ئه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كه‌ن بۆخۆیان ناشه‌رعیی و نایاسایین
Tuesday, 13/06/2017, 17:36
سازدانی: ماڵپەڕی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی
محه‌مه‌د عه‌بدوڵا هاوسه‌رۆكی گشتیی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، له‌چاوپێكه‌وتنێكی ماڵپه‌ڕی ته‌ڤگه‌ری ئازادییدا، هه‌ڵوێستی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی له‌مه‌ڕ سه‌رۆكی پارتیی مه‌سعود بارزانیی و لایه‌نه‌كان به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرسه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ریفڕاندۆم، هه‌ڵوێستی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی روونده‌كاته‌وه و ده‌ستنیشانی ده‌كات، ئه‌وه‌ی کە ده‌یه‌وێ نوێنه‌رایه‌تی پرسی ریفڕاندۆم بكات، بۆخۆی هیچ شه‌رعیه‌تێكی یاسایی نییه. جەختیشدەکاتەوە ئه‌وه‌ی پێویسته بكرێت پێشوەخت هه‌نگاونانی زه‌مینه‌سازییه و ده‌بێت ده‌ستورێكی دیموكراتی بنوسرێت و پارلەمان كارا بكرێته‌وه.
سه‌رۆكی پارتیی و به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا و گوایه پرسی ریفڕاندۆم و هه‌ڵبژاردنیان تاوتوێكرد، ئه‌م كۆبوونه‌وه چۆن ده‌نرخێنن؟
------------------------------
محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: سه‌ره‌تا پرسی كۆبوونه‌وه‌ی پارت و لایه‌نه‌كان به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكی پارتیی مه‌سعود بارزانییی بۆ گفتوگۆكردنی ئه‌و پرۆتۆكۆڵه نه‌وتییه بوو كه حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیای "روس نه‌فت" دا كراوه، به‌ڵام دوایی بارزانیی پهیامێكیداو واده‌یی ریفڕاندۆمی دیاری كرد.
ماوه‌یه‌كه ریفڕاندۆم بووەته رۆژه‌ڤێكی گه‌رمی خه‌ڵكی باشووری كوردستان، هه‌ندێك زیاد گه‌وره‌یی ده‌كه‌ن و پرۆپاگه‌نده‌یی بۆده‌كه‌ن و هه‌ندێكیش به‌شێوازێك له‌شێوازه‌كان ئاسته‌نگی بۆ درووست ده‌كه‌ن. له‌راستییدا ریفڕاندۆم پرۆسه‌یه‌كه مافێكی شه‌رعیی و یاسایی هه‌ر پێكهاته و نه‌ته‌وه‌ییه‌كه به‌گه‌لی كوردیشه‌وه، ئێمه پێمان وایه بۆمه‌سه‌له‌ی ریفڕاندۆم ره‌نگه ئێمه دواكهوتبێتین. له‌وچوارچێوه‌یه‌دا ساڵی 2005 ریفڕاندۆم كرا، به‌ڵام ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی لێنه‌كه‌وته‌وه، له ئێستاشدا هێزێك له باشووری كوردستان زیاتر پروپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كات. ئاماژه‌مان به‌وه‌دا كه ریفڕاندۆم مافێكی شه‌رعیی و یاسایی هه‌موو پێكهاته و گه‌لێكه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه ئه‌وانه‌ی كه ئێستا پڕوپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كه‌ن له‌باشووری كوردستاندا، بۆ خۆیان ناشه‌رعیی و نایاسایین، هه‌موو مافه شه‌رعیی و یاساییه‌كانیان له‌ده‌ستداوه، ره‌نگه بۆ ئه‌وه بێت كه بیانه‌وێ جارێكی‌تر له چواچێوه‌یه‌كی تردا خۆیان به‌یاسایی بكه‌نه‌وه له‌باشووری كوردستاندا. ئه‌گه‌ر نا ریفڕاندۆم پێداویستیه‌كانی گرینگن، به‌ڵام ده‌پرسین ئه‌و پێداویستیه گرینگانه بۆ ئه‌م پرسه پێكهاتوون؟ ئایا ئه‌نجامه‌كه‌ی روونه؟ له‌دوایی ریفڕاندۆم چیی ده‌بێت ئه‌مه گرینگه. ئایا پشتگیری ته‌واوت بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه به‌ده‌ست هێناوه؟ پێویسته ئه‌مانه روون بكرێته‌وه، چونكه ئه‌م خاڵانه زۆر گرینگن.
په‌رته‌وازه‌یی هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر بابه‌تی ریفڕاندۆم چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه؟ كه هه‌ندێ لهپارتهكان له‌گه‌ڵیدان و هه‌ندێكی تریش به‌پێچه‌وانه‌وه؟
محهمهدعهبدوڵا: بهدووخاڵ وه‌ڵامی ئه‌و بابه‌ته ده‌ده‌مه‌وه، یه‌كه‌م بۆ مه‌سه‌له‌ی ریفڕاندۆم خاڵی هه‌ره گرینگ ئاشته‌وایی لایه‌نه‌كان و یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك ره‌نگی لایه‌نه‌كانه له‌باشووری كوردستاندا، كه ئه‌مه‌ش پاڵپشتێكی به‌هێزده‌بێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ریفڕاندۆم به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م پێداویستیه گرینگه له‌باشووری كوردستاندا بوونی نییه.
خاڵی دووه‌م؛ مه‌سه‌له‌ی ریفڕاندۆم پرۆسه‌یه‌كی حیزبیی نییه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی گرینگه و گرێدراوی هه‌موو گه‌له، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا له‌باشووری كوردستاندا ده‌یانه‌وێ ئه‌م پرۆسه‌یه به‌حیزبی بكه‌ن. وه‌ك بینیمان كۆمه‌ڵێك حیزب و هه‌ندێكی تر كه ده‌توانین بڵێین پاشكۆیی ئه‌وانن و كاریگه‌رییان نییه، به‌ڵام هه‌میشه لاسایی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌نه‌وه، كه خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی جدیی نین و چاویان له ده‌ستی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌یه، ئه‌گه‌رنا له‌باشووری كوردستاندا، ئێستا دوو هه‌ڵوێست هه‌یه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ریفڕاندۆم، هیچ بۆچوونێكیان له‌دژی ئه‌وه نییه كه ریفڕاندۆم ئه‌نجام نه‌درێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێیوایه به‌م شێوازه بكرێت، ئێمه پێمانوایه ئایندهییهكی گه‌شی نابێت، ریفڕاندۆمێكی به‌هێز نابێت و سه‌ركه‌وتنیشی دیار نییه. بۆچوونه‌كه‌ی تریش ئه‌وه‌یه كه پێداویستییه‌كانی ئاماده بكرێت. ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه ده‌رباره‌ی ریفڕاندۆم له باشووری كوردستاندا ئه‌م دوو بۆچوونه‌یه.
به‌گوێره‌ی بۆچوونی دووه‌م، كه پێداویستییه‌كانی پێكبهێنرێن پێویسته، به‌م جۆره‌ش ده‌بێته هه‌ڵوێستێكی نیشتیمانیی و هه‌ڵوێستی ته‌واوی خه‌ڵك. بۆ نموونه پارلەمان نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك ده‌كات، به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك له‌و كۆبوونه‌وه‌دا ئاماده نه‌بوو، به‌س ته‌نها نوێنهنری حیزب بووه، ئه‌مه له‌هیچ شوێنێكی دوونیادا نییه، كه تۆ سیستمت هه‌یه، حكومه‌تت هه‌یه، پارلەمانت هه‌یه، هه‌موو ئۆرگانه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنت هه‌یه، به‌ڵام دیسان بگه‌رێیه‌وه بۆ رێكه‌وتنه حیزبییه‌كان. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه له‌م حاڵه‌ته‌دا بابه‌ته‌كه ته‌نها ده‌بێته بابه‌تێكی حیزبیی و ره‌نگه ئه‌و حیزبانه له‌باشووری كوردستاندا وه‌كو كارتێكی فشار له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێ حیزب و هه‌ندێ ئه‌جیندای تر به‌كاریبهێنن، كه ئه‌مه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌سوود بۆ گه‌لی ئێمه ته‌واو نابێت. گه‌لی ئێمه قازانج و سودێك له‌مه‌دا نابینێت، كه تۆ بهملمیلانێی حیزبی، به‌كارتی فشار بۆسه‌ر هه‌ندێ فیكر و ئایدیای تر تۆ بێی پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌یی به‌و ره‌نگه بكه‌یته بابه‌تی مامه‌ڵه‌كردن، ئه‌نجامه‌كانی حوكمڕانیی 26 ساڵی حوكمڕانیی له‌هه‌رێمدا چیی لێكه‌وتۆته‌وه ره‌نگه ئه‌نجامه‌كانی رێفراندۆمیش به‌هه‌مان شێوه بێت. به‌تایبه‌تیش دیار نییە كه دوایی ریفڕاندۆم چیی ده‌بێت، تائێستا خۆیان له‌قه‌ره‌ی ئه‌وه ناده‌ن كه چۆن كار به‌ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وه گرینگە دوایی ریفڕاندۆم به‌رنامه‌ی تۆ چیییه له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی، به‌م جۆره‌ش ده‌توانی ده‌نگی گه‌لی خۆت به‌ده‌ست بهێنیت.
خاڵێكی تر، ئه‌و پارت و لایه‌نه‌ی كه ئیستا هه‌ستاون و پڕوپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كه‌ن، متمانه‌ی گه‌لیان له‌ده‌ستداوه، بۆیه جارێكی تر پێویسته پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی له به‌ینی ده‌سه‌ڵات و گه‌لدا دروست بێت، ئه‌و كاته تۆ ده‌توانی ریفڕاندۆمێكی به‌هێز به‌ڕێوه‌ببه‌یت و ئه‌نجامێكی باشیشی لێبكه‌وێته‌وه.
ئاماژه بهوهدهكهی كه هه‌لومه‌رجی ریفڕاندۆم له‌بار نییه، چۆن هه‌لوومه‌رج له‌بارنییه؟
محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: ئێمه وتمان پێداویستییه‌كانی چیییه؟ مه‌سه‌له‌ن جیۆگرافیا گرینگه؛ تۆ له‌چیی جیۆگرافیایهكدا پرۆسه‌ی ریفڕاندۆم به‌ڕێوه ده‌به‌ی؟ ئێستا هه‌ندێك به‌شی كوردستان له‌ژێرده‌ستی چه‌ته‌كانی داعشدایه و هێشتا رزگار نه‌كراوه، هه‌ندێ شوێنی تر ره‌نگه ده‌سه‌ڵاتداری حكومه‌تی ئێراق رێگه‌نه‌دات تۆ ئه‌م پرۆسه‌ی تێدا ئه‌نجام بده‌ی، هه‌ندێ جێگایی تر هه‌یه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌م كێشانه‌ت چاره‌سه‌ر نه‌كردبێت و نهتگهڕاندبێتهوه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ریفڕاندۆم ئه‌نجام بده‌ی، ئه‌مه خیانه‌تێكه له‌سه‌ر ئاستی نیشتیمانیی! به‌ڵام كه‌ی ئه‌مانه گه‌ڕانه‌وه ئه‌مه پێداویستییهكێتی. مه‌سه‌له‌ن تۆ پارلەمانێكت هه‌یه كارا نه‌بووەته‌وه، كێشه‌ی دارایی و ئابووریی هه‌یه، كه ئه‌م كێشه له‌خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌ستی پێكردوه كه دابڕانێكی گه‌وره‌یی گه‌لی له‌ده‌سه‌ڵات ده‌ستپێكردوه، بۆیه خه‌ڵك ئێستا باوه‌ڕی به‌وه نییه، چونكه خه‌ڵكێک كه به‌ده‌نگی خۆی پارلەمانی هه‌ڵبژاردوه و ئێستا ئه‌م پارلەمانه به‌ده‌ستی ئه‌مانه بێكاریگه‌ر كراوه، باشه جارێكی تر تۆ چۆن رووی ئه‌وه‌ت هه‌یه بێی و به‌م خه‌ڵكه بڵێی وه‌ره‌وه ده‌نگ بده‌ره‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی ریفڕاندۆم، تۆ جارێ دهنگهكانیت پێشێل كردوه چۆن ده‌توانی دووباره داوای ده‌نگی لێبكه‌یه‌وه. وه‌كو تر تۆ باسی سه‌ربه‌خۆی و جیابوونه‌وه ده‌كه‌ی، وه‌كو تر چه‌ندین بابه‌تی گرینگ هه‌یه تۆی به‌ستووەته‌وه به ئێراقه‌وه، تۆ ده‌ته‌وێ ئه‌م دابڕانه دروست بكه‌ی، له‌لایه‌كی تره‌وه به‌هه‌ندێ ئیتیفاقی حیزبیی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر هه‌یه و هێزیانت هێناوه‌ته باشووری كوردستان به‌رامبه‌ر به‌مه هه‌ڵوێستێكت نییه، باشه له‌وڵاتێكدا كه سوپایی داگیركه‌ر هه‌بێت ریفڕندۆم چیی واتاییه‌كی هه‌یه؟ سه‌ربه‌خۆیی؟ چۆن باسی سه‌ربه‌خۆی ده‌كه‌ی؟ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه‌شه كه ده‌ڵێم له‌ئێستادا پێداویستییه‌كانی ریفڕاندۆم نین.
هه‌ڵوێستی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی ده‌رباره‌ی ریفڕندۆم چیییه؟
محه‌مه‌د عه‌بدوڵا:هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی باشووری كوردستان تا ئێستا روون نییه؟ بۆ دۆزی كورد چ له‌باشوور و چ له‌به‌شه‌كانی تری كوردستان، تا ئێستا سیاسه‌تێكی شه‌فاف به‌ڕێوه نابات، تا بزانی ده‌چێته خزمه‌تی كێوه، ئێمه ئه‌گه‌ر نموونه بێنینه‌وه، بۆ نموونه سیاسه‌تی به‌ناوی سه‌ربه‌خۆیی فرۆشتنی نه‌وته‌وه، كه بودجه‌ی حكومه‌تی ئێراقی بۆ هه‌رێمی كوردستان بڕی، ئه‌م هه‌نگاوه زیانی به‌گه‌لی كورد گه‌یاندوه و ئه‌و قه‌یرانه ئابووریانه و سیاسه‌تی برسیكردنی لێكه‌وتووەته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر جارێكی دی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و هێزه و پرۆسه‌یه‌كی به‌و ره‌نگه و به ناشه‌فافی و به‌م ته‌م و مژاوییه به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌نجامێكی به‌و ره‌نگه‌ی لێبكه‌وێته‌وه. وه‌كو ته‌ڤگه‌ری ئازادیی له‌گه‌ڵ ئه‌و ریفڕاندۆمهدا نابین، ئێمه له‌گه‌ڵ ریفڕاندۆمێكدا نین بهئهجیندایی حیزبی و باڵاده‌ستی حیزبی و بنه‌ماڵه و هه‌ندێ شتی له‌وبابه‌تانه‌ی پێوه دیاربێت. ئێمه له‌گه‌ڵ ریفڕاندۆمێكداین كه ده‌نگی گه‌ل حاكم بێت تێیدا، نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل حاكم بێت تێیدا، پرۆسه‌یه‌كی ئاشته‌وایی هه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر تۆ نا‌توانیت یان ئیمكانی ئه‌وه‌ت نییە پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی و یه‌كڕیزی دروست بكه‌ی له‌كوردستاندا، چۆن ده‌توانی ده‌ست ببه‌ی بۆ بابه‌تێكی گرینگی به‌و ره‌نگه، كه‌واته ئه‌مه ده‌چێته قاڵبی موزایهدهیی سیاسییه‌وه، ده‌چێته قاڵبی موزایهدهیی حیزبیی و فه‌رزكردنی ئه‌جیندایی حیزبییه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش سیاسه‌تێكی ناشه‌فافی هه‌یه له‌گه‌ڵ هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌تایبه‌تی وڵاته هه‌رێمییه‌كانی ناوچه‌كه.
له‌م كاته‌دا شه‌ڕ و ئاڵۆزیی رۆژهه‌ڵاتی ناوینی گرتووەته‌وه، جه‌مسه‌رگیریی نوێ دروست ده‌بێت هه‌نگاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌وه دیار ده‌كه‌ن به‌بێ له‌پێش چاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد خۆی ده‌خاته نێو ئه‌م جهمسهرگیریانهوه، یه‌ك له‌وانه ئه‌م رێكه‌وتنه نه‌وتییه‌ی له‌گه‌ڵ روس نه‌فت هه‌یه، په‌یوه‌ندی به‌م جه‌مسه‌رگیرییه نوێیوه هه‌یه كه ئێستا له‌ناوچه‌كه‌دا گۆڕانكاری تێدا دروست ده‌بێت، به‌تایبه‌تی هه‌ندێ هاوپه‌یمانی عه‌ره‌ب له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵوێستێكدا له‌دژی چه‌ند وڵاتێكی تری عه‌ره‌ب و ناوچه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌تایبه‌تی هه‌ندێ وڵاتی وه‌كو توركیا و قه‌ته‌ر و ئێران سه‌خڵه‌تن به‌م رێكه‌وتنانه، پارتیی دیموكراتیش كه پارتێكی ده‌سه‌ڵاتداری باشووری كوردستانه و زۆرترین پڕوپاگه‌نده بۆ ریفڕاندۆم ده‌كات، به‌دوای هه‌ندێ وڵاتی ناوچه‌كه‌دا ده‌چێته ناو جهمسهرگیرییهكانهوه. ئێمه پێشتریش وتبوومان پێویسته ده‌سه‌ڵاتی باشووری كوردستان خۆی نه‌خاته ناو ململانێی مه‌زهه‌بی شیعه و سوننه‌ی عوسمانیی و سه‌فه‌وییه‌وه كه زیاتر له‌پێنج سه‌ده‌یه به‌رده‌وامه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه بووینه قوربانیی هه‌ندێ ناكۆكیی هه‌ندێ ئه‌جیندای فیكریی و مه‌زهه‌بیی له‌ناوچه‌كه‌دا، له‌وچوارچێوه‌یه‌دا جارێكی تریش ریفڕاندۆم ئه‌نجامه‌كه‌ی دیار نییه. ئێمه هه‌تا نه‌زانین ئه‌نجامه‌كه‌ی چیی ده‌بێت؟ زه‌مینه‌ی بۆ ئاماده نه‌كرابێت و روون نه‌بێت دوایی ریفڕاندۆم چیی ده‌بێت و چیی ده‌دا به گه‌ل؟! چونكه گرینگە ریفڕاندۆم چیی به‌گه‌ل ده‌دا 2005 ساڵی ریفڕاندۆم كرا گه‌ل چیی قازانج كرد؟! هیچ، كه‌واته ئه‌و ریفڕاندۆمه ئه‌گه‌ر جارێكی تر بیكه‌ین، بێ متمانه‌یی و ساردبوونێك له‌ناو گه‌لدا دروست ده‌كات و زیانی بۆ گه‌لی كورد ده‌بێت. وتمان كه ده‌یانه‌وێ وه‌كو كارتێكی فشار به‌رامبه‌ر به‌هه‌ندێ هێزی تر به‌كاری بهێنن.
هه‌ر بۆیه له‌و چوارچێوه‌ی كه ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كانی دیار نه‌بێت، زه‌مینه‌سازی بۆنهكرابێت، ئه‌وه ئێمه له‌گه‌ڵی نین پێشمان وانییە سه‌ركه‌وتوو بێت.
چاره‌سه‌ر چییه؟
ئه‌وه‌ی گرنگه بكرێت پێش هه‌رشتێ ده‌ستورێكی دیموكراتی بنوسرێت، په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه، هه‌ڵبژاردنێكی بێ ساخته‌كاری بكرێت، په‌یوه‌ندی حزبی و ڵاتانی ده‌ره‌وه به‌ناوی حكومه‌ته‌وه نه‌كرێت، ئه‌وهێزانه‌ی هاتوونه‌ته باشوری كوردستان ده‌ر بكرێن، به‌تایبه‌تی سوپای توركیا، له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانیدا متمانه بۆگه‌ل بگه‌ڕێنرێته‌وه، هێزی پێشمه‌رگه له‌هێزی حزبییه‌وه بكرێته هێزێكی نیشتمانی وله‌جێی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌كان ئه‌ركی پاراستنی نیشتیمان بێت، سیاسه‌تی برسی كردنی خه‌ڵك كۆتایی پێبهێنرێت، سیاسه‌تی فرۆشتنی نه‌وت ئاشكرا بكرێت و شه‌فاف بێت و له‌بن كۆنترۆڵی حزب بێته‌ده‌ره‌وه، كه هه‌موو ئه‌مانه بنه‌مایی سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو وڵاتێكن، له‌ئه‌گه‌ری پێكهێنانی ئه‌م خاڵه بنه‌ڕه‌تیانه‌دا ئه‌وا هه‌موو لایه‌ك به‌په‌رۆشه‌وه به‌پیر ههرداواكاریهكهوه ده‌چن، كه پرسی ریفراندۆمیش پێویستی به‌مه‌یه و هه‌م شهرعییهوههمیش به‌به‌هێزی دێته بوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست