کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیداری تەمەن یان خیانەتی تەمەن! (ئەسەد بە هەیبەت بوو، بۆ باقریش گریام!)

Saturday, 15/07/2017, 15:39


بەشی شەشەم:
زۆرن ئەوانەی پێیان وایە کە نەتەوەی دەسەڵاتدار لە سەر ئاستی شەقام و خەڵک  تاوانبار نین لە مەڕ ئەو نەهامەتیانەی کە  بە درێژای مێژوو بەسەر میللەتی کورد هاتووە و ئەوان لە دوور و نزیک دژی پرسی کورد نەبوون و نین.  هەروەها میللەتان لە نێوان خۆیاندا دەتوانن کێشەکانیان بە برایەتی چارەسەر بکەن ئەگەر ڕۆڵی بەرژەوەندیی پەرستان و ئیمپریالیزم و  پارتە شۆڤێنییەکان و سەرۆکە دیکتاتۆڕەکانی سەر بە نەتەوەی دەسەڵاتدار نەبن.
گومانی تێدا نییە کە ئەو جۆرە بۆچوونە دۆست و لایەنگری هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا هەندێک هەن دژی ئەو بۆچوونەن.

-----------------------------
ئەوەی کە  مێژوو سەلماندویەتی و دژە بۆچوونی نییە،  ئەو ڕاستیەیە کە  ئەو سەڕۆک و پارتانەی یەک لە دوای یەکدا دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست  سەڕەڕای ئەوەی کە هەڵگڕی بیروباوڕ و دروشمی جیاواز بوون و بانگەشەی جۆرێکی تایبەت لە سیستەمیی سیاسییان کردوە بگرە لە سیستەمیی پاشایەتی و مەلەکیی و کۆماری تا دەگات بە سیستەمیی ئیسلامیی و دیموکراتیی و سۆشیالیستی  لە وڵاتانی عیراق، سووریا، تورکیا و ئیران بە یەک نەفەس و بڕوا دژ بە میللەتی کورد  و پرسی وەستاون و دەستیان سوورە بە خوێنی هەزاران هەزار تاکی کورد.
"جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی "  مێژووی ژیانی سیاسیی خۆیان نووسیەوەتەوە و بەجۆرێک باسیان لە هەندێک سەڕۆکەکانی عیراق، ئیران، سوریا و تورکیا کردوە کە جێگەی تێڕامان و سەرسورمانە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو! بارزانی لە پەڕتوکی "البارزانی و الحرکە التحرریە الکردیە" لە لاپەڕە ٢١دا نووسیویەتی "کنت فی قرار‌ة ضمیری اتمنی أن لاتنشب ثورە آیلول فی عهد عبدالکریم قاسم.و انە اذا قدر لها ان تنشب فلتکن قبل عهدە او بعد عهدە". پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە بارزانی بۆ ویژدانی ئازاری داوە لە هەڵگیرساندنی شۆڕش دژ بە دەسەڵاتی قاسم؟  پرس و دۆخی نالەباری میللەتی کورد لە پێش هاتنە سەر حوکمی قاسم و لە قۆناغی دەسەڵاتی ئەو و دوای ئەویش هیچ پاڵپشتێکی نەبووە لە لایەن دەسەڵاتدارانی عیراق وە هیچ کەسێکیان ددانیان نەناوە  بە مافی ڕەوای کورد! "عەبدولکەریم قاسم" هەر وەک سەڕۆکەکانی پێش خۆی و دوای خۆی هەڵساوە بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی بۆ سەر کوردستان و توپخانە و فرۆکەکانی قسوریان بە میللەتی کورد نەکردوە لە بۆردومان کردن و کاول کردنی کوردستان. زیندانەکانی "قاسم" ئەو کاتیش پڕ بوون لە ڕۆڵەی کورد و بە سەدان کەس ملیان بە پەتی سێدارە وەکرا.  
بە درێژای دەسەڵاتی حافز ئەسەد، تا دەگات بە قۆناغی دەسەڵاتی کوڕەکەی لە سوریا، کوردانی رۆژئاوا مافیان پێشێل کراوە و چەوساونەتەوە، بە هاووڵاتی سوری هەژمار نەکراون و لە ناسنامەکانیان بە "بێگانە" پێناسە کراون، کەچی "تاڵەبانی" لە پەڕتووکی دیداری تەمن، بەشی دووەم لە لاپەڕە ٣٨٥دا دەربارەی ئەسەد گوتویەتی" پیاوێکی بە هەیبەت و حەزی خێری تێیدابو. رای لە سەر میللەتی کورد باش بو".
لە هەمان پەڕتوک دا پرسیارێک ئاراستەی تاڵەبانی کراوە، کە ئاخیر جار کەی بووە گریاوە؟ لە لاپەڕە ٣٨٠ دا تاڵەبانی دبێژێت:
" ئاخرجار بۆ سەید محەمەد باقیر ئەلحەکیم گریاوم کە شەهید کرا، پێم زیانێکی گەورە بوو لە عیراق و لە کورد و لە هەمومان کەوت."
باقر ئەلحەکیم، مەرجەعی شیعی بوو، بۆ بیروباوەڕی مەزهەبی شیعی دڵسۆز بووە و دژی سەدام کاری کردەوە و لایەنگری زۆری هەبوو لە عیراق، لە ڕێککەوتی ٢٩ ئابی ساڵی ٢٠٠٣دا لە دوای نوێژی هەینی لە تەقینەوەیەکدا لە شاری نەجەف ماڵئاوایی کرد. ڕاستە مردنی ئەو کابرایە زیانێک بوو بۆ بزوتنەوەی شیعی، بەڵام "مەرحوم" خوا لێ خۆش بێت بۆ پرسی کورد هیچ ڕۆڵێکی ئیجابی نەبووە تا تاڵەبانی دەست بکات بە گریان و فیخان بۆی، تەنیا ئەوە نەبێت ئەشێ گریانی تاڵەبانی بۆ "باقیر" بۆ ڕاکێشانی هەستی هەوادارانی "مەرحوم" بووبێت بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ مانەوەی لەسەر کورسیی کۆماری عیراق دەنگی پێ بدەن ! 
ئەوەی جێگەی سەرنجە،  لە ساڵی ٢٠٠٣ وە تا ئەو رۆژەی تاڵەبانی زمانی نەما، گەلێک کارەساتی جەرگ بڕ بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە، بەڵام وا دیارە نەبۆتە هۆی گریاندنی "تاڵەبانی" کە خۆی بە سەڕۆکی بزوتنەوەی کورد دادەنا، بەڵام مردنی "باقیر" گریاندویەتی!؟
ئەو مێژووەی کە "تاڵەبانی" و "بارزانی" تۆماریان  کردوە، وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو بەجێ دەهێڵن، جێگەی سەرسورمان و پرسیارە وەکو باشە ئەگەر سەڕۆکی وەک ئەو مەرحومانە " قاسم و حافز و باقیر" بەوجۆرە بە وەفا و دۆست و لایەنگری پرسی کورد بوون ئەی نەتەوەیی کورد شێت ببوو بۆ ساڵانێکی دورو درێژ ڕوویان لە شاخ و کێوان کردبوو دژ بەو سەرکردانە چەکیان هەڵگرتبوو؟! یان خەڵک حەزی بە ژیانی بزنایەتی بوو!؟ دەترسم لە ئەنجامدا نەتەوەیی کورد تاوانبار دەرچێت و شەرمەزار و مەحکوم بکرێت لە مێژوودا و داوای قەرەبووی لێ بکڕێت!؟
-------------------
تێبینی، ئەوەی لە پەڕتووکی دیداری تەمەن وەرگیراوە بەبێ دەستکاری کردنی هەڵەی زمانەوانی وەک خۆی دانراوە. 
سەرچاوە: کتێبخانەی کوردستانپۆست
پەڕتوکی"البارزانی و الحرکە التحرریە الکردیە" بەشی سێیەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە