بۆ ئەوەی ببینەوە بە خاوەنی خاک و نیشتیمانی خۆمان
Thursday, 20/07/2017, 20:58
دەگێڕنەوە حاجی حسێنێک ههبوو، خهڵکی گوندی ههباسچهقهڵ، نزیک مارەرەش لە ناوچەی شارباژێڕ، کە ئیستا ناوەکەی گۆڕاوە بووە بە (هەباسە گووڵە)، گوایە جارێک کوڕی ئەم حاجی حسێنە، بەهەڵەداوان دێتە لای باوکی و دهڵێت:
- بابه !... عهوڵا قاچی مریشکێکی شکاندم.
باوکه دهیکات به ههرا و دهڵێت:
- چۆن؟ ده تۆش بڕۆ کوڕم، قاچی مانگایهکی بشکێنه!کوڕه دهڵی:
- بابه چۆن لهسهر قاچی مریشکێک، قاچی مانگایهک دهشکێنرێت؟
ماوهیهکی تری پێ دهچێت، کوڕه دێتهوه، دهڵێ:
- بابه ئهم جاره، عهوڵا قاچی مانگاکهی شکاندووم!
باوکی قۆشقی دهبێت، دهیکاته ههرا، دهڵێ:
- ده کهواته کوڕم ئهمجاره بڕۆ قاچی خۆی بشکێنه!کوڕه دهڵیت:
- بۆ خاتری خوا ئهوه چی ئهڵێیت، چۆن له سهر قاچی مانگایهک بچم قاچی خۆی بشکێنم؟
ماوهیهکی تر تێدهپهڕێت، ئهمجاره کوڕه به ههڵهداوان و قوڕگی پڕ له گریانهوه، دێتهوه لای باوکی،
دهڵێ:
- بابه گیان ئهی هاوار، چیم لێ ئهکهی، عهوڵا، حهمهی کوڕمی کوشت، ئیستا چیبکهم؟ باوکه به
بێ ئهوهی خۆی تێک بدات، وهڵامی ئهداتهوه ئهڵی:
- هیچ کوڕم. هیچ مهکه. کوره هاوار ئهکات ئهڵێ:
- چۆن هیچ نەکەم ، ئهوه چی ئهڵێیت باوکه تۆ لهسهر قاچی مریشکهکه، وتت بڕۆ قاچی مانگهکهی بشکێنه، له سهر قاچی مانگاکه وتت بڕۆ قاچی خۆی بشکێنه، کهچی ئیستا ئهو کوڕهکهمی کوشتووه، ئهڵێی هیچی لێمهکه؟! باوکه دهڵێت:
- کوڕم، ئهگهر کاتی خۆی لهسهر قاچی مریشکهکه، قاچی مانگاکهیت بشکاندایه، دوایی نهدههات قاچی مانگاکەت بشکێنێت، ئهگهر لهسهر مانگاکهش، قاچی خۆیت بشکاندایه ههرگیز زاتی ئهوهی نهدهکرد، بێتو کوڕهکهت بکوژێت. تازه ههرچییهک بکهیت، کوڕهکهت بۆ زیندوو نابێتهوه.
- - - - - - - - - - - - - - - -
لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، ویلایەتی موسڵ کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کورد بوو، بۆیەعوسمانییەکان دانیان بەمەدا نابوو، ئەو ددانپێدانانە راستییەک بوو، کە کورد بۆ سەلماندنی کوردستانیبوونی خاکەکەی پێویستی بە قوربانیدان نەبێت، دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق (موسڵ و کەرکوک و هەولێر و سلێمانی) تا سنوری حەمرین خرایە سەر ئەو دەوڵەتە نوێیەی عێراق. لەبەر نەبوونی یەکێتی کورد و رابەرایەتییەک بەرە بەرە کورد هەموو ئەمانەی بە خۆی دۆڕاند.
شۆڕش و راپەڕینی گەلان ئامانج و دەستکەوتی لێدەکەوێتەوە، لێ سروشتی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد، پێچەوانەکەی روو دەدات، کە بۆ دۆڕاندن و لە دەستدانی دەستکەوتەکانە، بۆیە هەمیشە کورد ئەوەی داوای کردووە و خەباتی بۆکردووە، پارچەیەک لە نیشتیمان و لە خاکی خۆشی لە دەست داوە.
کاتێک دەوڵەتی عێراق دروست بوو، لە دوای ساڵی ١٩٢٠ موسڵ پڕکرا لە عەرەب، کورد بۆ خۆی وتی موسڵ شارێکی کوردیی نییە و عەرەبییە. کورد ئەمڕۆ موسڵ بە شارێکی کوردی نازانێت، لە زمانی وشیار زێباری، کە ساڵی ٢٠٠٣ لێدوانی دا و وتی: کورد چاوی لەو شاری موسڵ نییە. کاتێک داعش موسڵی داگیرکرد، بە تەواویی هەرچی کوردی ئەو شارە هەیە زۆریان هەڵاتن، یان کوژران، دەوروبەری ئەم شارە بە شەنگالەوە وەک موسڵ داگیرکرا و دانیشتوانە کوردەکەی راونرا، ویستیان کوردی تێدا نەهێڵن.
- لە دوای دۆزینەوەی نەوت لە کەرکوک، ئەم شارەش پڕکرا لە عەرەب و بوو بە شاری برایەتیی و فرەنەتەوە، مەلا مستەفا، کەرکوکی بە قودسی کوردستان ناو دەهێنا، پارتی دەیگوت ئێمە لە بستێکی شاری کەرکوک خۆش نابین، بەڵام دوای روخانی سەدام، سەرکردەکانی کورد بە مادی ١٤٠ و بڕێک دۆلار دەستبەرداری ئەم شارەش بوون، ئەمڕۆ وەکو دەبینرێت و لە لێدوانی بەرپرسەکانی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی کوردیی، کەرکوک وەک شارێکی کوردی باس ناکرێت، بۆیە چارەنووسی کەرکوک، وەک چارەنووسی موسڵی لێدێت. با باسی خانەقین و ناوچەداگیرکراوەکانی دیکە نەکەین، برینی ئەوانیش نەکولێنینەوە.
دیارییکردنی ناوچەیەک و دروستبوونی دوو ئیماراتی جیاوازی بارزانی و تالەبانی، لە دوای راپەڕین، هێندەی دیکە باشووری کوردستان بچوککرایەوە. باشووری کوردستان، تەنیا لە سلێمانی و هەولێر و دهۆکدا خۆی بینییەوە. هەرێمی کوردستان بەمەی هەیە بووە راستییەکی مێژوویی نەخوازراو، کە بە دروستکردنی هەرێمی کوردستان، سەرانی پارتیی و یەکێتیی خیانەتێکی گەورەیان خستە سەر خەرمانەی خیانەتەکانی دیکەیان، کردیانە راستییەکی مێژووی کە کورد بۆ لەمەودوا کورد داوای زیاتر نەکات و لەوە زیاتر خاوەنی هیچ بەشێکی دیکە نەبێت. لە پاشەڕۆژدا ئەگەر قسە لە سەر جوگرافیای باشوور کرا، تەنیا دەست ئاماژە بۆ هەرێم بکرێت، لەناو جوگرافیا بچوکەی کە پێی دەگوترێ هەرێمی کوردستان زیاتری بەرنەکەوێت. ئەم پارچە زەوییە بچوکەش، بە پلانی داگیرکەر و دوژمنانی کورد، پارتە کوردییەکان پلانەکەیان بۆ جێبەجێ کردن، هەڵبەت ئەو هەرێمەش بەردەوام لە رێگای نیشتەجێکردنی عەرەبێکی زۆر لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی و شار و شارۆچکەکان، لە ژێر مەترسیدایە، دەبێتە گرفتێک بۆ نەوەکانی داهاتوومان، کورد رەنگە ئەمێش لەدەست بدات.
ئەو ریفراندۆمەی مەسعود بارزانی ناوی لێناوە دەنگدان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، جگە لە جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمەی دیکە، بۆ ئەوەیشە نیو سەدەی تر کورد هەموو نیشتیمانی خۆی لە باشوور لە دەست بدات. چونکە کورد بە عەقڵی حاجی حسێنەکان کار ناکات (ئەوەی کە لە سەرەوە چیرۆکەکەیم گێڕایەوە).
دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە ئاڵای کوردستانیش بدەم، کە پێش ماوەیەک لە کەرکوک ئاڵاکەیان هەڵکرد، دوای کەمتر لە هەفتەیەک دایانگرتە خوارێ.
برادەرێک کاتی خۆی پرسیاری ئەو کارەی لێکردم! منیش وەڵامم دایەوە: پێشمەرگە کە لە بەرەی جەنگدا شەهید دەبێت، دوایی تەرمەکەی لە ئاڵایەکی کوردستانەوە دەپێچن و دوا ماڵئاوایی لێدەکەن! ئەو ئاڵایەی لە تەرمەکەی دەپێچرێت، بەرگی خواحافیزیی و کۆتایی ژیانی ئەو پێشمەرگەیەیە، ئیتر نابینرێتەوە، ئەو رۆژەی ئاڵای کوردستان لە سەر بینا حکومییەکانی کەرکوک هەڵکرا دوایی لابرا، راگەیاندنی شەهیدبوونی کەرکوک بوو، کە دەسەڵاتی کوردی بە دەستی خۆی کەرکوکی شەهید کرد، چونکە داگرتن و لابردنی ئاڵاکە نیشانەی وازهێنانە، نەک پێچەوانەکەی، ئەوان بۆیە ئەمەیان کرد، تا بەم شێوەیە ماڵئاویی لە کەرکوک بکەن، کە نەدەبوو کورد هەر لە سەرەتاوە هەڵیبکردایە، تۆ ئەگەر کوردستانبوونی کەرکوکت بەلاوە مەبەست بوایە، دەبوو لە دوای راپەڕینەوە ئاڵای کوردستانت لە کەرکوک هەڵبکردایە، ئەگەر ئەمە داخوازی داگیرکەران نەبێت و پلان نەبێت، بۆ لەم کاتەدا ئەمەت کرد؟ بۆچی هاتیت ئەو گوللەیەت بە سنگی کەرکوکەوە ناو و دوایی ئاڵای کوردستانت تێوەپێچا!؟
ریفراندۆمیش هەر ئەو ئامانجەی هەیە! کە پارتەکانی باشوور، کورد بەرەو رووی تراژیدیایەکی مەترسیداری دیکە دەکەنەوە! چەند چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کەڵەشیر هێلکە بکات، ئەوەندەش چاوەڕوان دەکرێت سەرانی کورد لە باشوور دەوڵەتمان بۆ دروست بکەن.
کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت و رووداوە مێژووەیەکان، گەلێک زیندوو دەگرێت لێ ئێمەی کورد، بە پێچەوانەوە لە رێگای ئەم پارتە کوردیانەوە، رووداوەکان نائومێدمان دەکەن و کارەساتەکان چۆکمان پێدادەدەن.
سیاسەتی پشتێنی سەوز، بە عەرەبکردن و نەهێشتنی کورد بوو لە سوریا، رژێمی بەعس لە سوریا هەرچی ناوی شارە کوردییەکانە کردبوویان بە عەرەبی، زۆربەی دانیشتووانیان راگواستبووەوە، یان عەرەبی زۆریان تێکەڵ بە کورد کرد. ناوی شارێکی وەک (کۆبانی) کرابوو بە (عین العرب)، ئێمە چونکە ئاگاداری جوگرافیا و مێژووی خۆمان نیین، زانیارییمان لەسەر خۆمان و نیشتیمانەکەمان نییە، بۆیە کۆبانیمان نەدەناسی، بەڵام بەرەنگاربوونەوە و تێکشکانی داعش، شەڕی مان و نەمانی کوردانی رۆژئاڤا، ئەو راستییەی زیندووکردەوە. کە (عین العرب) کۆبانییە، ئەم چوار سالە زۆر لە راستییە مێژووییەکانیان لە سوریا بۆ زیندووکرانەوە، بۆیە ئەگەر لە پاشەڕۆژدا حکومەتێکی رەگەزپەرستی عەرەبی لە سوریا هەمان هەڵسوکەوتی رژێمی بەعسی پێشوو بکات و بە فەرمی کۆبانی بکاتەوە بە (عین العرب)، هەروا بە ئاسانی بۆی ناچێتە سەر. چونکە خەباتی کوردانی رۆژئاڤا، ئەو راستییەی چەسپاند کە (کۆبانێ) کۆبانییە، نەک (عین العرب)، هەوڵی داگیرکەر بۆ لێسەندنەوەی ئەم ناوە ئەگەر مەحاڵ نەبێت، ئاسان نابێت. لە باشوور دەسەڵاتی کوردی و پارتەکان لە دەرەوەی کوردبوونمان کار بۆ خۆیان و داگیرکەران دەکەن، بۆیە چارەنووسی موسڵ و کەرکوکیان بەم رۆژە گەیاند.
بۆ گەڕانەوەی موسڵ و کەرکوکئ، ئێمە دەبێت داستانی دوو کۆبانی لە باشوور بنووسینەوە، بۆ ئەمە پیویستمان بە عەقڵی حاجی حسێنەکانە، ئەوەی لە دەستیان داوین، وەریبگرینەوە، نەک بە عەقڵی بەرپرس و سەرکردەکان.کورد تا خاوەنی ئەم بنەماڵە و بەرپرس و پارتانە بێت ناتوانێت داستانێکی وا لە باشوور بنووسێتەوە.
سەرچاوە: نووسینێکی پێشووتر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست