کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئۆتۆریتەی کۆماری کوردستان لە مهاباد

Saturday, 01/07/2017, 12:13


بەرایی:
گووتنێکی بە نرخی کوردەواریمان هەیە کە سەت کۆنە پەڕتووکی بێ جێ دێنێ ئەویش ئەوەیە کە: تێکوشین بە تەمای جیرانی وشکە. ئەگەر مرۆڤی کورد خۆی لە قەرەی دەمارگرژی وناسیونالیزمی کوێرانە بدزێتەوە دەتوانێ لاپەڕەکانی مێژووی سەت ساڵەی کورد هەڵبداتەوە کە هیچکامیان رەنگ وبۆنی / شۆڕشیان / بە سەر نەکشآوە. من لە سەر ئەو باوەڕەم کە هیچ تێکۆشآنێکی کورد لە چوار چێوەی رزگاریی نەتەوەییدا نەبووە (شۆڕشی باکوری کوردستان بە جیاواز دەبینم ). یان خێڵەکی بون ،یان بنەماڵەیی ، یان دەدەست داگیرکاردا وەک چۆلەکە باڵیان هەڵپرووزاندووین وپاشآن بە مەرگی بێوادەی تووشی هەزاران نەهامەتیان کردووین. بۆیە رزگار کردنی نەتەوەی کوردبە سواڵ وسەدەقەی سیاسی وئابوری ناگاتە جێ.
ئەو نەهامەتیانەی کە دووژمن بە سەرمان دێنێ بە مافی رەوای خۆی دەزانێ ومنیش هیچ گازەندەیەکیان لێناکەم. چون ئێمـە لاوازو پەڕشووبڵاو بوین دەڵێن نا وانییە ؟ : فەرموون ٢٦ ساڵ دەسەڵاتی ئۆخلۆکڕاتی باشوور مێزەربکەن! مێژووی ٧١ ساڵ حیزبی خاوەن کۆمار لە مهاباد ببینن؟ فەرموون رێکخراوەی چەپی لاپرەسەنی لە سەر ناوی رزگارکردنی زەحمەتکێش لە کەمپەکانی زڕەگوێز بنرخێنە ؟ لە توولی مێژووماندا بە فووی شەڕآنی وشەڕ خوازانی دووژمن گەشآوینەوە دوچاری گڕو بڵێسەی ئاژاوە ولێکترازان کراوین. هیچ سەرهەڵدانێکی کورد خاوەنی ئیرادەی سیاسی وئابووری خۆی نەبووە.
پەڕەووپڕۆگرامی کۆمەڵەی / ژێ،کاف/ بە بێ ئیرادی سیاسی نەبووە، بەڵام بۆ سەردەمی دوای شەری دووی جیهانی توانی لە ناو دڵی خەڵدا چەکەرەی هەستووهیوا شکۆفا بکا ولە ماوەیەکی کورتدا جێگای خۆی لە کۆمەڵگای کورد بکاتەوە. ئێستیش لێکۆڵێنەوەیەکی کارناسانەی سیاسی وشۆٶوەیەکی دوورناسانەی بۆ نەکراوە . لە سەرچی وبە فیتی کێ وبۆ کام مەبەست / ژ،ک / یان تواندەوە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیان بۆ قوت کردینەوە! بیانووی سەرەکی ئەو داخوازیەکانی / ژ ، ک / بووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ تەواوی پاڕچەکانی کوردستان. کە گۆیا سۆڤیەتی ئەوکات رازی نەدەبوو باسی دەوڵەتی کوردی بکرێ!
سەفەرەکانی قازی موحەممەدو هاوڕییانی بۆ ئازەربایجانی سۆڤیەت / شووڕەوی / هیچ ئاکامێکی سیاسی بە دووی خۆیدا نەهێنا. کاتێک پێشەوا بە میر جەعفەر باقرئۆف دەڵێ: هەر ئێستێ دەوڵەتی کوردیمان دەوێ ودەبێ ئەڕتەشی سوور یارمەتیمان بدا! لە جوابی ئەو داخوازییە باقرئۆف تەنیا پێدەکەنێ! سۆڤیەتیەکان سەرەتا حوکومەتی ئازەربایجانیان ناهۆمێد کرد وپشتیان تێكرد. ئەو جارنۆرەی کورد هات کە لێی پاشگەز بوونەوە. پرسی هەرە سەرکی و مێژوویی دەبێ لێرە دەست پێ بکا.
ئیمـە کاتێك دەڵین کۆماری کوردستان، تەنیا مەبەستمان کوردستانی ئێڕان نییە. بێ گومان هەموو بەشەکانی وڵات دەگرێتەوە. لە هیچ بەڵگەنامەیەکی کوردوبیانیدا نەگووتراوە کە ئەو کۆمارە هی بەشێکەی خاکی کوردستانە.؟ /  هەر چەند زۆر جار دەڵێن کۆماری مهاباد / .وێنەی کوردستانی مەزن لە پشت سەر قازیدا لە دەفتەری کارەکەی ئەوە بۆ چوونەش دەسەلمێنێ.


راگەیاندنی کۆماری کوردستان لەو سەردەمەدا کارێکی دروست بوو؟
هەموو ساڵێک یادی ئەو کۆمارە و ٢ی ڕێبەندان لە هەندەران دەکرێتەوە. (لە رۆژهەڵاتیش ئەو یادە ناگونجێ ویاساغە). کوردیش هەر وەک تەواوی نەتەوەکانی دونیادا مێژووەکەی خاوەنی دوو لایەنە. لایەنی ئەرێنی ولایەنی نەرێنی وخراپی مێژوو. چەندە ئەو مێژوویە خەتای خۆمان وچەندی بە دڵی خۆمانی باسێکی دیکەیە ولێڕەدا ناینووسم. بەڵام لە کۆمەڵگای ئێـمەدا چینی رووناکبیرو نوسەرەو زانکۆکارەکان ماڵی کوردیان بە سێ چەپەی بە قوڕ گرتووە. چما کەس دەوێرێ رەخنە لە سەرکردەیەک وحزبێک بگرێ ؟ هەر زوو دەدرێتە بەر جنێوو قسەی سووکەڵە. لە ساڵ یادی کۆماردا هەرساڵێک توێژەرولێکۆلەرو شڕۆڤە گەری سیاسی ومیاسی تەنیا بە شآن وباڵی یەک ساڵەی ئەورووداوەدا هەڵادەڵێن. کەسم نەدیت جارێک بە چاوی رەخنەگرانە بنەڕێتە کەسایەتی پێشەواو ئەو یەک ساڵەی کۆمار.
لە سەفەری دووی قازی موحەمەدوهاوڕێیانی دەگەڵ میر جەعفەری باقرئۆف و پاشی گەڕآنەوەیان بۆ مهاباد زۆر زوو / ژ  ،ک / هەڵوەشآیەوە ولە ریزی سیاسەتی بەرپرسانی ئەو کاتی شاری مهاباد هاتەدەرێ!هەر زۆر زوو / حێزبی دێمۆکڕاتی کوردستان / دامەزراندنی خۆی راگەیاندوودرووشمی خودموختاری لە دەوڵەتی ناوەندی بوو تراویلکەی سەدەو ئێستێش ئەو حێزبە روخساری خودموختاری بە خۆیەوە نەدیوە.! ( یرواند ئابڕاهیمیان مامۆستای زانکۆ لە نیویورکی ئامریکا دەڵێ: راگەیاندنی کۆماری کوردستان زیاتر جودایی خوازی بووە. بەڵام پاشآن لە کۆنگرەی یەکەمی ئەو حیزبەدا کە لە ٢ی خەزەڵوەرپێکهات داواکاریی لە دەوڵەتی ناوەندی خودموختاری بووە! ).
کۆمار، کۆماری کوردستانە، بونیادنای ستڕاتیژیەکی ئاوا مەزن، هەڵگری تێکۆشانێکی مەزنتری حەوجێیە. پێویستیی بە شەڕێکی مەزنترە، بۆ جێ بە چێ کردنی ئەو رێبازانەش چەند فەکتەری ناوخۆیی وناو نەتەوەیی پێویستە. ئابووریەکی بە هیز، پشتیوانییەکی بەهێزی گەلی، هێزێکی تۆکمە وپەرداخی پارستنیی. بەرپرسانی ئەو کاتی کۆماروبە قازی موحەممەدیشەوە هیچ کام ئەو سیاسەت و رێکارانەیان شی نەکردبۆوە ولە بەر چاویان نەگرتبوو. بۆیە ئەو کۆمارە تەنیا ساڵێک دەوامی هێنا. ( ڕێفڕاندۆمەکەی مەسعود بارزانیم وەک سەردەمی کۆمار لە مهابادم دێتە بەرچاوکە هیچ پشتیوانیەکی بە هێزی زلهێزەکانی دەگەڵ نییە، تەنانەت لە ناو خۆی باشووری وڵاتیش لایەنگرییەکی بە هێزی لێناکرێ تەنیا کڵاوێکی شەرعیە کە ئەو کڵاوەش دەفڕێ وسەری کەچەڵیش دەردەکەوێ). ئەزموونی بەرپرسانی کۆمار ئەوەندەلاواز بووە کە نەیانتوانیوە لایەنگریی هۆز وعەشيرەو کەسانی خاوەن ناویش بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. پەیوەندی ژێڕ بە ژێر دەسەڵاتی عەشیرە گەری لە ناوچەی موکریان دەگەڵ دەوڵەت ناوەندی ئەوەمان پێدەڵێ کە کۆمارێک خاوەنی ئەقڵییەتێکی نەتەوەیی وشٶڕشگێڕی نەبووە چون کۆمەڵگای سیاسی ئەو کۆمەڵگایەیە کە بۆ خۆی بە تێکۆشآنی خۆی ئازادی بە دەست بێنێ.
جوغڕآفیای بەر تەسکی ئەو کۆمارە لە مهاباد (لە مهاباد زیاتر بووە) ونەغەدەو پیرانشار زۆر زوو کەوتە بەر دەستی دەسەڵاتی تاران وئەوەی وەبەر چەنگیش کەوت بە فێڵو تەڵەکە هاتە ئیعدام کردن. پێش هاتنەوەی ئەڕتەشی ئێران لە کۆبوونەوەی جەماوەریدا بە بەشداری قازی نەمر لە مزگەوتی عەبباس ئاغا دا لە خەڵکی پرسی: ئایا ئێـمە شەڕ بکەین یان رادەست بین؟ بێ گومان نەبوونی ستڕآتیژیەکی نەتەوەیی ولاوازیی هیزی بەرگری وەها پرسیارێک دێنێتە ئاراوە. خەڵكی هەژاریش کوشتاری تەورێز وقەڵاچۆ کردنی کۆماری ئازەربایجانیان بیستبوو، بۆیە زوو بڕیاری خۆ بە دەستەوەدان واژۆ کرا تێگڕا خەڵک گووتان شەڕ ناکەین!( مامۆستا هێمنی نەمر لە پێشەکی تاریک ورووندا دەلێ: پێشەوا دەبوو بڕێارێکی دیکە بدانەک بەرەوپیلی دوژمن بڕوا).
سەرکردەیەکی ئەوکاتی ٧١ ساڵ لەوەی پێش کە خاوەنی کۆمارو ڕای گشتی  بەشێک لە خەڵکی خۆی بووگووتی: ناخوازم خەڵکی کەسکو سووری مهاباد ( دەڵێی هەر خەڵكی مهاباد کەسکو سووروتاقانەن! ) وەک شآری تەورێزی لێ بێ وبۆ خۆم دەچمە پێشوازیی ئەڕتەشی شآی ئێڕان لە نزیک شاری میاندوواو/ ئەو شآرە ٤٥ کیلۆمیتر لە باشووری شاری مهاباد دوورە /. هەر ئەوەش بوو پێشەوا لە رادەستکردنی خۆیدا ولە کەسایەتی خۆیدا بوو بە هۆی ئەوەی کە کۆمارێك بە ناوی کوردستان دابڕمێ وبۆ خۆی وهاوڕێیانی بکەونە سەر داری ئیعدام!/ بەداخەوە /. ( یادیان بەرزو ۆیرۆز بێ).
پرسیارە بێ جوابەکان؟
ئێستێ ٧١ ساڵ لەو تڕاژیدیایە تێپەڕێوە. باس باسی کۆمارێکی دێمۆکڕاتیکی کوردستانە. ئایا راگەیاندنی ئەو کۆمارە بە بێ هیچ پشتیوانییەکی ناو نەتەوەیی کارێک دروستبوو؟ ئایا تێرمینۆلۆژی کۆمار وراگەیاندنی ئەو کۆمارە بە پێی پێویست بوو؟ ئایا ڕاگەیندنی کۆمار لە شاری مهاباد نەبوو بە ئەوەی کە دەرگای سیاسەتی دەرەوەی زلهێزەکان بۆ کۆماری کوردستان ونەتەوەی کورد دابخرێ وبەو شێوەیە پشت لە داخوازیە ڕەواکانی کورد بکرێ؟ ئۆتۆریتەی ئەو ڕیبازەو شەخسی پێشەوا چەندە کاریگەریی لە سەر رووداوەکانی ناوخۆیی ودەرەوەی وڵات هەبوو؟ ئۆتۆریتەی وڵاتانی زلهێز، بە تایبەت سۆڤیەتی درۆزن وبێ ئەخلاق زیاتر بووە یانژی بەرپرسانی ئەو کۆمارە؟ ( وتووێژی کورت وەزیری دەرەوەی ئامریکاو وسەفیری سۆڤیەت سرنجڕاکێشە کە کۆماری کوردستانیان بە مەترسی راگەیاند بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان ) لە دوای داڕمانی کۆمار، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە کام ئاقاردا ڕۆیی؟ لکاندنی وشەی / ئێڕان / بە حێزبی دێمۆکڕاتی خەیانەتێكی نەتەوەیی ومێژوویی نەبووە؟ ئۆتۆریتە و سیاسەتی ئەو هەڵویستە چەندە لە خزمەت گەلی کوردستان دا بووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان؟ ئێستێ کە ئەو حێزبە ڕێک نیوەی تەمەنی سیاسی وپێشمەرگایەتی خۆی لە کەمپەکانی کۆی سەنجەقدا تێپەڕاندووە وبۆتە ٢ دێمۆکڕات لە داهاتوودا چۆن دەستڕۆیشتوویی خۆی بە خەڵكی رۆژهەڵاتی کوردستان ئیسپات دەکا؟ سیستمی دێمۆکڕاتیک لە سەر بنەمای دێمۆکڕاسی ویاسا بونیاد دەکرێ، ئایا تەمەنی یەک ساڵەی کۆمار، تەمەنێکی دێمۆکڕاتیک بووە؟ ئەگەر بووە بۆ وازوو خۆی رادەستی لەرزۆکترین ولاوازترین ئەڕتەشی شآی ئێڕان کرد؟ پێشوا قازی تەسلیم بوو؟ یانژی هاسان باوەڕی بە دووژمن کرد؟ دوای دارووخانی کۆمارو شەهیدانی ڕێبازی کۆمار، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان / ئێڕان / توانیوە میراتگری خوێنی شەهیدان وکۆماری کوردستان بێ؟ زۆر پرسیاری دیکەی بێ جواب ماونەتەوە کە هیچکام لە دێمۆکڕاتەکان ئەو جورئەتەیان نییە جوابی بدەنەوە. چون ئەگەر دێمۆکڕات بایەن وباوەریان بە دێمۆکڕاسی بایە ئاوا دوو لەت لە دەشتی کۆیە نەدەگیرسانەوە. بەڵام پرسیاری گرینگی هەنووکەیی ، کە ٢٦ ساڵە هەناوی کوردی لە باشووری وڵات هەلا بەهەلاکردوە ئەوەیە: ئۆتۆریتەی سیاسی وسۆفیزم وتەریقەتی سەر بە بنەماڵەی بارزانی لە سەر کێشەی کورد چەندە کاریگەری لە سەر چارەسەری کێشەی کوردهە بووە؟ جوابی ئەو پرسیارە دەکەوێتە ئەستۆی نووسەرو رووناکبیری نەتەوەکەمان.
پەراوێز: لە پەیوەندی دەگەڵ کۆماری کوردستاندا ئەو کات لە شاری نەغەدەش جموجۆڵی کۆمار خۆی نیشآن دابوو. کاتێک کە شآی ئێڕانیان بۆ رووخاندین حیزبی دێمۆکڕاتیش گەڕآنەوە ناو شارەکان. شەڕێكی خۆدڕێنی قڕیژ تووشی شاری نەغدە کرا. ئەو شآرە کوردو ئازەری پێکەوە دەژیان. هەرچی پەیام درا بە سەرکردایەتی ئەو حیزبە بۆ پێکهێنانی متینگ مەیەنە شاری نەغدە چوون ئازەریەکان هەستیارن هیچ کەس جوابی نەدانەوە. حیزب چوو! بەڵام جەنگێکی نابەرابەری نێوان ئازەری وکورد پێکهات. کە ئێستێش ئاسەواری ئەو شەڕە و کوژرانی هەر دووک لا نەسڕاوەتەوە. ئەوەش سیاسەتێکی هەڵەی ئەو حێزبە بوو کە چەند کەسێک بوون بە هۆی پێکهێنانی ئەو شەڕە خوێناویە.
کورتەیەک لە ژیاننامەی بنە ماڵەی شەهید قازی موحەمەد / د ،خ /
قازی موحەممەد کوڕی قازی عەلی لە یەکێک لە بنە ماڵەکانی ناودارودەوڵەمەندە کە لە شاری مهاباد لە دایک بووە. کەسانی یەکەمی بنە ماڵەی قازی لەو کەسانەن کە لە وڵاتی / گورجستان / ژیاون ومەزن بون. کاتی خۆی لە سەر دەمی دەسەڵاتداریەتیی / بوداق سوڵتان / دا لە گورجستانەوە هاتوونە وڵاتی ئێڕان. لە رەچەی میرزا مەحەممەد گەورەی بنە ماڵە، دەکرێ ئاماژە بە میرزا مەحموود بکرێ کە بەرپرسی چارەسەرکردن ورێکوپێک کردنی داخوازیی وگرفتی شەرعی ویاسایی خەڵک بون. لە کاتی هێڕشی سپای روس لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا میرزا فەتاح ( مامی قازی عەلی وباوکی قازی موحەممەد) و٣ کەس لە بنەماڵەکانی میرزا فەتاح بە دەستی رووسەکان کۆمەڵکوژ کراون.
لە ساڵی ١٣١٥ / ١٩٣٦ / قازی موحەممەد وەک بەرپرسی ئیدارەی معارفی شاری مهاباد دەستی بەکار کرد. هەروەها لە ساڵی ١٣٢١ / ١٩٤٢/ بەرپرسی ئیدارەی شێروخۆرشیدی مهابادی بە ئەستۆوە بووە.. لە رۆژی ٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٣١٩ / ١٩٤٠ / قازی شێخ موحسین و قازییەکانی دیکەی ناوچە تۆمەتی پڕوپاگەندەی ئایینی / وەهابییەت / دەخەنە پاڵ قازی موحەممەد کە ئەو رووناکبیرێکی ئایینی ومیللی بووە. هەروەها قازی موحەممەد چەند گووندیشی لە ناو چەی بۆکان هەبووە کە بۆتە یەکێک لە بنەماڵەکانی خاوەن موڵک وزەوی ودەسترٶیشتوو.
سەرچاوەی کورتە ژیاننامە: ویکی پێدیا.

قسەی خۆم لە سەررووداوەکانی کۆمار:
وەک نۆستالۆژیا، وەک هەست وسۆزێکی کوردستانی، وەک تاکێکی کورد دەکرێ ئەو کۆمارە بە کۆماری خەڵکی کوردستان ناوزەد بکەم. کۆماری کوردستان وکۆماری خەڵکی کوردستان لە بواری جێئۆ پۆلیتیکی زۆر لێک جیاوازن چون جوغڕآفیایەکی زۆر بەر تەسکی لە خۆی گرتبوو. مرۆڤی کورد نابێ دەمارگرژانە رووداوە دیرۆکیەکان بنرخێنێ. مهاباد بۆ ماوەی نزیک بە سالێک وەک شاڕێکی سەربەخۆ یانژی شاردەوڵەت مامڵەی دەگەڵ کرا. تایبەتمەندیی کۆمارێکی خاوەن ٤٠ میلیونی جودایە دەگەڵ شاڕێک کە بۆ خۆی بەشێوەی شاردەوڵەت یان خود گەردان بەڕێوە چووە.لە ئاست قەڵاچۆکردنی ئەو دیرۆکە تەواوی نەتەوەی کورد پاشی ٧١ ساڵ ماتەمدارە وهەر دەژی، بەڵام مێژوو بە شێوەیەکی دیکە قسەمان دەگەڵ دەکا. راستیەکانی دیرۆک قەزەپۆش ناکرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە