ئومێد خۆشناوەکانی ماڵی نەوشیروان مستەفا
Friday, 30/06/2017, 12:39
حاڵ وا بڕوات وەک ئەمەی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی داوەتێ، دەبێت ئەڵتەرناتیڤێک دروست ببێت و ئەو عەقڵییەتە رابماڵێت، دژی دەسەڵات و هەموو حیزبەکانی باشوور خەبات بکات و بەرەو روویان ببێتەوە، ئەمەش بە خەو نازانم، دەبێت ببێتە ئەمری واقع.
-------------------------------
گۆڕان و گۆڕانخوازەکان، بەشێک لە پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسەکانی بزووتنەوەی گۆڕان سەری زمان و بنی زمانیان دژی بنەماڵەی بارزانییە، گوایە ئەوانە عەشایر و بنەماڵەخوازن، زۆر بەتوندی رووبەڕوی ئەم عەقڵییەتە دەبنەوە، هەروەها دژی ئومێد خۆشناوەکانی ناو پارتین، من دژی ئەو هەڵویست و بیروباوەڕە نییم، ئەمە کارێکی باشە دژی عەقیڵەتی خێڵ و بنەماڵە و حوکمی بنەماڵە بوەستیتەوە، بەڵام دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، هەر ئەم بەڕێزانەی بزووتنەوەی گۆڕان خەریکی تەقدیسکردنی کوڕەکانی کاک نەوشیروانن، بەهەمان عەقڵییەتی ئومێد خۆشناو وازیان لە کاری پەرلەمانتاری خۆیان هێناوە و شەو ڕۆژ لە ماڵی کاک نەوشیروان مستەفا کەوتون خەریکی بچوکین بۆ نما و چیا، ئەم بەڕێزانە دەبێت پرسیار لە خۆیان بکەن، چی جیاوازیەک لە نێوان خۆیان و ئومێد خۆشناو ئەبیننەوە، کە ئومێد خۆشناو خەریکی بچوکییە لە بەردەم ئیدریس نێچیرڤان بارزانی و بچوکی خۆیان لە بەرامبەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا؟
ئومێد خۆشناوەکانی ماڵی کاک نەوشیروان کێن؟
- یوسف محمد سەرۆکی پەرلەمان، لە بری ئەوەی بچێت خەریکی کاری خۆی بێت و سەردانی شار و شارۆچکەکان بکات و بچێتە ناو خەڵکەوە، کەچی وەک ئومێد خۆشناو ماڵی نەوشیروان مستەفا بەرنادات و خەریکی چەمانەوەیە بۆ نما و چیا، بۆ مەعلوماتان ئەو دوو ساڵەی نەوشیروان مستەفا لە لەندەن بوو، ئەم پیاوە ماڵی بەرهەم ساڵحی لە هەواری شار بەرنەئەدا، بە تەمابوو کاندیدی لیستە نوێکەی بەرهەم بێت، کاتێک نەوشیروان مستەفا وەفاتیکرد و خەڵکی خرۆشان بایدایەوە بۆ لای چیا و نما.
- هوشیار عەبدوڵا ئەندام پەرلەمانی عێراق، ئەم کوڕە لە ڕاگەیاندن زمان درێژی زۆر دەکات، بە وتنی دوو وشە بە بنەماڵەی بارزانی، پەیجە سێبەرەکانی کە بە پارەی ئەندام پارلەمانی بەڕێوەیان دەبات، بۆی بڵاودەکەنەوە، لای خەڵک وەک فسفس پاڵەوان دەری دەخەن، کەچی ئەم پیاوە گچکەیە هەموو ئێوارەیەک خەریکی پێڵاو دانانە بۆ نما و چیا، ئەڵێی تەپڵەکی جگەرەیە لەو سەر مێزانە کەوتووە، محمد تۆفیق ستوکی جگەرەی بەسەردا دەکات.
- عدنان عوسمانی کۆنە ئەندام پەرلەمانی گۆڕان، زۆر ئەنتی بنەماڵە خۆی دەردەخات، ئەو پیاوەی کە لەگەڵ عارف قوربانی و کەمال محەمەد، سێ قۆڵی هاوبەشی بەرنەمەی رێبوار وەلی میتی تورکیان کرد، ئیستا عەدنانیش بەهەمان شێوە هەموو ئێوارەیەک لە ماڵی نەوشیروان مستەفایە خەریکی بچوکیی و سەردانەواندنە بۆ نما و چیا، بۆ ئەوەی جێ پێی خۆی لایان بکەنەوە و شوێنێک لە ناو بزوتنەوەکە و کەناڵ و راگەیاندنەکان وەربگرێت، ئەمیش لەو تاقمەی لیستەکەی بەرهەم ساڵەح بوو. عەدنان عوسمان بۆ خەڵک لێی ناپرسێت خانوی ۷۵ دەفتەریت لە قەیوان بە پارەی چی کڕیوە؟
- علی حمە ساڵەح، ئەندام پەرلەمان، ئیش و کاری خۆی لێتێکچووە، هەموو ئێوارەیەک لە ماڵی نەوشیروان مستەفاییە، خەریکی بچوکییە بۆ نما و چیا، ئەوەندە ماستاوی بۆکردون! ئەم برادەرەش لە لیستەکەی بەرهەم ساڵەح بوو، هەموو ئێوارەیەک پێش مەرگی نەوشیروان مستەفا لای بەرهەم ساڵح کەوتبوو.
- دکتۆر ئاکۆ حمە کەریم، بچوکترین پیاوی گۆڕان، هەموو ئێوارەیەک لە ماڵی نەوشیروان مستەفا کەوتووە، وەک خۆی لە چەندین دانیشتندا نەیشاردۆتەوە، وتوویەتی: من ئامادەم پێڵاوەکانی نما و چیا ماچ بکەم، چونکە بۆنی کاک نەوشیروانیان لێدێت. (ئافەرین بۆ پیاو!!)
ئەم حاشییە و میکرۆبانەی بزووتنەوەی گۆڕان بوون بە ئومێد خۆشناوی پارتی، هەرچەندە ئومێد خۆشناو زۆر لەمانە پیاوترە، کە بە ئاشکرا نایشارێتەوە ئەو خزمەتکاری منداڵی خێزانی بارزانییە و شانازی پێوە دەکات، بەڵام ئەم پیاوە گچکانەی گۆڕان لە ڕواڵەتدا دژی حیزبی بنەماڵەن، کەچی خۆیان بورغویەکی بچوکن بۆ بەبنەماڵەی کردنی بزووتنەوەی گۆڕان و هێنانەپێشەوەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا.
ئەم گچکە پیاوانە زۆر بە لایانەوە گرنگە، کە خۆیان لە بزووتنەوەی گۆڕاندا ،دەسەڵاتیان هەبێت بەلایانەوە گرنگ نییە هەوادارانی گۆڕان بەهۆی بەبنەماڵەکردنی بزووتنەوەکەوە، وەک یەکێتی بچوک بێتەوە و ببێتە کۆپی پارتی.
دەبێت ئەو کەسانەی لە بزووتنەوەی گۆڕان دژی حیزبی بنەماڵەن، بە توندی ڕووبەڕووی ئەم عەقڵییەتە بوەستنەوە و ڕێگا لە دروستکردنی حیزبی بنەماڵە بگرن. گەر ئەمە نەکرێت، ئایندەی بزووتنەوەی گۆڕان کە خەونی سەدان هەزار هاوڵاتی ئەم وڵاتەیە بوو دەپوکێتەوە و دەبێتە قوربانی ئەم پیاوە بچوکانە و هاوشێوەکانیان.
لە کۆتاییدا من ئیستا بڕوام وایە کەوا بزووتنەوەی گۆڕانیش فت، هەروەکو کوردستانپۆستەکان هاتوومەتە سەر ئەو بڕوایەی ئەگەر حاڵ وا بڕوات وەک ئەمەی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی داوەتێ، دەبێت ئەڵتەرناتیڤێک دروست ببێت و ئەو عەقڵییەتە رابماڵێت، دژی دەسەڵات و هەموو حیزبەکانی باشوور خەبات بکات و بەرەو روویان ببێتەوە، ئەمەش بە خەو نازانم، دەبێت ببێتە ئەمری واقع.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست