هەولیریات 42 ئیعلامی كۆن و ئێستا
Monday, 07/08/2017, 18:44
لەو سەردەمانەدا، تەبعەن دیسان مەخسەدم سارانی پەنجاوشێستو حەفتاكانە،لەهەمو عیراقدا یەك ئیزاعەو یەك تەلەفزیۆن هەبو ئەویش لەبەغدا بو،ئێستا بەس لەگەڕەكی عەنكاوەدا 28 رادیۆو 16 تەلەفزیۆن هەیە..ئەوجا ئەو ئیزاعەی بەغدایەش دەورەكی زۆر گەورەی هەبو لەسیاسەتدا،وەكی ئێستا نەبو حەمو رادیۆو تەلەفزیۆنی كوردستان باسی گەندەڵیو روبعە موچەی بكەن حكومەتیش تەقەی سەری بێ!ئەو كاتی ئیزاعە زۆر موهیم بو بەخسوسی لەگۆڕینی نیزامی حوكم. چارپێنج زابتو عەریفو نائیب عەریف لەناو خۆیان رێكدەكەتن وبەمودەرەعەیەك دەچونە سەر ئیزاعەی بەغداو داگیریان دەكردو بەیانی رەقەم یەكیان تێدا دەخیندەوەو ئینقلابی خۆیان رادەگەیاند،بەیانی دوەمیش قەراری ئیعدامكردنی هەرچی وەزیرو گزیرو كاربەدەستی پێش خۆیانبو. ئێستا ئەگەر بمانەوێ ئینقلاب بەسەر ئەو حوكمەتە گەندەڵەیدا بكەین نازانین كێهان ئیزاعەو تەلەفزیۆن بگرین، چونكی ئەگەر تەلەفزیۆنی روداو بگرین كەناڵی بیستوچار دێتە مەیدان، رادیۆی دەنگی كوردستان بگرین، رادیۆی لقی دوو دێتە دەنگ، ئیشەكە وا زەحمەت بوە پیاو ناتانی دو سێ ئینقلابیش بكا بەشكو ئەو سیستەمی پاشەكەفتە بگۆڕی.لەحەموشی خۆشتر ئەوەیە دەسەرات دەچتە وراتانی ئەوروپاو فرمێسك دەڕێژی دەری پەرلەمان ئینقلابی لەسەرم كردیە!.پەرلەمان نە دەبابەی هەیە نە تەیارەو نائیب عەریفیشی نیە كەچی تۆمەتبار دەكرێ بە ئینقلابی عەسكەری!!. ما عەلینا با بێمەوە سەر مەوزوعی ئیعلامی ئەو سەردەمە.لەسینەماكان وەختی خۆی پێش دەستپێكردنی فلیمەكان هەندەك دیعایە دەكرا لۆ حكومەت، ئەو زەمان حزبی بەعس تازە هاتبوە سەر حوكمو ئەحمەد حەسەن بەكر رەئیسی جمهوری بو.. ئەوجا لەگەر دەستپێكردنی فلیمەكان هەندەك دیعایە پیشان دەدران، وەكی ئەوەی بەكر مەكتەبەكی كردیتەوە یان سەردانی فلانە پرۆژەی كردیە، ئەوجا لەگەر دەركەتنی بەكر دەبایە ئەوانەی چونە سینەما لۆ دیتنی داراسینغ و هەرقەل و فەرید ئەترەش هەستنە سەرپێ و چەپرە لێدەن. ئەوجا نوكتەیەك هەیە دەرێ رۆژەكیان ئەحمەد حەسەن بەكر خۆی گۆڕیبو بەدزی هاتبوە ناو بازارو گۆتی بابزانم وەزعی میللەتەكەم كوەو كوو نیە.كە دێتە بازار دەچتە سینەماو دادەنیشی.كە فلیم دەست پێدەكا دیعایەی ئەحمەد حەسەن بەكر دێتە سەر شاشەو خەركی دەست دەكەن بە چەپرە لێدانو بەكریش هیچ ناكا،لەتەنیشتیەوە كابرایەك نوقورچە كی لێدەداو دەرێ" كوڕی كەر چەپرە لێدە ئەگینا دەتبەنە دائیرەی ئەمن خازوقت تێ دەبڕن؟!.ئاخر ئەو كاتی رادیۆو تەلەفزیۆن وجەریدەش حەموی دیعایە بو لۆ بەكرو سەدام..لەسارانی هەشتاكانیشدا كە زەمانی شەڕی عیراقو ئێران بو،یەك تەلەفزیۆن هەبو ئەویش سەدام داگییری كردبو بە ئامانو زەمان بەجێی نەدەهێشت، بەناوی مەراسیمی نۆتی شەجاعە رۆژانە چارپێنج سەعات شاشەی بەرنەدەدا،كە دەبوە سەعات دوازدەی شەو موزیعەكە دەهاتو دەیگۆت( الی هنا تنتهی برامجنا شەوتان شاد) لۆ سبەینیش عەینەن تاسو عەینەن حەمام!.خوا رەحمی كردیە سەرۆكی مە ئەو عادەتەی نیە نۆتی شەجاعە بداتە قائیدە عەسكەرییەكانی شەنگال،هەر لەناو حزبەكەی خۆیدا پلەیان بەرز دەكاتەوە!.ئەو زەمان بەس دەورەت ئیعلامی هەبو وەكی جەریدەو رادیۆو تەلەفزیۆن، ئێستاكێ حەمەی كوڕمو سەعەی كوڕی فەتاح بەقارو شاگردی چایخانەكانیش حەمو وەسائیلی ئیعلامیان هەیە، خۆیان خاوەن ئیمتیازی جەریدەنو مودیری تەلەفزیۆنو موزیعی رادیۆو موخریجی ئەفلامو حەمو شتەكن بەو فەیسبوكەوە. دەتانن وەكی جەریدە چییان بوێ لەسەر لاپەڕەی خۆیان بینوسنو براوی بكەنەوە، رای خۆیان لەسەر كێشەی كۆریاو ئەمریكاش دەرببڕن.. ئەگەر حەزیان كرد خیتابی سیاسیش بدەن لایفەكە دەكەنەوەو بەسەعات قسە دەكەنو كەس نارێ لەسەرچاوت دو برۆیە،رخنەی توندیش لەحكومەت دەگرن. ئەوەش ماروێرانییە لۆ حكومەت چونكە نازانی بەكێ رابگاو قۆڵبەستی بكاو بیباتە حەپسخانەكانی محەتە،ئاخر وەكی دەرێن دونیا دەوران دەورانە بەگم.. باقی وەلسەلام.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست