کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌وشیروان مسته‌فا هیچ پۆستێکی به‌ (نماو چیا)ی كوڕی نه‌به‌خشی

Wednesday, 31/05/2017, 21:18


سەرنجی کوردستانپۆست: ئەم بابەتە بڵاوی دەکەینەوە و لە نێو ئەرشیفی کوردستانپۆست دەیپارێزین تا بۆ خوێندنەوەی مێژوو لە پاشەڕۆژدا وەکو بەڵگە پارێزراوبێت.
-----------------------
پێچه‌وانه‌ی نه‌ریتی حزبایه‌تی لای پارتی‌و یه‌كێتی، نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كوڕه‌كانی به‌بێ پۆست له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌جێهێشت، به‌پێی وته‌ی كه‌سێكی نزیك له‌نه‌وشیروان مسته‌فاش “نه‌وشیروان مسته‌فا به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بو چیاو نما پۆستیان هه‌بێت له‌ناو گۆڕان”.
ئا: وریا حسێن
نه‌وشیروان مسته‌فا خاوه‌نی دو كوڕو كچێكه‌ به‌ناوه‌كانی (چیا، نما، چرا) نما كوڕی گه‌وره‌ی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ ساڵی 1982 له‌شاخ له‌دایكبوه‌، بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌زانكۆی وێست مینسته‌ری به‌ریتانی له‌بواری (ئابوری‌و سیاسه‌ت) به‌ده‌‌ستهێناوه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌(چیاو چرا)ش دوانه‌ن‌و له‌ساڵی 1984 له‌ئێران له‌دایكبون، چیا خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ له‌بواری (سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی) له‌زانكۆی هارڤاردی ئه‌مریكی، چراش كه‌ كچی تاقانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ زانكۆی ئیمپریاڵی به‌ریتانی ته‌واوكردوه‌و ئێستا دكتۆره‌یه‌ له له‌نده‌ن.
سه‌ڵاح ره‌شید هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌سێكی نزیك له‌نه‌وشیروان مسته‌فا له‌باره‌ی رای نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به‌هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی كوڕه‌كانی بۆ پۆسته‌ باڵاكانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باسی ئه‌وه‌یكرد نه‌وشیروان مسته‌فا دژی پڕۆسه‌ی به‌بنه‌ماڵه‌یكردنی ده‌زگا سیاسیه‌كان بو، پێی وابو كوڕو كچی به‌رپرسه‌كان ده‌بێت به‌پێی توانای خۆیان بچنه‌ پێشه‌وه‌ نه‌ك به‌پاڵپشتیكردنیان، وتی “چیاو نما له‌كاری سیاسی رۆژانه‌ به‌شدارییان نه‌كرد‌وه،‌ پۆستیان نه‌بوه‌، به‌ڵام هاوكاری باوكیان كردوه‌، رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ باوكی بون ئاگاداری ‌ورده‌كاری‌و ژیانی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانن، به‌ڵام كچه‌كه‌ی ئێستا دكتۆره‌یه‌ له‌ له‌نده‌ن‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نیه‌”.
نه‌وشیروان مسته‌فا زۆر بایه‌خی به‌وه‌داوه‌ چیاو نما زۆرترین تێكه‌ڵاوی كلتوریان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ژیانی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردی بۆیه‌ زۆربه‌ی كات وه‌كو یاریده‌ده‌ر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرد‌ون‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدابوه‌ هیچ پۆستێكی فه‌رمیان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بوه‌، هاوكات به‌پێی وته‌ی سه‌ڵاح ره‌شید “چیاو نما له‌زۆرینه‌ی كۆبونه‌وه‌كان به‌شدارده‌بون، به‌ڵام قه‌ت گفتوگۆیان نه‌ده‌كرد له‌باره‌ی پرسه‌كانه‌وه‌”.
سه‌ڵاح ره‌شید له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی به‌تایبه‌ت چیاو نما ئه‌وه‌ی بۆ ئاوێنه‌ رونكرده‌وه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا زۆر به‌وردی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی چیاو نمای ده‌دایه‌وه‌و له‌باره‌ی پرسه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ رونكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌دان، وتیشی “ئه‌و ته‌عبیرو روداوه‌ سیاسیانه‌ی ده‌هاته‌ پێشه‌وه‌ بۆ چیاو نمای به‌جوانی رونده‌كرده‌وه‌”.
هاوكات له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گه‌ڵ چراو شوعله‌ عه‌لی هاوسه‌ری باسی ئه‌وه‌یكرد خێزانێكی به‌خته‌وه‌ربون له‌گه‌ڵ شوعله‌خان‌و مامه‌ڵه‌یه‌كی دروستی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كرد، وتیشی “باسكردنی بنه‌ماڵه‌كه‌ی تێكه‌ڵ به‌سیاسه‌ت نه‌كردوه‌”.
هاوكاتی ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بایه‌خی به‌خێزانه‌كه‌ی داوه‌، به‌ڵام هیچ بایه‌خێكی بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوه‌ چیاو نما بهێنێته‌ پێشه‌وه،‌ به‌پێی وته‌ی رێبین هه‌ردی نوسه‌رو رۆشنبیرو هاوكات راوێژكاری نه‌وشیروان موسته‌فا “ئه‌و بابه‌ته‌ی هیچ به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بوه‌”.
رێبین هه‌ردی باسی ئه‌وه‌ بۆ ئاوێنه‌ ده‌كات چیاو نما وه‌كو كوڕ له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا بون چونكه‌ خۆیان ئه‌وه‌یان پێخۆشبو، به‌ڵام وه‌كو پۆست هیچیان نه‌بو، وتیشی “هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی چیاو نما له‌لای كاك نه‌وشیروان جێگه‌ی گرنگی نه‌بو، چونكه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌دا پۆستیان بداتێ یان بیانخاته‌ رێكخستنه‌وه‌، من قه‌ت رۆژێك ئه‌وه‌م لێنه‌بیست، چونكه‌ ئه‌خلاقیاتی نه‌وشیروان مسته‌فا زۆر تایبه‌ت بو له‌كه‌م سه‌ركرده‌ی كورددا هه‌بوه‌”.
رێبین هه‌ردی له‌باره‌ی ئاینده‌ی سیاسی چیاو نماوه‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌ نازانرێت ئاینده‌ی چیاو نما چۆن ده‌بێت له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ڵام ئه‌وه‌ش بۆ ئاوێنه‌ ئاشكراده‌كات “چیا زۆرتر حه‌ز له‌به‌شداری سیاسی ده‌كات‌و به‌ته‌نگ بزوه‌تنه‌وه‌كه‌وه‌یه‌، به‌ڵام نازانم وه‌كو هه‌ڵسوڕاوێك ده‌مێنێته‌وه‌ یان وه‌كو كوڕی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌رگری له‌بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌كات”.
وتیشی “بڕواناكه‌م سه‌ركرده‌ و لایه‌نگرانی گۆڕان داوایان لێبكه‌ن به‌شداری پڕۆسه‌ی سیاسی بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌نگه‌ ساردیان بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌ن”.
هاوكات ، مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی‌و یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ دێرینه‌كانی یه‌كێتی سه‌رده‌می شاخ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ‌ده‌كاته‌وه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌سه‌رده‌می شاخیشدا بایه‌خی به‌هێنانە پێشه‌وەی‌ كه‌سوكاری خۆی نه‌داوه‌.
مسته‌فا چاوڕه‌ش له‌وباره‌یه‌وه‌ نمونه‌ له‌سه‌ر (به‌ختیار مسته‌فا)ی برای نه‌وشیراون مسته‌فا ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می شۆڕش تا نه‌بوه‌‌ بە به‌رپرسی یه‌كه‌ی جیهازی شۆڕش كه‌س نه‌یناسیوه،‌ وتیشی “كاك نه‌وشیروان له‌سه‌رده‌می شاخه‌وه‌ خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیبو، چونكه‌ به‌ختیاری برای تاپێش ئه‌وه‌ی نه‌بوه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌ی جیهازی شۆڕش كه‌س نه‌یده‌ناسی”.
مسته‌فا چاوڕه‌ش له‌باره‌ی ئاینده‌ی چیاو نماوه‌ پێی وایه‌ ده‌بێت ئه‌و‌ بژارده‌یه‌ بدرێته‌ ده‌ستی خۆیان ئایا حه‌زیان به‌ به‌شداریه‌ له‌پرۆسه‌ی سیاسی، ئه‌وه‌شی وت “كوڕه‌كانی كاك نه‌وشیروان خوێنه‌وارن پێویسته‌ به‌پێی توانای خۆیان ئاسانكارییان بۆ بكرێت”.
له‌وته‌و یاداشت‌و ژیانی نه‌وشیروان مسته‌فادا زۆر به‌ڕونی ئه‌وه‌ ده‌بینرێت كه‌سێكی دژ به‌پشتاوپشتكردنی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌نێوان پارت‌و ده‌وڵه‌ته‌كاندا، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌نه‌وشیروان بۆ گۆڕان ماوه‌ته‌وه‌ رێبازێكی سیاسییه‌ كه‌ باوه‌ڕی به‌سیستمی بنه‌ماڵه‌یی نیه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین له‌مپه‌ره‌ له‌به‌رده‌م چیاو نما بگه‌ن بەلوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گۆڕان، پێچه‌وانه‌ی یه‌كێتی‌و پارتی كه‌ كوڕی به‌رپرسی یه‌كه‌م وه‌كو جێگره‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كرێت.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە