کەربازاڕی حیزبی توودەی ئێڕان / حیزبی کومونیستی ئێران
Friday, 14/07/2017, 1:28
پێش ئەوەی بنە ماڵەی سەفەوی بێنە سەرکاروڵاتی ئێڕان لە سەر ڕێبازی ئایینی سوننە بەڕێوە دەچوو بەوواتایە دین ، دینی سوننە بووکە باوەڕیان بە چوار خەلیفەکای ڕاشیدون هەبووە. کاتێک شآ سمایلی سەفەوی یەکەم (٩٠٧ تا٩٣٠) جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست شاری تەورێزی وەک ناوەندی دەسەڵات وهێزی خۆی دەست نیشآنکرد. بە هاتنە سەرکاری ناوبراو بە رەسمی ئایینی شیعە بوو بە ئایینێکی رەسمی. سرنجڕآکێش ئەوەیە کە لەو کارەدا پرس بە کەس نەکرا کە ئایا خەڵک ئەو دینە وەردەگرن یان لە سەر ئایینی سوننەی خۆیان دەمێننە؟ پرس ، پرسی شەق و کوشتن وچاودەرهێنان بوو!
بۆیە رۆژێکیان جار دراکە هەرکەس دەبێ لە مەودوا پەیرەی ئیمام عەلی بکا ودینی خۆی بکاتە شیعە! لەو ناوەدا بۆ دابین کردنی ئەو سیاسەتە دەسەڵات حەوجێی بە زەبروزەنگ وکوشتار هەبوو. خەڵک سەریان سووڕمابوونەیاندەزانی چی بکەن. هەر کەس کە دەستگیرکرابایە دەبوو یان ببێتە شیعە یان هەردووک چاوی دەردێنن وکوێری دەکەن. زۆرکەس قەبوڵیان نەدەکرد بە زۆر ببنە شیعە. بۆیە چاوەکانیان بە زیندوویی دەردێنان. ئەو کەسانەی کە ئاوا کوڕکرابون نازناوی ( کوێرە سوننەیان ) بە سەردا بڕآ. ئیدی لەوکاتەوە دەسەڵات پشتی دەسەڵات کە هاتووە ئایینی شێعەی وەک دینی رەسمی ئێڕان لە یاسای بنە ڕەتی خۆیدا تۆمار کردوە! تا ئەوڕۆش کە کۆماری ئیسلامی لە ئیڕان دەسەڵاتی هەیە هەمیسان دین ،دینی شیعەیە وبەڕەسمی ڕاگەیاندراوەوکاری پێدەکرێ.
لەوەها وڵاتێک، لەوەها کۆمەڵگایەکدا، لە وەها سەردەمێکدا کە بیانی بە زەبری شەق / شای / ئێرانیان بۆ وەلا ناین، دەسەڵاتێکی ئایینی لە سەر ڕێچکەی شیعە گەریی سەربە سەفەویەکان هاتۆتە سەرکار کە خۆی بە نوێنەری ئیمامی زەمان دەزانێ وکەڵەگایەتی لە سەر هەموو دونیادا دەکا کەچی کۆنە حێزبێکی کومونیست / حێزبی توودە / سەری وەدەرنا وجودا لە فەلسەفەی شیعەگەری دەیخواست کوردستان وخەڵکی ئێرانمان بۆ بکاتە کومونیست! ناوی ئەو حیزبەش کە دۆستی نزیکی شوڕەوی / سۆڤیەت / بووحێزبی توودەی ئێرانی پێدەگووترا.
" کەر بازاڕی حیزبی توودە ! "
نەتەوەی ئێران دوای هێرشی ئیسلام زۆر زووکەوتە ژێڕ ڕکێفی ئەو دینە. لە کوردستان نەبێ کە تا رادەیەکی کەم بەرخۆدان لە ئاست هێرشی لەشکری ئیسلام کرا لە شوێنەکانی دیکە زۆر زوو زەبری شمشیر کاریگەری خۆی نیشآن دا ووشەی ئیسلام کە لە لە وشەی تەسلیم وەرگیراوە خەڵکی دوچاری قەبوڵکردنی ئەو ڕێبازە نوێیە کرد. لەوەها سەردەمێکدا بەتایبەت دوای شۆڕشی گەلانی ئێڕان، لە هەناوی کۆمەڵگای ئێڕان ورۆژهەڵاتی کوردستان ڕیبازێکی سیاسی لە سەرناوی کومونیزم لە ڕێککەوتی١٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٢٠ / ١٩٤١/ دروستبوو بە ناوی حیزبی توودە کە مەرامی کومونیستی هەبوو.بونیادنەرانی ئەو حیزبە سەرتا ٥٣ کەس بون.پێویستە بگووترێ لقی سەرەکی ئەو حیزبەش بە ناوی حێزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ( ئێڕان ) لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە چالاکی خۆی کرد بەڵام دوای ماوەیەک کێشەی ناوخۆیی حێزبی دێمۆکڕات لە حیزبی توودە جودا بۆوە. بەڵام سێبەری بیری چەپ ئێستیش لە سەر حیزبی دێمۆکڕات هەر ماوە. لە کاتی خۆشیدا لە متینگێکدا لە چوارچرای مهاباد رەحمەتی قاسملوو/ د، خ / بە دەنگی بڵیند گووتی: دۆستی کۆن ودێرینەی ئێمە سۆڤیەت هەرلە پشتمانە! هەر ئەو قسەیە بوو بە بیانوو بۆ خومەینی کە بڵێ نەمگووت: پرس لە کوردستان، پرسی کومونیزمە! بۆیە وەک مارومێروو پاسدار رژانە سەر خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان وسەرکردە حیزبیەکانیش لە پێش هەموو کەسدا ڕایانکرد!
دوای شۆڕشی گەلانی ئێڕان هەمیسان ئایینی شیعە بە شێوەیەکی تووندەڕەوانە سەریهەڵدایەوە. لە هەمان حاڵدا سەدان کوڕ وکچی کورد بە بێ ئەوەی سەر لە ڕێبازی کومونیزم وچۆنیەتی فکروڕامانی کۆمەڵگای کورد بکۆڵنەوە بون بە ئەندای چالاکی حیزبی توودە! زۆری نەخایاند کە دەسەڵات لە تاران دەستی بە هێرشکردن کرد بۆ سەر لایەنگروئەندامان وکادری بەڕێوە بەری ئەو حیزبە وتاروماریان کردن. کەسانی زۆر زاناو لێهاتوو خوێندەواری ئەوحیزبە گیران وکوژران! هۆی سەرەکەیش خەیانەتی یەکێتی سۆڤیەت وقانی فرۆشی نەفتی باکور ئێڕان بووبە سۆڤیەت. پشت تێكردنی سۆڤیەت وبێدەنگی لە ئاست گرتن وکوشتنی بەڕێوەبەرانی ئەو حێزبەم وەک کارێکی سەکرانە دێتە بەر چاو کە تاکی کورد لە جیاتی هەست بە پرسی نەتەوەیی خۆی بکا بۆ دەبێ لە ڕێگای باوەڕێک تێدا بچێ کە هیچ پەیوەندیەکی بە داهاتووی کێشەی کورد نییە.فشە بازاڕی حیزبی توودە کە بە زۆر خەڵكی دەکردە کومونیست وێنەی فشە بازاڕیی رێفڕاندۆمی بارازانییە کە بە زۆر لێمان قالب دەکا.
" قسەی کۆتایی"
بەشداری تاکی کورد لە ئیڕان ورۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەندامەتی حیزبی توودە وراکێشانی خەڵکی ساویلکە بەرەو کومونیزم، وەک ئەو ڕێفڕآندۆمەی بارزانیم دێتە بەر چاوکە لە ناوخۆی وڵات لە باشوور شەیتانە بازآڕی پێ دروستکردوە. بە تایبەت لە هەندەرانیش کەسانێک وادەزانن باس لە سەر بەخۆیی وڕیفڕآندۆم ودەوڵەتی کوردی هەرواهاسانە وبە شێوەی جۆراو جۆر تەپڵی سەرکەوتنی ئەو ڕێفڕآندۆمە دەکوتن. کورد لە رۆژهەڵاتی وڵات چەندی قازانج لە کومونیزم وەگیر کەوت لە باشووریش هەر ئەوەندە قازانج لەو ڕیفڕآندۆمە وەردەگرێ کە بنە ماڵەی بارزانی تیف تیفی دەدەن. من دەزانم کەم تاکی کورد هەیە کە دژی سەربەخۆیی کوردستان بێ، بەڵام کوردستان تەنیا سەری ڕەش وبەشیک لە شاری هەولێڕ نییە. من پێموایە لە سەفەری ئەو دواییە بارزانی بۆ هەندەران بە دەستی پڕ ناگەڕێتەوە هەولێر. تا رۆژی ٢٥ی مانگی ٩ چاوەڕوان دەبین. من دەنگ دەدەم بە ڕێفڕآندۆم وسەربەخۆیی کوردستان، بەڵام بە بێ دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی. دەسەڵاتێك کە توانای بیستنی دێڕە شێعرێکی شاعیرێکی رەخنەگری نەبێ لە لای من بایی فلسێکە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست