کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵبژاردنی گردەکە وەک دوا مەنزڵ

Friday, 26/05/2017, 20:16


تێبینی: کوردستانپۆست ئەم نووسینەی ئارام شێخ محمەد بڵاودەکاتەوە و دەیخانە نێو ئەرشیفی رووداوەکان، تا بۆ پاشەڕۆژ ئەگەر قسە لەسەر کەسایەتی ئارام شێخ محمەد کرا ئەمەش وەکو بەڵگە بخرێتە بەرچاو.  ئێمە لێرەدا هیچ کۆمێنتارێک لەسەر ناوەرۆکی ئەو نووسینە نادەین، بەتایبەتی کە خاوەنی ئەو نووسینە کەسێکی چەپ و کۆمۆنیستیش بووە.
----------------------------------
 نوسینەوەی زام و ئازارەکان کارێکی ئەوەندە ئاسان نیە، بەتایبەت ڕژانی تاڵییەک، کە برینێکی قوڵ و گەورەی کردبێتە ناو دڵ و دەرونمانەوە، کارێکی زۆر قورس و گرانە گوزارشتکردن لەکۆچی کتوپڕو چاوەڕواننەکراوی کاک نەوشیروان لەڕێی نوسینەوە، مەگەر تەنها خۆی ئاسا نوسین پارچەپارچە بکەین وەک گوڵچنین تابتوانین پڕاوپڕ ماناکانی ئەم قۆناغە بگەیەنینە خوێنەر.
خەڵکی کوردستان و هێز و لایەنە سیاسیەکان لەدوای گەڕانەوەی کاک نەوشیروان، چاوەڕێی دەرکەوتنیان دەکرد، تامەزۆری بیستنی نیاز و تێڕوانیەکانی بون، چی دەڵێ و چی دەکات لەم قۆناغەدا، ئەو پرسیارە گەورەیە بو، هەموان چاوەڕێ بون پیاوی کردنەوەی گرێکوێرەکان وەڵامی باتەوە.
ئێمەومانان چاوەڕێی بینینیمان دەکرد، هاوشێوەی خەڵک پرسیاری زۆرمان هەبو لێیبکەین، ئەو وەڵامەی دەستمان ئەکەوت، کەمێک ماندوی ڕێگەی سەفەرەو لەچەند ڕۆژی داهاتودا ئەمانبینێ، بەڵام بەداخەوە، بەیانی ڕۆژی 19ی ئەم مانگە کۆچی دوایی کرد و بەجێیهێشتین.
لەسەر داوای خۆی گردەکەی هەڵبژارد وەک دوا مەنزڵ ، کەبڕیارێکی پڕاو پڕ دەلالەت و دوربینیە، بڕیارێکە هاوشێوەی هەنگاوەکانی لەژیانی سیاسیدا، ئاماژەی قوڵ و ژیرانەی لەپشتە و پێویستە  هەڵوەستەی لەسەر بکەین.
مەسەلەیەکی سروشتی و باوە، هەر کەسێ گەر نەخۆشیش نەبێ،  کاتێک باسی مردنی بۆ بکرێ یان خۆی هەست بەنزیکی مردن بکا، خەیاڵی بۆ لای درێژەدان بۆ مانەوە لەژیان ئەڕوات، بەڵام کاک نەوشیروان لەمەشدا جیاوازبو، بڕیاریدا مردنەکەشی بکاتە ڕەمزێک بۆ بەزیندو هێشتنەوەی ئەوەی بنیاتی ناوە.
لەکاتی وەفاتی شوعلەخان، ئەو ئەوشێرە ژنەی ئەو وتەیەی لەسەر زەمینی واقیع سەلماند کە دەڵێت، لەپشت هەر پیاوێکی مەزن ژنێکی مەزن هەیە، کاک نەوشیروان لەتەکییەوە نەبو، گەرچی کەسەرێکی گەورەشی لەدڵیدا جێهێشت، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری نەدا لەتەنیشت هاوخەم و هاوژینی ڕێگایەوە بنێژرێت، بۆچی ئەمەی نەکرد؟
کاک نەوشیروان بەم بڕیارەی ئەوەمان پێ ئەڵێ، بەئامادەبونی مەزارگە و ڕۆحم لەناوتان ، قەرەبوی نائامادەییم لەگەڵتان ئەکەمەوە، کاک نەوشیروان لەمەرگیشدا بەخشندە و خۆنەویست بو، مردنەکەشی کردە دیارییەکی گەورە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان و هەمو خەڵکی کوردستان.
بونی مەزاری کاک نەوشیروان لەناو گردەکە، وێڕای پارێزگاریکردنی لەگردەکە لەهەر دەستوەردان و گۆڕانکارییەک، چی بۆ گردەکە و چی بۆ دامەزراوەکانی ناو گردەکە، بەرپرسیارتێتی مێژویی و ئەخلاقی و ئینسانی لەشانی خۆیەوە خستە سەرشانی خەڵکانی ئازادیخواز بەر لەگۆڕانخوازان و، هەمویانی کردە پاسەوانی پاراستنی کۆی ئەو بەهایانەی کە کاک نەوشیروان زیاتر لە نیوسەدە خەباتی بۆ کرد، لەڕێی دروستکردنی پارێزبەندییەکی کۆمەڵایەتی بۆ گردەکە و گۆڕان.
بەهەڵبژاردنی گردەکە وەک دوامەنزڵ، کاک نەوشیروان ئامادەییەکی ڕۆحی ئەبێ بەسەر سەرمانەوەو ئاماژەو پاڵپشتێکی گەورەشە بۆ مانەوەو پارێزگاریکردن لەبەزیندو مانەوەی بیروڕاکانی کاک نەوشیروان.
لەماوەی ڕابردودا هەموو ئەو گلەیی و چاوەڕوانیانەی کە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت گۆڕانخوازان لەچاوەڕوانی گۆڕاندا هەیانبو، هەمو ئەوانەی ڕۆژێک لەڕۆژان هیواو خەمی گۆڕانکارییان هەبوە، کاک نەوشیروان بەمەرگی خۆی هەمویانی لەگەڵ گردەکە ئاشتکردەوە.
کاک نەوشیروان لەڕێگەی پۆل پۆل ئاپۆرای خەڵکەوە بۆ سەردانی مەزارەکەی، ئەبێتە چاودێرێکی بەهێز بەسەر گۆڕانی ناو گردەکە کە ڕۆژانە بینینی مەزارەکەو  ئاپۆرای خەڵک، زامنێکی گەورە ئەبێت بۆ درێژەدان و بەردەوامی ئەو ڕێگایەی کاک نەوشیروان ئەندازیاری بو، لەمە بترازێ بەر لەبێڕەحمی مێژو، هەنسک و فرمسێکی خۆشەویستانی پیاوە خاکییەکە جگە لەو، ڕەحم بەکەس ناکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە