کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شێرى تاڵه‌بانى خێزانى قوباد تاڵه‌بانى بۆ رووداو دەدوێت

Thursday, 15/06/2017, 19:26


کوردستانپۆست ئەم جۆرە بابەتانە دەخاتە نێو ئەرشیفی خۆیەوە، تا وەکو بەڵگە بۆ پاشەڕۆژ بیپارێزرێت.
---------------------------
شێری کراهام تاڵەبانی: كوردستان ئەم قەیرانە داراییە تێدەپەڕێنێ
هاوژینی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام توخنی سیاسەت ناكەوێت و زۆرتر بە كاری رێكخراوەیی لە بواری پەنابەراندا خەریكە. شێری تاڵەبانی بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1999 سەردانی كوردستانی كردووە، ساڵی 2012 بەهۆی قوبادی هاوژینی و دوو منداڵەكەی بەیەكجاری لە كوردستان نیشتەجێ‌ بوو. ئێستا لە كوردستان بەرپرسی رێكخراوێكە بەنێوی (seed). شێری لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی كارەكانی خۆی و رێكخراوەكەی لە كوردستان دەكات.

رووداو: چۆن بوو هاتیتە كوردستان و بۆچی بڕیارت دا لێرە بمێنیتەوە؟
شێری تاڵەبانی: من لە 1999ەوە سەردانی كوردستانم كردووە، لەو كاتەوە لێرە كاری خۆمم بۆ حكومەتی ئەمریكا دەستپێكرد، ئەو كات رووماڵی عێراقم دەكرد. هێشتا سەدام لە دەسەڵاتدا بوو و كوردستانیش ئابڵوقەی لەسەر بوو، ئێمە لەگەڵ نەیارەكانی سەدام حوسێن و بۆ بەهێزكردنی كوردستان كارمان دەكرد. هەر بۆیە ماوەی 15 بۆ 16 ساڵە ماوە ماوە لە كوردستان كارم كردووە. كاتێكیش كاری هاوژینەكەم گوازرایەوە بۆ كوردستان، بڕیارمان دا بە خێزانەوە بێینە ئێرە.

رووداو: لەو كاتەوەی هاتوویەتە كوردستان چ گۆڕانكارییەك دروستبووە؟
شێری تاڵەبانی: گۆڕانی زۆر گەورەمان بینیوە. دەیەی رابردوو، واتە لە 1999 هەتا 2012 كە من بە یەكجاری هاتمە ئێرە، كوردستان بەهۆی رزگاربوونی لە دەستی سەدام گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، لەبەرئەوەی دەرفەتی نوێی بۆ كورد رەخساند، كوردستان بۆ یەكەمجار دەستی بە سەرچاوە داراییەكانی راگەیشت، ئەمەش پێشكەوتنێكی راستەقینە بوو، پەرەی بە ئازادییەكان دا، پەرەی بە خۆبەڕێوەبەری دا. واتە پێشكەوتنی زۆرمان لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بینیوە، بە تایبەتیش لە بواری ژێرخاندا، لە ژێرخانی رێگەوە بیگرە هەتا دەگاتە تەندروستی و پەروەردە و هەموو ئەو پێشكەوتن و بنیاتنانەی بینیومانە، بۆ نموونە گەشەی بیناسازی.

رووداو: كاتێك هاتیتە كوردستان، لە 2012 و 2013 كوردستان گەیشتبووە قۆناغی هەرە بەرزی گەشەكردن و گۆڕانكاری، بەڵام دوای ئەمە وردە وردە كەوتە ناو قەیرانێكی دارایی، بەڕای تۆ كێشەكە لە كوێدا بوو كە كوردستان نەیتوانی لە گەشەسەندن و گۆڕانكاری بەردەوام بێت؟
شێری تاڵەبانی: بەداخەوە لە 2013 و 2014 رووبەڕووی قەیرانی سەرچاوەی دارایی بووینەوە و بەغدا بودجەی بڕی، هەروەها تووشی قەیرانی ئەمنییش بووینەوە بەهۆی هێرشی داعش، بەڵام قۆناغی ناسەقامگیری لە عێراق تەمەنێكی زۆری هەیە، هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی پلورالیزم، نەبوونی لێبوردەیی و چارەسەری سیاسی دەگەڕێتەوە. ئێستاش قەیرانی ئابووری و هەروەها قەیرانی مرۆییشمان لەسەر شانە، لە كاتێكدا ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارەمان هەیە كە زۆربەیان خەڵكی عێراقن. هەر بۆیە كوردستان بە كاتێكی سەختدا تێدەپەڕێت.

رووداو: لەم كاتە سەختەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی چاكسازییە. تۆ وەكوو شارەزایەكی ئابووری پێتوایە باشترین كەرت بۆ ئەوەی چاكسازیی تێدا بكرێت كام كەرتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە؟
شێری تاڵەبانی: كوردستان و خەڵكی كوردستان بە چەندین دەیە ئازار و مەینەتی و چەوسانەوەدا رۆیشتوون، بەهۆی ئەمەوە بیركردنەوەی خەڵك بۆ كورتمەودایە، واتە خەڵكانی نێو حكومەت و هەمیش ئەوانەی كەرتی تایبەت بیر لەوە دەكەنەوە چی بكەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دەرباز بكەن، بەڵام ئێمە پێویستە بەرەو ئەو شوێنە هەنگاو بنێین كە تێیدا فۆكسمان لەسەر هێز و توانای گەل بێت. كوردستان هەلی باشی لەبەردەستە، دەشزانم كە ئەم قەیرانە داراییە تێدەپەڕێنێت. لە كارەكەی خۆمدا كاتێك لەگەڵ دیموكراسییە نوێیەكان كارم كردووە، بینیومە رێگاكە هیچكات راستەوڕاست نەبووە، بەڵكو هەموو كات لە رێگاكەدا ئاستەنگ هەبووە، ئەمەش هەم دیموكراسی دەگرێتەوە و هەمیش ئابووری و سیاسەت. پێموایە كوردستان ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنێ، بەڵام هەموومان دەبێت بیر لەوە بكەینەوە چ جۆرە بەشدارییەكمان لە كوردستان هەبێت.
رووداو: لەگەڵ ئەوەی هاوژینی قوباد تاڵەبانیت و لە خێزانێكی دەوڵەمەندی ئەمریكیشیت، بەڵام ئێستا خەریكی كاری خێرخوازیت، لە رابردووشدا تۆ لە كاتی كاركردن بۆ حكومەتی ئەمریكا لە عێراق كاری خێرخوازیت كردووە، ئەو كارانەی ئێستا لە رێكخراوەكەی خۆت دەیكەیت گەورەترە یان بچووكترە لەو كارانەی كە پێشتر كردووتن؟
شێری تاڵەبانی: ئاشكرایە خێزانی هاوژینەكەم رۆڵێكی گرنگیان لە مێژووی كوردستاندا بینیوە. كاری من لە كوردستان سەربەخۆیە لە خێزانەكەم و حیزب. وەك دەزانیت من ئەمریكیم و فۆكسی من لەسەر ئەوەیە چۆن بتوانم مێژوو و ئەزموونی خۆم لە هەموو جیهان بخەمە خزمەت ئێرە و پێشكەوتنی كوردستان.

رووداو: تۆ پشتیوانی و یارمەتی دارایی لە كاك قوباد و هێرۆخان وەرناگریت بۆ رێكخراوەكەی خۆت؟
شێری تاڵەبانی: نا من داوای هیچ هاوكارییەكم لە خێزانی هاوژینەكەم نەكردووە و هیچ یارمەتییەكی داراییشم لە خێزانی هاوژینەكەم وەرنەگرتووە. سەرچاوە داراییەكانی ئێمەش- وەكوو زۆربەی رێكخراوە قازانج نەویستەكانی جیهان- لە رێگەی یارمەتی ئەو خەڵكەوە (واتە دۆنەرەكان) دابین دەكرێت كە دەیانەوێت گۆڕانكارییەك لە كوردستان بهێننە ئاراوە. هەندێك لەم دۆنەرانە حكومەتن، هەندێكیان كەسانی دەستكراوەن، بێگومان من سەرچاوە داراییەكانی خۆیشم دەخەمە خزمەت ئەمەوە، بەڵام وابزانم گرنگتر لەو پارەیەی كە دەیبەخشم، ئەو سەرچاوانەیە كە لە هەموو جیهانەوە دەیانهێنم، وەكوو شارەزاییەكان و ئەو خەڵكانەی كە حەز دەكەن پێشكەوتنی كوردستان ببینن.

رووداو: ئەوانەی لە رێكخراوی خێرخوازی  Seedدا كار دەكەن چەند كەسن، بۆچی دامەزراوە، كارەكانی ئێوە لە چ بوارێكدایە؟ 
شێری تاڵەبانی: من مێژوویەكم لە كاركردن لەگەڵ حكومەتی ئەمریكا هەیە، بۆ ماوەی 15 ساڵ لەگەڵ وڵاتانی دیموكراسی نوێ، وڵاتانی خاوەن شەڕ و پێكدادان، وڵاتانی هەژار و بە كورتی وڵاتە جیاجیاكانی هەموو جیهان و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كارم كردووە. ئێمە لەگەڵ حكومەتەكاندا كارمان دەكرد بۆ ئەوەی لە گەشەپێدانی ئابووری و دانانی سیاسەتی باشتر و بەهێزتردا یارمەتییان بدەین، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تەندروستی، پەروەردە و خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندیی خەڵك بەرەوپێش بچێت، هەروەها یارمەتیدەریشە بۆ بەهێزكردنی ئافرەتان، كەمینەكان و گەنجان. كاتێك لەگەڵ هاوژینەكەم هاتینە ئێرە، بیرم لەوە كردەوە چۆن بتوانم باشترین بەشداریم لە پێشكەوتنی كوردستاندا هەبێت، چۆن ئەو میتۆد و چالاكییانە بەكاربهێنم كە لە وڵاتانی دیكەی جیهان ئەنجامیان هەبووە و لێرەش بەكاریان بهێنم. هەر بۆیە Seedم دامەزراند، كە رێكخراوێكە لە بواری گەشەپێداندا كاردەكات،Seed  پشتگیری لە گەشەی ئابووری و پەروەردە دەكات. تەركیزیشمان لەسەر گەشەی درێژمەودا بووە. رێكخراوەكەی ئێمە ستاف پێشكەش ناكات، بەڵكو فۆكسمان لەسەر ئەوەیە چۆن بتوانین ئامرازی پێویست بە خەڵكی ئێرە ببەخشین بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان باشتر بكەن. من و هاوبەشەكانم، واتە ئەو ئافرەتە كوردانەی كە 15 ساڵە دەیانناسم، ئەم رێكخراوەمان دامەزراند، بۆ ئەوەی پەرە بە گەشەكردنەكە بدەین. بۆ ئەمەش هەموو رۆتینە بیرۆكراتییەكانمان تێپەڕاند، چونكە من خۆم پێداگر بووم لەسەر ئەوەی رێكخراوەكەی ئێمەش وەكوو هەموو رێكخراوەكانی دیكەی كوردستان تۆمار بكرێت، بۆ ئەمە پارێزەرم نەگرت، چونكە خۆم پارێزەرم و هەموو كارە ئیدارییەكانمان كرد، كاتێكیش هەموو پرۆسەكەمان تێپەڕاند، كوردستان بەهۆی ئاوارەكانەوە رووبەڕووی قەیرانێكی مرۆیی گەورە ببووەوە. لەو كاتەدا تەركیزمان لەسەر ئەوە بوو چۆن بتوانین یارمەتی كوردستان بدەین بۆ ئەوەی چارەسەری پێداویستییەكانی ئەم خەڵكانە بكات.

رووداو: كاری رێكخراوی ئێوە چ جیاوازییەكی لەگەڵ كاری رێكخراوە بیانی و ناوخۆییەكانی دیكە هەیە كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن؟
شێری تاڵەبانی: ئەو رۆڵەی ئێمە دەیگێڕین ناوازەیە، لەبەر ئەوەی رێكخراوێكی ناحكومی ناوخۆیین و من خۆیشم لە بواری پێشكەوتنی نێودەوڵەتیدا شارەزاییم هەیە، هەروەها شارەزایەكی دیكەی بەریتانیشمان لەگەڵە، هەموو ستافەكەی دیكەمان كوردن، هەر بۆیە ئێمە هەم شارەزایی نێودەوڵەتی و باشترین چالاكییەكانمان لەگەڵ خۆماندا هێناوە و هەمیش شارەزاییەكی نێوخۆییمان لەگەڵە. تەركیزیشمان لەسەر پێگەیاندنی خەڵكی كوردستانە. لێرە خەڵكانێكی بەهرەدار و باش هەیە كە توانایەكی زۆریان هەیە بۆ ئەوە دەشێن بەشدارییان پێبكرێت. لە كاتی ستۆرییەكەی رووداوەوە كە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لە كەمپێك لەبارەی پرۆگرامی موزیك بڵاوكرایەوە، زۆر گەنجی كورد پەیوەندییان پێوە كردووم و دەڵێن چۆن بتوانین بەشدار بین، چۆن بتوانم خۆبەخشانە كار بكەم یان چیم پێدەكرێت بۆ ئەوەی یارمەتی پێشكەوتنی كوردستان بدەم. ئێمە لەو رووەوە دانسقەین كە شارەزایی و ئەزموونی نێودەوڵەتیمان هەیە و لە هەموو جیهانەوە ئەزموونەكان دەگوازینەوە بۆ ئەوەی سوود بە كوردستان بگەیەنین. 

رووداو: وەك دەزانین ئێوە لەگەڵ ئاوارەكان و بەتایبەتی كوردی ئێزدی كار دەكەن، چۆن بوو كوردی ئێزدیت هەڵبژارد؟
شێری تاڵەبانی: ئەوكات بیرمان لەوە دەكردەوە چۆن كاریگەری لەسەر ئەو قەیرانە دابنێین، بۆیە بیرمان لە گەورەترین پێویستیی خەڵكەكە كردەوە، حكومەت بە پەناگە، خۆراك، كارەبا و ئاو یارمەتییان دەدات، ئەوان بە سەرچاوەیەكی كەمیشەوە ئەمە دەكەن، بەڵام ئەمە بوارێك نییە رێكخراوێكی بچووكی وەكوو ئەوەی من بتوانێت تێیدا كاریگەر بێت. بۆیە بیرمان لەوە كردەوە ئاخۆ ئەو خەڵكە پێویستیان بە چ شتێكی دیكە هەیە. بیرمان لەوە كردەوە دەتوانین لە چارەسەركردن و گەڕانەوەیان بۆ دۆخی ئاسایی و دەستكردنەوە بە ژیان یارمەتیدەریان بین. چونكە كاتێك 1.8 ملیۆن خەڵك بۆ بژێویی رۆژانەیان پشت بە یارمەتییەكانی حكومەت دەبەستن، ئەوە كێشەیەكی گەورەمان بۆ دروست دەكات، هەر بۆیە بیرمان لە پێویستییە دەروونییەكانی ئەم خەڵكە كردەوە. 
زۆربەی ئاوارەكان رووبەڕووی توندوتیژییەكی لەڕادەبەدەر بوونەتەوە، بە تایبەتیش خەڵكانی ئێزدی، لە نێو ئێزدییەكانیشدا ئافرەتان، كەوابێت لە ئاستێكی بەرفراواندا لەگەڵ ئازارێكی دەروونیدا بەرەوڕووین، هەندێك ئافرەتی ئێزدی بۆ ماوەی زیاتر لە یەك ساڵ و نیو لەگەڵ ئەم توندوتیژییەدا ژیاون.

رووداو: وەكوو گوتت زیاتر لە 1.8 ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، هەست ناكەیت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاست یارمەتیدانی ئەم ئاوارە و كۆچبەرانەدا كەمتەرخەم بووە؟
شێری تاڵەبانی: ئەگەرچی راستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە و دەشتوانێت كاری زیاتر بكات، بەڵام دەبێت كار لەسەر ریشەكانی هەندێك لەو كێشانە بكەین كە لە ناوچەكەدا هەن. بۆ نموونە ناكۆكیی نێوان عێراق و كوردستان بەهۆی نەبوونی چارەسەرێكی سیاسی، ئەو توندوتیژییەی كە بووە بە نۆرمێك لە عێراق، بۆ ئەمە دەبێت كار لەسەر تۆوەكانی ئەم شەڕ و پێكدادانە بكرێ بۆ ئەوەی رێگە لە ئاوارەبوونی خەڵكی زیاتر لە هەموو جیهان بگرین. لێرە لە كوردستان خەڵكێكی ئاوارەی زۆر هەیە و زۆر كاریش دەتوانین بكەین، وابزانم هەر لێرە چارەسەرمان هەیە بۆیان، راستە دەكرێت یارمەتی دارایی نێودەوڵەتی وەربگرین، بەڵام خۆیشمان دەتوانین بەشێكی زۆر لەو كێشانە چارەسەر بكەین كە ئاوارەكانی ئێرە هەیانە.

رووداو: بۆچی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە پارە یان هاریكاری نێودەوڵەتی وەربگرێت؟ ئایا كێشەكە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، یان لە عێراقەوەیە، یان بەهۆی ناشارەزایی ئێمەوەیە؟ 
شێری تاڵەبانی: دوو هۆی سەرەكی هەیە، یەكەمیان ئەوەیە زۆرینەی ئاوارەكانی نێو كوردستان خەڵكی عێراقن، ئەمەش وایكردووە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەو جۆرە سەیری كێشەكە بكات كە چارەسەری كێشەی ئاوارەكان ئەركی حكومەتی میواندارە، وەكوو دەشزانین حكومەتی عێراق بۆ ئاوارەكان یارمەتی كوردستان نادات. كێشەی دووەم ئەوەیە كوردستان دەوڵەت نییە، هەر بۆیە بەشێك لە پشتگیرییە نێودەوڵەتییەكان لەدەست دەدات. 

رووداو: باشە چارەسەری ئەمە چییە؟ وەكوو خۆیشت دەزانیت حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتووەتە واقیعێكەوە، ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەر و كۆچبەر كەوتووەتە سەر شانی، حكومەتی عێراق هاریكاریی ناكات، كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەڵێن حكومەتی عێراق دەبێت یارمەتی بدات. حكومەتی هەرێمی كوردستان چی بكات؟
شێری تاڵەبانی: بەڕای من حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت باشتر پێویستییەكانی كوردستان بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار، دەتوانێت زیاتر دەنگ هەڵبڕێت، گوتنی ئەمە بۆ منێكی ئەمریكی ئاسانە، چونكە دەتوانم ئازادانە قسە بكەم، بەڵام هەرێمی كوردستان هێشتاش بەشێكە لە عێراق، بەڵام بەم حاڵەشەوە دەتوانین داوای مافی زیاتر بكەین، بە تایبەتیش بە هاوكاری دۆستە بەریتانی و ئەمریكییەكانمان.

رووداو: رۆڵی ئافرەت لە هەموو ئەمەدا چییە؟
شێری تاڵەبانی: یەكەم شت، ئەوەی ئێمە لە نێو كوردە ئێزدییەكاندا بینیمان ئەوە بوو دراوسێكان نزیكەی 5 هەزار ئافرەتیان رفاندووە، بەندیان كردوون و كردوویانن بە كۆیلە. ئەمە هەر لەخۆڕا رووی نەداوە، بەڵكو هۆكاری ئەمە ئەوەیە كە ئافرەتان رۆڵێكی نایەكسانیان هەیە و مافی ئافرەت لە ماوەی یەك دەیەی رابردوودا تەواو پێشێل كراوە. رەوشەكە لە كوردستان باشترە، رۆڵی ئافرەتان زۆر باشترە، بەڵام دیسانیش ئافرەتان دەتوانن بەشدارییەكی زۆر زیاتریان لە كوردستان هەبێت.
 بەشداریی ئافرەتان لە بواری ئابووری و حكومەتدا سنووردار كراوە، هەروەها لەلایەن خێزان و نۆرمە كۆمەڵایەتیەكانیشەوە سنووردار كراوە. كاتێك سەیری وڵاتانی جیهان دەكەین، دەبینین بەڵگە زۆرە بۆ ئەوەی لەو وڵاتانەدا نایەكسانی هەیە، واتە ئافرەتان هەمان مافی پیاوانیان نییە، رێژەی شەڕ و پێكدادان و توندوتیژی بەرزترە. گەندەڵی زیاترە، حوكمڕانی لاوازترە، لێرە لە كوردستان رەوشەكە لەچاو بەشەكانی دیكەی عێراق باشترە، كاری زیاتریش هەیە بیكەین، ئەگەر بمانەوێ نەتەوەیەكی گەشەسەندوو، دیموكرات و بەهێزتر لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا دەربكەوێت، دەبێت دەرفەكانی بەردەم ئافرەتان باشتر بكەین، بۆ ئەوەی لە هەموو لایەنەكانی ژیاندا بەشدار بن، لەوانەش بڕیاردان، واتە نەك هەر هاوكاری وڵات بن، بەڵكو لە بەڕێوەبردنیشدا رۆڵیان هەبێت.

ئایا دەزانیت لە كوردستان ئافرەتان تەنیا 12%ی هێزی كار پێكدەهێنن، لە كاتێكدا نیوەی دانیشتووانن؟
 شێری تاڵەبانی: ئەمە كوردستان دەباتە دواوە.

رووداو: تۆ چەند ساڵێكە لێرە دەژیت، فێری كوردی بوویت، دەتوانی بە كوردی قسە بكەیت؟
شێری تاڵەبانی: كوردی دەزانم، زمانی كوردی دەخوێنم. بەڵام زۆر سەرقاڵم. دوو منداڵم هەیە، رێكخراوی Seedیشم هەیە. كوردی زمانێكی جوانە. من و زۆر لە هاوڕێ رۆژئاواییەكانیشم حەز دەكەین كوردییەكەمان باش بكەین، بەڵام مامۆستای باش و مادەی باشمان نییە، هەر بۆیە زۆر سەختە مامۆستایەكی باش بدۆزیتەوە. 
رووداو: ماوەیەك لەمەوبەر كاك قوباد تاڵەبانی، لە نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەیەكی هەولێردا بەشداریی كرد، خەڵك دەیەوێت بزانێت ئایا ئەمە بیرۆكەی تۆ بوو یان هەر خۆی دەستی بەمە كرد؟
شێری تاڵەبانی: ئەمە بیرۆكەی ستافەكەی خۆی بوو. یەكێك لەو شتانەی قوباد تەركیزی لەسەر كردووە ئەوەیە گوڕوتین بە گەنجانی كوردستان بدات، كاری خۆبەخشانە بەشێكی سەرەكییە لەمە، هەروەها هاووڵاتیبوون، واتە ئەوەی كە هەركام لە ئێمە چیمان پێدەكرێت. جودا لەمە، دەبێت فۆكس بخرێتە سەر چ جۆرە بەهرەیەك بۆ ئەوەی ژینگەی فێربوون باشتر بكەین، بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی بیركردنەوەی رەخنەگرانە، كوردستان پێویستی بە رەخنەگر هەیە، پێویستمان بە بیركەرەوەی داهێنەر هەیە، ئەمە بەشێكە لە سەرمایەگوزاری لەسەر خەڵك. ئەمە كێشەیە كە هەر كات كەسێك لە زانكۆ دەرچوو دەیەوێت لە حكومەتدا كاری دەستبكەوێ، لە رۆژئاوا شتی وانییە. بۆچی گەنجێك دەبێت بیر لە خانەنشینی بكاتەوە. لێرە لە كوردستان كێشەیەكمان هەیە كە بریتییە لە سنوورداركردنی بەشداریی گەنجان لە كۆمەڵگادا، ئەمەش لە قوتابخانەوە دەستپێدەكات. قوباد تیمێكی هەیە كە بیر لەوە دەكەنەوە چۆن بتوانن هانی كاری خۆبەخشی و بەشداریی كارا بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە