کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی پێویستە دژی “ریفراندۆمی سەربەخۆیی” هەرێمی كوردستان بین؟

Sunday, 18/06/2017, 1:50


ئێمە، بەشداربووانی ئەم هەڵمەت و كەمپەینەی دژ بەم ریفراندۆمە بەڕێخراوە (ریفراندۆمی 25/9/2017)، وەكو ئەركێكی نیشتمانیی، نەتەوەیی و دێموكراتیی، بە پێویستی دەزانین لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێكدا بە پشتبەستن بە شیكردنەوە، فاكت و فاكتەرە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، هەروەها بە هۆی جیۆپۆلیتیكی كوردستانی عێڕاق و رۆڵی گرینگی وزەوە، رۆشنایی بخەینە سەر ناوەڕۆك و كاریگەریی و ئامانجی ئەم پرۆسێسە كە حكومەتی هەرێم (حكومەتی پارتیی دیمۆكراتیی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)، ناوی ریفڕاندۆم، راپرسیی یان گشتپرسییان لێناوە. لە خوارەوە، هەندێ لەو خاڵانە و هەنگاوەكانی بەرەنگاربونەوەی ریفراندۆم باس دەكەین.
لە كاتێكدا زۆرینەی رەهای خەڵكی كوردستانی عێڕاق، بە ئێمەشەوە، خوازیاری ئەوەین خاوەنی قەوارەی سەربەخۆ و ئازاد بن، ئەی بۆچی ئێستا دژی ریفراندۆم دەوەستینەوە؟ ئایا بەڕاستیی ئەم ریفراندۆمە بۆ جیابوونەوەی هەرێمی كوردستانە لە عێڕاق و هەنگاوێكی سەرەكییە بەرەو سەربەخۆیی یان ئەم پڕۆژەیە، بۆ ئەجێندای حیزبیی و بنەماڵەیییە؟ ئایا لە بنەڕەتدا هەڵقوڵاوی واقیعی سیاسیی ناوخۆی كوردستانە و رەهەندێكی نیشتیمانیی و نەتەوەیی هەیە یان پلانێكی ساختە و داسەپاوە، لە دەرەوەی كوردستانەوە، هاوردە كراوە؟
1.ریفراندۆم، بە سادەترین تێگەیشتن، دەنگدانی راستەوخۆی زۆرینەی جەماوەری كوردستانە لەسەر پرسێك كە بە پێی قانون و خواستی جەماوەریی (لە پارلەمانی كوردستانەوە، یان دەسگایەكی شەرعیی لە عێڕاقەوە) دەبێ جێكەوت بكرێت. ئەم ریفراندۆمە لە یەكەم هەنگاوی دا شەرعییەتی قانونیی، دەستوریی و جەماوەریی نییە. هەر ئەمەش ئامانجەكانی دەسەلمینت كە لە خوارەوە باسكراون. بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسێكی جێی ناكۆكیی لەنێوان دوو لایەندا، بەر لە هەرشتێك دەبێت دوو لایەنەكە رێككەوتنێكی رەسمیی و شەرعیی لە نێوانیاندا ئیمزا بكەن تا هەردوولا، وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و نەتەوە یەكگرتوەكان بەشەرعیی تەماشای بكەن و بە هۆكاری خۆشگوزەرانیی و سەقامگیریی لێكبدرێتەوە نەك هەڕەشە.
2.ئێمە كە بەباكگراوندی نەژادیی، كوردین، خوازیاری ئەوەین كە گەلانی كوردستان لە كوردستانی عێڕاقدا بەیەكجاریی ئازاد و سەربەخۆ بن و لەپاڵ نەتەوە و نەژادەكانی تردا، بەسەربەستیی، ژیان بگوزەرێنین، بەڵام میكانیزمەكانی ئەم سەربەخۆیییە، تەوقیت و هەلومەرجە سیاسیی، جڤاكیی و ئابوورییەكەی نەك بەهەند وەرنەگیردراوە، بەڵكو لەڕوی ئابوورییەوە بازركانییكردنە بە نەوتی كوردستان، لەڕووی سیاسییەوە رەهەندی ماددیی چەند بنەماڵەیەكی سیاسیی و دەسگای موخابەراتیی چەند دەوڵەتێكی ناوچەكە زاڵە بەسەریدا. بۆ خەلكی هەژار و بەشمەینەتیش قەیرانی ئابووریی قوڵتر دەكاتەوە و پووش دەخاتە ژێر ئاگری ئەو جەنگەی خزێنراوەتەوە ناوچەكە. ئەو كاتەش هیچ دور نییە هێزی مرۆیی ئەم نیشتمانە، وەكو میلیشیایەكی گەورەی مەعنەویی و ماددیی، بۆ شەڕی كوردی پارچەكانی تری كوردستان، بەكاریبهێنن و كوردستان بكەن بە [باكوری] قوبرسێكی تر.
3.ئێمە دژایەتیی ریفراندۆم ناكەین، وەكو مافێكی سیاسیی گەلی كوردستان، بەڵام دژایەتیی ئەم ریفراندۆمە حیزبیی و بنەماڵەیییە دەكەین. دەبێ كاتێك ریفراندۆم بكرێت كە داعش تەواو بووبێت، بە تەنسیق لەگەڵ حكومەتی بەغداد بكرێ، دەبێ لە رێگەی پارلەمانێكی شەرعییەوە بڕیار بدرێ نەك لە دیوەخانی حیزبیی و سیاسییە بازرگانەكانی كوردستانەوە، دۆمینە بە چارەنووسمانەوە بكەن. دەبێت ریفراندۆم بۆ ئەوە بێت كە گەلانی كوردستان و گەلانی عێڕاق، پێكەوە بەتەبایی لەپاڵ یەكدیدا بژیێن، نەك نەعرەتەی شەڕی نەژادیی و تائیفیی لێ بكەوێتەوە و بە ئیرادەگەریی حیزبیی و یەكلایەنە ئەمە بكرێت. ئێمەی گەلی كوردستان، دەكرێ لە چوارچێوەی جیۆگرافیای سنووری عێڕاقیشدا خاوەنی مافی چارەی خۆنووسین بیین، ئەگەر مەسەلە ئەم مافەیە، بەڵام ئەم ریفراندۆمە، زیاتر بۆ سەپاندنی هەژموونی ئەجێندای هەندێك سیاسیی بیزنسمانی پارتیی و هەندێكی ناو یەكیتیی و تەواوی ناوچەكە، بەڕێوە دەچێت.
تەواوی رابەرانی ئەم ریفڕاندۆمە، شانازییان بەوەوە دەكرد كە كورد مافەكانیان لە دەستوری عێڕاقدا جێكەوت بووە. راستییەكەیشی، دەستوری عێڕاق، زامنی پێكەوەژیانە. بۆچی دەبێ گەلی كوردستان، دوای ئەم حەماسە ناعەقڵانیی و ئەم هەڵپە حیزبیی، نەژادیی و بازرگانییە بكەوێت، لەكاتێكدا لەعێڕاقدا ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان، باشترە، بەراورد بەوەی قومارێكی گەورە بە چارەنووسمانەوە بكەین؟ بۆچی دەبێت ریفراندۆم وەك كارتێكی سیاسیی دژ بە بەغداد بۆ وەدەستهێنانی پۆست و ئیمتیازی زیاتر و نەوتی كەركوك بۆ كەمینەیەكی سیاسیی بەكاربهێندرێت؟
4.پرۆژەی ئەم ریفراندۆمە بە ناوی دەوڵەتسازیی و بنیاتنانی دەوڵەتی نەژادیی كوردییەوە، پێچەوانەی هەموو بنەما سەرەكییەكانی دروستبوونی دەوڵەتێكی نیشتمانیی و چەمكی وڵاتییبوونە. مەگەر هەر ئێستا، كەسێك هەیە كەمێك عەقڵانیی بییربكاتەوە، نەزانێ چۆن ئەم دەوڵەتە گریمانەیە، ئێزیدییەكانی وەدەرناوە، یان لە خۆنەگرتووە( Exclusive) بە پێچەوانەشەوە، ئێزیدییەكان -حكومەتی هەرێم خۆی رێككەوتنی كردوە كە هێزەكانی پێشمەرگە بكشێنەوە بۆ واقیعی پێش دەستپێكردنی شەڕی موسڵ (١٧ ئۆكتۆبەری ٢٠١٦)- زێڕەڤانیی كوردایەتیی و بانگەشەكارانی ریفراندۆم بەو هێزە و بەو عەقڵییەتە نابینن كە پارێزەری كەرامەت و شوناسی ئەوان بێت. ئەگەر دەوڵەتیك نەتوانیت بەرگریی لە كەمینەیەكی ئایینی هاوزمانی خۆی بكات، ئەوا زۆر ئەستەمە بتوانیت قەناعەتی سیاسیی و كەلتووریی بە عەڕەب، توركمان، مەسیحییەكانیش بكات كە ئەم دەوڵەتە نەتەوەیی-نەژادیی بنەماڵەیی نابیت و دەبیت بە نیشتمانی ئەوانیشن كە ئەمەش سەرچاوەیەكی تری ئاژاوەی كۆمەڵایەتیی دەبێت .
5.ریگای راستەقینە بەرەو سەربەخۆیی سیاسیی كوردستان تەقدیسی دەوڵەتی نەتەوەیی (دەوڵەتی كوردیی) نییە، بەڵكو ئەمە هەمووی گەمەكردنە بە چەمكی ناسیۆنالیزم و وروژاندنی عاتیفیی و ئایدیۆلۆژییە كە بەرهەمی شكستی چارەسەری ئەو قەیرانە ئابوریی و هزریی و سیاسییەیە كە كوردستانی عێڕاقی تەنیوەتەوە. ترسێكی گەورە لە لامەركەزییەت و چەمكی بەكانتۆنكردنی شارەكانی كوردستان هەیە كە میكانیزمێكی كارایە بۆ سنوورداركردنی دەستەڵاتە حیزبیی و مەركەزییەكان (حكومەتی هەرێم) و گەڕانەوەی دەستەڵات و ئیرادەی خەڵك بەسەر شار و ناوچەكانیاندا. تا شارێك و ناوچەیەك لە كوردستاندا، ئازادیی زیاتریان هەبێت، بەردێكی زیاتر لە بناغەی چێكردنی نیشتمان دادەنرێت و ئاییندەی باشتر مسۆگەر دەكرێت و سەربەخۆیی نزیكتر دەكەینەوە.
6.دەستەڵاتدارانی پارتیی، بە مێنتاڵیتیی عەشایەریی، میزاجی شەخسیی و بەهاكانی خێڵ، چەندین ساڵە بەڵێنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بە خەڵك دەدەن. ئێستا ئیحراج بوونە و دەیانەوێت ئەم بەڵێنە ساختەیە، بەرنە سەر كە خۆیان لە هەموو كەس باشتر دەزانن، چۆن ئەجێندا ئابووریی و سیاسییەكان بەكام ئاقاردا بەرن و هەر لە ئێستایشەوە كەوتوونەتە دانانی خەت رەجعە و خۆگونجاندن لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق، ئەمێریكا، ئێران و پێشهاتەكانی تردا. لە ئەگەری فەشەلی ریفراندۆمەكەیشیاندا، هەر لە ئێستاوە، تاوانبارەكانیان دیاری كردووە و تەخوینیان دەكەن.
7.شەرعییەتی ئەم تەفویزە (تەفویچ - Mandate) ی ریفراندۆم، دەرگایەكی تر لە تالانكردنی سامانی نیشتمانیی كوردستان، بۆ دەیان ساڵی تر، دەكاتەوە. ئەمانە دەیانەوێت، ئەم دۆخە سیاسییە بكەنە ئەمری واقیع (دیفاكتۆ) و بەبیانووی ئەوەی لە قۆناغی راگوزەر و ئینتیقالیی داین (لەنێوان ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەت)، ماوەیەكی زۆر، دەستەڵاتە عەشەیاریی، بنەماڵەیی و حیزبییەكانی خۆیان بەسەر تەواوی سێكتەكانی كۆمەڵگەدا، بەتایبەت سێكتە ئابووریی و سیاسییەكاندا بسەپێنن و شەرعییەتەكەیشی لە رێگەی دەنگدانی ریفراندۆمەوە، بۆ ماوەیەكی زۆر بەكاربهێنن.
8. وێڕای هەموو نەهامەتییەكانی عێڕاق و ئەو گەندەڵییە زۆرەی لە عێڕاقدا هەیە، وێڕای ئەوەی عێڕاقیش موبتەلا بووە بە شەڕی تائیفیی و گەندەڵییەكی سیاسیی و ئابووریی زۆرەوە، بەڵام وەكو لایەنە واقیعییەكەی و عەقڵانییەكەی، مانەوە لەگەڵ عێڕاقدا لە ئێستادا( وەكو واقیع، بەشێكین لە عێڕاق و ئەوەش بیردەخەینەوە كە بە ویست یان نەویست سەدەیەكە لە چوارچیوەی خاكێك داین) زۆر باشتر و عەقڵانییترە، لەوەی سەری خەڵكی كوردستان و چارەنووسی ئاییندەی ئەم گەلە لە فرتوفێڵێك( Bluff) و لە سەفقەیەكی بازرگانیی و سیاسیی نێوان بازرگانە سیاسییە میلیاردێرەكانی كورد و هێزە ئیقلیمییە تائییفەكاندا، بقەبڵێندرێت.
9.ریفراندۆمێك بۆ پەردەپۆشكردنی شكستەكانی پارتیی و یەكێتیی بێت، بۆ داپۆشینی قەیران بە قەیران بێت، بۆ شاردنەوەی دزیی و تاڵانیی كۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەكان لە سامانی نیشتمانیی كوردستان و سەرقاڵكردنی خەڵك و پەراوێزخستنی تەنگژە ئابوورییەكان و خۆدزیینەوە لەو هەژاریی و سەرگەردانییەی كوردستان بێت، بۆ بەرزكردنەوەی چانسی مەسعود بارزانیی بێت بۆ ئەوەی وەلیی ئەمری سیادەی كوردستان بكات و خۆی بسەپێنێتەوە، پێویستە بەتوندیی رەتبكرێتەوە. بەكارهێنانی ئەم تەفویزە جەماوەرییە بۆ بەدەستهێنانی بیزنسی باشترە لەگەڵ حكومەتی عێڕاق. لە حاڵەتی سەركەوتنی و جیابونەوەی یەكلایەنە لە عێڕاقیش، سنوورداركردنی سەرجەم مافە سیاسیی، قانونیی و كەلتوورییەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بۆ قۆناغی چەسپاندنی دەوڵەتەكەی بارزانیی كە ویلایەتێكی سەر بە توركیا دەبێت، وەكو رۆبۆت بۆ ئەجێندای خۆی بەكاریدەهێنێت، پێویستە بەرپەرچ بدرێتەوە.
10. هەرچەندە، بە پێی قانون و دەستوری عێڕاق، رێگە نادرێت لە ناوچە جێناكۆكەكان ئەم ریفراندۆمە حیزبیی و بنەماڵییە بكرێت، بەڵام لە ئەگەری كردنیدا، دەرفەتی تەقینەوەی رق و بوغزی نێوان تائیفە جیاوازەكان، بەیەكدادانی هێزە ئیقلیمییەكان بەوەكالەتی حیزبە كوردیییەكان، عەڕەبییەكان و توركمانییەكان، بەدوایداسەرهەڵدانی شەڕێكی خوێناویی، دەخوڵقێنێت. حكومەتی هەرێم و حیزبەكانی هەرێمی كوردستان ناتوانن بەرگریی لە هێرشی دەرەكیی دەوڵەتانی ناوچەكە بكەن، لە كاتێكدا ئەم هەرێمە لە دەستوری عێڕاقدا، تەواوی مافەكانی دیاریكراوە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتییش سنوورەكانی و خاكەكەی خاوەن سەروەرییە و ناتوانرێت ببەزێنرێت. بەپێی رێككەوتنی ستراتیژیی ئەمێریكا و عێڕاقیش، ئەمێریكا پابەندە بە پاراستنی خاكی عێڕاق (بە كوردستانیشەوە) لە هەر هەڕەشەیەكی دەرەكیی.
11.لە هەموو دۆخێكدا، بە ئەنجامدانی و ئەنجامنەدانی ریفراندۆم، بە بەڵێ و بە نەخێر، پارتیی، بە كۆمەكی ئەو حیزبانەی لەگەڵیدا بەشداربون، خەڵكێكی زۆری سەرگەرم و بیهۆش كردووە و دۆخێكی خوڵقاندووە، هەر براوە دەبێت. لێرەشدا بەشێك لە بەرپرسیارێتییەكان دەكەوێتە ئەستۆی گۆڕان، كە روئیای شەفاف و روئیای دوورمەودای نییە، هێشتا خۆی لە وەهمی نەژادیی و خورافاتی نەتەوەیی پاكنەكردوەتەوە، هەروەها دەكەویتە ئەستۆی یەكگرتوو، كە وەكو لقێكی ئاكەپە مامەڵە لەگەڵ كوردستانی عێڕاقدا دەكات.
12.ئەگەر زۆنی زەرد، لەژێر جەبەروتێكی دیكتاتۆرییانەی حیزبیی دایە و هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەك بە ئاگر و ئاسن، بە تێرۆر و شوێنبزركردن، وەڵام دەداتەوە، ئەوە زۆر گرینگە، فشاری جەماوەریی و میدیایی دژی دامودەسگا حیزبییەكانی یەكێتیی بچێتە سەرەوە، هەروەها دەنگی ناڕەزایەتیی دژی گۆڕان و كۆمەڵ بەرزبكرێتەوە كە بەجدیی و بە جەرائەتەوە، تەحەدای ئەم كەمپەینە تاڵانیی و چەتەگەرییەی ئابووریی بكەن و بەزەقیی دەنگی "نا" بەرز بكەنەوە. پێویستە بەجورئەتەوە دژی ئەوانە بوەستینەوە كە هەوڵی تەخوینی بەرەی “نا” دەدەن. بەرەی “نا”، بەرەی دیموكراتخوازیی و نیشتیماندۆستییە كە عەقڵانییەتی سیاسیی پێشی بەرژەوەندخوازیی سیاسیی و پۆپیولیزمی سیاسیی دەخەن.
13.فەشەلهێنان بەم ریفراندۆمە، بە قازانجی خەڵكی كوردستانی عێڕاقە، بە قازانجی كێشەی سیاسیی گەلی كوردستانە لە هەموو پارچەكانی تری كوردستاندا، هەروەها شكستێكی گەورەش دەبێت بۆ سیاسەتی بەناو سەربەخۆیی ئابووریی كە ئەم هەموو برسێتییەی بۆ خەڵكی كوردستان هێناوە -ئەمە مانای وانییە دژ بە سیاسەتێكی نیشتیمانییانەی ئابوریی سەربەخۆ بین-، خۆیشیان دەیان بیلیۆن دۆلاریان لەسەریەك كەڵەكە كردووە. فەشەلهێنان بەم ریفراندۆمە كە شەرعییەت بە حیزبێك و چەند بنەماڵەیەكی سیاسیی دەدات، رێك بە قازانجی ئەوە دێت كە گەلی كوردستانی عێڕاق، لە ئاییندەی نزیك و دووردا، بە وردیی، بەعەقڵانیی و بە ئەزمونەوە ، هەنگاو بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی سیاسیی بنێت.
14.هاوكات، دەبێت لە رێگەی دامودەسگا حكومییەكانی عێڕاق و حیزبە سیاسییەكانی عێڕاقەوە، بەتایبەتیی لە رێگەی ئەو پارلەمانتارە كوردانەی بەغدادەوە كە لەژێر هەژموونی سەركردایەتیی پارتیی و پرۆ-پارتییەكانی ناو یەكێتییدا نیین، هەوڵی پوچەڵكردنەوەی ئەم ریفراندۆمە بدرێت. دەكرێ فشار لە گۆڕان و كۆمەڵ بكرێ ئەم مەلەفە ببەنە پارلەمانی عێڕاقەوە، بەجورئەتەوە تەحەدای بكەن و بەرچاوڕۆشنیی لای كەم بە ریزەكانی خۆیان بدەن. هاوكات، لەبری ئەم هاشوهوشی ریفراندۆمە، دەكرێت هەوڵەكان بەگەڕ بخرێن و فشار بۆ حكومەتی عێڕاق بهێنرێت ئەو بەندانە جێبەجێبكرێن كە پێوەندییان بە كێشەی گەلی كوردستان و حكومەتی ناوەندەوە هەیە، دەستەڵاتی ئیداریی زیاتر بە هەرێمی كوردستان ببەخشێت، و دەرگای گفتوگۆی بەشە-بودجە بكاتەوە. لە گفتوگۆكانی ئەم جارەی نێوان حكومەتی عێڕاق و حكومەتی هەرێمدا، وەفدی هەرێمی كوردستان لە پارلەمانەوە دیاریبكرێن رای خەڵك، میدیا و تەواوی هێزە سیاسییەكان رەنگبداتەوە. خوێندنەوەیەكی وردتر بۆ دەستوری عێڕاق بكرێت و سازش لەسەر مافە دەستورییەكانی هەرێم بۆ بەرژەوەندیی هیچ كەس و لایەنێك نەكرێت. لێرەوە داوا لە رۆشنبیران و ئەكادیمیستان و سیاسییە دڵسۆزەكانی عێڕاق دەكەین كە چەندێك دژ بە ناسیۆنالیزمی نەژادیی سیاسییەكانی كورد دەوەستنەوە، هیندەش بەشداربن لە ریگریی كردن لە دەستەڵاتدارانی عێڕاق كە یاریی بە مەلەفی كورد بكەن لە پێناوی بەهێزكردنی دەستەڵاتی خۆیاندا.
ناوەكان
1.ئەزمەر ئەحمەد محمد
2.ئارام جەلال عومەر
3.ئومێد محمد حەسەن
4.ئارام ئەحمەد
5.ئاسۆ حەسەن قەرەداغی
6.ئاران محمد حەسەن
7.ئاكام عەزیز
8.ئازاد مەلانەبی
9.ئومێد محمد
10.ئاكۆ حامید هەورامی
11.ئاراز عوسمان فەتاح
12.ئاری محمد حەسەن
13.ئارام ئەحمەد جاف
14.ئالان حسین خەیات
15.ئەنوەر عەبدوڵا
16.ئارام حەسەن باداویی
17.ئاكام رەسوڵ خەلیفە
18.ئیسماعیل گەڵاڵەیی
19.ئومێد ئبیراهیم رەسوڵ
20.د.بەرزی محمد
21.بەناز عەلی
22.بەناز ساڵح
23.بەدرخان محمود
24.بەرهەم عومەر عەبدوڵا
25.بێستون شێخ محمد
26.پێشەوا سدیق عەلی
27.تەرزە محمد ئیسماعیل
28.چۆمان محمد
29.چنور ساڵح
30.چرۆ ساڵح
31.د. چیا محمد عەتار
32.دارا ئەبوبەكر
33.دیاری خالید مارف
34.دیار عەزیز شەریف
35.دارا شێخ یەحیا
36.دلێر حسین مامەند
37.رەوا سەلیم
38.رەنج عوسمان
39.رێباز حەسەن
40.رێزان سا‌ڵح
41.رێبین محمد
42.رەنج سۆران محمد
43.رەنج سەروەر حسین
44.رێبین دڵشاد تەها
45.رەوەند فەتاح جەواد
46.زانا عومەر عەلی
47.زمناكۆ خەسرۆ
48.زوبێر عەبدولرەحمان
49.زرنگ بەهادین
50.ژیلوان هەڵەدنی
51.سامان عەلی عەبدوڵا
52.سەركەوت شەمسەدین
53.سوارە هێمن شاڵی
54.سۆران حسین
55.سەباح عەلی قارەمان
56.ساڵح حەمە ئەمین
57.سەفین ئازاد
58.سەروەر مامۆ تۆفیق
59.سیامەند ئەحمەد كۆیی
60.سامان عمر
61.شەنگ ئەحەمەد كەریم
62.شادمان محمد ساڵح
63.شنیار ئەنوەر حەسەن
64.شوان مەهدی كەریم
65.شاسوار هەرشامی
66.شنە فایەق
67.شوان چاوشین
68.شۆرش حامید جەبار
69.عومەر قادر
70.عومەر حاجی حەمەلاو
71.عەدنان كەریم
72.عومەر محمد
73.عەباس شوان
74.عومەر میرزا ئەحمەد
75.عەبدوڵا رەزا رەسوڵ
76.كەنار ساڵح
77.كاروان سالار عەبدوڵا
78.كەمال موستەفا
79.كامەران وریا قانیع
80.كەمال چۆمانی
81.كامیار سابیر
82.كۆسار كەریم
83.كوردۆ سەعید
84.كرماج سەڵاحەدین
85.گۆران عەبدوڵا سابیر
86.لوقمان حسین خدر
87.فریاد لوقمان عەزیز
88.ڤیان فەرەج
89.قادر موستەفا ئەحمەد
90.مەهدی ئەبوبەكر
91.میران عوسمان
92.موراد حەسەن
93.موستەفا شێخ محمد
94.موزەفەر هەمزە
95.محمد خدر
96.مەحمود عەبدوڵا
97.محمد ئیسماعیل
98.محمد جەلیل
99.نیاز حامید برایم
100.د.نیاز نەجمەدین
101.نەبەز جەلال
102.نیاز سەڵاح
103.نەریمان عەلی
104.نیاز جەمال
105.نەجمەدین عەلی
106.نەجیبە قەرەداغی
107.هیمداد شاهین
108.هادی حەمەرەشید
109.هادی عەزیز
110.هێمن شێخ عومەر
111.هادی عەزیز
112.هاورێ محمد تەها
113.هێرش عەبدول رەحمان
114.هێمن عەبدول رەحمان حاجی حەسەن
115.هیوا غەفور عەبدوڵا
116.هێرش كاكە رەش
117.د. هۆشمەند رەسوڵ
118.هونەر مستەفا
119.هەكاری عومەر میرزا
120.هەلۆ نوری
121.هیوا ئەحمەد حەمە
122.هیوا كەمال سەعید
123.هاوبەش سەرتیپ جاف
124.هەرێم عەلی لەتیف
125.هیوا محمد
126.یاسین ئافتاو
127.یاسین خالید حەسەن
128.یاسن عەبدوڵا محمد ئەمین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە