کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیواری بەرلینی كوردستان

Sunday, 25/06/2017, 22:55


هێشتا نە ریفراندۆم كراوە نە سەربەخۆییش راگەیەندراوە، لەئێستاوە نەیارانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی داهاتوی بارزان دەكرێنە  دەرەوە..گرتنی كاك مەسعود عەبدولخالق و داخستنی دەزگای ستاندەرو هەڕەشە لەچالاكوانی مەدەنی و فشاری دەسەڵاتی پارتی لەسەر میدیاكاران ورۆشنبیران ئاماژەن بۆ شوناسی ئەو دەوڵەتەی كە بارزانی ئەیەوێ ریفراندۆمی بۆ ساز بكاتو بەدەر لەویستی هەمو دونیاو دەوروبەرو ناوخۆش بیگەینێتە ئاستی سەربەخۆیی..
هەر لەسەرەتاوە من دژی ریفراندۆمم، رای خۆشم زۆر بەراشكاوی دەربڕیوەو، ئێستاش پێموایە ئەمە یارییەكی تری پارتییە بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتی ئێكسپایەری مەسعود بارزانی ولەبیر بردنەوەی كارەساتەكانی دەسەڵاتە بۆ نانبڕینو دزینی نەوتو برسیكردنی میللەتەكەمان. بەڵام گریمان وەكو هەندێ سەركردەی پارتیو قەڵەمە بەكرێگیراوەكانیان دەڵێن بۆ سەربەخۆییە، جا حزبێك یا دەسەڵاتێك یا هەر پاڵەوانێك بیەوێ دەوڵەت بۆ میللەتەكەی رابگەیەنێ، ئەبێ چی بكات بۆ ئەوەی قەناعەت بە میللەت بێنێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن؟.
پێش هەمو شتێك ئەبێ ئەوە بڵێین كەوا هەڵەكانی دەسەڵاتی كوردی لەوەتەی دامەزراندنی حكومەتی هەرێمەوە پێش 26 ساڵ تا ئامڕۆش دەسەڵاتێكی ئەوەننە جوانو نمونەیەكی ناسكو نازدار نەبوە میللەت دڵی بە نیمچە سەربەخۆییەكەی خۆش بێ كە لەگەڵ كشانەوەی  هێزەكانی سەدام لەكوردستان هاتە كایەوە.گەورەترین كێشەی میللەت ئەوسا كە ژیانی وەستاند، كێشەی نەبونی كارەبا بو، كێشەی نەبونی خزمەتگوزاری بو، ئێستاش دوای 26 ساڵ هەمان كێشەكان وەكو خۆیان بەردەوامن.دەستبەسەراگرتنی داهاتەكانی گومرگو شەڕێكی بێ ئامانی براكوژی  لەسەر ئەو چەند ملیۆن دۆلارەو لەناوچونی هەزاران رۆڵەی ئەم میللەتە پەڵەیەكی رەش بو بەسەر نێوچەوانی دەسەڵاتە نیمچە سەربەخۆكەی هەرێم.بەحیزبیكردنی كایەكانی دەسەڵات بە دەسەڵاتی یاساو میدیاشەوە پەڵەیەكی تری ڕەشە ..لەدوای روخانی رژێمی سەدامیش شەڕی دەسەڵاتی كوردی لەبەغدا بۆ پلەو پۆستو پایە بو لەبری شەڕی نەتەوەیی لەسەر ناوچەداگییركراوەكان..ئێستاش بەهۆی گەندەڵی و دزینی سەروەتو سامانی میللەت هەرێم كەوتۆتە ژێرباری قەرزێكی دەیان ملیار دۆلاری كار گەیشتە دەستبردن بۆ قوتی خەڵكە هەژارەكەش.. ئەمانە وێنە ناشرینەكانی ئەو دەسەڵاتە بو، بۆیە خەڵكێكی زۆر گەیشتنە ئەو بڕوایەی بەراورد بە رەفتارو سیاسەتەكانی رژێمی سەدام لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە  كوردییە نیمچەسەربەخۆیەی هەرێم هێشتا رژێمەكەی سەدام بەرەحمتر بو بۆ میللەتی كورد.دڵنیان ئەگەر ئێستا ریفراندۆمەكەی بارزانی بەبێ فشار و بەشێوەی دیموكراسی ئەنجامبدرێت گومانم نیە خەڵكێكی زۆر دژی ئەوەستن، چونكە نمونەكانی پێشتر ئەوەندە جوان نین تا میللەت دڵیان پێخۆش بێ و بیر لەئاییندەیەكی گەشتر بكەنەوە لەسایەی ئەم دەسەڵاتە دیكتاتۆرەی پارتییەوە.
سنوری دیگەڵەو پردێ بوەتە دێوەزمەیەك بۆ رۆشنبیرانو خەڵكە ئازادەكەی ناوچەی زەرد، سەرۆكی پەرلەمان ئاودیو ئەكری، رێگری لەجێگری سەرۆكی هەرێمو دەركردنی دەیان و سەدان رۆشنبیرو نوسەرو رۆژنامەنوس، ئەمانە بەگشتی ئاماژەیەكن بۆ رەفتاری دەسەڵاتدارانی پارتی لەگەڵ ئەو میللەتەی ئەكەونە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەكەیان.پارتی زۆر راشكاوانە وتویەتی ئەگەر لەسەر ئەرزی دو گوندیش بێت دەولەتەكەی خۆیان رائەگەیەنن، ئێستا بەزەبری هێزو دیكتاتۆریەت دەسەڵاتی دو پارێزگا ئەگێڕن،هەڵبەت بە رەفتارەكانیانەوە دیارە كەوا سنوری دیگەڵەو پردێ ئەبنە دیوارێكی هاوشێوەی دیواری بەرلین لەكوردستاندا، بەمەش خەونی دێرینی میللەتی كورد بۆ سەربەخۆیی وەك هەر میللەتێكی دونیا لەبار ئەبرێ و پێویستیمان بە دەیان ساڵیتر ئەبێ بۆ روخاندنی..
یەكێك لەهەڵە هەرە گەورەكانی دەسەڵاتی پارتی ئەوەیە كە ئەچێتەوە سەر هەمان سیاسەتی رژێمە دیكتاتۆرەكانی ساڵانی پەنجاو شەستەكان بەتایبەتیش ئەزمونی حزبی بەعسی عیراق، ئەم حزبە ئێستاش لەزەمەنی كۆنی شەڕی ساردی دو بلۆكی سۆسیالستو سەرمایەداردا ئەژی، وا ئەزانی بە زەبری هێزو چەك ئەتوانێ میللەت دەمكوت بكات، ئازادیخوازانی بخاتە زیندانو وڵات بكاتە زیندانێكی گەورە بۆ میللەتەكەی. هاوشێوەی رژێمە دیكتاتۆرەكەی كۆریای باكور ئەو چی ویست ئەبێ هەر وابێ، مرۆڤ كویلە بێو تەنانەت قژ بڕینیشی هاوشێوەی قژە بۆیەكراوەكانی سەركردەكانی پارتی بێت.
ئەم سیاسەتە زۆرانێ لەرژێمە دیكتاتۆرەكان تاقیانكردەوەو مایەپوچ دەرچونو، لەناو زێرابەكاندا خۆیان بینیەوە، گرتنی كەسێكی رۆشنبیرو خاوەن قەڵەمێك رقیان ئەستورتر ئەكات نەوەك بێدەنگیان بكات.كوشتنی رۆژنامەنوسو نوسەر میللەت تووڕەتر ئەكات لەدەسەڵات. چەوساندنەوەو برسیكردنی میللەت هەڵسانەوەی بەدواوەیە، پێشێلكردنی یاسا موحاسەبەی بەدواوەیە.. پێویستە دەسەڵاتی دیكتاتۆری پارتی بەر لە هەڵسانی لافاوی تووڕەیی خەڵك سنورەكان كاڵبكاتەوەو لەگەڵ میللەتەكەی ئاشت ببێتەوە بەڵكو ئەمە خوایە تۆزێك لە ئاوی رووی بگەرێتەوەو لەوە زیاتر لەبەرچاوی میللەتەكەی رەشتتر نەبێ..
لەوەتەی دونیا هەیە هەمیشە میللەت سەركەوتوەو زبڵدانی مێژووش شوێنی سەرانی رژێمە دیكتاتۆرەكان بوە، كەس ئەو كەسە، تەنها ئەلفێكی بەسە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە