خولانەوە بە دەوری بازنەکانی ڕۆحدا
Monday, 24/07/2017, 1:05
هاوڕێ..
نامەکان کە لەژێر هەرەسی بەفردا سوتانو پەنجەکانی پێخامۆشکرانەوە
نامەکان کە لەژێر هەڕەسی خۆکوشتندا خنکێنرانو سیماکانی پێسپیکرانەوە
نامەکان کە بەڕێوەبوون نهێنی سوتاندیان دەسپارد بە ڕەشەبا
نامەکان کە ماچەکانیان تێدا داغدەکراو سێبەرەکانیان تێدا ئەتکدەکران
ئەو نامانەی کەسنگی شەوی دەدڕیو جەستە تەزیوەکانی ڕۆحیان گەرم دەکرد
هەموو نامەکان بەڵگەبوون بە ناپاکی
بەڵگەبوون بە تەرەبوونی مەلە سپیکانی ڕۆح
بەڵگەبوون بە کوشتنی ئەستێرەکانی عەشق
بەڵگەبوونو لە ژەهری شەوەکاندا ڕەنگ دەکران
هاوڕێ!
دەشێ ئەمە دوا نامەی عەشقو
دوا نامەی ناپاکیو
دوا نامەی درکاندنی نهێنێکان بێت
دەشێ لە دوای وەڕینی پەنجەکان ئیتر ئەستێرەیەک لە سەرما نەڕوێ
دەشێ لە دوای کوشتنی ڕیشۆڵەکان ئیتر مەلێک لە ڕۆحما نەفڕێ
دەشێ لە دوایی ئەم ئاوارەبوونە کەسیک موحیبەتم پێنەفرۆشێت
دەشێ لە دوای ئەم هەتاو تەرەبوونی پەنجەرەی ڕۆحە
ئیتر خانمێک نیگام تێنەگرێت
ئیتر خانمێک پەنجەکانی لە دڵە پیسەکەمدا نەگوشێ
دەشێ یاخیبوون بێزاری ساتەکان بێت
دەشێ تەرمی مردارەبووی ڕیشۆڵەیەک
یاخیبوونی وەرزەکان بێت
دەشێت ئەم سەرە نەفرەتکراوەی من
عەنتیکەخانەی بودەڵەکان بێت
هاوڕێ!
ئیتر من شتێک ناڵێم بۆ ووتن بشێت
ووتنێک مایەی سەرگەردانی خۆمو فڕینی مەلەکانی عەشق بێت..
شتێک دەڵێم ووڕەووڕی جەهالیەت نەبێت لە هیچیتر نەچێت
ئیتر خۆم لە قۆزاغەی پەپولەکان نادەم، ئەوان بێ ڕۆحی من پاکن
گوڵەکانی بۆن ناکەم پەڕەی ئەوان لە دڵی مێینەدا جوانن
بە باغچەکاندا ڕەتنابم.. دڵی ئەوان سەوزو پڕ لە عەتری ڕۆح
پڕ لە دەنگی کەنەسمەکانی عەشقو شەونمی ئێوارانی ژوان
ئیتر بەو کۆڵانانەدا ڕەتنابم کە جەنگ پێی تێنەکردووە
لەدەرگای ئەو ماڵانە نادەم کە هێشتا وەفا
لە پەنجەکانیاندا هێلانەی بەختەوری سەوز دەکەن
ئیتر شتێک ناڵێم بۆ گوتن بشێ لە وورەووڕ نەبێت
من سێبەرێکم لە خیانەت
لەوەتەی هەم پەنجەکانم بە خوێنی براکان تینووەو
زمانم لە تیغی شمشێرەکان تیژتر،
لە زامی برینەکان بە ئازارتر
هاوڕێ!
من لێرەوە لە کێشانی ڕۆحەکانی جەستە بێزارم
من لێرەوە لە کێشانی فریشتەکانی عەشق بێزارم
ئیتر خۆم دەکێشم
ئیتر جەلاد دەکێشم
تا ئابەد ئاوی جەهالیەتی خۆم دەخۆمەوە
خۆم فرێدەدەمە حەوزی خیانەتەوە
قولاپێک فڕێدەدەمە گۆمی ناپاکییەوە
دەبمە کۆپی تاوانەکان
کە دارلاستیکیان بۆ کێشام
ئیتر زانیم من یەکەم بکوژی ڕیشۆڵەکانی شاڕ دەبم
ئیتر زانیم ڕۆحم لەم دوو پێیە جودا نابێتەوە
مەحاڵە جاڕێکی دیکە ئاوی ئاسودەی خۆمو ئەستێرەکانی بخۆمەوە
ئیتر ماحاڵە عشق لە چاوەکانم نزیک بێتەوە
من لە دوو پێی خۆم بێزارم هاوڕێ!
لەوەتەی هەم پەنجەکانم لەسەر پەلەپیتکەی تۆڵەن بۆ خیانەت
لەوەتەی هەم لە سەنگەرێکدام بۆ خیانەت
هەورەکان بەلامدا ڕەتدەبنو نابارێین
وەرزەکان هەڵنجی بێئابرووی یەکتری دەدەن
وەرزی من کۆتایی شەڕی براکان بوو
وەرزی من سەرەتای شەوە شەهوەتێکانی عەشق بوون
بە گوڵم بڵێن:
ڕۆژێک دهێت ئەم دوو پێیە
بە خۆیو عودو کەمانییەوە خۆی دەکات بە دڵی سۆزانییەکداو
ئیتر تا وەرزی خۆکوشتن نادهێتەوە
ئیتر تا وەرزی سەربرینی پەنجەکان ناگەرێتەوە
ئیتر تا سرینەوەی کۆپی تاوانەکانی ناکشێتەوە
ئیتر سێبەری پیاوە گەلحۆکان نابینێتەوە
خۆی دەکات بەدڵی سۆزانییەکی دڵ ڕەقداو
لەویوەو.. ئا لەوێوەوە..!
لەسەر تەختی خەونێک
لەسەر شەونمی شەویک
بە سێبەرەوە
بە خۆڕی دەمنیشینەوە
بە کەروێشکەی خەونو تریقەی مناڵییەوە
لەسەر شەهوەتی سۆزانییەک
باس لە دروستبوونی مناڵێک دەکات
مناڵێک بەر لەهاتنی فریشتەکانی ژیان
بەر لە بوونی ویلاش و ناوک بڕین
بە کۆمەڵی تاوانو ئەرکەوە
بە کۆمەڵی دڵ شکاندنو خەمەوە
بە کۆمەڵی دەریای خەونەوە
دهێتە ئەم دنیا بێ فەڕەی دوو پێیەوە
ئەم مرۆڤە چەند بێئابرووە هاوڕێ!
بە کەر بڵێن:
لەسەر کلکی تۆ
کورەکەی عەولاو
براکەی عەولاو
باوکی عەولاو برازاکەی عەولاو
پورزاکەی عەولاو
کوری کورەکەی عەولامان کوشت
ئەی بێوەفا!
کەچی تۆی کەر
بە چاوی خومارو تەرەوە
بە ملی ئەستورو شۆرەوە
سەرت لەقاند ئەی بێوەفا
کەچی لە تۆڵەی ئەو ڕۆژە پیڕۆزەدا
زەرینێک نەزەرایت!
هاورێ!
زۆر هەوڵمدا لە ژووری تەنیایی خۆم بێمە دەرەوە
مۆمێک بۆ عەشق داگیرسێنمو
پەنجەرەیەک بۆ ژیان بخەمە سەرپشت
پەنجەکانم بکەمە ئاڵای شەوەکانو
نیشتیمانێک لە دڵە ترافێکەمدا هەڵکەم
زۆر هەوڵمدا ئەم دڵە پڕ لە حوزنەم لە قردێلەیەک بدەم
شەوانە درەنگ وەخت کە تەنیایی لوولی دەکردمو فڕێدەدامە خۆیەوە
فرێدەدامە نێو کەئابەو خۆکوشتنەوە
لەتاواندا بە پەلە وەک ئەوەی دەستم نەچێتە ئەم جەستە ترافێمەوە
خۆمدەکرد بە تەنیایی مەنفاداو
شەوم لە باوەشی بێئومێدیمدا دەکردەوە
کە چاویشم لێکدەنا تاریکو روون
فرێدەدرامە نێو شەقامی تەنیایی خۆمەوە
جارێکیتر بۆ تەنیایی
جارێکیتر بۆ کەئابە
جارێکیتر بۆ خۆکوشتن
هاوڕێ!
تۆ لەوێوە لەبەردەم ئاوێنەی ڕۆحدا
خەریکی ڕازاندەوەی ڕۆح و جەستەیەت
لەبەردەم خۆتا دەست بە پڕچی تەنیایی خۆتا دهێنیت
لە دڵە تەنیایەکدا تەنها خۆت دەبینیت
سپیدە تاکو کزەی ئێوارە
لەبەردەم بۆشایی ڕۆژەکاندا لە خۆت دەڕوانیت
کە دەرگای تەنیایی خوددت ترازاند
پەشیمانی داتدەگریتو دیسانەوە بۆ ماڵەوە
دیسانەوە بۆ کەئابە
دیسانەوە بۆ تەنیایی
دیسانەوە بۆ بەردەم ئاوێنەکانی ڕۆح
هاوڕێ!
هەموو پیاسەی ئێوارانی تۆ
خولانەوەبوو بەدەوری جەستەو ڕۆحتا
خولانەوەبوو بەدوری دیوارەکانی شاردا
ئای هاوڕێ! دنیای تۆ..
دنیایی دەرەوەی تۆ...
لە خۆکوشتنێک دەچێت کە تاکو ئێستاکە بودەڵەکان درکیان پێنەکردووە
دنیای دەرەوەی تۆ لە پەشیمانییەک دەچێت بە بوون!
دنیای دەرەوەی تۆ لە ئازارێک دەچێت بەرەوو جەنگ
ئیتر دنیای دەرەوەی تۆ هاوڕێ!
لەمەرگی میینەیەک دەچێت کە بەدەم سێبەری ئێوارەوە
بە دیار کچێنی خۆیەوە هەڵنیشتبێت
ئیتر دنیای دەرەوەی تۆ
هەبێت یاخود نەبێت بە تۆ چی؟
ئیتر جەنگ بێت یاخود ئاشتی بە تۆ چی؟
دنیای ناوەوەی تۆ بۆنی گۆڕەیی گرتووە
دنیای دەرەوەی منیش ڕەنگی هیچیگرتووە!
هاورێ!
ئێمە چیمان نەکرد لەم ژیانە نەفڕەت لێکراوەدا
ئێمە بە دووی ئەم سەرکردەیەدا چیمان نەکرد
وەک سوارێکی گلاو بە دووی پاشکۆی ئەسپێکی دۆراودا
بە کۆڵانەکانی شاردا خولمان دەخوارد
شمشێرە کەلەکەمان لە جەستەی یەکتریدا تیژ دەکردەوە
دەرگاو دەرگا دەگەڕاین .. ماڵەو ماڵ یەکمان دەکوشت
بەدووی ئەو ساوایەدا دەگەڕاین کە سیحری خەونمان دەیگووت:
دووپێیەک دەبیت تەمەن یەک ڕۆژ..
دووپێیەک دەبێت هەر لەیەکەم گەڵای تەمەنییەوە تاکو ساڵە نەزۆکەکان،
تاکو وەرینی فەلسەفەی حیزب بە تف سواغمان دەدات.. هەر ئەم شەو دەبێت بکوژرێت..
دەگەڕانیو پاشکۆی ئەم جەنگە دۆرواوەمان لە ملی یەک دەسوو..
مناڵێک دەبێت تەمەن یەک ڕۆژ
ئەستێرە لەسەریا دەڕوێو دەریا لەبەر پێیدا ڕادەخرێت
ئیتر ئێمە..
ئێمەو حیزب تەفرووتوونا دەکات
مەلۆتکەیەک دەبێت عەجایب ئاخر زەمان دەبێت..
ئیتر ڕەواجی فەلسەفەو حیزبمان بە فلسێ ناکڕێت..
هاوڕێ!
حیزب بڕیاری دەداو.. ئێمە یەکمان دەکوشت
حیزب هەڵنجی دەدایەوە.. ئێمە مەلەمان لەناو خیانەتدا دەکرد
حیزب زوڕنای لێدەداو.. ئێمە لە ڕەشبەڵکەی یەکتری کوشتندا شەرچۆپیمان دەگرت
حیز فەتوای دەداو.. ئێمە ئایاتەکانی شەڕمان لەبەردەکرد
حیزب دەگووت بمرە.. دەمردین
حیزب فەتوای بۆ قوربانێکانی شەڕ دەردەکرد.. ئێمە سەرو کورێک
حیزب دەیگووت ئاشتی.. ئێمە هەلهەلەی سەرکەوتنمان لێدەداو
دەستمان دەکرد بە گەردنی حیزبداو وەک نەبامان دیبێت نە باران
لەسەر سفرەی خوێنی براکان پێکی سەرکەوتنمان دەدا لەیەک
ئێمە چیمان نەکرد هاوڕێ!
ئای! ئێمە چۆن دەستمان چووە خوێنی ئەستێرەکان..
ڕۆژەکانمان چۆن ئەتککرد
شەوەکانمان چۆن بەردایە بەر دەستڕێژی گولە
پەنجەرەی بوونمان چۆن بە خوێنی براکان سوورکرد
ئەم سەرە نەفرەت لێکراوەمان چۆن سپارد بە وەحشیەت
ئای! چۆن ئەم هەموو ئەڕخەوانی دڵەمان ڕەش پۆشکرد..
ئەم هەموو لاولاوی تەمەنەمان چۆن بە قولاپی حیزبدا هەڵواسی
ئای! چۆن هاوڕێ چۆن؟
پەخشانە شیعری
نامۆ سامان
ساڵی /١٠/١٠/١٩٩٩
تێبینی تکایە ئەم پەخشانە شیعرە نزیکەی بیست ساڵە نوسراوە لە بەرگی یەکەمی سەمای بەر باراندا بڵاو بۆتەوە ساڵی ٢٠٠٦ لە سلێمانی چاپخانەی کارۆخ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست