کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەوشیروان موستەفا پیاوێک لە عەزاب‌ و یەقین

Tuesday, 23/05/2017, 18:53


 تاوانێک بەرامبەر ئەم گەلە کراوە کە قەرەبووی نیەو ناکرێتەوە ئەویش مەرگی نەوشیروان موستافایە
کە ئەو پیاوە بەو هەموو جوانییەوە بەو هەموو هزرە پاکو سەلیقیەوە بە دڕێژایی نیو سەدە لە ئێمەیان شاردۆتەوە. لەجیاتی ئەوەی ئەم پیاوەیان بکردایە بە میمبەری بیرو هزری نەتەوەیی تاکی کورد کەچی لێیانکردن بە دووژمن‌و عەنتیکەخانەو سەرلێشێوای سیاسەت. دەسەڵاتی باشور تاوانبارە بە مەرگی ئەم پیاوە. ئەم دەسەڵاتە جگە لەوەی خەریکی دزینی سەروەتو سامانی ئەم وڵاتەیە لەهەمان کاتیشدا خەریکی دزینو ئەتکردنو تێکشکاندنی کەسە جوانەکانی ئەم نیشتیمانەیە. پەنجە بکەن بە زامو قوڵای برینەکاندا بابکولێتەوە هەرگیز لە پیاوە روو زەردەکانی دەسەڵات خۆش نەبن‌و فەرامۆشیان مەکەن. با مەرگی نەوشیروان سەرەتایەک بێت بۆ شۆرش! شۆرشی یەقین! یەقین بۆ گەڕانەوەی کەرامەتی ئەم نیشتیمانە! یەقین کە نیشتیمان کاڵایەک نییە بۆ فرۆشتن و موزایدەکردن! یەقین بۆ ژیانێک بۆ هەمووان نەک تەنها بۆ پیاوانی دەسەڵات! یەقین لە سەروەری و شکۆی تاکی کورد! نەک بۆ مجامەلەی سیاسی پیاوە نەگلیسەکانی حیزب‌و دەسەڵات. ئێمە سەد ساڵە لە چاوەڕوانی پیاوێکداین کە نەوشیروانبوو هەروا ئاسان بە بەرچاوانمانەوە بێناز و غەمبار وەغریکرد.
پیاوێک هەروا سادە لێرەو تێپەری
وەغر وەغڕ ڕابوورد
پیاوێک پڕاووپڕ لە نیگەرانی
بە خەیاڵی مناڵی‌و
چەترێ بارانەوە لێرەوە تێپەری
ئای چەند بە ناسۆرە
پیاوێک بەدەم گوڵچنیینەوە بمرێت
ئەو دەمە ژەهراویانە دەم دەنێن بە ڕوومەتە تاساوەکانی نیشتیمانەوە مەرگت بۆ دەخوازن و پەلەی مردنەکەیانە ئاخو کەی بێت ئەم جەستەیە ژێر خاک بنێنن! ئا‌ دەمە ژەهراوێکانی نیشتیمان! بێشک هەم لە مەرگت دەگرن هەم لە مەرگیشت دەترسن! وەک شێرکۆیش بەختو شانسێکت نەبێت لە پارکێکدا بتنێژن و ژنان‌و کچانی گەڕەک بە کراسی ئاڵوواڵەوە سەردانی گۆرەکەتکەن، ئای! هەندێک کەس هەن بە مردوویش دەیانەوێت هەموو جوانێکان بەرن بۆ خۆیان! بەڵام تۆ تەنها عەزابت برد لەگەڵ خۆت! ئەگەر بەختیش یاوەرت بووایە ئەوا لەبەر خودی خۆت نییە بەڵکو ئەوانیش دەیانەوێت وەک شێرکۆکان لە پارکێکدا بنێژرێن بە هۆی تۆوە مەرگیان مەرگی باخ‌و پارکەکانیش بێت خۆیان‌و مناڵو خێزاننیان لە پارکەکاندا بنێژرێن لە کۆتایدا ناویان بنێن مەرگی گوڵ و باغەکان‌و شۆرشگێرەکانی نیشتیمان. 
بببینە تۆ بە مردوویش بوویتە خێرو بەرەکت بۆ هاوەڵەکانی شاخت بۆ ئێمەیش سەرئێشەیک لەوەی میگرن و شەقیقە و دەبێت تاکو ماوین لە چاوەڕوانی پیاوێکدا بین کە ئیتر تازە دڵنیاین کە ناگەرێتەوە. 
گردی زەرگەتە مەڵزگای مەرگ‌و وەسێتی داهاتووی ڕۆحی ماندووی نەوشیروانە تاکو لە نزیکەوە 
ئەو کەسانە ببینێت کە چۆن لە گۆرەکەیشدا ئازاری رۆحی دەدەن و ناپاکی لەگەڵ دەکەن { دەسەڵاتە روو زەردەکەی پارتی هەر یەکەم ڕۆژ ئازاری ئەم پیاوەیاندا کە جارێک لە تاپووتەکەی نەهاتبووە دەرەوە} بێجگە لەوەیش نەوشیروان هەستی بەوە کردووە ئەگەر گۆرەکەی نزیک خۆی نەبێت ئەوا ترسی ئەوەی هەبووە لە پاشەڕۆژدا تەرمەکەی بدزن‌و لە گۆرکەیدا دەرهێنەوە بیبەن ئیتر تاکو هەتاهەتایە بێ گۆر وخاکوخۆڵو مەنزڵ بمێنێتەوە ئەو دەیزانی کە مردنەکەیشی دەبێت بە ترسیکی گەورە بۆ دەسەلاتداران. هەر بۆیشە ئەم پیاوە بیرێکی تەندروست و تیژ هەبووە بۆ ئەو ڕوداوانەی کە دەشێت لە داهاتوودا ڕووبدەن. نەوشیروان موستەفا پیاوێک بوو دەبێت بە درێژای تەمەنی ئەم دەسەڵاتەی باشور تاک بە تاکی پیاوەکانیان دەبێت لە ئاست ئەم پیاوەدا سەریان شۆرکەن. 
لە عەبدولا ئۆجەلان دەپرسن: بۆ نەهاتیت بۆ کوردستان خۆت کرد بە ئەوروپادا لە وەڵامدا دەڵێت: نەمدەویست شاخەکانی کوردستان بەهۆی منەوە بسوتێن. ئەی کەس لە تۆی پرسی ئەم باڵا درێژو کەڵەگەتەت بۆ چەماندەوە بۆ ئەم سێوی بن عەرزانە؟ تۆیش وەک ئۆجەلان نەدەوست ئەم نیشتیمانە بکەوێتە گیانی یەکتری و چەقۆ وەشینەکانی دەسەڵاتی ماڵی بەرزان! تۆ کەمەرتو پشتت چەماندەوە و باوەشت بە نیشتیمانداکرد تاکو لە چەقۆو تەورە وەشینەکانی دەسەڵاتی بیانپاڕێزیت وەک چۆن حەسەنی خاوەر لە هەڵەبجەدا باوەشی بە کورەیەکیداکرد تاکو ژەهرو فرۆکە جەنگێکانی بەعسی عەرەبی ئیسلامی نەیکوژێت بەڵام ئەنجام هەدووکیان مردن، ئەمە ژەهر، ژەهر! هەناسەت هەڵدەمژێت و وشکتدەکاتەوە! تۆیش دەبوایە بتزانیایە کە ئەم دەسەڵاتی باشورە کەرامەتی هەموومانی بە خۆییەوە سوکورسواکردوەو هاریووێتی و چەمانەوەی تۆ مەرگی من و تۆی بەدوویخۆیدا هێنا، ئێوە لە شاخ دەتانگوت: ئەم دەسەڵات بەعسییە عەرەبییە شۆڤینیە و دیکتاتۆریە دەبێت بە شەق و تێهەڵدان بڕوخێت نەک بە گفتووگۆ! ئێ ئەم دەسەڵاتەی ئیستایەش کۆپییەکە لەوەی بەعس خراپتر هەر دەبێت بە شەق و تێهەڵدان بڕوات نەک بە گفتوگۆ. 
عەبدولا ئۆجەلان دەڵێت: دەمانچەیەکیان دایە دەستم تاکو هەڵیگرم لە کینا ووتیان پێویستیت پێدەبێت، سەیرە ئەوەیە بوو ئەو کەسەی دەمانچەکەیدایە دەست ئۆجەلان نزیکترین کەسبوو لەو کاتەدا لە ئۆجەلانەوە! ببینە دووژمنان چۆنتوانیان بگەنە ئەو جوانییە؟ لەوەڵامدا ئۆجەلان دەڵێت: من پێویستیم بە دەمانچە نییە هەڵم نەگرت ئەگەر ئەو دەمانچەیەم هەڵگرتایە ئەوا بە دەستی پۆلیسێکی ڕەشێ ئەفەریقی وەک تیرۆلیستێک دەکوژرام! ببینە ئاگات لەو دەمانچەیە بێت کە بە ناوی خۆشەویستی‌و هاورێیەتی‌و خەڵاتەوە دەیدەنە دەستت! 
سەدانجار هەوڵیاندا کە نەوشیروان دەست بەرێت بۆ چەکو توندوتیژی بەڵام پلانە گڵاو بۆگەنەکەیان سەرینەگرت، بەسەدان ئەندامانی بزوتنەوەکەیان ئیهانەکردو ئەندامەکانی بزووتنەوەکەیان بێ موچەو ماڵو سەرگەردانکرد تەنها بەس بۆ ئەوەی نەوشیروان دەستتبداتە چەکو توندوتیژی بەڵام ئەو مرۆڤە لە هیمنی‌و ئارامی هیچتر نەبوو بۆ دەسەڵات ئەم مرۆڤە سەبری ئەیوب بوو بەمانای وشە ئەم مرۆڤە بزوتنەوەیەکی دروستکرد بە کراسی بەریی خۆییە بە رووتوقووتی خۆیدایە دەست شەلاتێکانی دەسەڵاتی باشور و سەرکردە ناپاکاکەنای کوردەوە، بهێننە بەرچاوانی خۆتان مرۆڤێک ڕووتورەجاڵ بکەوێتە بەر کەڵبەی و دڕەندەی سەگەکانی دەسەڵات هەر باشیشە ماوە و کەوڵیان نەکردووە. یەکێتی‌و پارتی لە ساڵی ١٩٩٤ لەسەر ریزێک دوکان لە قەڵادزێ زیاتر لە پێنج هەزار شەهیدو سەدان کەسیان بێسەروشوێنکرد بە سەدانیش بیرندارو کۆڵەوار وسەرگەردان و گەلێکیان برسی‌و سوکرکرد بەخۆیانەوە بەڵام نەوشیروان لە هێمنی‌و بێدەنگی نەبێت هیچتری نەبەخشی بەمانە ئیتر لێرەوە ئەم سەرکردانە دەستە چەپەلەکەیان ئاشکرا دەبێت‌و ئیتر دەبێت بۆ مرۆڤێک بگرین کە بەدرێژایی تەمەنی زەردو سەوزیان هەوڵیانداوە لە بەها جوانەکانی ئەم مرۆڤە کەمکەنەوەو بە سەدانجار چاڵی مەرگیان بۆ پلانرێژکردووە. پارتێکان بۆ ئەوەی دەسەتە چەپەلەکەیان بەم مرۆڤە بسرین سەدان پلانیان بۆدانا تاکو دەست بداتە توندوتیژی بەڵام پارتی هەروەک چۆن پارتێکی دۆراوی نێو ئێمەیە هەروایش بە دۆراوی دەمێنیتەوە. 
ئەم دەسەڵاتە بە خودی بزووتنەوەی گۆرانیشەوە تاوانبارن بە مردنی ئەم پیاوە کە ئەم هەموو جوانی‌و هزرە پاکەی هەبووە کە بە درێژایی تەمەنی سیاسی ئەو پیاوە لە ئێمەیان شاردۆتەوە بگرە هەمیشە ئەم پیاوەیان تاوانبارکردووە وەک لەوەی تەنها ڕۆژێک رێزی بۆچوونەکانی بگرن تەنانەت خودی بزوتنەوەی گۆرانیش لەم پیاوە نەگەیشت کە پەیامی نەوشیروان تەنهاو تەنها ئەوەیە : کە خۆتان پیاوی خۆتان بن مێژوو نەتانوسێتەوە بەڵکو خۆتان بە پەنجەو پێنوسوو هزری خۆتان مێژوو بنوسنەوە پێموایە تەنانەت خودی بزووتنەوەکەیشی لەم پیاوە نەگەیشت جگە لە هەندێ لاوی هزر جوانی وەک نەبەز گۆران. 
حەمەی حاجی مەحمود لە بیرەوەرێکانیدا لە بەرگی یەکەمیدا دەنوسێت:
کاتێک نەوشیروانمان لابوو کە لەگەرمەی شەری براکوژی شاخدا ببینن ئەمانە لە شاخیش هەر خەریکی کورد کوشتن بوون لەسەر تۆزێک بیروباوری هیچو بێواتا کە بە خوێنی ئێمەیان گۆرییەوە. حەمە دەڵێت: سالار عەزیزو مەلا بەختیار زووزوو نامە هەرەشە ئامێزیان بۆ دەناردین هەڕەشەیان لێدەکرین ئەگەر پەنجەیەکی کاک نەوشیروان خوێنی لێبێت هەمووتان دەکوژین! نامەکەمان نیشانی نەوشیرواندا پێمانووت هاوەڵەکانت هەرەشی سەربرینمان لێدەکەن ئەگەر ئازارت بدەین؟ لەوەڵامدا نەوشیروان دەڵێت: ئەوانە هاورێم نین دەیانەوێت بەکوشتم بدەن و ڕقی ئێوە هەڵسێنن‌و بمکوژن! ببینە ئەمە هاورێ‌و هاوخەباتەکانی شاخت بوون بە مەرگت خوازیار بوون ئەی دەبێت دووژمنەکانت تا چەند بە خوێنی سەرت تینووبوون؟ هاوڕێکانی کۆمەڵەو چینی چەوساوەکانی شاخت ئەمڕۆکە واژوو بۆ پیاوێک دەکەن پڕواوپڕ لە خێڵ‌و بێسەوادی کە جگە لە قامیشە زەلەکەی باوکیان هیچیتریان پێ نییە بۆ ئەم نیشتیمانە.
حەمەی مەحمود قسکەری ئێوە بوو دەنگتانی تۆمارکردوو خۆیکرد بە پارتیدا ئەو پارتییە ئەمڕۆکە دەیبینیت لە کاولکردن نەبێت هیچیتری نەبوو بۆ ئەم نیشتیمانە. ببینە ئەگەر ئەمە پەیامبەرت و دۆستت بێت دەبێت دووژمنەکانت تاچەند رقیان لێتبێت! ببینن ئەم پیاوە هەموو گیانی زامی هاوەڵەکانێتی! ئاخر مرۆڤ چۆن شێتوهار نابێت کە هەرە دۆستە دێرین‌و هاوخەباتەکانت تینوی خوێنی سەرتبن؟ 
مام لە پلینۆمی پێنجدا بە سەعات قسەی لەسەرتۆ کردو تاوانباریکردیت بەهەموو شتێک کەچی تۆ لە گوڵ کاڵترت پێنەوت چوویتە حزووری ئەو پیاوە چەمایتەوە پڕ بە دڵ باوەشت پێداکرد و واژووی دەباشانت بۆکرد! ببینە هاورێ چەند سپڵەیە! هاورێ شاخ‌و ڕێگەی خەبات! لەسەر کورسیەکی شکاو تۆزێک دەسەڵات پلانی کوشتنی ناوەکەت دەکات بە قەهری مردن سرینەوەی هەموو مێژووی تەمەنت. 
هاوڕێ شاخ و یەکێتێکەت پرسە بۆ هاوسەری ژیانت دادەنێت‌و کەچی بە زیندوویەتی هەرچی دڵرەقییە و خەمە وەک قوقوشم و زاخاو ژەهر دەیکەن بە هەناوتا، ببینە هاورێ شاخ و هاورێ یەکێتێکات ئاوان تۆیش هێشتاکە دەست لە میان دەکەیت. ببینن ئەم پیاوە چۆن بەم هەموو زام قەهرو ژانەوە لە بێدەنگیدا تلاوەتەوەو کەسێکیش نەبێت تۆزێک سۆزو شانسی باتێت بۆ ئەوین بۆ ژیان! ئەوەی ئەم پیاوەی لەسەر سکەی پیاوەتی‌و کوردایەتی خۆی هێشتەوە تەنهاو تەنها یەقین بوو کە هەیبوو. قانع دەڵێت: ئەی وەتەن ناوبردنت بۆ من یەقین‌و شێتانەیە ئەما شێرەکەت بۆ پارە ئەمڕۆکە نۆکەری بێگانەیە! 
ڕێبین ئەو منداڵە ناسکو نازدارەی کەناڵی کەی ئێن ئێن بەو هەرزەییەوە مایکرۆفنێکی سیاسەتیان داوەتە دەستی‌و ئەویش بەو سەرماو گەرمایە کۆڵان بە کۆڵان کوچە بە کوچە هاواردەکات بە خۆیی‌و میکرۆفن‌و مۆمەکەیەوە دەچێتە هەناوی خەڵکەوە گەندەڵێکان دەخاتە سەر سفرەی کەناڵی هۆشمەندی خەڵکەوە کەچی ئەندامەکانی مۆم بە خۆیان و قاتو بۆینباخەوە خۆیان دەکەن بە کەناڵەکانی نەوتدا بە پێکەنین‌و بۆنی گرانبەهاوە باس لە یەکچوونی بێئابرۆکانی یەکتری دەکەن. ئەمە سیاسەتکردنە یاخود ئەتککردنی ئەم نیشتیمانەیە بە گەورەو پیرو لاو مناڵ ژنەوە. 
من هەڵە بووم بەو واتایە نا کەمن قسەیەکمکردبێت نا بەڵکو من هەڵەبووم لە پانۆرامای پیاوەکاندا کە پیشتر بڵاومکردنەوە کە لە تێروانینی من پیاوێک بە سەد ساڵ لە دوای شیخی نەمرەوە دهێت کەچی ئەو خودی نەوشیروان موستەفا بوو کە لەدوای شیخی نەمرەوە لە ناو قورولیتەی ماڵە قورینەکانی سەرشەقامو خانەقادا خۆی کرد بە دنیای جوانی ئێمەدا مەخابن ئێمە لەتاو بۆنی زێرابەکانی سیاسەت‌و بۆنی بنباخەڵو ناپاکێکانی ماڵی بەرزانی هەستمان بەو باغو گوڵو عەترەی کۆڵانەکانی خانەقا نەکرد.بمبەرەوە ئەی شیخی نەمر بۆ فەقیانەو رکاتی نوێژت بە کوردی. 
نەوشیروان دووەم سەرکردەیە لە دوای شیخی نەمرەوە کۆمەڵێک کتێبی جوان‌و وەک شێخی نەمر کۆمەڵێک کوردایەتی رەسەنو شیعری جوانم بۆ جێدڵێت. فێری ئەوەماندەکات کە سیاسەت هەڵەشەیی‌و پەلەکردنییە بەڵکو پرۆسەو مانیفێستە تاکو گەیشتن بە خەونەکانی تاک. ئێمە پیاوێکمان خستە گۆرەوە بەمانی وشە خوێندەوار. ئای چەند بەسۆیە دەردی نەزانین‌و نەخوێندەواری! بڕۆن ئیتر لەدوای کابرایەکی بێ سەوادی گرمۆڵەی وەک بەرزانی کەون کە کلیلی دەوڵەتی کوردی پێیە بۆ گەمژەکردنی تاکی کورد!. مەگەر تەنها دروستکردنی دەوڵەتی کوردی گوناحەکانی ئەم پیاوەو دەسەڵاتی باشور سپیکاتەوە کە بیگوومانبن هەرگیز دەوڵەتی کوردی بەمانە ناکرێت‌و دروست نابێت. 
نەوشیروان موستەفا دووەم سەرکردەیە کە بەکۆڵ و مەچەکی ماندووی خەڵکی خێرنەدیدەی کوردستانەوە هەر لە تاسلوجەو وەک شیخی نەمر هەر لە مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخەوە بە شان و مەچەکی خەڵکی شار دەبرێت بۆ گۆرستان ئێستاکە شار هەم بێ شیخ و هەم بێ نەوشیروانە ئێستاکە هەم خاک خەمبارو هەم رۆح وەک ئزرایل لە رۆح کێشان. 
بە دڕێژای تەمەنم بە دڕێژایی هەموو مێژوو شاخ‌و شار و تاکو ئەمڕۆکە دەسەڵات ‌و ماڵی بەرزانی قسە بەم پیاوە دەڵێن بەسەدان نوسەری ماستاوچی و ڕۆژنامەنوسی بێ ڕەها بە سەدان لاپەرەو قسەیان لەسەر ئەم پیاوە نووسی ئاخر لە وڵاتێکدا کە ئاستی ڕۆشنبیری خەڵک سفر بوو ئەوا تەنها درۆ خرافیات‌و دین زاڵە بە سەر بیرکردنەوەی خەڵکدا ئێمەیش یەکێک بوون لەو خەڵکەی کە تەنها گوێمان لەدەسەڵات‌و عشیرەتو خێڵ‌و بنەماڵەکان گرتووە ئیتر بێقەیدو مەرج قسەکانی ئەوان بوونەتە جیمتمانەی ئێمە، ئەم دەسەڵات بێقیمەتە ئیش لەسەر ئەوە دەکات کە ڕێزی بێگانەکان بگرین و بێحورمەتی بە خەڵکی خۆمان بکەین! نەوشیروان کوری شارو خوێندەوارێکی بە سەلیقەو خاوەن ببیروباوڕبوو مەخابن بێسەوادەکانی ماڵی بنەماڵەی بەرزانی و تەنانەت هاوەڵە بێوەفاکانی خۆیشی ئەم پیاوەیان لای ئێمە ناشیرینکردبوو، بەڵام مردنی ئەو پیاوە هەموو شتێکی گەڕانەوە سەر خاڵی دەستپێکردن.
کورد! تاکو زیندووە زوخاو دەکەن بە هەناوییداو کە مردیش پێدەڵین گەورەم جارێکە زوو بوو بۆوا جێتهێشتین وەک ئەوەی زوو بێت کە زیاتری پێبکەن نەک ئاسودەیکەن. دەمی هەر کەم لەم پیاوانەی حیزب دەگریت دەڵێن: تەنها خلافی سیاسیمان هەبوو ئەگینا هەموومان لەسەر سفرەی خێروبەرەکەتی نیشتیمانە دەوەراین و کاوێژماندەکرد.
نەوشیروان موستەفا پیاوێک بوو تەنانەت دووژمن‌و دۆست، هاوەڵو نەیارەکانیشی بۆی گریان!
بزوتنەوەی گۆران ئیتر دەکەوێتە نێوان سێ بەرداشی چاوچنۆکی پەلاماردان و لە ژێر بەڵێنەکانی نەوشیرواندا هەر هەموویان بۆ مەرامی خۆیان هەوڵدەدەن و بەناوی هەموومان براین و ئێمە خلافی سیاسیمان هەیە نەک شەخسی کە ئەمە قسەی پیاوە بێ سەوادەکانی سیاسەتەو هیچ واتایەک نادات.
تەیاری یەکەم ئیسلامەکان دەیانەوەێت دەسەڵات بدرێتە دەست کەسێک کە هەڵگری بیروباوری ئیسلامە لەناو بزووتنەوەی گۆراندا
تەیاری دووەم یەکێتێکانە دەیانەوێت بە هەر چۆنێک بێت گۆران وەک گسکی کارەبا بەناوی ئێمە یەک جەستەین هەڵووشن
تەیاری سێیەم دەسەڵات بە یەکێتی و پارتییەوە کە دەیانەوێت دەسەڵات لە گۆراندا تەنها بە دەست یەکیتییە کۆنەکانەوە بێت
ئەوەی دەمینێتەوە ئەو خەڵکە نەگبەت‌و هەژارەی باشورە کە دەبێت هەمیشە لە چاوەڕوانی کەسێکدا ئێشکبگرێت.کەواتە ئەی خەڵکینە پەیامی نەوشیران موستەفا ئەوەیە کە خۆتان پیاوی خۆتانبن هەر خۆتان مێژوو بۆخۆتان بنوسنەوە نەوەک مێژوو بتانوسێتەوە، یەقینبن لەسەر داخوازێکانتان تاکو دەگەن بە ئەنجام. یەقین تاکو یەقین . 
هەمیشە حەزم لە ژیان بووە کەچی بەختی من هەمیشە مردن لەدەرگای تەنیایی منیانداوە وەک ئەوەی زۆری پەلە بێت و بمباتەوە بۆلای خۆی! لەم ڕۆژانەددا کەسێک تەلەفونە نەعەلەتێکەمی بە زەنگی بە ئاگا هێنایەوە نازانم لە خۆشێدا وەخت بوو ئاگر بگرم چونکێکە ئەو تەلەفونە نەگبەتەم وەک خۆم نەگبەتکردووە ئەویش خوی منیگرتووە کە تەنیاییەوە هیچ هاوەڵو هاورێیەکی نییە. بەڵێ: وەختبوو بفڕم باڵبگرم بۆی ئای چ ساتەوەختێکی خۆش بوو بۆ مردن، دەڵێن مردوویت! هەر بۆیە تەلەفوونم بۆکردیت؟ سەیرە ئەو دۆستو هاوڵاتییانەی من تەنها لە کاتی مەرگ و مردندا منیان وەبیردێتەوە نازانم لە پرسەکەم دەترسن یاخود لە ژیانم کە زیندووم؟ من دەمێکە مردووم ئەی ئەوەنییە مردوویش قسان دەکات؟! تێناگەم کێ کەسێک دەباتەوە لای خۆی کە جەستەی هەمووی زامی خاک‌و سەریشی ئێشەی زیندۆکانی وڵات بێت مەگەر تەنها مەرگ نەبێت؟. من بەم هەموو سوتماکی جەستەو شەوق گڕو ئاورو میگرن و شەقیقەی ژانە سەرەوە باوەش بۆ ژیان دەکەمەوە کەچی مەرگ هەمیشە دەستیگرتووم بۆ چاڵەکانی جەنگ و دەڵێت ئەمە مەرگە بەڵام ژیان لێرەوە دەست پێدەکات، من تێناگەم پانتاییەکانی کوشتار چ ئاماژەیەک دەدەن بە ژیان؟
کەسێک نەیتوانی ڕووناکی‌و تاریکی لە دەڤرێکدا بخواتەوە مەرگ تۆ نەبویت
کەسێک نەیتوانی گڕو ئاو لە سەر سفرەی خوانێکدا برازێنیتەوە مەگەر تۆ نەبویت
کەسێک نەبوو شەپۆلەکانی بگەڕێنێتەوە قوڵای دەریاکان 
مەگەر ئاشقی بەلە ماسییە گرەکانی کەناری دەریاکانی برسێتی نەبێت! 
ئەوە من نەبووم کە دەستم گەیشتە پرچی ئەستێرەکان و بە پێخاوسی هەنگاوم بەسەر بزمارێژی تەمەندا دەنا، من زۆربانیم تاکو لە ڕۆمانێکدا خۆم بکوژم، بەڵام تۆ وەک زۆربا ژیایت نەدەکۆکیک تاکو هاوڕێکانت خەمت نەخۆن و کەسێکیان هیلاکو ماندوو نەکەیت بەخۆتەوە، تاکو خەم نەخەیتە دڵ و دەرونیانەوە بە خەمی تۆوە سەرنەخەنە سەر تەنیایی ئازارەکان. من زۆربانیم کوردمو دەڕۆم ئیتر ئاور نادەمەوە لەو ڕابردووە نەفرەتییە کە دەڵێیت کەڵبەی سەگە بە سینەمەوە 
کە دەڵێیت ئەنگوستەی شەوو تاوانەکانی خێڵی عۆجەو ٣١ئابە وابە تەوێڵمەوە
دەڵێن جگەرەت تەرکداوە شتێکی باشتکردووە ئیتر لێرەوە نیشتیمان واتایەکی دەبەخشیت بە بوون، بوونێک کە پێمانبەخشێت جامێک لێواو لێو لە موحیبەت، ئیتر خاک دوکەڵێکی تری ناچێت بە هەناویداو گێژتری ناکات. من بە گەمژەکانی وڵاتم گوت ئێوە جگەرە مەکێشین قیر بە سنگو هەناسەتان بەڵام ژینگەی نیشتیمان پیسمەکەن، سەرو جرتیان بۆ لێدام ئیتر لەو ساکەوە هەستمکرد ئەوەمنم کە گەمژەم کە لەوەتەی هەم قسە بۆ سەرسەرێکانی وڵات دەکەم. 
گەورەم
گەر وەک تۆ باڵا بەرز بومایە
گەر ئەو باڵایە بە منەوە بوایە
گەر ئەو هزرە جوانو تەندروستە
لە مندا خۆی بکوشتایە
دەستم بۆ ئاسمان درێژ دەکردو
تەوقەم لەگەڵ بروسکەکاندا دەکرد
سواری پشتی هەور دەبووم 
دەچوومە حزووری خۆڕ
خۆڕم دەخستە هەناومەوە
لەجیاتی گوڵدانی ژوورەکەم 
خۆڕم دەخستە سەر مێزەکەم
هەرگیز نادەچممیەوە بۆ قارچکو دومەڵانی دەشتەکان
کە بەرهەمی بروسکەو ئاسمانەکانن 
تۆ ئەوەندە بەم باڵاو جەستەیەوە
نوشتایتەوە بۆ ئەم سێوی بن عەرزانە
توشی ژانە پشت بوویت
تۆ دەزانیت چەن بە ئازارە پشت ئێشە
کەوەک ئەوەی کەسێک پشتی نەبیت
کەوەک ئەوەی گەلێک بی پشت و پەنا بێت 
تاوانباران بەسواری
پشتی نیشتیمانەوە بەم ڕۆژگارە
ڕابردوومان پێدەفرۆشنەوە
بە ڕابردووە کۆیلەمان دەکەن
زنجیرو کۆت دەخەنە مەچەکو پاوەندمانەوە
دەمان بە بێدەنگیمانەوە دەدوورنەوە
بەڵام تۆ ڕابردوو نەبوویت 
بەڵکو داهاتووبوویت ئەی پیاو
هەورو بروسکەکان تۆیان گەیاندە ئێمە
ئاخ لە ئێمە! چۆن نەمانتوانی شەوقو هزرو ڕوناکی تۆ نەبینین
ئەو چاوانە کوێر بێت کە بروسکە نابینێت
ئەو گوێیانە کەڕر بێت کە گوێ لە گرمەی هەورەکان نییە
داهاتوویشت لەگەڵ خۆتا بردە گۆرەوە
تۆ هەرگیز لەوە نەگەیشتیت کە ئیتر تۆ موڵکی 
نەوەیەکێت کە داهاتوویان لە هزرو پێنوسەکەی تۆیا هەڵگرتووە
ژنێک ووتی
تاکو دهێمەوە ماڵەکەم بۆ بکە بە ئاوێنە
بیرم ناکەیت ئەی پیاو
پیاوی نێو تێروانینەکانی من
ووتم ئەی ژن
تۆ ڕوناکی ماڵم بوویت
کە ڕۆشتیت ئەویشت برد لەگەڵ خۆت
دەوەرەوە تاکو بەرپی خۆمم پێ ڕۆشنکەمەوە
تۆیش ئەی پیرە هەڵو
خۆڕی وڵاتێکت لەگەڵ خۆتا بردە ژێر گڵ
ئیتر کێ بێتە خۆڕی وڵات و شارو
سفرە بێخوانەکانی نیشتیمان.
دەبا یەقین بین وەک نەوشیروان موستەفا تاکو ئەم نیشتیمانە ئەتککراوە سەروەری‌و ئابرووی بۆ دەگەڕێینەوە. دەبا یەقین بین کە نیشتیمان سفرەو خوانی هەموان بێت نەک تەنها بۆ حۆتەکانی دەسەڵات بێت، خەڵکە هەژراو داماوەکەیشی تەنانەت بۆی نەبێت لە پەنجەرەکانیشەوە تەماشاینکەن تاکو خوانەکەیان لێ بە ژەهر نەبێت. 
-------------------------
تێبینی
ئەم بابەتە تەنها نامەیەک بوو بە نیازبووم پێش مردنی نەوشیروان بە نامەیەک بڵاوکەمەوە لەژێر ناونیشانی [بە مەرگیشبیت بگەریوە بۆ سلێمانی] بەڵام ئەو پێش نامەکەم کۆچیکردو جێهێشتین، ئیتر ناچاربووم دەبێت منیش ژەهرو قەهرو تارکی لە دەفرێکدا بخۆمەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە