پێش -گیرفاندۆم- بارزانی ئەم کارەش بکە
Sunday, 23/07/2017, 19:47
کاتێ مناڵ بووم هاوینان باوکم و دایکم حەزیان ئەکرد منیان بناردایە بۆ لادێیەکەی خۆمان و پشووی خوێندن لەوێ بەسەر بەرم. باوکم خەڵکی سوسێ و دایکم قەرەچەتانی بوو. هەردوو دێیەکەش زۆر لەیەکتریەوە دوور نین.سوسێ بەبناری شاخی پیرەمەگروونی سەر کەشەوە چەندین یادەوی خۆشی لام جێهێشتوە . لەوێ وانەی کوردایەتی،زمانی شیرینی کوردی،خۆشەویستی ژینگە و کەلتووری بەرزی نەتەوەوەو خۆشەویستی و هاوکاریکردنی یەکتری ،فیرکردم.
یۆنانیە کۆنەکان کاتێ سەرکردەکانیان هەڵئەبژارد ئەبوو گەلێ ئازاو چەپووك و شارەزایی سەربازی بونایە،بۆیە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەیان ناردن بۆ شوێنی مەشق و ڕاهێنان و لەسەر دەستی کەسانی شارازە،وانە فێر ئەکران. ئەم جۆرە نەریتە لای زۆربەی زۆری کەلتوور و گەلانی جیاواز هەیە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە. بۆ نمونە کاتێ –موحەمەد-ی ئاینی ئیسلام لەدایك ئەبێ بۆ ئەوەی فێری زمانی عەرەبی تەواو ببێ،ئەینێرنە –بادیە- چونکێ لەوێ زمانی عەرەبی پاراو و ڕەسەن،تەنها لەێ بوونی هەبوە.
مەسعود بارزانی پێش ئەوەی پرۆسەی-گیرفاندۆم-کەی بەئەنجام بگەیەنێ باشتر وایە بۆ ماوەی لانی کەم ساڵێك بچێ بلەو بارزان جێهێڵێ و لەناوچەی هەورامان خۆی فێری چەند شتێك بکا و لەنزیکەوە فێری ئەو کەلتوورە ڕەسەن و ژیانە قوورس وداهێنانە بکا کەلەوێ ڕۆژانە خەڵکی هەورامان،ئەیکەن. لەوێ بەچاوی خۆی بیبینێ کەوا چۆن خەڵکی هەژار و دەوڵەمەند کار ئەکەن و پشت بە خۆیان ئەبەستن،لەوێ کەسێك شك نابەی ئاغا و کەسێك مسکێن. لەوێ کەسێکی هەژار و نەدار توانای لەبەرکردنی کڵاشی دۆمی و ڕانک و چۆغەو مشکی هەورامی هەیە و هیچی لەوەی دەوڵەمەندەکە،جیاوازتر نیە. لەبەرئەوەی خەڵکی هەورامی دەست ڕەنگین و مێشك و چاویان بەکاردێنن.
با لەهەورامان فێری وانەی پشت بەستن بەخۆ ببێ و ئەگەر قەیران و سنوور داخستن ڕووبدا کاریگەری خراپ ڕوونەداو فێری بەرخودان و سك گووشین ببێ. با لەوێ بەو زمانە ڕەسەنە و کەلتوورە زەردەشتیە ڕەشەنە ئاشنا بێت و لەجیاتی ئەوەی ناوی مناڵەکانی بەعەرەبی ،ناوی شیرنی کوردی بنێ و ئەوسا لەجیاتی موکسی شتێ بێ خەڵکی لێی تیبگاو خۆبچووکی نیشان نەدا. دەبا لەهەورامان فێری هونەری بیناسازی،کشتوکاڵ و بازرگانی ناوخۆو گەشت وگوزار فێربێ و ئەو ژێرخانە داتەپیوە زیندوو بکاتەوەو چیتر تەنها لەسەر نەوت و دزینی سەروەت و سامان ،گەل تووشی ئەوەندەی تر نەهامەتی نەکاتەوە. دەبا لەوێ فێری هونەری وتوو وێژ و مامەڵەی کۆمەڵایەتی و ڕێزلێگرتن و سادەو ساکاری ببێ و ئەوەندە لووت بەرز و خۆبەفیز لێدەر و چاو شۆڕ نەبێ. لەوێ با فێری ڕێز و گوێ لەدەنگی جیاواز و ڕای بەرانبەر بگرێ و بەکەس نەڵێ؛هەر بۆ خۆتان هەڵپەڕن . من دڵنیام مەسعود و بنەماڵەکەی (١٠٠٠)پیاوەکە ئەبێ هەمویان بچنە ئەوێ و فێری ڕەوشتی بەرزی کوردایەتی و کوردەواری ببن و ئەم جار بێن خۆیان لە پرسی نەتەوەیی،بدەن و باسی بکەن. کەی توانیان واز لە کوشتنی وورچ و مرۆڤەکانی ئەم نیشتمانە بهێنن،ئەوسا با بێن باسی دەوڵەوتی کوردی بکەن. کەی توانیان جگە لەجامانەی سوور ،ڕەنگی تر بخەنە سەریان ،ئەوسا با وانەی کوردایەتی فێری خەڵکانی تر بکەن.
کورد ئەڵێ(چەم بێ چەقەڵ نابێ) ،بەڵێ ڕاستە خەڵکانی وەك ئاشتی هەورامی و هێمن هەورامیش هەن لەچوادەری مەسعود میکیاژی ئەم دەسەڵاتە خوێڕیە ئەکەن و تەمەنی دەسەڵاتی مەسعود درێژە پێئەدەن،لێ لە ڕاستیدا نابێ ئەم دوو نمونە قێزەوەنە بکرێتە سامپلی هەورامان و هەورامی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست