کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ریفراندۆم بۆ دیشلەمە خواردنەوە

Friday, 16/06/2017, 19:59


دوابەدوای ئەو بڕیارە ئەحمەقییانەی پارتی سەبارەت بەجاڕدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان،كاردانەوەیەكی توند لەهەڵوێستی وڵاتە زلهێزەكانو ئیقلیمی لێكەوتەوە،بەگشتی لەدژی ریفراندۆمە درۆزنەكەی پارتی هاتنەدەنگ، یەكێك لەوانەش هەڕەشەكانی توركیای هاوپەیمانی ستراتیژی پارتیو مەسعود بارزانییە بەداخستنی دەروازە سنورییەكان.ئەمە جارێ ریفراندۆمە ئەم كاردانەوە توندەی لێكەوتەوە،ئەی بەیانی ئەگەر دەوڵەتەكە رابگەیەندرێ ئەبێ كاردانەوەكان چیو چۆن بن؟!.هەڵبەت هەموشمان ئەزانین داخستنی سنورەكان واتای خنكاندنی خەڵكی كوردستانە، چونكە ئێستاش دوای 27 ساڵ لەحوكمڕانی سەربەخۆی كورد ماست وپەنیرو كەرەوز وتەرەتیزەشمان لەوڵاتانی دراوسێوە هاوردە ئەكرێ،بەداخستنی سنورەكان وەزعمان لەقەتەریش خراپتر ئەبێ كە ئاو نیە بیخۆنەوە..
بۆ هێوركردنەوەی ئەم وڵاتانەش سەرۆكی لێژنەی ریفراندۆمەكەی پارتی كاكە هوشیار زێباری كۆنە وەزیرە گەندەڵەكەی دارایی عیراق، هاتە سەر شاشەكانو دوپاتی كردەوە كەوا ریفراندۆمەكەیان  بۆ سەربەخۆیی نیە، مەسعود بارزانیش سێ جار سوێندی بەگۆڕی باوكی بۆ عەبادی خواردوە كە لەعیراق جیانابێتەوە، بۆ ئەردۆغانیشی دوپاتكردەوە كەوا ریفراندۆمەكەی بۆ سەربەخۆیی نیە بەڵكو بۆ فشارە لەسەر بەغدا؟
پرسیارە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە،ریفراندۆم لەهەمو دونیادا بۆ سەربەخۆیی و جیابونەوەیە،تەنانەت ئەو پرسیارەی دایانناوە لەمیللەتەكەیان بكەن ئەوەیە" سەربەخۆییت ئەوێ یان نا".قەت نەمانبیستوە ریفراندۆم بۆ دیشلەمە خواردنەوە بێت لەگەڵ دەسەڵاتی مەركەزی وەكو ئەوەی پارتی باسی ئەكات، چونكە دیشلەمە خواردنەوە لەگەڵ بەغدا كارێكی ئەوەندە قوڕس نیە بەتایبەت ئەوەتا رۆژانە وەفدی پارتی ئەچێتە بەغداو لەگەڵ دیشلەمەكە میوەش ئەخۆنو لەخۆشترین میوانخانەكانی زۆنی سەوز دائەبەزن و رەنگە شەوانیش پەرداخی عارەقو وێسكیش لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لێكبدەن، ئیدی كارتی فشاری بۆ چییە؟.
كێشەی بەغداو هەرێم لەسەر یەك بابەتە ئەویش نەوتەكەیە كە پارتی ئەیدزێ بەبێ ئاگاداری بەغدا.حكومەتی ناوەند بودجەی هەرێمیشی لەسەر ئەوە بڕێ ،چونكە دەسەڵاتی پارتی نەوتی كوردستان ئەدزنو داهاتەكەی ون ئەكەنو لەولاشەوە ئەچنە بەغداو داوای بودجەی هەرێمی لێئەكەن، ئاخر حكومەتی عیراقیش ناتوانێ بودجە بەرامبەر بە هیچ بداتە هەرێمو خەڵكەكانی ئەوێش لێی قبوڵناكەنو لەهەڵبژاردنەكاندا سزایان ئەدەن،جا ئەوان لەبەر خاتری چاوی رەشی پارتی بۆچی خۆیان توشی سزای گەلی خۆیان بكەن؟..
پارتی ئەگەر بیەوێ‌ بودجە لەبەغدا وەربگرێ هیچ پێویست بە فشار ناكا، نەوتەكەی رادەستی سۆمۆ بكاو بودجەكەی خۆی وەرئەگرێ؟..
پارتی دوای ئەوەی نوێنەرەكانی لەبەغدا لەسەر دزیو گەندەلی شەقتڕێن كران ئێستا ئەیانەوێ‌ وا لەخەڵكو دەوڵەتانی دونیا بگەیەنن كە ئەمە بۆ كارتی مفاوەزاتە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بەغدا،ئەمەش لەكاتێكدایە پارتی خۆی ئامادە نەبوە نوێنەرە دەركراوەكانی خۆی بگۆڕێ وكەسی پاكتر لەوان بخاتە شوێنیانەوە لەبەغدا،ئەمەش مەعنای ئەوەیە پارتی خۆی بەغدای تەڵاقداوە، ئێستا ئەگەر بشگەڕێتەوە پێویست بەفشار ناكا بەغدا هەمیشە باوەشی بۆ كردۆتەوە.
پارتی لەم چەواشەكارییانەی تەنهاو تەنها یەك مەبەستی هەیە ئەویش لەبیربردنەوەی مەسەلەی ویلایەتە بەسەرچوەكانی مەسعود بارزانییە..خۆمان بینیمان هەمو هەوڵێكیاندا بەپەكحستنی پەرلەمانیشەوە بۆ ئەوەی سەرۆكەكەیان لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە، بەڵام بۆیان نەچوە سەر، ئێستا بەناوی ئەوەی گوایە مەسعود بارزانی پاڵەوانی دروستكەری دەوڵەتی سەربەخۆیە ئەیانەوێ جارێكتر میللەتەكەمان چەواشەبكەنەوە بۆ درێژەدان بەو پۆستەو كاندیدكردنەوەی بۆ جاری چوارەم لەهەڵبژاردنەكانی داهاتودا، ئەگینا من دڵنیام ئێستا گۆڕان رازی بێت بەدرێژكردنەوەی ویلایەتەكەی بارزانی، بۆ یەك ساتیش باسی ریفراندۆمو دەوڵەتی كوردی ناكەنەوە..
دڵنیام ئەو ریفراندۆمە شكست دێنێ بەهۆی فشارە توندەكانی نێودەوڵەتیو ئیقلیمییەوە، ئەوسا پارتی پاشگەز ئەبێتەوەو ئەمجارەیان هەوڵئەدات خەتاكە بخاتە سەر ئەستۆی گۆڕانو كۆمەڵ پروپاگدندەی ئەوە ئەكەن گوایە ئەوان نەیانهێشت یەكریزی میللەت بێتە كایەوە بۆ سەرخستنی ریفراندۆمەكە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر خۆیان دەیانجار دوپاتیان كردەوە كەوا گوێ بەهیچ لایەك نادەنو هەر خۆشیان وتیان زیاتر لە100 دەوڵەتی جیهان چاوەڕێی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردین،نازانم ئەو سەد دەوڵەتەش پەشیمان بونەوەتەوە لەپشتگییریەكانیان،یا لەئەسڵا بونیان نەبوە تەنها لەمێشكی فەلاح مستەفاو هێمن هەورامیدا نەبێ؟!.دوریش نیە ئەو دەوڵەتانەی ئەم دوانە باسیان كردوە، بەنگەلادیشو كۆنگۆ و دۆمەنیكانو جزر القمر بن، ئەگینا كوان ئەوانەی فرمێسكیان بۆ دەوڵەتە سەربەخۆكەی پارتی ئەڕشت؟!..
لەجیاتی ئەوەی حەكیمەكانی ناو پارتی هەمیشە بەدوای سیناریۆو پیلانی دژ بە میلەتو لایەنە سیاسیەكانەوە بن،بە سەفقەی خیانەتكارانە وەزعەكە درێژە پێبدەنو، بەفڕتوفێڵی كاراكردنەوەی پەرلەمان خەڵكی چەواشە بكەن، با بۆ یەكجاریش بێ راستگۆیانە بێنە مەیدانو، وەزعی میللەتەكەیان ئاسایی بكەنەوە، هەر لەچاكردنی بژێوی خەڵكو چارەسەركردنی كێشە قوڵەكانیان، تا ئاشتبونەوەیەكی گشتی لەگەڵ هەمو لایەنە سیاسییەكان بەبێ جیاوازی،بەگەرخستنەوەی حكومەت بۆ چاكسازی ودژایەتی گەندەڵیو شەفافكردنی مەلەفی نەوتو رەخساندنی هەلی حكومداری لەبەردەم هەمو لایەنەكان بەیەكسانی و دەستهەڵگرتن لەدیكتاتۆریەتو تاكڕەوی، ئەوسا هەمو میللەتو لایەنە سیاسییەكانیش مەمنونی پارتیو مەسعود بارزانی ئەبنو،لەهەر هەنگاوێكیش بۆ سەربەخۆیی پشتگییریان ئەكەن، بەمەش كوردستانەكەمان ئەگات بە ئامانجە دێرینەكەی لەدامەزراندی كیانێكی سەربەخۆ كە ببێتە شانازی بۆ هەمو میللەتەكەمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە