کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەرێمی کوردستان و رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی؟

Wednesday, 02/08/2017, 23:04


لەگەڵ گرنگیدان بە فەزای ئەم باسە و هەمەجۆری خوێنەران و بێ ئەوەیکە ئامانج هیچ جۆرە باسێکی جیاواز و پێوەندیدار بەهیچ شتێکی تر بێ،پێمخۆشە لەسەرەتادا بەچەند ڕستەیەکی کورت ئەو چوارچێوەیە دیاری بکەم کە لە سەری قسەم کردوە بۆ خوێنەران.
لێرەدا هاوسەنگی ستراتیژی یا هاوسەنگی هاتووچۆ دوو تەوەری گرنگن بۆ تێگەیشتن لەناوەرۆکی ئەم بابەتە،گەمەکەری یەکەم ئەگەر نەشیهەوی دووبارە لەبەر هۆکاری گۆڕانکاری ژینگەی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کارتێکەریەوە و هیچ گەمەکەرێەک بێ ئەویتر،ئاسایش و ئەمنییەتی نییە.
ئەم تێگەیشتنە بە "گرێدراوی نەرێنی بەرابەر"پێناسە دەکرێت،یانی دوو گەمەکەر دەبێ بەرژەوەندی هاوبەشیان پێکەوە نەبێ، بەڵام لە مەترسی و هەڕەشەکاندا پێکەوە هاوبەشبن،گریمانەی باسی منیش ئەوەیە کە ئێران/هەرێمی کوردستان وەک دوو یارییکەر وانە کە هەر یەکەو چەکێکیان هەیە، بەڵام ئەوەی چەکەکەی پێداون،ڕایگەیاندوە یەکێک لەم چەکانە،گوللەی تێدا نییە و بەتاڵە،ئەم ناڕوونییە ستراتیژییە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هیچ کام لەم دوو گەمەکەرە نەتوانن خەمسارد بن سەبارەت بە مەبەستی یەکتری.

هەرێمی کوردستان:
بەدڕێژایی ساڵ و مانگ و رۆژانی ڕابردوو،مەسەڵەی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی رێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بۆتە مژاری گفتوگۆی جیدی و سەرەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ئێستا بە جورئەتەوە دەتوانین ئاماژەی پێبکەین کە پرسی کورد لە باشووری کوردستان و سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق،یەکێکە لە سێ پرسی سەرەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،بەو مانایەی کە لەپاڵ مەسەڵەی تیرۆریزمی (داعش)،سەربەخۆ خوازی هەرێمی کوردستان و فەڵەستین لە سەرووی مەسەڵەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی گرتووە.
هەڵوێست و لێدوانەکانی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەنجامدانی رێفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و پاڵپشتی تەواویی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و دیاریکردنی ماڤی چاڕەخۆنووسی،ئەم پرسیارە گرنگەی دروست کردوە،کە ئایا عێراق بەڕاستی لە لێواری هەڵوەشاندنەوە و دابەشبوون دایە؟ئایا تاکوو چەند مانگی تر ئێمە بەراستی شایەدی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەبین؟لە دوای جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە،هەڵوێست و دژ کردەوەکان لە ئاستی ناوخۆیی عێراق و ناوچەیی و جیهانی چ دەبێت سەبارەت بەو ئەگەرانەی رووبەڕووی دەبێتەوە؟
بۆ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە لەسەرەتادا هەوڵدەدم لەبەر رۆشنایی لێکدانەوەی مێژووی ڕابردووی سەربەخۆ خوازی گەلی کورد لە عێراق بخەمە ژێر لێکۆڵینەوە،دواتر بەتەرکیز خستنە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،شرۆڤەیەک لە چوارچێوەی پێشهاتەکانی ئایندی سیاسی عێراق لەئەگەری سەربەخۆیی و جیابوونەوەی گەلی کورد بخەمە روو بۆ خوێنەرانی هێژا،جێگەی ئاماژەیە کە ئەم نووسینە هیچ پێوەندی بە ڕەق و کینەی شەخسی نییە لەمەر دۆخی سیاسی کوردستانی عێراق و ئەنجامدانی راێفراندۆم،تەنیا شرۆڤەیەکی گشتییە لەسەر تەواویی پێشهات و دەرئەنجامەکانی پرۆسەی رێفراندۆم و سەربەخۆیی لە کوردستانی عێراق.
پرۆژەی بابەتی ئەنجامدانی رێفراندۆم سەرەڕای گرنگیدان بە قەیران و کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا رووبەرووی بۆتەوە،بەگشتی ڵایەنی پرۆپاگەندەیی هەیە و بارزانی جارجارە بەڵێدانی دەهۆڵی سەربەخۆ خوازی لەهەوڵی وەرگرتنی کۆمەڵێک دەستکەوت و ئیمتیازاتی زیاتر دایە لە دەوڵەتی عێراق.
لە سەد ساڵی ڕابردوو گەلی کورد لە باشووری کوردستان (عێراق)بەردەوام بۆ گەویشتن بەسەربەخۆیی چ بەشێوەی سیاسی و چ بەشێوەیەی سەربازی بەردەوام لە خەبات و تێکۆشین رووبەروو بوونەوە دابوونە لەدژی دەوڵەتی ناوەندی تاکوو بگەنە خواستە ڕەواکانی خۆیان کە هەر جارە دوو لایەنی سەرکەوتوو نەبوون لە بڕیارێکی دوولایەنانە،تاکوو ئەوەی لە ساڵی 2003دا بەهێرشی هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا توانیان کۆتایی بەدەسەڵاتی بەعس و دیکتاتۆری سەدام حوسێن بێنن،گەلی کورد بە هاوکاری جەوی خوڵقێندراو سەرکەوتوو بوون بەەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی نیمچە حکوومەتێکی دیفاکتۆی خۆجییی خۆسەری لە عێراقی فیدڕاڵ دا دروست بکەن.بەڵام ناکۆکیی و شەڕی ناوخۆیی ڕابردووی نێوان دوو هێزی سیاسی سەرەکی باشووری کوردستان کارتێکەری زۆری هەبوو لەوی نەتوانن هیچکات متمانە و باوەڕی لەنێوانیاندا دروست بێت بۆ کۆهۆشیاری نەتەوەیی لەئاست گەویشتن بە ماڤی چارەخۆنووسین کە خەونێکی ڕەها و لەمێژینەی هەموو کورد بووە.
ساڵی (2003)، ساڵی دەستکەوت و هەڵە زێرینەکان بوو بۆ کوردی باشوور چ لەئاست دیپلۆماسی ناوخۆیی و دەرەکی ببوو بە دیاردەیەکی هەرێمایەتی و جیهانی،بەشێوەیەک کارێگەری هەبوو کە لەدوای ماوەیەکی کەم زۆربەی وڵاتانی جیهان ئامادەگیان تێدا بوو کۆنسوڵخانەی خۆیان بەشێوەیەکی فەرمی بکەنەوە،وڵاتانی گەورە و خاوەن هێزی زەبەلاحی جیهانی ئەمرۆ هەموو روویانکردە هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی خۆیان لەشاری هەولێر کردوە و ئەم شارە شانبەشانی بەغدا،بوو بەدووهەمین ناوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری عێراق.وەک چۆن ئێستاش بەو شێوەیەی هەنگاو دەنێت و دەرواتە پێش،بەڵام فاکتەری بەحیزبی کردنی تەواویی پێوەندییە دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسی و سەربازی و رۆشنبیرەییەکان لەڵایەن عەشیرەی بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان کارێکی وایکردوە ببێتە هۆی ناڕەزایەتی لایەنە سیاسیەکانی تر بەگشتی و بەئاشکرایی چیتر قەبووڵی تاکڕەوی و خۆسەپێنی خێڵی بارزانی نەکەن وحکوومەتی نیمچە سەربەخۆی هەرێمی کوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی هەنگاوی بنێت و هەموو شتێک ببێتە پەنجاە بە پەنجاە لەنێوان ئەم دوو هێزە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان.
کابینەی حکوومەتی دوو ئیدارەیی باشووری کوردستان بەسەر دوو زۆنی زەرد و سەوز دا دابەشکرا و هەر هێزەو بەشێکی گەورەی داهاتی ناوخۆیی و دەرەکی بۆخۆی ببات و بەشە بودجەی حکوومەتی مەرکەزیش بەسەر خۆیاندا دابەشبکەنەوە.تاکوو سەردەمی هەڵبژاردنەکان و جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکێتی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی (نەوشیران مستەفا) و دەرکەوتنی وەک هێزێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ جێگرەوی یەکێتی و پارتی و کۆتایی هێنان بە قۆرخکاری حیزبی و میلیشیایی ئەم دوو حیزبە.
بەڵام سەرەڕای ئەوانەش،دووبارە هەرێمی کوردستان نەیتوانی کێشە و ناکۆکییەکانی لەتەک دەوڵەتی مەرکەزی بەغدا چاڕەسەر بکات و ئەمرۆش جۆرێک پرتەتێکەوتنی سیاسی لە عێراق دەبینرێ کە هاتن و هێرشی ڕێکخراوی (تیرۆریستی داعش) بۆ ئەم وڵاتە بۆتە هۆی پچڕانی زیاتری نێوان هەر دوو ڵایەن،بەشێوەیەک کە زۆر زیاتر لە ڕابردوو کەوتونەتە شوێن مەسەڵەی سەربەخۆیی.
بەڵام لەو چەند رۆژی ڕابردوودا،کورد بۆ گەویشتن بەسەربەخۆیی هەنگاوی جیدی هەڵگرتووە و "مەسعوود بارزانی"سەرۆکی (ماوە بەسەرچووی) هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند حیزب ولایەنی سیاسی بەشداربووی حکوومەت ڕایەنگەیاندوە کە 25 مانگی سێپتەمبەری(2017)رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن و بڕیاری جیابوونەوە لە عێراق و گەڕاندنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکانی سنووری کوردستان لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی دیاری دەکەن..

ئەنجامدانی رێفراندۆم لە کوردستان و ڕاچڵەکاندنی عێراق؛
پرسی ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی شۆکێکی گەورە لە عێراق ئەدات و ئەو ئامانجە جێگەی سەرنج پێدانی ئەمریکاش بووە،لەبەر ئەوەی یەکەم مەسەڵە لە بجێهێنانی ئەم پرۆژەیەدا دیاری کردنی چاڕەنووسی شاری کەرکووک دەبێت کە هەرێم لەدوای دەرکەوتنی داعش لەم ناوچەیە بەدوای گەڕاندنەوەی بۆ سەر نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستانە کە لەدوای ساڵی 2003وە تاکوو ئێستا بەردەوام بۆتە مژاری هەرە سەرەکی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ماددەی 140 و کۆمەلێک یاسای تری حکوومەتی فیدڕالی عێراق کە هەوڵیداوە شاری کەرکووک لەرووی جۆگرافی و دیمۆگرافی مرۆڤی دەستکاری بکات و ناسنامەی کورد بوونی ئەم شاره بسڕێتەوە بەتەواویی،بەجیا لە رووی داهات و سەرچاوەکانی نەوت و غاز سروشتی کە بەیەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرچاوەکانی نەوت دادنرێت و تەنیا نەوتی کەرکووک دەتوانی چاڕەسەری رۆر پرسی قەیرانی بودجەی هەرێمی کوردستان بکات،ئەگەر بەشێوەیەکی نیشتیمانی بخرێتە خزمەت ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان بێ تاڵانکردنی بۆ عەشیرە و بنەماڵە و حیزبە باڵادەستەکان..
لەلایەکی ترەوە ناکۆکی لەسەر چاڵە نەوتیەکان و هێڵی بۆری بەندەری جیهانی تورکی بۆ دەریای ناوەڕاست،کێشەکانی گرێدراوی ئاوی رووبارو و چۆمەکانی هاوبەش و هەروەها ڕەوشی کەمینە ئایینی و ئەتنیکیەکان، عێراقی تووشی جەنگێکی دڕێژخایەن و قووڵ کردوە.
شڵەژاوی سیاسی لە عێراقدا بۆ ئەمریکا بۆتە فورسەتێکی باش تاکوو ئامادەیی سەربازی خۆی بەکەڵک وەرگرتن لە لاوازی بەغدا بەیاسایی بکات.لەو روویەوەش هەروەک هەموومان ئاگادارین واشنتۆن لەم مانگانەی دواییدا دەستی کردوە بە جمۆجۆڵی هێزە سەربازەییەکانی لەناو خاکی عێراق و لە هەندێک بەشی تایبەتی خاکی عێراقدا ژمارەی هێزە سەربازییەکانی خۆی زیاتر کردوە بەپاساوی بوونی تیرۆریستانی داعش و ئۆپەراسێۆنەکانی هێزەکانی عێراقی و تاکوو ماوەیەک بەبیانووی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گروپی  تیرۆریستی داعش ڕێگری دەکرد لە هێرشی زەمینی سوپای عێراق و نەخشەی جەنگی داعش خێرا خێرا گۆڕانکاری تێدا دەکرا.
سەرەڕای ئەوەی دروستبوونی قەیرانی ئێستا،ئەمریکای سەبارەت بەداهاتوی گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە و بەڕێوەبردن و سەرۆکایەتیکردنی گۆڕانکارییەکان لە عێراق ئومێدەوارتر دەکرد،چۆن شکەستەکانی داوی جەنگی سەدام حوسێن و نەمانی بەعس ترسێکی وەهای لە ناو دڵی واشنتۆندا خوڵقاندوە کە ئیتر بەخێرایی هەنگاو هەڵنەگرێت بۆ پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی لە ناوچەکدا.
لەسەر ئەو بنەمایەش مەسعوود بارزانی کە بۆتە پۆلیسی نێودەوڵەتی لە کوردستان و ناوچەکدا و رۆڵی چاوەدێری دەبینی، هیواکانی لەسەر ئەوە هەڵچنی بوو کە پرۆژەی ئەنجامدانی رێفراندۆم دەبێتە یارییەکی دوو سەر بردنەوە بۆ خۆی،بۆیە دووبارە دەستی پێکردۆتەوە بە مەسەڵەی ئەنجامدانی رێفراندۆم و بەشێوەیەکی جیدی بەدوای ئەم پرسیەوەیە.
(مەسعوود بارزانی)لە ساڵی(2005)وە لە سەر کورسی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دانیشتووە و دڕێژەپێدانی دەسەڵاتی ئەو لە ساڵی (2013)دا، تەنیا لەدوای دانوستانە داخراو و راخزاوەکانی نێوان پارت و لایەنە سیاسیەکانی بەشداربووی حکوومەت بەناوی خوولێکی بەپەڵە پەسەند کراوە.هەر بۆیە هەر هەڕەشەیەک لە سەر خۆی بە پرۆژەی گەورە وەڵام دەداتەوە وەک ئەنجامدانی رێفراندۆم لەسەر گەڕاندنەوەی ناوچە جێ ناکۆکەکان و جیابوونەوە لە عێراق بەمەبەستی بەڵارێدا بردنی ڕا و سەرنجی هاووڵاتیانی کوردستان و گروپ و لایەنە سیاسیەکانی تر ناو گۆڕەپانەکە لە ئامانج و قەیران و تەنگژە سەرەکییەکانی وەک نەبوونی بودجە و قەرزداری حکوومەت و ناشەفافیەتی ئابووری و بەتایبەتی لە مەسەڵەی گرێبەستە نەوتیەکان و فرۆشی نەوت بە وڵاتی تورکیە دوور بخاتەوە.
لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا بوون یا دەرکەوتنی کەسایەتییەکی کاریزماتیک و بەئەزموون بۆ رۆژانی گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدایە دەتوانی دڕێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی بارزانی لێ گرێبداتەوە.
بەڵام ئەمر واقیع ئەوەیە لە نێوان حیزب و پارتەکانی تری هەرێمی کوردستان لەسەر مەسەڵەی رێفراندۆم ناکۆکی هەیە و هەتا ئێستاش کۆدەنگی لەئاست پرسی گرنگ و ستراتیژی وەک رێفراندۆم و سەربەخۆیی دروست نەبووە،بۆ نموونە لەناوخۆ بزووتنەوەی( گۆڕان)سەبارەت بە دۆخ و کاتی ئەنجامدانی رێفراندۆم بۆچوونیان جیاوازە لەگەڵ بارزانی،سەرەڕای ئەوەیکە کە ئەوان لەسەر ئەم باوەڕنە بابەتی رێفراندۆم تاکتێکی هەڵاتن بۆ پێشەوەی بارزانی پێزانراو دەبێ و ئەوەش بڕیاریک نییە کە حیزبەکان و جەماوەری کوردستان بەئاسانی لەسەری تێپەرن،گرنگی ئەم مەسەڵەیەش سەردەمێک روونتر دەبێتەوە کە ئەم  تاکتیکەی "مەسعوود بارزانی" هەولێر تووشی پێکدادانی جیدی لەگەڵ تورکیە و ئێران بکاتەوە.

هەڵوێست و دژایەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی:
کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار لە ڕێگای کاناڵە فەرمی دیپلۆماسیەکانی خۆی ڕایگەیاندوە و هەڵوێستی خۆی بە ئاشکرایی لەمەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دووبارە کردۆتەوە و دژی جیابوونەوە و پارچەکردنی خاکی عێراقە و پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات.
لەم ساڵانەی دواییدا ڕەفتار و هەڵسوکەوتی وڵاتی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستیان خۆی بەڵگەی ئاشکرایە لەمەر ئەم هەڵوێستی ئێران بەگشتی.لە رۆژانی دەستپێکی هێرشەکانی گروپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر عێراق و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان پاش ئەوەی بارزانی دڵنیایی لە تورکیە و داعش وەرگرتبوو کە ئەم گروپە بەهیچ شێوەیەکی هێرش ناکەنە سەر شارە کوردییەکان،بەڵام چۆن بینیمان لەشەوێکی تارێکدا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش خۆی خزاندە ناو دەوروبەری شاری هەولێر و زۆری نەمابوو تەواویی هەرێمەکەی بارزانی داگیر بکات،ئەو سەردەمەش ئەگەر هاوکاری چەک و چۆڵی ئێران و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی نەبووایە "داعش" زۆر بەئاسانی دەستی بەسەر شاری هەولێر دا دەگرت،"مەسعود بارزانی"ئەو کات تێگەویشت لەوی بێ هاوکاری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ئێران ناتوانی هیچ شتێک لە هەرێمی کوردستان دا ئەنجامبدات،بۆیەش قسه کردن لەسەر هەڵوێستی ئێران لەبارەی رێفراندۆم و جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق پێش ئەوەی پێوەندی بە حکومەتی بەغداوە هەبێت،بەڕای من پێویستی بە ڕەزایەتی تەواویی ئێران و مەرجەعە باڵاکانی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق و ناوچەکدا هەیە...
تێکەڵاوی و هەمەڵایەنی ئێران و هەرێمی کوردستان لە هەنووکەدا،بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە ئێران چاوەڕوانی کۆمەڵێک مەرج و پەیمان دەکەن،ئێرانیش بەهەمان شێوە چاوەڕوانی هەیە لە کوردەکانی عێراق (باشوور)،ئێران پێچەوانەی عەرەب و تورکەکان،سەرکووتی سیستەماتیکی کوردی لە کارنامەی خۆیدا نییە،زۆرینەی کورد خۆیان لە هێشووی کولتوری ئێرانی دا پێناسە دەکەن.
بەهەر شێوەیەک،پێنج پێکهاتەی خوارەوە پێوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پێچیدەتر دەکەن و پێشبینیەکانیش بۆ ئاسۆی داهاتوو دژوارتر دەکەن.
ـــ هاوکاری بەربڵاو و بنچینەیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان،دەبێتە هۆی نیگەرانی و ترسی بەغدا،هاوکاری تاران لەگەڵ بەغداش دەبێتە هۆکاری رۆشتنی کورد بەرەو بەڕی نەیارانی ئێران(تورکیە،ئەمریکا،ئیسرائیل و سعوودیە).
ـــ ئێران و هەرێمی کوردستان،ئابوورییەکی دوور کەرەویان هەیە،یانی هەر دوو هەناردەکەری وەزە و هەر دوو چاوڵەدەستی سەرمایەگوزاری دەرەکینە.
ــ کۆمپانیا ئەهلیەکانی ئێران،لەبنەرەتدا بۆ کێبەرکی کواڵیتی لە دەرەوە دروست نەکراون و زۆرجار گرێدراوی دەوڵەت و شێوەی دەوڵەتینە.
ـــ گیرۆدەبوونی بوژێنەر و قووڵی کورد بە پشتیوانی ئەمنییەتی ئەمریکا،تاران ناچار دەکات بۆ چوونە لای بەغدا.

بەباوەڕی بەشێکی گرنگ و زۆری کۆمەڵگەی کوردی هەرێمی کوردستان،ئێران لە کۆتاییدا وڵاتێکی مەزهەبیە و بەشێکی تایبەتی هەرێمی کوردستان و ناوچەی زۆنی سەوزی پێوە بەستراوەتەوە لەرووی هاوسنوور بوون و پێوەندی بازرگانی و بازارچە سنوورییەکانی بازرگانی و هەبوونی پێوەندی مێژوویی یەکێتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئێران و هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانن ببنە دوو دراوسێ باش و بێ زەرەر و کاریگەر بن بۆ یەکتری؛
ئامانج لە خۆشراوێژی،نە یەکێتیە و نە دوژمنایەتی،خۆشراوێژی لێرەدا یانی ئاگاداری لە خاڵە هاوبەشەکان و سنووردانان بۆ خاڵە ناکۆکەکان،بەڕای من ئێران/هەرێم دەتوانن لە ڕێگەی ئەم حەوت خاڵەی خوارەوە،هاولایەنی ستراتیژیکی دروست بکەن.
دەسەڵاتەکانی ئێران/بەغدا/تورکیە/داعش /ئەلقاعیدە/ئەمریکا/ئیسرائیل و هەتا عەرەبستانی سعوودی،هەرێمی کوردستان وەک سەرزەمینێکی دەست لێندراو بۆ پەێوەیست بوون،داگیرکردن وەک  پێگەیەکی پۆمپی بەنزینخانە چاو لێدەکەن،کوردستان هاوشێوەیەی کەناچێیەکی شلوول و شەنگە کە لە قۆناغی خزمەکانی خوێنی و بێخەوشی خۆماڵیدا دانیشتووە.دڵەراوکێ  و ترس و نیگەرانی ناشی لە تاڵانی و حەمبەڵیەکی ناشی لە خزمایەتی،دەرفەتی هاوسەنگ بوونی لێ هەستاندۆتەوە،کەچی کوردستان هەمیشە لە حاڵی نەبوونی هاوسەنگیدایە و لە هەڵکەوتی بێ بڕیاریدا بەسەر دەبات.
تورکیە بە(900)کۆمپانیای خزمەتگوزاری،هەرێمی کوردستانی کردۆتە مۆڵی خۆی و دەیهەوی بۆ (900)ساڵی تریش کڕیاری نەوت و غازی سروشتی کوردستان بێت،ئێرانیش کوردستان وەک قووڵایی ستراتیژی خۆی سەیر دەکات و لە مەحبووبیەتی خۆی لەناو کوردەکان بەگشتی ئاگادارە و بەتایبەتی دوای ئەوەیکە زیاتر لە ((400000هەزار دانیشتووی هەرێمی کوردستان لەدایکبووی وڵاتی ئێرانن و کورد بەگشتی لە نێوان سێ کولتووری عەرەب،تورک و ئێرانی دا دابەشکراون و بە ئێرانیبوون شانازی دەکەن.
بۆشایی فەرهەنگی نێوان عەرەب و کورد لە رووی زانستیەوەش مەتر بە سەدە،حکومەتی بەغدا بەئیمکاناتی خۆی و دوورخستنەوەی مەترسی داعش،سەربەخۆیی بۆ حکوومەتی هەرێم پڕهەزینەتر بکات و کورد وەک شەریکێکی لاواز بپارێزی و لەگەڵ خۆی بیهێڵێتەوە.ئیسرائیل و ئەمریکاش لەرووی هۆگری زۆری کورد،بەڵام بەنهێنی بۆ ئەم دوو گەمەکەرە تۆزتەکێنەرە ئاگاییان هەیە.

هەرێمی کوردستان هاوشێوەی (تەڵە)
کوردستانی عێراق تەنیا نێچیر نییە،توانایی تەڵە بوونیشی تێدایە،نوخبەکانی سیاسی کورد دەزانن یا دەبێ بیزانن کە ناتوانن لەگەڵ یەک وڵات بۆ نموونە (ئەمریکا یانیش ئێران یا تورکیە)کار بکەن و هاوسەنگی ستراتیژی دەبێ مڕاحات بکەن.تورکەکان لە کوردستان لەگەڵ "قەیرانی وێنەگرتن" رووبەڕو بوونە،ئێرانیەکان سەرەڕای لێکچوونی کولتووری،گەمەکەری لارەوەبووی مەێلەو عەرەبی شیعەی بەغدا هەژمار دەکرێن،ئەمریکا و ئیسرائیلیش هۆکاری سەرنجڕاکێشانی داعش و قاعیدە و ئێران دەبنەوە،لەم روویەوە کوردستان دەتوانی تەنیا پرد نەبێت و تەڵەش بێت.
بۆ ئەو مەبەستەش حیکایەتی (مەسعوود بارزانی)و جەماوەری کوردستان دڕێژەی هەیە و هەموومان لەوی تێدەگەین کە هەتا خودی دەوڵەتی ئاکپارتی و سوڵتان ئەردۆغانی هاوپەیمانی پارتی و عەشیرەی بارزانی لە کوردستانی عێراقدا باوەڕییان بەو دروشمانەی مەسعوود بارزانی نییە و ئێستاشی لەگەڵ دابێ تورکیە بەهیچ شێوەیەکی قەبووڵی ناکات هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنی و ببێتە دەوڵەتێکی نوێ لە ناوچەکدا،هەروەک چۆن بەدڕێژایی مێژوویی سیاسی دەوڵەتی عوسمانی دژی جیابوونەوە و دروستبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردیە لە هەموو جیهاندا و بگرە ئەگەر ئەم دەوڵەتە لەسەر مانگیش دروستبکرێت ئەوە ئەوان دژی دەوەستنەوەو هێرشی دەکەنە سەر.
ئێستاش هەموومان هەڵوێست و یاریکردنەکەی ئاکپارتی و دەوڵەتی سوڵتان ئەردۆغانیمان بۆ روونبۆتەوە لەهەمبەر "مەسەڵەی دۆزی ڕەوای گەلی کورد" چ لە باکوور و چ لەباشووری کوردستان بەگشتی،تورکیە بەدڕێژایی مێژووی نوێ بەردەوام ترسی هەبووە لە کوردستانی باشووری دڕاوسی و لەگەڵ سیاسەتی پارچەکردنی عێراق لەلایەن هەولێرەوە نییە و دژایەتی دەکات،هەر لەم روویەشەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو دوای هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکووک،ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هێنانە خوارەوی ئەم ئاڵایە هەڕەشەی کرد و پارێزلێکردن لە ئەنجامی ئەم هەنگاوی وەک مەترسیەکی گەورە بۆ سەر داهاتووی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیە لەقەڵەمدا.
لەکاتێکدا بارزانی بۆ سەرنجڕاکێشان و پشتیوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لە ساڵی (2016)دا،حسابێکی تایبەتی کردبوو لە مانگی مارسی 2016 دا،(مارک تۆنەر)،وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دەوڵەتی ئۆباما لە وەڵامی (مەسعوود بارزانی) دا،گووتی؛ ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک پارچەیەک لە عێراق پشتیووانی دەکەین،بەڵام بەهاتنە سەر کاری کابینەی دۆناڵد تڕامپ هەروەک چاوەڕوان دەکرێت،لێک کەوتنی کۆشکی سپی لەگەڵ بەرزە فڕییەکانی بارزانی لەوەش تووندتر و ساردتر بێت..
"ماێک پنێس"،راوێژکاری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئەمنیەتی مۆنیخ ئەنجامدار گووتی؛ئێمە پاڵپشتی عێراقێکی یەکگرتوو و فیدڕاڵ و دیمۆکراتین....هەروەها "فێدریکا مۆگرینی"،بەرپرسی سیاسەتی دەرەوی یەکێتی ئەوروپا لە مانگی مارسی(2016)دا ڕایگەیاند کە یەکێتی ئەوروپا لە دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان نییە لە ناوچەکدا و لە ئایدیای جیابوونەوەی کورد لە تورکیە و عێراق و سووریە وەک ماڤی سروشتی هەموو نەتەوەیەک پشتیوانی دەکات.هەر بۆیەش ماڤی پێدانی ئاخافتن و بەشداری(مەسعوود بارزانی) لە کۆنفرانسی ئاسایشی مۆنیخ لە ڕاستیدا نیشانەی ئەوە بوو.
 پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە هەموومان دەزانین هێزه زەبەلاحەکانی جیهان ئامادە نینە لەبەر هۆکاری بەرژەوەندی ئابووری خۆیان،دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەخۆیان بڕەنجێن،هۆکاری پشتیوانی نەکردنی هێزەکانی نێودەوڵەتی لە پاڵ دژایەتی کردنی هێزەکانی ناوچەکە بیرۆکەی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ تەنگژە و قەیرانی بنەڕەتی رووبەڕوو دەکەنەوە.
هەوڵدانی بارزانی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر:
لەسەر ئەو بنەمایەش دۆخی سیاسی عێراق لە ئێستادا ئاسۆیەکی هیوابەخشی بۆ چاڕەسەری قەیرانەکانی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان پێ نییە،هەتا ئەگەری پارچەبوون و دابەشکاری هەرێمی کوردستان لە نێوان حیزبەکانی ئۆپۆزیسێۆنی سیاسی بوونی هەیە و ئەم گریمانە زۆر جار باسی لێکراوە و مەترسی زۆریشی دروست کردوە و دەبێ لایەنە سیاسیەکانی بەشدار بووی حکوومەت کۆدەنگی و یەک هەڵوێستی نێوان خۆیان بپارێزن.
بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بەرداشتێکی بەو شێوەی لە پرۆژەی بابەتی ئەنجامدانی رێفراندۆم لەلایەن مەسعوود بارزانی،لەم دۆخە قەیراناوییدا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵی رووبەڕوو بۆتەوە بکەین.بەڵام چاڕەسەری کێشه و قەیرانی ئابووری هەرێم و دۆخی ژیانی هاووڵاتیانی کوردستان و نەبوونی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و پەکخستنی پەرڵەمانی هەرێمی کوردستان کە گەورەترین ناوەندی دەسەڵاتی گەلە هیوا و ئاواتەکانی جەماوەری کوردستانی بەتایبەتی لە باشوور سارد کردۆتەوە لەمەر کوتانی دەهۆڵی سەربەخۆیی و پرۆسەی ئەنجامدانی رێفراندۆم لە عێراق لەلایەن پارتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق.لە ئێستادا ئەوەش کاریگەری دروستکردوە لە لەسەر ڕای گشتی کۆمەڵگەی کوردستان بەسەر دوو بەرەی (بەڵێ و نەخێر) دا و دەبێ چاوەڕی بکەین بزانین لە رۆژانی داهاتوو بەکوێ دەگات،هەرچەندە تاکوو ئەنجامدانی رێفراندۆم لەباشوری کوردستان تەنیا (90)رۆژمان ماوە،بەڵام دەبێ بستێنەکانی رێفراندۆم رۆژلەدوای رۆژ ئامادەتر بکرێت ،چۆن پێویستی بە شەرعییەتی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کوردستان هەیە و پرۆسەی ئەنجامدانی رێفراندۆمیش نابێ ببێتە دەستکەوتی زێاتر بۆ مەرکەزگەرایی و خۆسەپاندنی زیاتری بنەماڵەی بارزانی بەسەر هەرێمی کوردستان دا...

مەولود ئافەند/نووسەر و رۆژنامەنووس

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە