کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەربەخۆیی یان میرنشینی بارزان

Saturday, 10/06/2017, 9:37


مەسعود بارزانی بەناوی دەوڵەتی كوردیەوە دەیەوێ میرنشینی بابان و بادینان پێكەوە بلكێنێت و میرنشینی بارزانی لێ دروست بكات و بیخاتە خزمەتی توركیا لەبەرامبەر پاڵپشتیكردنی توركیا لەمانەوەی حوكمی تاكڕەوی و گواستنەوەی دەستەڵات پشت بۆ پشت.
بۆیە ھەر لەئێستاوە ئەركی كۆكردنەوەی باج و خەراجی ئەم زەویانەی گرتۆتە ئەستۆ كە پێی دەگوترێت ھەرێمی كوردستان، خێرا خێراو ئەستور ئەستور بۆ سەڵتەنەتی عوسمانی ژێر سێبەری (كۆماری) دەیگوازێتەوە.
لەماوەی ڕابردوودا دەوڵەتی تورك زۆرترین داھاتی لە باج وخەراجی میرنشینی بارزاندا دەستكەوتووە، ھەرچی نەوت وگازی سروشتی و بازرگانی جل وبەرگ وخواردەمەنی و چەك وچۆڵ ھەیە لەژێر فەرمانی ژووری سوڵتانی سەر كۆماردا بووە.
ئەوەی لەمەودواشدا تێبینی دەكرێت، چڕبوونەوەی ملكەچی میری میرنشینەكەی بارزانە بۆ سەڵتەنەتی كۆمار.
ئەم ملكەچ بوونەش باجی بەتەواوی گەلی باشوری كوردستانداوەو بە بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش باجەكان زیاتر دەبن، توركیاش بۆ ھێنانەدی خەونی لەمێژینەی دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێڕاق تواناكانی بۆ ھێشتنەوەی بارزانی لەم بارودۆخەو پتەوكردنی دەستەڵاتەكەی چڕدەكاتەوە.
ئەم مەسەلەی ڕێفەراندۆمەش تەنھا ھەر لەپێناو مانەوەی پارتی وخودی مەسعود بارزانیە لەو مەقامی سەرۆكایەتیەی ھەرێم، ئەگینا پرسی بەئامانج گەیشتنی كورد لەسەربەخۆیی ئەساسێكی نیە، ڕەنگە لەشێوەی نیمچە سەربەخۆییەكی كۆڵۆنی سەر بەتوركیاو ھەندێ ھێزیتری دژ بەخواستی زۆرینەی كورد گڵۆپی سەوز بۆ بارزانی ھەڵكرابێت تاكو ئیدامە بەم پێگەو مەقامەی بدات.
تاكو دۆخی ژیان و باجدانیش توندتر بێت بەرەنگاربوونەوەشی قوڕستر دەبێت، بۆیە زەروورە ھەرچی زووە بەفعلی بەربەست دابنرێن، بەسەختی مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتە مەترسیدارەی بارزانی و توركیاو ھاوكارەكانی بگیرێت.
ئەمانە بەھەموو شێوازێك دژایەتی گەلی باشوریان كردووە لەپێناو ھاتنەدی ئامانجە داگیركاریەكەی توركیا و خواستە خێڵەكیەكەی خۆیان، بۆیە گەلیش شەرعیەتی تەواوی ھەیە بۆلەمەودوا بەو شێوازو چەكە بجەنگێت كە خۆیان بڕوایان پێ ھەیە، چونكە ڕێگاكانی دەرەوەی قەناعەتی ئەوان تاقیكرانەوەو ھیچی ئەوتۆی لێ سەوز نەبوو.
جائەگەر ھەرچی زووە ڕێگری ئەم خواست وسیاسەتە نەكرێت ئەوا میرنشینی بارزان بەناوی خوازراوی دەڵەتۆچكەی كوردیەوە دادەمەزرێت، ئاڵاكەی (زەرد) و ئاڕمی ئیداری (كەللە سەری مەلا مستەفا) و سرودی نیشتمانی (بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی) و ڕۆگەی (گۆڕی نەمران) و شازادە جێنشینەكانی (مەسرور و مەنسوڕو بابۆ) و ڕەمزی نەتەوەیشی (جەمەدانی سور) دەبێت.
بەڵام خانمی شاژنی (نیە) چونكە خێڵەكین دڵیان لەدەركەوتنی ڕەگەزی مێینەی خۆیان پیسە.
ئەم گوتارەی ئێستای پارتی ڕیشەیەكی مێژوویی ھەیەو دەیھەوێ دەستكەوتەكانی خەباتی كوردایەتی و جوگرافیاو كەلتورو ئەدەبی باشور بەبارزانی بكات، بۆ زەمەنێكی درێژ حاكمی ناحەكیم و فەرماندەداری وڵات بن، ھەمیشەش جێگرەوەی باوكی شاھنشاھ ئامادە بێت و تەواوی جڤاكیش ئیتاعەیان بكەن، وەكو پەیكەری لات وعوزا پەرستش بكرێن، خۆشیان ئیتاعەی سوڵتانی كۆماری توركیا بكەن.
بۆیە بابجەنگین لەپێناو كورتكردنەوەی جەنگ، لەبەرئەوەی شەڕی ئەمڕۆ بۆ ئاشتی درێژخایەن لەژێردەستەیی دوورخایەن زۆر باشترە.
ئەوەی ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنێت بەئاراستەی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەل و وڵات و دیموكڕاسی و دادگەری بەربەستدانانە لەبەردەم ئەم خو وسیاسەتە خراپانەی ئەم خێڵە بەكردار دەرەكیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە