبەرەکە  بەخۆی و گۆچانەکەی دەستی هێواش  لەسەر سیمەکە  وەستا   ووتی گەر سیمەکە  بقرتێ  ئەوە تەقەدەکەن لە دۆڵەکە   لەناو سنەوبەرەکورتەکاندا  گوزەرمان کرد  ، ماندووبووین  بەڵام دەبوو هەر ێگە بکەین  هەر چۆنێک بوو  کۆیە مان بەجێهیشت وبەرەو  ناوچەی هەولێر  بەڕێوەبووین .
دەمەو بەیانێکی درەنگ گەیشتینە  ڕۆخی گوندی سماقولی  ، سماقولی هەمووی باخی سێبوو دەبوو پشوبدەین ئێرە ناوچەی  ئارام بوو ، هێزی زۆری لێبوو جێگەی نیگەرەرانی نەبوو ، لەباخەکەدا  هەریەکەمان جێگەیەکمان دۆزێوە بۆ پشودان لەبن دارسێوێکدا بڕیارم دا  سەرخەوێک بشکێنم   بێپرسی خاوەنەکەی   سێوێکم  لەسەر زەویەکە هەڵگرتەوە  دوای ئەوەی بەسەر دەستەکانم سڕیم  قەپێکم لێگرت  و کرماندم  ناو دەمم پڕبوو لەئاو ،" خودایە  ئەوە چتامێکە "؟  نازانم بۆچی  لەو کاتەدا چیرۆکی دایکە حەوا هات بەمێشکما ؟  من  دوای خواردنی ئەو سێوەی سماقولی  زانیم بۆ دایکە حەوا لەبەهەشت  یاخی بوو.....؟
 پێشتریش ووتم :
 هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم  نی یە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەکورتانە ، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم ، ئەمڕۆ کەسانی  نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور  دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە  داگیرکەن و بۆخۆیانی بەرن و بیکەنە مێژووی کەسایەتیان کەنیانە ، کەزۆریان نەلەدوور نەلەنزیک  ئاگایان لەم هەموو ڕووداوەنەبوەو ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نی یە . ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە