دیداری تەمەن، یان خیانەتی تەمەن (جاسوسی عیراق و سوریا) بازدانیش بەسەر، فایلدارەکاندا
Thursday, 06/07/2017, 9:40
بەشی چوارەم:
لە کولتووری مرۆڤاییەتیدا لە مێژووی خەبات و شۆڕشی گەلاندا سیخور و بەکرێگیراو، دوو ناونیشانی ناشرینن کە بە ناوی هەر تاکێک بلکێت دەبێتە هۆی ناو زڕاندن، بە تایبەتی ئەگەر سیخوری و بەکرێگیراوی دژ بە دۆزی ڕەوا، بزوتنەوەی رزگاریخوازی میللەت بێت یان بزوتنەوەکان بەکاربهێنێت و بکەوێتە فەلەکی دەزگا جاسوسییەکانی دنیا و دوژمن بە مەبەستی گیرفان پڕ کردن و خۆشگوزەرانی و مانەوەی لە دەسەڵات دا.
------------------------------
دوژمنانی نەتەوەیی کورد و زلهێزەکانی دنیا، ژیرانە تەقەلایانداوە سیخور و بەکرێگیراو بکڕن لە رەگەزی نێر و مێ لە هەموو ئاستەکاندا بگرە لە ئاست سەرکردایەتی بزوتنەوەکان تا دەگات بە تاکی نێو پارتەکان و خەڵکی ئاسایی نێو کۆمەڵگای کورد.
ئەزمون سەلماندویەتی کە دەسەڵاتدارانی سووریا هەرگیز دۆستی میللەتی کورد نەبوون و نابن. تورکیا، سوریا و ئیران کاتێک کە پارەیان هەڵڕشتووە بۆ سەرانی پارتە کوردییەکان مەبەستیان بەهێز کردنی بزوتنەوە و سەرکەوتنی شۆڕشەکانی کورد نەبووە، بەڵکو بۆ ئەوە بووە کە سەرانی ئەو پارتانە هاوکاری دەزگا جاسوسییکانی وڵاتەکەیان بن و بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئەوان بزوتنەوە و هێزە کوردییەکان ئاراستە بکەن، تاکی کورد رابهێنن کە سیخوری بە سەر یەکەوە بکەن و یەکتر بە گرتن، کوشتن بدەن و بەدڕەوشتی وەک خویەک گەشە بکات لە ناخیاندا.
بە گوێرەی گێڕانەوەی تاڵەبانی لە پەرتوکی دیداری تەمەن دا، کاتێک کە لە سوریا گوزەرانی کردوە لەگەڵ خێزانەکەی لە کۆشک و باڵەخانەی حزبی بەعسی سوری و خاوەن پاسەوان و شوفێر بووە، لەو کاتانەدا پەیوەندیی لەگەڵ دەزگایی هەواڵگریی "سوری" هەبووە. لە ئاست خوارەوەش دەزگای هەواڵگری عیراق سیخورێکی کوردی بە ناوی (م.ن)ی ناردوە بۆ سوریا. لە ئەنجامدا "تاڵەبانی" ناوی (م.ن) بۆ دەزگای هەواڵگری سوری ئاشکرا دەکات، لە پەڕتووکی دیداری تەمەن دا لە لاپەڕە (٤٢) دا تاڵەبانی گوتویەتی،
"حکومەتی عیراق توانیبوی جاسوسێک بخاتە ریزەکانمان ئەویش (م.ن) بو". لە لاپەڕە (٤٤) دا تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات کە "سوریەکان کەوتنە پشکنین، سەڕۆکی ئەرکانی سوپا (حیکمەت شەهابی) ناردی بە دواما، لەگەڵ (عبدول ئیلا ناسراوی باقر یاسین) چوینە لای و گوتی" ئەو هەواڵەتان بۆ دەخوێنمەوە، بزانن لە ناو بزوتنەوەی نیشتمانی عێراقی جاسوسێک هەیە، بزانن لە کوێیە؟" تاڵەبانی ددان بەوەدا دەنێت و دەڵێت "هەر کە خویندیەوە گوتم: ئەوە لای ئێمەیە"، "بەڵام من ئەو زانیارییانەم بە برادەرانی خۆمان نەگوت". دوای دوو رۆژ (م.ن) دەچێتەوە لای تاڵەبانی پێی رادەگەیەنێت کە تەمای سەفەری ئەستەنبۆلی هەیە، تاڵەبانی دەڵێت "من دوو سەد دینارم دایە، بۆ ئەوەی هیچ شک نەکات. ئینجا سوریەکانم ئاگادار کرد کە دەڕوات"! لە لاپەڕە ٤٥دا تاڵەبانی دەڵێت" سوریاکان گرتیان، کاتێک کە مواجەهەمان کرد، ددانی نا بە ڕاستییەکان"، کەواتە تاڵەبانی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری سوری و دائیرەی ئەمنی ئەو وڵاتە بەشدار بووە لە لێکۆڵینەوە لە (م.ن). بەمجۆرە دوژمنانی کورد لە ئاست سەرانی پارتەکان و خەڵکی ئاسایی نێو نەتەوەی کورد گەمەی خۆیان کردوە.
لە دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ دا، کۆمەڵێک لە لێپرسراوانی یەکێتی ئاشکرا بوون کە خاوەن فایل بوون و دەستیان لەگەڵ دەزگایی هەواڵگریی عیراقی تێکەڵ کردبوو لە قۆناغی شاخەوە تا رووخانی سەدام تا ئەمرۆ لێپرسراون، بەرهەمی خەبات و ماندوو بوونی کوڕی چینی زەحمەتکێش، خوێنی شەهیدان دەخۆن، لە سەر سامانی گشتی هەموویان لە یەک ئاخوردا دەلەوەرێن!؟
کەیسی (م.ن) بە بەراورد کردن بە کەیسی ئەو کۆمەڵە کەسە، ئێجگار بچووکە بەهۆی ئەوەی (م.ن) لە دەرەوەی وڵات بووە، هیچ پۆستێکی نەبووە لە نێو یەکێتی تەنیا هاورێی تاڵەبانی بووە بەڵام ئەو کۆمەڵە کەسە بۆ ساڵانێکی درێژ لە نێو دڵی یەکێتی و کوردستان دا لێپرسراو بوون، خەلکێکی زۆریان ناسیوە، خاوەن بڕیار، جێگەی متمانە بوون و نهێنی زۆری شۆڕشیان لا بووە. بێ گومان "تاڵەبان"ی زانیاریی تەواوی هەبووە و هەیە دەربارەی ئەو مەسەلەیە، سەرەڕای ئەوە باسی (م.ن) دەکات بۆ مێژوو!؟ بەڵام باسی ئەو کۆمەڵە کەسە فایلدارە ناکات کە لە نێو دڵی ینک و کوردستاندا پەیوەندیان بە دەزگای "ئیستیخباراتی بەعس" هەبووە!؟
"سەڵاح ڕەشید" ئەنجامدەری ئەو دیدەنییە لە هەمان پەڕتوک نوسیویەتی "مێژوی هاوچەرخی کورد و نەوەی نوێ پێویستی بەم شایەتیەی و زانیارییانەی لای مام جەلال هەیە" بێگومان ئەوە ڕاستە، بەڵام خۆ مێژووی هاوچەرخ پێویستی بەوەش هەبوو باز نەدا بەسەر خیانەتی ئەو کۆمەڵە کەسە و بۆ نەوەی نوێ روونی بکاتەوە کە هۆ، جۆری پەیوەندیی ئەو هەموو لێپرسراوەی یەکێتی بە درێژای قۆناغی شاخ بە رژێم تا دەگات بە رووخانی "سەدام" چی بووە و بۆ تا ئەمڕۆ متمانەیان لێ نەسێندراوەتەوە!؟
----------------------------------------------
تێبینی:
"دیداری تەمەن، یان خیانەتی تەمەن"، سەرچاوەی بەڵگەکانی بریتیە لە پەڕتوکی "جلال تاڵەبانی، دیداری تەمن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری، بەشی دووەم، کە لە ساڵی ٢٠١٧ دا چاپکراو" ە. لەو پەرتوکەدا تاڵەبانی خۆی ئەو زانیارییانەی باس کردوە. تکایە پێش نووسینی کۆمێنتاری هەڵە، زانیارییەکان بە ووردی بخوێننەوە و بەراوردی بکەن، وەک ئەو زانیارییەی کە لە بەشی سێیەمدا باسم کردبوو کە "تاڵەبانی" لە لاپەڕە "١٩٣" دا گوتویەتی لە ساڵی ١٩٨٩دا لەگەڵ "هێرۆ" لە دەرەوەی وڵات بووین. بێگومان کەس لە تاڵەبانی باشتر زانیاریی نییە کە ساڵی ١٩٨٩ "هێرۆ"ی خیزانی لە کوێ بووە؟ ئەوانەی ناوی خۆیان نابوو شاید حاڵ و وێنەی دزە "هێرۆ"یان دانابوو لە بەشی کۆمێنتاری "کوردستانپۆست" دا! باشتر وایە ببن بە شایەد حاڵی ئێستای بارودۆخی میللەت کە نانی شەوی نییە بخوا و پەردەپۆشی گەندەڵی و دزییەکانی "هێرۆ، شاناز و ماڵی بارزانی نەکەن". ئاخۆ، دەبێ ئەو تاکانەی نێو کۆمەڵگا، خاوەن چ جۆر کەساییەتی و بیروباوەڕ بن کە دەبن بە شایەدی تەزویر کردنی مێژووی میللەتەکەیان یان دەبن بە ئەندام لە لەشکری جنێوفڕۆشانی دانیشتووی سەر گرد، بەرزایی، چیا و شاخەکانی وڵات!
سەرچاوە: کتێبخانەی کوردستانپۆست
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست