لە راگەیاندنێکی نیمچە هەڕەشە ئامێزدا، کە کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان دەریان کردووە و وێنەیەکیان بۆ کوردستانپۆست ناردووە، تێیدا ئاگاداری هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکەیان دەکەن، کە بە یارمەتی و پلانی شانازی برایم ئەحمەد و پاڤێلی جەلال تالەبانی، حەمە تۆفیق رەحیمی زاوای نەوشیروان مستەفا خەریکی دروستکردنی کوتلەیەکە لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان.
لە راگەیاندنەکەدا وا هاتووە، کە حەمە تۆفیق ڕەحیم کۆبوونەوەی ژووری پەیوەندییە سیاسیەکانیشی بردۆتە ماڵی نهوشیروان مستهفا، لەوێشەوە خەریکی دروستکردن و پتەوکردنی کوتلەکەیەتی، دەڵێت کەناڵی کەی ئێن ئێن زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان نییە و سەر بە کۆمپانیای وشەیە، چونکە پشکەکانی لە ڕووی مادییەوە بەناوی کاک چیای نهوشیروان مستهفاوەیە.
هەر ئەمڕٶ سەرچاوەیەک لە نێو کەناڵی (KNN) ئەو زانیارییەی بە کوردستانپۆست دا، کەوا هەردوو کوڕەکەی نەوشیروان مستەفا، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی کەناڵی (KNN)یان کردووە و پێیان راگەیاندون ئیتر (KNN) هیچ پەیوەندییەکی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت و دەچێتەوە سەر دەزگای وشە، عەبدولرەزاق شەریفی بەڕێوەبەری کەی ئێن ئێنیش لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە، حەمە رەئوف کە بەرپرسی بەرنامەکانە، ئامادە نەبووە. سەرچاوەکە بە کوردستانپۆستی راگەیاند، کە ئەوان بە هەموو بەڕێوەبەرانی کەناڵ و کارمەندەکانیشیان راگەیاندراوە، کە ئیترهەموو بەیانییەک کاک حەمە تۆفیق کۆبوونەوەی حیزبیتان پێدەکات.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، هەر لە ئیستاوە بڕیاردراوە، عەدنان عوسمان و وشیار عەبدوڵڵا دەبنە بۆردی کەناڵی کەی ئێن ئێن.
لە خوارەوە تەواوی راگەیاندنەکە بخوێننەوە:
----------------------
بە هاوکاری شاناز برایم ئەحمەد و پاڤێل تالەبانی، حەمە تۆفیق خەریکە لە رێبازی کاک نهوشیروان مستهفا هەڵدەگەڕێتەوە
ئێمە ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان دوای کۆچی دوایی کاک نهوشیروان مستهفا ڕێبەری نیو سەدەخەباتی بێوچان، بەڵێنمان بە گۆڕە پیرۆزەکەی دووپاتکردەوە کە درێژە پێدەری ئەو رێبازە مەزنەی بین، هیچ هەڕەشە و ترس و تۆقاندنێک ڕامان نەگرێت.
کاک نهوشیروان مستهفا بە مردنەکەی گڕ و تینێکی مەزنی بە هەڵسوڕاوانی بزووتنەکەمان و خەڵکی مافخوراوی کوردستان بەخشی، بۆیە ئێمە بڕیارمان دابوو هەرچی ڕەخنە و گلەیەکمان هەبێت لە چوارچێوەی بزووتنەوەکەمان بیهێڵینەوە و نەچێتە دەرێ، بەڵام هەر لە ئیستاوە کە هێشتا کفنەکەی کاک نەوشیروان زەرد نەبووە و چلەی نەچووە، تەماشای ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین، دەبینن کاک حەمە تۆفیق، کوڕەکانی کاک نهوشیروان مستهفا بەکار دەهێنێت و لەناو بزووتنەوەی گۆڕان سەرپەرشتی دروستکردنی کوتلەیەک دەکات، ئەویش بە هاوکاری مادی پاڤێل تالەبانی و شاناز برایم ئەحمەد، کە لەمەدا تەنیا دوو ئامانجیان هەیە:
یەکەم: بزووتنەوەی گۆڕان وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرەو بنەماڵەبوون هەنگاو بنێت، بۆ ئەوەی چیتر هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانی گۆڕان باس لە حیزببوونی بنەماڵە نەکەن و قوفڵێک لە دەمیان بدەن.
ئامانجی دووەمیان ئەوەیە بزووتنەوەی گۆڕان بەم کارە بێ هیوا و هەڵسوڕاوانی پەرت و بڵاو پێبکەن، پاشەکشەش بە بزووتنەوەکەش بکەن.
ئەم کارەی کاک حەمە تۆفیقی زاوای کاک نەوشیروان، کە دەستی داوەتێ لادانە لە ڕێبازی کاک نهوشیروان مستهفا و جێگای قبوڵکردن نییە، ئێمە ماوەی دوو هەفتەیە هەستمان بەو مەترسییە کردوە و مەسجمان بۆ ناردون، کە بێنەوە سەر هێڵی راستی بزووتنەوەکەمان و لە ڕێبازە پیرۆزەکەی کاک نهوشیروان مستهفا لانەدەن، ئەمەش بە خیانەتێکی گەورە دەزانین، ئەگەر بێتو گوێمان لێنەگرن ناچاردەبین، ئێمە کە ژمارەیەکی زۆری هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕانین بڕیارمانداوە لێیان قبوڵ نەکەین و بچینە سەریان.
کاک حەمە تۆفیق ڕەحیم کۆبوونەوەی ژووری پەیوەندییە سیاسیەکانیشی بردۆتە ماڵی کاک نهوشیروان مستهفا، لەوێشەوە خەریکی دروستکردن و پتەوکردنی تەکەتولەکەیەتی، تەنانەت ئەو پەیوەندییە سیاسییانەش لە جێگای فەرمی خۆی نایانبینێت، بەبیانوی ئەوەی گوایە بۆ هاوخەمی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان هاتوون،کەچی لە کەناڵی کەی ئێن ئێن هەواڵی سیاسی لەسەر کۆبوونەوەکانیان بڵاوەدەکەنەوە.
کوڕەکانی کاک نهوشیروان مستهفا، لە لایەن کاک حەمە تۆفیق ڕەحیمەوە بەکاردەهێنرێن بۆ دەستگرتن بە سەر کەناڵی کەی ئێن ئێن، ئەو کەناڵەی کە بە خوێن و نانبڕینی سەدان هەڵسوڕاوی گۆڕان پەخشی خۆی دەکات.
شایانی باسە یەکەم هەنگاویشیان بەوە دەستیپێکرد، کە بۆ پرۆپاگەندە و برەوی کەناڵەکە لە ڕوی سیاسییەوە، کاک حەمە تۆفیق، هوشیار عەبدوڵا و عەدنان عوسمانی کردۆتە دەمڕاستی کوتلەکەی، تەنانەت نەشیشاردۆتەوە، دەڵێت کەناڵی کەی ئێن ئێن زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان نییە و سەر بە کۆمپانیای وشەیە، گوایە پشکەکانی لە ڕووی مادییەوە بەناوی کاک چیای نهوشیروان مستهفاوەیە.
ئێمە لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا هەستمان بەم جموجۆڵە کردوە، کە چۆن ئەمانە خەریکن لە ڕێبازی کاک نهوشیروان مستهفا لادەدەن، چاوەڕوان بوین، دوای چلەی کاک نهوشیروان، ئەوجار پێیاندا بتەقێینەوە و ڕایانگرین، بەڵام بەداخەوە ئەمەیان بە فرسەت زانی و بە ئاشکرا دەستیان داوەتە کوتلەدروستکردن و دەستگرتن بەسەر کەناڵی کەی ئێن ئێن و بە بنەماڵەکردنی هەموو چالاکییەکانی تر.
لێرەوە دڵنیایی بە هەموو لایەک دەدەین، کە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر پەیامی خۆمان و ئەو ڕێبازە بەرنادەین، دوای چلەی کۆچی دوایی کاک نهوشیروان مستهفا سنورێک بۆ بنەماڵەکردنی بزووتنەوەکامان دادەنێین.
سڵاو لە گۆڕی شەهیدان و کاک نهوشیروان مستهفای ڕابەر و سەرکردەی مەزن
ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست