کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورته‌ وه‌ڵام23بۆ جه‌یمز جێفری

Tuesday, 18/07/2017, 20:06


وه‌ڵام بۆهه‌ڤپه‌یڤینه‌که‌ی روداوی 13/7/2017 له‌گه‌ڵ باڵیۆزی پێشوی ئه‌مریکی له‌ئیراک، هه‌ویرێکی ئاوکێشه‌، به‌ڵام ئه‌کرێ به‌کورتی وه‌ڵامی هه‌نێ لایه‌نی بده‌ینه‌وه‌:
-جێفری: سیاسه‌تی ئه‌مریکا بریتییه‌ له‌ئیراکێکی یه‌کگرتوی فیدراڵی دیموکراسی، 4500سه‌ربازی ئه‌مریکی له‌و پێناوه‌دا گیانیان به‌خشی.
+که‌ی وایه‌!؟ ئه‌مریکا له‌من باشتر ئه‌زانێ که‌ ئیراکێکی یه‌کگرتوی فیدراڵی دیموکراسی، له‌وه‌ ئه‌سته‌متره‌ بته‌وێ 4+3 بکاته‌8. ئه‌و سه‌ربازه‌ کوژراوانه‌ش له‌پێناوی داگیرکردنی ئیراکابو. به‌ڵام به‌خت نه‌یهێنا وه‌کچۆن له‌ڤێتنامیش به‌و مه‌ره‌یه‌ چونو هه‌ڵاتن.
- کورد حه‌زئه‌که‌ن ئه‌م گشتپرسییه‌ش وه‌ک ئه‌وه‌ی 2005 به‌کراوه‌یی بهێڵنه‌وه‌.
+تۆ به‌م قسه‌یه‌ دانمان بۆڕۆئه‌که‌ی! وانیه‌، جه‌ماوه‌ری کورد به‌م گشتپرسییه ناپێویسته‌، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ده‌نگی به‌ به‌ڵێ هێنا،‌ خوازیاری راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییه‌. تاکه‌ی ئه‌میش به‌کراوه‌یی بهێڵینه‌وه‌؟ تائه‌وکاته‌ی ئیراک ئه‌بێته‌وه‌ هێزه‌که‌ی جارانو‌ به‌ئه‌نفالو کیمیایی وه‌ڵاممان ئه‌داته‌وه‌!؟ بۆیه‌ ئێستا، یادوای گشتپرسییه‌که به‌ماوه‌یه‌کی که‌م، راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییه‌که‌، کاڵای پڕباڵامانه‌.‌
-کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ، ئیراک به‌ره‌و ئاقاری سه‌رهه‌ڵدانی دائشێکیدیکه‌ ئه‌با. تاوه‌کو ئه‌م هه‌له‌ هه‌بێ، ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆنابێ!
+جوانه‌! شیردا بۆداپیر. نه‌ له‌ئیراکێکی فیدراڵی یه‌کگرتوی دیموکراسیو نه‌ له‌ئیراکێکی دائشاویو حه‌شدی شه‌عبیاویدا مافی سه‌ربه‌خۆییمان نه‌بێ، ئه‌ی که‌ی!؟ ئنجا خۆئێمه‌ گه‌ره‌نتیمان به‌ئیراک نه‌داوه‌ که‌هه‌ر پارێزه‌ریبین. بۆچی ئیراک پیاوه‌تی زۆره‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌؟ چاره‌نوسی کوردیش یا هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کیدی، نه‌به‌سراوه‌ به‌ راو ره‌زامه‌ندیی ئه‌مریکاوه. راسته‌ ئه‌مریکا، یا هه‌ر ده‌وڵه‌تێ، له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییماندابن باشتره‌، پێچه‌وانه‌که‌شی، رێ له‌سه‌ربه‌خۆییمان ناگرێ. سه‌ربه‌خۆیی ئیراده‌ی خۆمانه‌.‌
-هه‌ماهه‌نگی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه،‌ کاتیو سنورداره‌!
+واتا دوایی به‌گورگانخواردومان ئه‌ده‌ن!
-به‌ته‌واوی روننیه‌ کام ناوچه،‌ کام گوند، کام شاخ کوردییه‌.
+کاتی خۆی کامیل چادرچیش وایوت، ره‌شید ئارفیش به‌پێکه‌نینه‌وه‌ وتی: وشتر ئه‌که‌ین به‌حه‌که‌م، له‌کوێدا وه‌ستا، ئیتر دوایئه‌وه‌ کوردستانه‌ (وشتر ئاژه‌ڵی لمه‌و به‌به‌رزاییو شاخا سه‌رناکه‌وێ).
-تورکیا خاڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه‌‌ بۆ هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک له‌ڕه‌وشی کوردستاندا.
+به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تورکیا له‌باشوری کوردستانا به‌جۆرێ په‌ره‌یسه‌ندوه‌و چڕبۆته‌وه‌ که‌ناتوانی ده‌س له‌و به‌ژه‌وه‌ندیانه‌ هه‌ڵگرێ نه‌ ئێستا نه‌ له‌باشورێکی سه‌ربه‌خۆشدا. له‌هه‌ردو باره‌که‌دا تورکیا به‌ده‌س په‌که‌که‌و گویله‌نیه‌کانه‌وه‌ ئه‌ناڵێنێ، ناچێ شه‌ش ملیۆن کوردی باشوریش بکاته‌ دژکاری خۆی. ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و دێزگه‌راییه‌شی کرد، ئه‌وا ئه‌نجامه‌که‌ی، تۆپینی خۆیئه‌بێ. هه‌روه‌ها تورکیا ئه‌وه‌ش باشئه‌زانێ که‌ له‌ئه‌گه‌ری نه‌مانی حکومه‌ته‌که‌ی باشوری کوردستانا یا ده‌وڵه‌تی باشوری کوردستاناو گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆسه‌ر ئیراک، هه‌مو ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی له‌ده‌سئه‌چێو مه‌گه‌ر هه‌ر کاڵه‌ک به‌ئه‌ژنۆ بشکێنێ!.
-پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا سه‌ربه‌خۆیی، شته‌کان به‌ره‌وپێشتر ئه‌با؟ له‌ڕوی ئابوریو سیاسییه‌وه‌ سودی زۆرتری بۆخه‌ڵکی کوردستان ئه‌بێ؟ 
+با ئه‌و پرسیاره‌ هه‌ڵگێڕینه‌وه‌. ئایا مانه‌وه‌ی کورد‌ به‌ ژێرده‌سته‌ییو دیلی، له‌ڕوی ئابوریو سیاسییه‌وه‌ سودی زۆرتری بۆخه‌ڵکی کوردستانئه‌بێ!؟ بۆچی به‌ژێرده‌سته‌یه‌تی تورکیاو ئیران، خێری دنیا به‌سه‌ر باکورو رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا رژاوه‌!؟ راسته‌ ئه‌شێ سه‌ره‌تا توشی هه‌ندێ کێشه‌ی ئابوریو سیاسی ببین، به‌ڵام زۆرناخایه‌نێ به‌سه‌ر ئه‌و کێشانه‌دا زاڵئه‌بین. کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئازاو کوردستانیش خاوه‌نی ئابورییه‌کی به‌هێزه‌، بۆیه‌ ئاینده‌مان گه‌شه‌ مام جیفری.
له‌کۆتاییدا ئه‌شێ ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ئه‌م به‌ڕیزه،‌ بیرمه‌ندێکی سه‌ر به‌دیموکراتییه‌کانی ئه‌مریکایه‌، مه‌رجنیه وته‌کانی گوزاره‌ له‌ڕای کۆمارییه‌کانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئێستابکا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە