پیرۆزە یادی 15 ساڵەی دەست بەکار بوونی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ( ICC )
Wednesday, 19/07/2017, 20:43
پەیماننامەی ڕۆما کە 19 ساڵ لەمەوپێش و لە 17-7-1998 بریاری لەسەر دراوە، تا ئێستا چەندین جار هەموارکراوەتەوە و 15 ساڵ لەمەوپێش و لە یۆلی 2002 ەوە دەستی بەکار کردووەو 124 دەوڵەت پەسندی پەیمانامەکە و دادگاکەیان کردووەو هەنووکە ئەندامین ، هەروەها 139 وڵات واژۆیان لەسەر کردووە.
دادگای تاوانی نێونەتەوەیی ئامرازێکی گرنگ و بەهادارە بۆ ڕێگە گرتن لە ئەنجامدانی تاوانی ژینۆساید و تاوان دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی دوژمنکاری و بە دادگایی گەیاندنی بکەرانی و رزگار نەبونیان لە سزادان.
بۆ ئەوەی لەعێراقی نوێدا تاوانی ژینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی دوژمنکاری هەر رۆژە و بەردەوام دووبارە نەبنەوە، کە تا هەنوکە بە خەستی بەردەوامەو ناوچەکە بۆتە ناوەندی کۆمەڵکوژی لە جیهان، پێویستە عێراق بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵکی کوردستان و کەمایەتی ئاینی و مەزهەبییەکانی ئەم وڵاتە بە پەیماننامەی ڕۆماوەوە پەیوەست بێت و ببێتە ئەندامی دادگاکە.
بۆ بیرهینانە وەی هە موو لایەک ، عێراق لە بەرواری 15-2-2005 بەو ڕێککەوتنەوە پەیوەست بووە، بەڵام بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دوای دوو هەفتە پاشەکشەی لێکردووە.
ئەمرۆ 17ی ی تەموز یادی 19 ساڵەی پەسەند کردن و 15 ساڵەی دەستبەکاربوونی یەکەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە لە جیهان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، 15 ساڵە ئەم دادگایە بەهەموو کەموکوڕییەکان و ئەو رەخنانەی لێی گرتراوە بۆتە بەربەستێک تا رادەیەک هەستپێکراو لەبەردەم ئەنجامدانی تاوانە زەقەکان و تا رادەیەک کەمکردنەوەیان، بەرزترین حوکمڕانەکانی هەندێک وڵاتانی ئەم جیهانەی دادگایی کردووە نموونەیان عومەر حەسەن بەشیر و معەمەر قەزافییە، مەخابن تا ئێستا هیچ یەکێک لە وڵاتانی عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا لە ریزی ئەو وڵاتانە نین پابەندی خۆیان بە دادپەروەرییەوە راگەیاندبێت، لە کاتێکدا ناسنامەی حوکمڕانی باش لە ئێستای جیهاندا پەیوەست بوونی وڵاتانە بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە، ترسی ئەوانیش لە ئەندام بونیان لە دادگاکە سزادانیانە لەسەر ئەو تاوانانەی خۆیان بۆ ئەنجامدانی بەرامبەر بە گەلەکەمان و کەمایەتیە ئاینی و نەتەوەییەکانی ئەنجامی دەدەن یاخود خەون بە ئەنجامدانییەوە دەبینن، بۆیە بە ئەندام نەبوونی ئەم وڵاتانە نیشانەی ئەوەیە لە هەر کات و ساتێکدا ئامادەن تاوانە گەورەکان دوبارە ئەنجام بدەنەوە .
3 ساڵ پێش ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بە فەرمی سکاڵای لەسەر داعش لە بەرامبەر تاوانەکانی بەرامبەر بە ئێزیدی و کریستان و شیعەو شەبەک تۆمارکرد، دوو ساڵی رابردوو لە کۆنگرەی وڵاتانی ئەندام ئێمە بە فەرمی لە دانیشتن چەندین جاریمان لە گەڵ داواکاری گشتی پشتیوانیمان لە هەموو سکاڵاکان کردو نامەی پێکهاتەکانمان پێیان دا، هەرچەندە ئێمە وەک تاکە لایەن کە بە فەرمی کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکەین لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام ئەوان ویستیان ئێمە پەراوێز بخەن، هەرچی خەڵکی نەزان هەبوو کردیانە ئەندامی لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دی، کەچی ئێمە گوێمان بەو پەراوێز خستنە نەدا و ئەوانیش مخابن شکستیان لە سکاڵاکەیان هێنا، دیارە بەشی زۆری بەهۆی ئەندام نەبوونی ئێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی و هەنگاو نەنانی پراتیکی بۆ ئەوەی ئەم دۆسییەیە ببردرێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە هۆکاری شکستەکەو و رەتکردنەوەی سکاڵاکەی حکومەت و پەرلەمان بوون، ئەمەش سەلماندیەوە کە بە ئەندام بوونی عێراق لەو دادگایە چەندە بۆ رێگەگرتن لە ئەنجامدانی تاوانەکان بە گشتی و پاراستن و دڵنەوایی گەلەکەمان لە مانەوەی لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە بە تایبەتی گرنگە، هاوکات دوای سەربەخۆیی کوردستانیش ئەندام بوون لەم دادگایە دەبێتە پەرژینێکی گرنگ لە پاراستنی هاووڵاتیانی کوردستان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە لە کۆمەڵکوژی و هەڕەشەی پەلاماردانی وڵاتانی ناوچەکەو کارکەرێکی گرنگیش دەبێت بۆ چەسپاندنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئایندە.
ئێمە زیاتر لە 12 ساڵە بێ پسانەوە کار بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەکەین، لە درێژەی هەڵمەتەکەمان بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لەو دادگایە تا ئێستا واژۆی زیاتر لە 1500 پارت و لایەنی سیاسی و رێکخراوی کوردستانی و وەزیر و پەرلەمانتاری خولەکانی پێشوی پەرلەمانی عێراق و 85 پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و 89 پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان و 60 پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقی سەر بە لیست و پێکهاتە جیاجیاکان و 5000 واژۆی چالاکوانان و هاووڵاتیانی کوردستانمان بە هاوکاری پەرلەمانتارانی کوردستان و عێراق کۆکردۆتەوەو داومانە بە لایەنە جیاجیاکانی کوردستانی و عێراقی لە پێناو بە ئەندام بوونی عێراقی لە دادگای ناوبراو، ئەم هەوڵانەش لە پێناو ئەوەی جارێکی دیکە بەرەو روی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی رابردوو نەبینەوە، وەک لە ئابی 2014 بینیمان جارێکی دیکە گەلەکەمان لە شەنگار جینۆساید کرایەوە.
هیچ بەهانەیەک نییە بۆ حکومەتی عێراقی کە نەبێتە ئەندامی دادگای ناوبراو جگە لە نیاز خراپی لە ئەنجامدانی تاوان، هاوکات هیچ بەهانەیەکیش نییە بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ ئەوەی کاری جدی بکەن بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی عێراق بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای ناوبراو، بۆ ئەوەی گەلەکەمان دڵنایی زیاتر بێت کە جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی ناکرێتەوە لەم وڵاتە چ لە لایەن حکومەتەوە بێت یاخود دەستەی چەکداری تاوانکاری وەک داعش و هاوشێوەکانی کە زەمینەی بەرهەم هێنانی گروپی تاوانکار لە بارە لەم وڵاتەو ناوچەکە.
لە یادی 19 ساڵەی بڕیاری پێکهێنانی دادگاکەو 15 ساڵەی دەست بەکار بونی ئەو دادگایە و رۆژی دادپەروەری جیهانی داواکارین:
- حکومەتی هەرێمی کوردستان فشار بخاتە سەر حکومەتی ناوەندی بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بکات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی، بۆ ئەوەی نیازپاکی خۆی لە رێگای بە ئەندامبونیەوە لە دادگاکە بۆ پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت کە دژ بە دوبارەبوونەوەی تاوانەکانی رابردووە کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە( هەڵەبجە، ئەنفال، بارزانی، فەیلی، تەعریب، قەڵادزێ ،موسڵ ، شەنگار، سمبێل، پردێ ،... .... )).
- داوا لە دەسەڵاتدارانی کورد دەکەین، داواکاری بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بکەنە یەک لە داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لە دانوساندنەکانیان لە گەڵ حکومەتی ناوەندی بەغدا لە گەڵ لایەنە عێراقیەکان و سازشی لەسەر نەکەن ئەگەر لە چوارچێوەی عێراق مانەوە .
-داواکارین لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان هاوکاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکەن لە دانی زانیاری لەسەر ئەو چەکدارانەی داعش کە ناسنامەی وڵاتانی ئەندامیان هەیە، هەروەها دیلەکانی جەنگ ئەوانەی هەمان پێناسەیان هەیە بە تایبەت بڕیار بە دەستانیان تەسلیم بە دادگای ناوبراو بکەن بۆ بە دادگایی کردنیان، مخابن لەم روەوە هیچ دەستپێشخەری و هاوکارییەک نەبینراوە، ئەمەش جێگای رەخنەو نیگەرانییە.
- حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو تۆمەتبارانەی هاووڵاتی کوردستانن و تاوانی گەورەی نێونەتەوەییان ئەنجامداوە یان بەشدارییان تێیدا کردووە دادگایی بکات و ناویان بداتە پۆلیسی ئینتەرپۆل بۆ دەستگیر کردنی هەڵاتوەکانیان نموونە 258 تۆمەتباری ئەنفال .
- حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هیچ کەسێک نەکات لە هەرێمی کوردستان کە لە لایەن دادگای تاوانی نێو دەوڵەتییەوە بانگ کراوبێت، لە کاتی سەردانیکردنیان دەستگیریان بکات و تەسلیم بە دادگای ناوبراویان بکات.
-هەرێمی کوردستان نابێت پێشوازی لە هیچ کەسێک بکات کە تاوانە مەزنەکانیان ئەنجام دابێت یان هاوبەشیان کردبێت، یان هانی دابێت ، یاخود بانگەشەی بۆ بکات.
-هەر کەس و لایەنێک لە کوردستانەوە ریکلام بۆ داعش و بیری داعش بکات، پێویستە بە تاوانی هاوکاریکردنی تیرۆرو هاوبەشی لە جینۆساید دادگایی بکرێت، لە هەر پێگەو جێگاو رێگایەکدا بێت.
- نوێنەرانی کورد لە حکومەتی ناوەندی و پەرلەمان پێشوازی لە هیچ داواکراوێکی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی نەکەن یاخود سەردانی وڵاتەکانیان نەکەن بە بەهانەی پەیوەندی دیبلۆماسیەوە.
- هەر کەس و لایەنێک نکۆڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و کریستان و پێکهاتەکانی دیکە بکات، یاخود قوربانیانیان بە شەهید نەزانێت ، پێویستە سزا بدرێت و ئینکار کردنی تاوانەکانی جینۆساید وەک تاوان سەیر بکرێت لە هەرێمی کوردستان و لە داهاتوودا یاسای تایبەتی بۆ دەربچێت.
- پێویستە هەموان خۆمان ئامادە بکەین بۆ قۆناغی دوای هەرەسی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە، بڕیار بەدەستان و تاوانبارانیان بدۆزینەوەو سکاڵایان لە وڵاتەکانیان لەسەر تۆمار بکەین، یاخود ناوەکانیان و شوێنی ژیانیان بدەینە دادگایی تاوانی نێو دەوڵەتی و هاوکاری ئەو ناوەندانە بکەین لە هەوڵی دۆزینەوەو بە دادگایی گەیاندنیاندان .
- ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەو بەڵێنی خۆی گەیاندە سەر لە سەربەخۆیی کوردستان، ئەوا پێویستە کوردستان پەیوەست بێت بە هەموو پەیماننامە نێو دەوڵەتییەکانەوە ، لە ناویاندا دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی کە دەبێتە زامنێکی گرنگی پاراستنی لە بەرامبەر هەڕەشەی وڵاتانی ناوچەکە.
تۆڕی هاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
Kurdish organizations Network coalition for the International Criminal court (KON_CICC)
17-7-2017
تۆڕ لە 353 رێکخراو پێک هاتووە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست