دیموکراسیکوژەکانى کورد
Tuesday, 13/06/2017, 17:43
دەسەڵاتە تاکڕەوەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەردەوام سودیان لە هەڕەشە و مەترسیەکانى تیرۆر وەرگرتووە بۆئەوەى ئازادى لە وڵاتەکانیاندا سنوردار بکەن و گەشەى دیموکراسى بوەستێنن و باسکى عەسکەرتاریانەیان بەهێز بکەن و سنورێک بۆ میدیاى ئازاد و کۆمەڵگەى مەدەنى دابنێن. لەبەرئەوە زۆرجار ئەم رژێمانە هەر خۆیان بەجۆرێک لە جۆرەکان رۆڵیان هەبوە لە بەردەوامى گەشەى تیرۆر و گروپە تیرۆریستیەکان، لەهەمانکاتدا بۆ بآ دەنگ کردنى رۆژئاواییەکان و هەڵوێستى رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دێن و مەترسى تیرۆر گەورە دەکەن و وەک هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشى گشتى جیهان لە قەڵەمى دەدەن، ئەم جۆرە هەڵوێستانەش لە ساڵانى رابردوودا لە سەر قاعیدە و بوکوحەرام و ئەنسارولئیسلام و دەیان گروپى ترى توندڕەو پیادە کراوە ، ،وڵاتە زلهێزەکانیش زۆر جار لە بەرامبەر پشتیوانى پەیداکردن بۆ شەڕی تیرۆر ،چاویان نوقاندوە لە رژێمە سیاسیەکان کە رەفتارى دژە دیموکراسیان ئەنجامداوە، بەنمونەش پشتیوانى لە کودەتا سەربازیەکەى میسرو بێدەنگیان لە ئاست ئیفلیجکردنى پەڕلەمانى کوردوستان و پێشێلکردنى ئازادیەکانى تاک و گەندەلیەکانى حکومەتى کوردوستان و عێراق.
لە کوردستانیشدا لەوکاتەوە کە هەڕەشەى داعش سەرى هەڵداوە دەسەتەڵاتى کوردى لەکاتێکدا کە روبەڕووى هەڕەشەکانى داعش بوەتەوەو وەک هێزێکى کاریگەر توانى مەترسیەکان لەسەر سنورى کوردستان دور بخاتەوە، بەڵام بە دیوێکى تردا نەیتوانى هاوسەنگى لە نێوان درێژەدان بە جەنگى داعش و گەشەپێدانى دیموکراسى بپارێزێت، هاوشێوەى رژێمە عەرەبیەکان چۆن مەترسیەکانى ئیسرائیل لەسەر وڵاتەکانیان گەورە دەکەن و بە بیانوى روبەڕوبوونەوەى هەڕەشەکانى ئیسرائیل دریًژە دەدەن بە بارى نائاسایى و سەرکوتکردنى گەل و سنوردارکردنى ئازادیەکان و بەرتەسک کردنەوەى ئازادى سیاسى لە بەردەم پارتەکان و لاوازکردنى دیموکراسى بەشێوەیەکى گشتى،ئەمانیش هاوشێوەى ئەوان رەفتار دەکەن ، راستە بەرەو روبوونەوەى داعش و گروپە تیرۆریستیەکان بەرپرسیاریەتێکى نیشتمانى گشتیە، بەڵام لە بەرامبەردا نابێت ئەمە کاریگەرى هەبێت بۆ لاوازکردنى گەشەپێدانى دیموکراسى، چونکە هەتا دیموکراسى بەهێز بێت ئینتیماى تاکەکان بۆ نیشتمان باشتر دەبێت و ریزەکانى ناوخۆ پتەوتر دەبێت و نەسیجى کۆمەڵایەتى لەڕووى هێزەوە زیاتر بە یەک پارچەیى دەردەکەوێت، راستە دەسەڵاتى کوردى لە هەرێمى کوردستان بەرامبەر بە داعش سەرکەوتوو بوو، بەڵام دەبێت ئەو راستیەش بڵێین کە پەیوەندى نێوان هێزە سیاسیەکان و دامەزراوە شەرعیە دیموکراسیەکان بەرەو لاوازى رۆیشتن و تەنانەت دامەزراوەیەکى شەرعى وەک پەرلەمان کە بەدەنگى خەڵک هەڵبژێردرا بە تەواوى ئیفلیج کرا.
کارن روس لە کتێبى (شۆرشِ بەبآ سەرکردەکان) باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا سیاسیەکان لەگەلڕ کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەستیان تێکەلڕ کردووە و سیاسیەکان لە جیاتى گەڕان بە شوێن چارەسەرى گرفتەکانى خەڵکدا کەوتوونە گەڕان بەشوێن قازانجدا، ئەندام پەرلەمانەکان لە جیاتى ئەوەى هەست بەو بەرپرسیارێتیە بکەن کە لە ئەستۆیاندایە، دێن هەریەکەیان لەبیرى بەرژەوەندى خۆیاندان و لەگەلڕ کۆمپانیا و پارتە سشیاسیە دەسەڵاتدارەکاندا دەست تێکەڵاو دەکەن و ئەوانیش دەکەونە شوێن بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان.ئەو دەلێت نابێت دلمان بە دیموکراسى خۆش بێت بۆ چارەسەرى گرفتەکان ،ئەو باس لە پۆست دیموکراسی دەکات .
ئەو دیموکراسیەى کە ئێستا لە کوردستاندا هەیە بەتالڕ کراوەتەوە لە هەموو مانا راستەقینەکەى خۆى ، بەڵکو بە ئاڕاستەیەکى ترسناک هەنگاوى ناوە، کە ئەویش بە بیانووى قەیران و شەڕى تیرۆر ، هەموو قورسایى و باجەکە خراوەتە سەر شانى هاوڵاتى و دەبێت ئەو باجەکەى بدات، قەرزى کۆمپانیاکان قەرزى بەڵێندەران، دۆڕاندنەکانى حکومەتى هەرێم بەرامبەر بە دانا گاز، هەموو ئەو شکست و قەیرانانە دەهێنن و دەبێت هاوڵاتى باجەکەى بدات.
لەبەرئەوە ئەوەى ئێستا لە کوردستاندا دەبینرێت ئاراستەیەکى دژە دیموکراسیە و دروستکردنى وێنەیەکى ترە کە ئەویش هەمووى بە ئاڕاستەیەکدا دەبرێت کە بەهێزکردنى هەژموونى دوو پارتى دیاریکراوە بەسەر تەواوى جومگەکانى دەسەڵات و سەرچاوەکانى هێز، لەم رێگەیەشەوە تەواوى کۆمەڵگە و پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و میدیاکان دەخرێنە ژێر فشار ، هەتا پابەندبن بە سیاسەتەکانیانەوە، لەم رێگەیەشەوە هەموو ئەو کەناڵانەیان بێدەنگ کردووە کە رۆڵى چاودێرى دەبینن بەسەر دەسەڵاتەوە، هەر لە پەرلەمانەوە بیگرە هەتا کۆمەڵگەى مەدەنى و میدیاى ئازاد، لەلایەکى تریشەوە نا هۆشیارى کۆمەڵگا بەرامبەر مافە مەدەنیەکانیانیان ئیستغلال کردوە. بۆئەوەى کە بەکاریان بهێنن بۆ هەر سیناریۆیەک کە دروستى دەکەن هەتا زیاتر درێژە بە دەسەڵاتى سیاسیان بدەن، تەنانەت لە دەنگادانەکانیشدا ئەوان بۆیان دیاری دەکەن کە کەى دەنگ بدەن و کەى بآ دەنگ بن، چونکە بە سیاسەتێک دەسەڵاتى کوردى نەیهێشت کوردستان ببێت بە خاوەنى دەستور، لەبەرئەوە تا هەنوکەش مەرجەعیەتى باڵاى یاساکان و دادگاکان بریتیە لە مەکتەبى سیاسى حیزبە باڵادەستەکان، بۆ ئەم مەبەستەش ئەوان دەبنە سەرچاوەى سەرەکى بڕیارە سیاسیەکان ،لەبەرئەوە دەبینین کە پەرلەمان پەک دەخەن کە گرنگترین دامەزراوەى دیموکراسیە، بەڵام لەلایەکى ترەوە داواى ریفراندۆم دەکەن و دەڵێن بۆ ئەم پرسە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خەڵک، راستە ریفراندۆم پرسێکى نیشتمانیە و پێویستە جەماوەر دەنگى لەسەر بدات ،بەڵام خۆ پەرلەمان گرنگتر و شەرعی ترە، ئەى بۆچى رێزێک بۆ راى دەنگەکانى خەڵک دانانرێت و هەر لەو دەزگایەوە ئەو بڕیارە نادرێت؟ کەواتە لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین دیموکراسى لە کوردستاندا بەرەولێژ بوونەوە هەنگاوى ناوە، ئەگەر پارتە سیاسیەکان و دەسەڵات بەرى پآ نەگرن و بە دیدگایەکى نوآ مامەڵە لەگەلڕ ئەم دۆخەدا نەکەن وەک کارن روس دەڵێت مەرگى دیموکراسى بەچاوى خۆمان دەبینین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست