کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەزاتخانەی سیاسی لەكوردستاندا

Tuesday, 18/07/2017, 20:19


سیاسەت لەم هەرێمەی ئێمەدا بۆ وا سوك و سەلیم بوە؟. ئەم وڵاتە بۆ وا گۆڕاوە داروبەردی بەسەر یەكەوە نەماوە؟.لەم وڵاتەی ئێمەدا بۆچی سیاسەت لەئەخلاق داشۆراوە،بۆچی سیاسەتمەداران لەجیاتی خزمەتی تاكی مرۆڤەكان، گاڵتە بەعەقڵی جەمعی میللەتەوە ئەكەن؟.
لەدونیادا حزب و كەسایەتی و سەركردە، سیاسەت ئەكەن بۆ خزمەتی میللەت، لای ئێمە بۆ گیرفان و بۆ ناوگەڵ!.خەسڵەتی سیاسی لەم وڵاتەی مندا بوەتە گیرفان بڕین و رابواردن،ئاكاری سیاسەتمەدار بوەتە درۆ وبوختان وفشەفش!.
لەم وڵاتەی مندا سیاسەت بوە بەمەزاتخانە هەر كەسەو كاڵای خۆی تێدا نمایش ئەكات، یەكێ ئەفرۆشێ یەكێ ئەكڕێ،یەكێ خاك  ئەفرۆشی یەكێ هەڵوێست!.
لەم ولاتەی مندا هەڵوێستی سیاسی سەودای پی ئەكرێ بە دینارو بەبە دۆلار، سیاسەت بوەتە بە یاری" لگاو" زۆر دانی زۆر ببە”!.
لەم وڵاتەی مندا خیانەت بوە بەشانازی،نانبڕینیش بەئازایەتی،حوكمی فاشیل بوە بە حوكمی رەشیدو كامڵ!.
لەم وڵاتەی مندا سەرۆكی ناشەرعی، سەرۆكی شەرعی لا ئەبا، حكومەت شوێنی پەرلەمان ئەگرێ،لق و ناوچەش شوێنی دادگا!.
لەم ولاتەی مندا سەرۆك ئەچیتە ولاتانی دەرەوە بۆ حەیابردنی میللەتەكەی خۆی، ململانێی دیموكراسی ئەكا بە كودەتا، پەرلەمان ئەكا بەسەربازگە!.
لەم وڵاتەی مندا خەڵك ئەكوژرێ بەفەرمانی سەرۆك ناهێڵن خاوەن هەق بچێتە دادگا، كادیری حیزبی بریاری لێبوردن دەرئەكا، سەرۆك مافی گشتی(حق العام) ئەخاتە ژێر پێیەكانیەوە!.
لەم وڵاتەی مندا ئەندازیاری ماڵوێرانی بوە بە ئەندازیاری ئاوەدانی،سەركردەی حزب بوە بە چڵكاو خۆری سەركردەی تر!.
لەم وڵاتەی مندا،رۆژنامەنوس لەسەر راپۆرت تیرۆر ئەكرێ، نوسەر لەسەر وتار شاربەدەر دەرئەكرێ، شاعیر لەسەر قەسیدەیەك داركاری ئەكرێ!.
لەم وڵاتەی مندا نەوتو گازو سامانەكانمان رادەستی رژێمی داگییركەر ئەكرێ، ئیرادەی میللەت لەژیر پۆستاڵی عەسكەری سنور بەزێندا ئەشكینرێ!.
لەم وڵاتەی مندا ریفراندۆم بەدرۆ ئەكرێ، هەڵبژاردن تەزویر ئەكرێ، پەرلەمان پەك ئەخرێ، وەزیر لەوەزارەتەكەی دەر ئەكرێ!.
لەم وڵاتەی مندا ئەندامانی ( میم سین) هەر یەكەو بەئاوازیك ئەخوێنێ، میم سینی سەوز بەسەرپەرشتی میم سینی زەرد كۆبونەوە ئەبەستێ!.
لەم وڵاتەی مندا ئیسلامی بۆ عەلمانی هەڵئەپەڕێ، شوعیش تازیەی بۆ ئەگیرێ!.
لەم وڵاتەی مندا حزبایەتی بوە بەحیزایەتی،مەكتەب سیاسی بوە بەقەشمەرجاڕی، سەركردایەتی بوە بە كۆیلایەتی!.
لەم وڵاتەی مندا میللەت قوربانی ئەداو برسی ئەكرێ، دوای ئەشكەنجەی زیندان موچەی لێ ئەبڕێ، دوای ئازادكردنی خاكی وڵاتەكەی، خەباتگیر لە ماڵو شاری خۆی دەر ئەكرێ!.
لەم وڵاتەی مندا سیاسی مێژووی خۆی ئەفرۆشێ،میدیا درۆ ئەفرۆشێ، نوسەریش قەڵەمەكەی ئەفرۆشێ!.
لەم وڵاتەی مندا میللەت بێبەشو بی پارەیە،جاشو خائینو خۆفرۆش پارەدارو پایەدارە !..
لەم وڵاتەی مندا دیكتاتۆری گەورەمان راماڵی، دەیان دیكتاتۆری بچوكمان هێنایە ماڵێ!.
لەم وڵاتەی مندا سندوقی هەڵبژاردنمان داناوە، بەڵام هەمو جارێ دیكتاتۆری بچوك گەورە ئەكەین،حزبی ناڕەسەنو خائین وفاشیزم ولایەتەكەی نوێ ئەكەین!.
لەم وڵاتەی مندا راپەڕینمان لەدژی وەحشیترین رژێمی دیكتاتۆردا كرد،بەڵام لەبەردەم تاقمێكی بچوكدا قەدەممان شكاوە چۆك دائەدەین!.
لەم وڵاتەی مندا هێزی دەوڵەت بۆ پاراستنی بارەگایە، كچەكانیشمان بۆ باوەشی تیرۆریستو جاهیلانە!.
سیاسەت لەم وڵاتەی من وەك زبڵخانەیە وایە،تەنها شایستەی ئەوەیە بە نەعلەتی بكەی!..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە