لە نێوان دڵشاد شەعبان و حەمەسەعید حەسەندا
Wednesday, 12/07/2017, 0:29
ئەمڕۆ ٦ی تەمووز، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە زمانی سەعدی پیرەوە ڕایگەیاند، کە نوێنەری خۆیان بۆ ڕیفراندووم دیاری ناکەن هەتا بزووتنەوەی گۆڕانیش نوێنەر دیار نەکا. پارتی بە پەلە ئیعازێکی بۆ کادیرەکانی خۆی دەرکرد و تیایدا داوای کرد، پەرچەکرداریان بۆ هەڵوێستەکەی یەکێتی هەبێت.
خێرا دڵشاد شەعبان هاتە سەر خەت و وتی، یەکێتی دووڕووترین حیزبی کوردستانە، تەنانەت بە خۆفرۆشیش لە قەڵەمی دان. هاوکات حەمەسەعید حەسەن بە عادەتی خۆی شیعرێکی زەعیف و بێگیانی بڵاو کردووەتەوە، ئەمەش شیعرەکەیەتی:
لە ترسی/ گۆڕانە/ ناوێرێ
نوێنەر بۆ / کۆمیتەی/ گشتپرسی/ بنێرێ
درێغ بۆ/ ئەو وەختەی/ یەکێتی
تەقڵەی بە/ فیلەتەن لێ دەدا
هەنووکە/ گردەکە/ ئیعازی پێ دەدا
یەکێتیم/ قەت ئاوا/ بوودەڵە/ نەدیوە
فەقیرە
لاقێکی/ لەم دیوە/ لاقێکی/ لەو دیوە.
ئەرێ خوێنەری هێژا، لە ژیانتدا شیعری وا زەعیفت خوێندۆتەوە، ئێمە دواییتر دێینە سەر مەبەستی نووسین و پشتینەی نووسینی شیعرەکە، لە هەموو ناخۆشتر ئەوەیە، حەمەسەعید دەڵێ، ئەم شیعرە بە کێشی سێبڕگەیی نووسراوە ٣+٣+٣ وەک:
دەڵێی نەک/ هەر ئێستا/ عومرێکی/ درێژە
بەو دەست و/ پەنجانە/ برینم/ ساڕێژە
خۆی لە خۆیدا نووسینی شیعرێکی زەعیفی لەو بابەتە و بەراوردکردنی بە شیعرێکی گۆڕانی شاعیری خەیاڵزیندوو تاوانێکی گەورەیە.
یەکێتی نیشتمانی زیاتر لە دوو دەیەیە لە سێبەری پارتیدا سیاسەت دەکات و بوودەڵەیە، بەڵام حەمەسەعید حەسەنیان وەڕس و قەڵس نەکردووە، بەڵام ئێستا کە یەکێتی خەریکە هێواش هێواش لە سیاسەتی پارتی تێگەیشتووە حەمەسەعیدا دەهری بووە، هەتا یەکێتی پاشکۆی پارتی و مەسعود بەرزانی بێت بوودەڵە نییە، بەڵام هەر هەنگاوێکی بۆ خۆدۆزینەوە نا و کەوتە ئەوەی بە خۆیدا بچێتەوە و گومان لە ڕیفراندووم بکات پارتی کادیرەکانی گاڵ دەدات هێرش بکەنە سەر یەکێتی، بەوەی دڵشاد شەعبان بە خۆفرۆش و دووڕوو ناوی ببات و حەمەسەعید حەسەن شیعری تەنزی زەعیفی دژ بنووسێت.
غازی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست