نەوشیروان مستەفا وەک ئومێدی خەڵک

Tuesday, 23/05/2017, 18:41


بۆ زۆرێک لە ئێمە مەرگی نەوشیروان مستەفا مەرگی ئەو ئومێدەیە کە بەو پیاوەمان هەبوو! پیاوێک کە وەک پێشەنگی بەرەی خێرو ڕووناکی دژ بە بەرەی شەڕو تاریکی جێگای خۆی لەناو دڵ و خەیاڵدانی زۆرێک لە ئێمەدا کردبۆوە! هەموومان بە جیاوازی بیروڕاوە لەبەردەم سەحنەی ئەو شانۆ سیاسییە پڕ ململانێ سەختەدا، چاوەڕوان بوین بەرەی خێر بەسەر بەرەی شەڕدا سەرکەوێت بەڵام لەناکاو لەبری سەرکەوتن، ئەو پاڵەوانەی کە هەموومان بۆ سەرکەوتنی دڵ لەمست بووین دەگلێ ! مەرگی ئەو پاڵەوانە هەمووان دەخاتە گریان چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان مەرگی ئەو پاڵەوانە واتای کۆتایهاتنی شانۆکە دەگەیەنێت بە سەرکەوتنی بەرەی شەڕ بەسەر بەرەی خێردا!
بۆ زووربەمان مەرگی نەوشیروان مستەفا زۆر بە سوێترە لە مەرگی کەس و کارو ئازیزانمان! گریانی ئەو هەموو حەشاماتە بە جیاوازی تەمەنیانەوە لە گەنج و منداڵەوە تا پیرەکان گریانە بۆ هەڵوەرینی ئەو ئومێدەی کە ئەو خەڵکە لەسەر ئەو پیاوە هەڵیانچنی بوو بەوەی داهاتوویان بۆ بەدەست دێنێتەوە و تاریکستانی گەندەڵی و فەسادی سیاسی و ئابوری ..هتد ڕیشەکێش دەکات. لە کاتێکدا مەرگی نەوشیروان مستەفا هەر تەنیا مەرگ ئەو پاڵەوان و پێشەوایە نییە کە ڕابەرایەتی بەرەی خێر دەکات بەڵکو مەرگی ئەو سیاسییە بە ئەزموون و ئەو ڕوناکبیرو قەڵەمە بە بڕشت و دەگمەنەشە کە خزمەتێکی بەرچاوی بە مێژووی سیاسی وکتێبخانە و مێژووی ڕوناکبیری کردووە.
کۆمەڵگای کوردستان بە ڕاست و چەپ و سەرجەم چین وتوێژەکانییەوە قسەیان لەسەر گەندەڵی و فەسادی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دەکرد و دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک یەک هەنگاوی عەمەلی هەڵبهێنن! نەوشیروان مستەفا کەم قسەی دەکرد لێ هەر تەنیا ئەو لە بیری ئەوەدا بوو چۆن و لە کوێوە هەنگاوی عەمەلی هەڵێنێت! ئەو زیاد لە نیو سەدە لەناو جوڵانەوەی سیاسی کوردستاندا ژیا کە ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە لە زۆر وێستگەی سیاسیدا و لە هەمووان باشتر کۆمەڵگای کوردستان و سیاسیەکانی دەناسی و دەیزانی چۆن و لە کوێدا دەبێت چی بکرێت و دەیتوانی خەڵک کۆکاتەوەو ئاراستەیان بکات و کاریگەری لەسەر ڕوداوەکان دابنێت، ئەوە وایکردبوو دوژمنەکانی زیاتر لە دۆستەکانی بیناسن و لێیبترسن.
نەوشیروان مستەفا مرد! خەسڵەتی کۆمەڵگاکانی جیهانی سێهەم ئەوەیە، پاش مردنی پاڵەوانێک هەر زوو پاڵەوانێکی دیکە دەدۆزنەوە کە هەڵگری خەونەکانیان بێت و ئومێدەکانیانی پێوە دەبەستنەوە بەڵام خۆشبەختانە نەوشیروان مستەفا لەپاش خۆی پەراوێزێکی فراوانی لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین لە کوردستاندا فەراهەم کردووە و لەشکرێکی لە گەنجی ئازا و بوێر پێگەیاندووە کەلە سایەیاندا هەم بەرەی شەڕ خێر لە خۆی نابینێ و هەم پاڵەوانە ساختەکانش زوو ئاشکرا دەبن و دەنگی ئەوتۆ ئازا هەن کە جورئەت بکەن و بڵێن " پاشا ڕووتە"

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە