کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تکایە راستیەکان مەشێوێنن

Tuesday, 11/07/2017, 22:21


راگەیاندنەکانی باشووری کوردستان ڕاستیەکان لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەشوێنن و دەڵێن کە بارزانی لە ئاستی وڵاتی بەلجیکا پێشوازی لێ کراوە، لە کاتێکدا کە بارزانی تەنها لە ئاستی یەکێك لە سێ هەرێمەکەی بەلجیکا پێشوازیی لێ کراوە. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی فلاندرن خێرت بۆرژوا پێشوازی لێکردووە و بەڵگەش بۆ ئەوە ئەم لینکەی گەشتی هەواڵەکانی ئەم شەوی تەلەفزیۆنی هەرێمی فلاندرن ڤی تی ئێم ە کە لە خولەکی ١٥ و چرکەی ٥ تا خولەکی ١٥ و چرکەی ٣٠ باسی دەکات کە لەلایەن ئەوەوە پێشوازی لێکراوە.
------------------------------
لەو کورتە هەواڵە ٢٥ چرکەییدا باسی ئەوە دەکات کە ئەو هەرێمەی بەلجیکا بەهۆی رۆژی نەتەوەیی خۆیانەوە پێشوازییان لە بارزانی کردووە و پشتیوانی ریفراندۆمی هەریمی کوردستان دەکەن، ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی بکات.

ئەوانەی چاوپێکەتنیان لەگەڵ بارزانی کردووە تەنها ئەندامانی حیزبێکی ناسیۆنالیستی فڵامین کە بەناوی ئێن ڤی ئەی بەناو دەکرێن و لە کۆی ١٥٠ کورسی پەرلەمانی بەلجیکا تەنها ٢٦ کورسیان هەیە.
ئەوانەی لەگەڵ بارزانی کۆبونەتەوە زوحال دێمیر سکرتێری حکومەتی هەرێمی فڵاندێرن بۆ کاروباری ئیندیمانجی پەنابەران و هەلی یەکسان، تیۆفرانكن سکرتێری دەوڵەت بۆ کاروباری پەنابەران هەروەها ژان ژان بۆن وەزیری ناوخۆ و یەکێك لە چوار جێگرەکەی سەرۆك وەزیرانی بەلجیکابوون.
بەلام پێویستە ئەوەش بزانرێت کە ئەو بەرپرسانە تەواویان سەر بە یەک پارتی سیاسیین و پێکەوە ئەمرۆ بۆ بەشداری لە ئاهەنگی نەتەوەیی هەریمەکەیان کۆبووبوونەوە و لەوێش بۆ ماوەیەکی کەم چاویان بە بارزانی کەوتووە.
جگە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی فلاندرنیش هیچ کام لە بەرپرسەکانی تر ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک بدەن لەو بارەوە، چونکە رایانگەیاند کە ئەوان بە ناوی پۆستەکانیانەوە پێشوازیانن لە بارزانی نەکردووە بەڵکو بۆ بەشداری لەو ئاهەنگە نەتەوەییەی خۆیان لەوێ ئامادەبوون.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە داخۆ بۆچی بارزانی لەگەڵ تەواوی بەرپرسانی کۆچبەرانی هەرێمێک و بەرپرسی ئەمنیەتی ئەو هەرێمە کۆبۆتەوە؟
بۆ وەلامی ئەو پرسیارە دەبێت بگەرێینەوە بۆ ٣ ی ئەم مانگە کە تیۆفرانکن سکرتێری دەوڵەت بۆ کاروباری پەنابەران لە بەلجیکا لەگەڵ بارزانی و بەرپرسانی ئەفغانستان رێککەوتنێکیان کردووە کە پەنابەرانی کورد و ئەفغانی کە دەگەرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆ سەردان، راستەوخۆ بە یەکجاری بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان و مافی پەنابەرێتییان لێ وەربگیرێتەوە.
نە بەرپرسانی هەرێمی فلاندرنی بەلجیکا و نە بارزانیش بە هچ شێوەیەک باسی ئەو پرسە ناکەن کە باسیان لەبارەوە کردووە.
بەڵگەی رێککەوتنەکەیان لەم لینکەی خوارەوە لەلایەن رۆژنامەی بەناوبانگی بەلجیکیی ستانداردەوە بڵاوکراوەتەوە.

جگە لەو ٢٥ چرکەیەی گەشتی هەواڵەکانی ئەو تەلەفزیۆنە، بە هیچ شێوەیەک لەهیچ ناوەندێکی راگەیاندنی بەلجیکا و هەرێمـی فلاندرن هاتنی بارزانی بڵاونەکراوەتەوەو هیچ گرنگیەکی پێ نەدراوە.
لەلایەکی ترەوە ئێمە وەک ٢٠ چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەوانی کورد ئەمرۆ پێشوازیکردنمان لە بارزانی شەرمەزار کرد لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل ، پۆلیسی بەلجیکا بە زۆری هێز دووریان خستینەوە و ئەوەندەی نەمابوو کە هەموومان بخرێێنە زیندانەوە، کەچی راگەیاندنە کوردییەکان خەریکی گەورەکردنی سەردانەکەی بارزانی بوون و ئامادەنەبوون چەند چرکەیەک لەو دیمەنانە تۆمار بکەن کە چۆن ئێمە رووبەرووی بارزانی بووینەوە و پۆلیسی بەلجیکاش دژمان وەستانەوە.
جا تکایە راستیەکان لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان مەشێوێنن و هەوڵ بدەن رووداوەکان وەک خۆیان بڵاوبکەنەوە.
فەرمان خێڵانی - برۆکسل

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە