کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌وتی کوردستان پێویسته‌ خۆماڵی بکرێت

Saturday, 03/06/2017, 21:42


وه‌ك چۆن نه‌وتی که‌رکوك له‌وه‌ته‌ی دۆزراوه‌ته‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆی سه‌ریه‌شه‌و به‌ڵا بۆ دانیشتووانه‌ کورده‌ ره‌سه‌نه‌که‌ی و که‌چی له‌و هه‌موو داهاتانه‌ش‌ ته‌نها دوکه‌ڵه‌که‌یان بۆ ماوه‌ته‌وه،‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوانه‌ی هاتوچۆ  که‌ به‌ هۆی ته‌نکه‌ره‌ نه‌وتبه‌ره‌کان دووچاری هاوڵاتیان ده‌بێت و هه‌روه‌ها چۆن رێگاوبانه‌کان ده‌شێوێنن..
له‌ولاشه‌وه‌ له‌وه‌ته‌ی نه‌وتی کوردستان دۆزراوه‌ته‌وه‌، بووه‌ته‌ مایه‌ی نه‌هامه‌تی بۆ خه‌ڵکی کوردستان، حوکمه‌تی ناوه‌ند هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ موچه‌ی هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی کوردستانی بڕی، که‌چی داهاتی نه‌وته‌‌که‌ی کوردستان  ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت که‌س نازانێت چه‌نده‌و بۆ کوێ ده‌چێت؟ له‌حاڵێکدا گه‌ر به‌ دادپه‌روه‌ریی دابه‌ش بکردرایه‌ ته‌نانه‌ت منداڵی ناو لانکه‌ش موچه‌ی ده‌بوو.
به‌ پله‌ی یه‌که‌م مافیاکانی ناو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پاشتر چه‌ند به‌رپرسێکی ناو حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی وه‌کو کۆسره‌ت و هێرۆ و .... هه‌موو داهاته‌که‌ ده‌دزن و که‌چی ده‌ڵێن قه‌یرانه‌، ئه‌م راستییه‌ له‌ که‌س ناشاردرێته‌وه‌، به‌س چۆن ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌ گه‌ر هیچ ده‌سه‌ڵاتێکیشیان نه‌بێت تا ئێستا ده‌ستیان نه‌کردووه به‌ یاخی بوونی مه‌ده‌نی و هه‌ر یه‌ك له‌ ئاستی خۆیه‌وه‌ ره‌فزی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌و دزه‌کانیانی نه‌کردووه‌ته‌ه‌و تفێکی نه‌کردووه‌ته‌ ویژدانه‌ مردووه‌کانیان، هه‌مووان ئاگاداری جه‌رده‌یی ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌ مافیایه‌ن، له‌ولاشه‌وه‌ خه‌ڵکی ساویلکه‌ به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن، که‌چی هاوڵاتیانیش برسی و بێبه‌ش ده‌که‌ن، چۆن ده‌وڵه‌ت به‌ خیانه‌تکارو دز داده‌مه‌زرێت و به‌ڕێوه‌ده‌برێت، ئه‌وه‌ به‌س خۆڵ کردنه‌ ناو چاوی خه‌ڵك و بازرگانیکردنه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه‌، ئه‌گینا سه‌ره‌کیترین بنه‌مای ده‌وڵه‌ت دادپه‌روه‌رییه‌، کوا دادپه‌روه‌ریی له‌ کوردستاندا هه‌یه‌؟ رۆژ به‌ رۆژ دۆخی خه‌ڵکی خراپتر ده‌بێت و قه‌یران و کێشه‌ی نوێ بۆ میلله‌ت ده‌دۆزنه‌وه‌.
کورت و دروست ئه‌و دووبنه‌ماڵه‌یه‌ به‌و ماستاوچی و گزیرانه‌ ماوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ پاره‌ی دزراوی  نه‌وتی کوردستان ده‌کرێنه‌ گورگ و پارێزگاری له‌ ده‌سه‌لاته‌که‌یان ده‌که‌ن و خه‌ڵکی هه‌ژاریان پێ تیرۆرو چاوترسێن ده‌‌که‌ن، که‌واته‌ پێویسته‌ دڵسۆزان و خه‌باتکاران و رۆشنبیرانی میلله‌ت بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ نه‌وتی کوردستان له‌ مۆنپۆڵی ئه‌و تاقمه‌ بازرگان و مافیایه‌ ده‌رکه‌نو خۆماڵی بکه‌ن، ئه‌گینا هه‌ر ده‌بێته‌ به‌نزین و جه‌سته‌ی میلله‌ت ده‌سوتێنێت، ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ میلله‌ت مافه‌کانی خۆی بستێنێ تا هه‌ناسه‌یه‌کی ئارامی بده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌س به‌وه‌ ده‌بێت هه‌ر یه‌ك له‌ ئاستی خۆیه‌وه‌ یاخی بوونی مه‌ده‌نی جێبه‌جێ بکات تاکو ورده‌ ورده‌ فشار ده‌گاته‌ بینه‌قاقای مافیاکانی  بارزانی و  تاڵه‌بانی و سه‌رده‌کێشێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕه‌که‌یان له‌ ژێر پێ ده‌ربهێنرێت و رزگارمان بێت له‌ سینارێۆکانی دانه‌گازو چه‌ڵته‌چه‌ڵته‌کانی نێچیروان بارزانی که‌ ده‌ڵێت له‌سه‌ر ناردنی نه‌وت قه‌رزار ده‌بینه‌وه‌!
ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت هێزی ئابووری خۆماڵی بکرێت، جگه‌ له‌ داهاته‌کانی ناوخۆ، سامانی نه‌وت ئه‌و کارته‌یه‌ که‌ بنه‌مایه‌کی ئابووری به‌هێزبوونی پێگه‌ی ئه‌و مافیایانه‌یه‌و به‌کاری دێنن بۆ مانه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندی و ربواردنه‌کانی خۆیان، پێویسته‌ پییان  بگوترێت چیدی نا.. ئه‌و نه‌وته‌ موڵکی میلله‌ته‌و به‌سه‌ 26 ساڵه‌ ده‌دزن و ده‌کوژن و وێران ده‌که‌ن و تیرۆر ده‌که‌ن، کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ دادگایی بکرێن له‌بری ئه‌وه‌ی خۆتان به‌ خاوه‌نی سه‌روه‌ریه‌کانی میلله‌تی کورد بزانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە