کـــــــــوردبــــــــوون و ناســــــیۆنالیـزم (بشی چوارەم)
Wednesday, 09/08/2017, 17:32
ـ بیرۆکەی نەتەوە لە نێوان کەلتوری پیشەیی و کەلتوری ئاکاریدا
هەوڵی ئەم کۆمەڵە بیریارە، یاخود دیدی ئەم قوتابخانە هزرییە، کێشمان دەکاتەوە بۆ ناو ململانیی نێوان مادە و هۆش. ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە،بوونی نەتەوە، لە واقیعدایە و چ پەیوەستیەکی بە فکرەوە نییە. یاخود دەوروبەر و واقیع و کەرەسە و ئامێرەکان ئاغان و ئەوان پێویستی هەر شتێکیان بە گرنگ زانی، بڕیاری دروستکردنی دەدەن. لەمەشدا هەڵکەوت و بەها و گرنگی مرۆڤ و هزر و هۆشی دەخەنە، خانەی فەرامۆشیی و ناکاراییەوە و چ هەژمارێکی لەسەر هەڵناچنن. مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێ:
<< دەمەوێ بزانین لە تەفاعولی مرۆڤ لەگەڵ سروشت کە بنەمای هەموو ژیان و بەرەوپێشچونێکە ئایا کاریگەری یەکەم مرۆڤەکەیە یا مادەکە؟ ئایا مرۆڤ کە دێت و دەچێت و ڕاو دەکات و دەچێنێت و نەوت دەردەهێنێت و فڕۆکە بەرەو بڵندایی دەبات و بۆ بنی دەریا قوڵ دەبێتەوە و فابریقان دادەنێت و هەنگوین لە هەنگ دەستێنێت و هێزی ئاو و با و کارەبا و ئاتۆم بەکار دەهێنێت و مرۆڤی دیکە دەکوژێت و دەیگرێت و دەیفرۆشێت و(دەشی لاوێنێتەوە)و ملیۆنەها شتی چاک و خراپ و نەچاک نەخراپ دەکات خۆی کارتێکەر و کاریگەر و ئیرادەتمەندە یاخود بووکەشوشەیەکی کۆک کراوە بەدەست ئەو شتانە و ئەوان کارتێکەر و کاریگەرن مرۆڤیش کارتێکراو و بێ ئیرادەیە؟>>.
دوای ئەم خاڵە، نووسەر بەدوای بیرۆکەی نەتەوە لە نێوان کەلتوری پیشەیی و ئاکاریدا دەچێ.
" کەلتوریی پیشەیی ئەو کولتورەیە کە هەریەک لە ئێمە پێویستە فێری بێت تا کارێکی لەناو کۆمەڵگادا دەست کەوێت و لە ڕێگەیەوە بژێوی خۆی دابین بکات".٤٧
لێرەشدا درێژە بە باسەکە دەدا و نەتەوە بەرهەمی کەلتووری پیشەییە، نەک ئاکاری. هەموو هەوڵ و تەقەلایەک دەدرێ بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە. دیدی قوتابخانەکەی گێلنەر، ئەوەیە کۆمەڵگا کشتوکاڵییەکان، فرە کەلتوورین لە رێگای بوونی دەستەوتاقمی جیاواز جیاوازەوە، کە بەسەرخۆیاندا داخراون و جیاوازییەکانی نێوانیان زەقە. ئەم گرووپانەش بە سانایی دەستبەرداری تایبەتمەندییەکانی خۆیان نابن. لێ لە وێستگەی دواتردا، قۆناخی پیشەسازی، چ جیاوازی و تایبەتمەندییەک، لای کەس و گرووپەکان نامێنێ و هەموویان لە سایەی، یەک کەلتوور و جۆری هەڵسوکەوت دا، کە باڵ بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا دەکێشێ دروست دەبن و دەبنە یەک.
کۆمەڵگای پیشەسازی واتە کار و پیشە. گوایە ئەم سیفەتانە دەبنە مامانی کولتوورێکی هێندە باڵا و کاریگەر و تێروتەسەل ، دەتوانن کۆمەڵگایەک لە مرۆڤ دروست بکەن و ناوی بنێن نەتەوە یاخود ئەوان ئارەزووی لێ بکەن،وا ناوزەدی دەکەن . لێرەدا ئەم فاکتە، خەڵکەکە پێکەوە گرێ دەدات و ئیدی دەرفەت بۆ کەلتووری ئاکاری نامێنێ، یاخود کز و لاواز و ڕووکەش خۆی دەنوێنێ و کەلتوورە پیشەییەکە باڵادەست و هەراشتر دەبێت.
" کەلتوری ئاکاریش ئەو کولتورەیە کە دەبێت مرۆڤ فێری ببێت تا بتوانێت بکەوێتە ناو پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا".٤٧
نووسەر، لەم ڕاڕەوەوە، دەمباتەوە بۆ دنیا سیاسەت و نموونەی لە بەرنامە و نەخشەی سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەری تورک و فارس و عەرەب دێنێتەوە، کە چۆن پێڕەوییان لەم سیاسەتە کردووە. سیاسەتی سەراپاگیرکردنی یەک کەلتوور،لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانیاندا.
بۆ نموونە، کورد هەمیشە بۆتە قوربانی ئەم تێڕوانینە گشتییە. بە واتایەکی دیکە، کەلتووری تورکچێتی و فارسچێتی و عەرەبچێتی، رەنگڕێژی سیاسەت و ئیدیۆلۆژیی فەرمی دەوڵەتە داگیرکەرەکانە. کورد چەوساوەی دەستی ئەم یاسا و رێسا و کەلتوورەی، دەوڵەتە داگیرکەرەکانە و لەم پانتاییە کولتورییەدا، نەک هەر جێگە و پێگەی نییە و پێی نابەخشرێ، بەڵکو دەیانەوێ ئەوەیشی کە هەیەتی لێی بسەننەوە و بەتەوای بیسڕنەوە. نموونەیەکی دیکە، گەر دەرفەت هەبێ، وا جارێکی دیکەش ئاماژە بە وڵاتێکی وەک شورەوی جاران بدەینەوە، کە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی، پیشەسازی بوو،
بەدرێژایی بوونی خۆی، لە سنووری قەڵەمڕەوەکەیدا هەوڵی دا، پێڕەوی لە سیاسەتی کولتوورێکی سەرتاسەریی و یەک رەنگ، بەسەر تەواوی نەتەوە جیاجیاکان دا جێبەجێ بکات. دوای تەرخانکردنی وزە و توانایەکی ئابووری و میدیایی و رۆشنبیریی و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و تۆقاندنی زۆر، لێ بیرۆکەی سیاسەتەکە نەیتوانی، بۆ هەتاهەتایە چلوورە بەستوو بێت و، ئەوەی لەبەرچاوی گرتبوو، پێی بگات و بیهێنێتە دی. لە ئاکامدا، دوای داڕمانی شورەوی، سیاسەتە کولتورەکەشی شکستی خوارد.
چونکە بەڵگەنەویستە، نە هیچ کەس و نە هیچ نەتەوەیەک لە شورەوی جاران دا، ئامادە نەبوو دەستبەرداری تایبەتمەندییەکانی خۆی بێت. ئەرمەنی، لێتوانی، کازاخی و گورجی، هەروەک خۆیان مانەوەو زیاتر لە جاران دەستیان بە بنەما نەتەوەییەکانی خۆیانەوە گرت. ساتێ دەرفەتێکیان بۆ هەڵکەوت، دەستبەجێ ماڵی خۆیان جیاکردەوە و شوناسی خۆیان هەڵگرتەوە. وڵاتی یوگسلافیا بەهەمان شێوە نەتەوەکانی ناو دەوڵەتەکانی عوسمانی و هابسبۆرگی جارانیش هەمان کاریان کرد.
د. عرفان، لێرەدا چەمکێکی جوان و گرنگ، باس دەکات، کە پڕ بە پێستی باسەکەمانە، گێلنەر و هاوڕاکانی، لەم قوتابخانەیەدا کردوویانەتە، دروشمی خۆیان. ئەویش چەمکی(بیرۆکەی خەساندن)ە. خەساندنی لایەنەکانی پێکهێنەری فرەکەلتووری، بە ئامانجی سازدانی یەک کەلتووریی. واتە قوربانی دان بە بەش بۆ گشت، هەر وەک دروشمە زەقەکەی مارکسیزمیش جەخت لەسەر ئەم پرنسیپە دەکاتەوە و کاری جددی پێ دەکات. سەردەمی شورەویی، مەرج بوو لەسەر نەتەوەکانی ژێر چەپۆکی ڕووسیا، قوربانی بە بەرژەوەندی خۆیان بۆ مۆسکۆ بدەن.
لە کۆمەڵگای پیشەسازی دا کەلتوورەکەی، دەکەوێتە ژێر یاسا و رێساکانی چاودێری و هەرکەس ناتوانێ سەربەستانە بەو جیاوازییانەی هەیەتی هەڵسوکەوت بکات. کەواتە دەبێت لەم کۆمەڵگایەدا، کەلتوورەکە بە پێی یاسای رووەک پەروەردە بکرێ. کولتورێک وەک تۆ و دەیچێنن و چاوەڕێی دروێنەی جۆرێکی تایبەت لە بەروبووم و دانەوێڵەی لێ دەکەن. کاتێ تۆوی گەنمت چاند، خۆ ناتوانی جۆ بچنێتەوە. واتە هەموو دیاردەکان، لەم سیستەمەدا دەکەونە بەر حوکمی یاسای دروستکردن و لە ئاکامیشدا بەرهەمی دروستکراو دێتە بەرهەم.
دیارە ئێمە لێرەدا باسی کەرەسە و ئامێر و مەکینە و پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانە ناکەین، بەڵکو لە باسگەلێگ دەدوێن، کە لەڕاستیدا خۆڕسک و سروشتین و بە پڕۆسەی تایبەتی خۆیاندا تێدەپەڕن و کەموزۆر دەخالەتی بڕیاردەرانی دەرەکییان بەسەرەوە نییە، بووی کۆمەڵایەتین، بە سروشتی دەڕسکێن. واتە کارخانەیەک دەتوانێ ترومبێل دروست بکات، لێ نەکارێ کولتور و هەلسوکەوتی مرۆڤ و خەسڵەتی سروشتی نەتەوەکان، وەک کاڵا بخاتە قووتووەوە و لەبازاڕدا ساخیان کاتەوە.
مامۆستا مەسعوود دەڵێ:
<< من بە حاڵ دەتوانم لە کولانەی بەراوردکردنی حەقیقەتی دەوری مرۆڤ و سروشتەوە تیشکێکی بیروڕای خۆم بهاوێژم بۆ ئەو ناتەواوییە فکرییەی کە دەوری فاعلیەت و خالقیەت لە مرۆڤ دەدزێتەوە بۆ دەورەوبەر کەچی بەشی هەرە زۆری دەوروبەرە کاریگەرەکە،دەستکردی مرۆڤەکە خۆیەتی>>.
هەر بۆیە گێلنەر، ئەم هەوڵە بە کەلتووری باخچەیی باس دەکات، وەک ئەو گوڵ و ڕووەکەی لە باخچەکاندا لەژێر سەرپەرشتی باخەوان و جوتیاراندا گەشە دەکەن. گەرەکێتی کولتوری ژیانی قۆناخی پیشەسازیش بەو شێوە بەرهەم بهێنێ و لێ بکات. کەلتوورەکەش لەسایەی چاودێری و بەرنامەڕێژی دەزگایەکی دەوڵەتییەوە، بەرهەم دەهێنرێ و ئیدی سروشتە کێوییەکەیان نامێنێ. وەک ئەوەی لە تورکیادا بە یاسای پارلەمانی ترکیا، زمانی کوردی رێبەندی لێ کراوە. کەس بۆی نییە، بە کوردی بئاخڤێ. سەدان دەزگای جیاواز، چاودێری ئەم فەرمانە فەرمییەی دەوڵەتی تورکیا دەکەن. بە کورتی و کرمانجی کەلتوورێکی دروستکراو و جێ بە کەلتوورێکی سروشتی چۆڵ دەکات و خۆی دێتە سەر تەخت و دەبێت بە جێگرەوە و، پێویستە لەسەر هەموو لایەک پێڕەوی لە یاساکانی بکەن.
مۆدێرنیزمەکان، ئەم خاڵەیان کردووە بە پەیژە و لێوەی بەرەو لوتکەی دیدی خۆیان سەرکەوتوون، و نەتەوە بە بەرهەمی کۆمەڵگای پیشەسازی، لە قەڵەم دەدەن.بەم کارەش چاوپۆشی لەو کەلتوورە عەقڵییە دەکەن،کە مرۆڤ خاوەنێتی . سەبارەت بەم بۆچوونانە،بۆچونێکی تری مەسعوود محەمەد،دێنینەوە،کە دەڵێ:
<< ئێمە ئەگەر خەریک بین،مێژووی دەستکرد بخوێنینەوە،لە چارەسەرکردنیشدا،دەردی دەستکرد تیمار دەکەین،ئەوەی لەو ناوەشدا خەسارەتمەند دەبێ،میراتگری ئەو جەماوەرەیە،کە بەزۆر لەسەر کاغەز بەگژ ئەسکەندەر و جەنگیزخانیان دا دەهێنین>>.
د. عرفان ئەم حاڵەتەی ناوناوە (عەقڵی یاسادۆزی) .
"عەقڵی یاسادۆز، عەقڵی بەشە مرۆیەکەی مرۆڤە و مرۆڤ بەمە جیادەکاتەوە لە زیندەوەرەکانی تر.عەقڵی یاسادۆز ئەو عەقڵەیە کە لە رێگەی تێڕامانی مرۆڤەوە لە بوونی خۆی و بوونی جیهان لە خۆیدا دەتوانێت ئەو یاسایانە بدۆزێتەوە کە لە سروشتدا پەێڕەو دەکرێن لەگەڵ ئەو یاسایانەی کە مرۆڤ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ دەرەوەی خۆی دەبێت پەیڕەویان بکات".(٧١)
مرۆڤ خاوەنی عەقڵ و هۆشی بەهێزە و لە رێگەی عەقڵەوە زیگنالی پێدەگات و هۆشیاری بە دیاردەکان پەیدا دەکات و بە پێی یاسا عەقڵییەکەی ناوەوەی هەڵسوکەوتی گونجاو و هاوسەنگیان لەتەکدا دەکات، بە شێوەیەکی شایستەیی. ئا لێرەوەیە مرۆڤ دەکەوێتە سەر کەڵکەڵەی یاسادۆزی، بۆ زاڵبوون بەسەر دەوروبەر و بەڕێوەبردنی مەرامەکانی لە ژیان و جیهاندا. ئەمەش لێوەشاوەیی و مەزنی و گرنگی نهێنی گەورەیی مرۆڤە، کە خاوەنی تایبەتمەندێتی هۆشە و دەتوانێ بیر بکاتەوە و داهێنان بخوڵقێنێ، بەڵام ئامێر و ماددەکان، لەم خەسڵەتە بزوێنەرە بێبەشن. مامۆستا مەسعوود دەڵێ:
<< شەرەفی مادە لەوەدایە خزمەتی فکر بکا چونکە فکر چرای مرۆڤایەتییە،لە چرا بەولاوە چاویەتی،لە چاویش بەولاوە ناوەڕۆکیەتی(..)
گاسنێ نەتوانێ لە لای خۆیەوە بەرەو پێشتر بێتەوە، چۆن دەبێتە مامۆستای ئەرەستۆ و شافیعی و نالی؟ خەڕەک و ئەبوونواس؟تەپکە و فیساغۆرس؟ تەشی و سەلاحەدین؟ ئاش و لۆغارتیم؟ ئەوەندەی سەر دەهێنم و دەبەم، بە خەیاڵ و بە وڕێنەش خۆم پێ ئیقناع ناکرێ زانست و ئەدەب و هونەر مارەبڕاوی پێستە ڕیوی و مزەی ئاش و لەوەڕگەی مەڕ و مازووچنین بکەم>>.
بەڵێ ئەمە هێڵە گشتییەکانی جیاوازی و کاریگەرێتی نێوان فکر و ماددەیە. نووسەر لەسەر باسەکەی بەردەوامە و دەنووسێ:
" مرۆڤ وەک ئامێرێک دابەش دەبێت بۆ دوو توخم: جەستەی ئامێر و یاساکانی بەکارهێنانی ئامێر.لەم قۆناغەشدا یاساکانی بەکارهێنانی ئامێر لەناو مرۆڤدا دەمێنێتەوە و تەنها جەستەی ئامێر دەکەوێتە دەرەوەی مرۆڤ".(٧٥)
مەودای فراوانی جموجوڵی مرۆڤ و دیاریکردنی جۆری پێوەندییەکان، مرۆڤی بە درێژایی ململانێی نێوان کۆیلە و سەردار و کۆمەلێ گرفتی دیکەدا بردووە ، وەک بایەخی ئامێرە پیشەسازییەکان لە پرۆسەی گەشەی مێژوودا، بوونە مایەی ئەوەی سەرهەڵدانی تێڕوانینی نوێ، لای زانا و فەیلەسووفانی ئەوروپا دەرکەوێ. ئەوروپا کیشوەر و چەقی، خاڵی دەرچوونی ئەم تێڕوانینە نوێیە و لانکی سەرەکی لە دایک بوونێتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست