کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تكایه‌ سیاسه‌تی لایه‌نه‌كانی باشوور دووباره‌ مه‌كه‌نه‌وه‌

Saturday, 20/05/2017, 19:03


گوێم له‌ لێدوانی جێگری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی یه‌په‌شه‌ بوو كه‌ ده‌ڵێت؛ حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی عیراقیه‌ وترسمان لێی نیه‌ و ده‌بێت رێزیان لێبگیرێت .  هه‌مان رفتار و كرداری هێزه‌كانی باشوورم هێنایه‌وه‌ یاد كه‌ هه‌ر لایه‌كیان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ر هێزێكی ده‌وڵه‌تی ناكوردیدا بوایه‌، هه‌زار و یه‌ك به‌هانه‌ی بۆ ده‌هێنایه‌وه‌و ده‌یخسته‌ ئه‌ستۆی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی . قه‌ت ئه‌م بۆچونه‌م له‌ یه‌په‌شه‌ و یه‌په‌ گه‌ و په‌كه‌كه‌ چاوه‌روان نه‌ده‌كرد، كه‌ ستراتیج بكه‌نه‌ قوربانی ته‌كتیكی رۆژانه‌ و به‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌تی هیزه‌كانی باشوور ره‌فتار بكه‌ن و هه‌ڵوێست بنوێنن .
به‌ڵی ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان سڵ له‌ هیچ ناكاته‌وه‌ و له‌ دژی هێزه‌ نێوخۆییه‌ كوردستانیه‌كان، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ شه‌یتانیشدا ده‌كات و به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر دژایه‌تی ئه‌وانی تر و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكدا، هه‌موو كرده‌وه و ره‌فتارێك ده‌نوێنێت .  له‌ كیبركێی هه‌ردوو لایه‌ن پارتی و یه‌كێتی هیچیان له‌ پێناو نه‌مانی ئه‌ویتر درێغیان نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی رێژه‌ییش بێت و لا یه‌نه‌ێكیان زۆرتر رۆچوبێته‌ زه‌لكاوی ملكه‌چبون بۆ هێزی ده‌ره‌كی و ئه‌ویتر كه‌متر . به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئه‌مرۆ له‌ لایه‌نه‌كانی كوردستانی باكوور و رۆژئاوا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ كه‌ به‌هه‌مان بۆچون و عه‌قڵیه‌ته‌وه‌ كار و سیاسه‌تی خۆیان راییبكه‌ن و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ دوژمنی ستراتیجی میله‌ته‌كه‌مان له‌ پێناو ته‌كتیكێكی رۆژانه‌دا ببه‌ستن و له‌سه‌ر حسابی گه‌له‌كه‌مان بكه‌وێته‌وه‌ .  ئه‌گینا ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی به‌ر گه‌لی كورد بكه‌وێت له‌ ده‌ستی دوژمنان كه‌متر نابێت و با ئه‌زمونی ره‌فتاری سوپای پاسداران بێننه‌وه‌ یادی خۆیان كه‌ چۆن پاش شۆرشی ئێران ده‌نگی گه‌لی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتیان كپ كرد  و به‌ ئاگر و ئاسن دایانپڵۆساندن و له‌وكاره‌شدا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ قسورێكی نه‌كرد و، دواییش جگه‌ له‌ تۆماركردنی مێژوویه‌كی پۆخڵ هیچی بۆ نه‌مایه‌وه‌ .
 ئه‌گینا هێزێك كه‌ به‌ هه‌مان ریتم و جه‌وهه‌ری پاسداران و له‌سه‌ر بنه‌مای تایفی دروستكرابیت  و هه‌ڵوێستی له‌مه‌ر پرسی كورد وناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان به‌ روونی ده‌رخستبێت، چۆن ترست لێی نیه‌ .
 بۆیه‌، هیوادرام هێزه‌كانی شه‌نگال به‌ هۆشیاریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل واقعه‌كه‌دا بكه‌ن و هه‌ڵوێستی وا نه‌نوێنن دواجار هه‌ر خۆیان په‌نجه‌ی خۆیان بگه‌زن و ئه‌زمونی هێزه‌كانی كوردستانی باشوور دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ .  ئه‌وانن به‌ بێگه‌ردی ماونه‌ته‌وه‌ و  تائێستا له‌وباره‌وه‌ په‌رێزیان پاكه‌ . با ململانێ نێوخۆییه‌كه‌ نه‌بێته‌ هۆكاری هه‌ڵه‌ی ستراتیجی و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت خۆیان له‌م دوو به‌ڵایه‌ ( پارتی و حه‌شدی شه‌عبی) رزگار كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی په‌ڵه‌یه‌ك  بخه‌نه‌ نێوچه‌وانی مێژووی خه‌باتی خۆیانه‌وه‌ . ده‌كرێت به‌ لێكتێگه‌یشتن نه‌ك سازش له‌م دۆخه‌ ده‌ربچن و بواری ئه‌وه‌ نه‌ده‌ن حه‌شدی شه‌عبی شوێنی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌ پته‌و بكات و بۆ دواجار زیان به‌ئه‌وانیش بگه‌یه‌نێت، ئه‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ به‌رپرسیارێتیه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌سه‌ر پارتی نیه‌، كه‌ پێویسته‌ له‌وه‌ زیاتر فشار بۆ شه‌نگاڵ نه‌كات و هێزه‌كانی ئه‌وێنده‌ر ناچار نه‌كات  به‌ هه‌مان شێوه‌ی ره‌فتاره‌كانی خۆی په‌نا بۆ دوژمنان به‌رن و، با هه‌ر هیچ نه‌بێت هێزی خودی له‌وێدا بمێنیت باشتره‌ بۆ دوارۆژ و چۆنێتی لێكتێگه‌یشتن له‌ رۆژگاری ئاساییدا . ئه‌گینا هاوكاری ئه‌وانه ‌واته‌ لایه‌نی ده‌وڵه‌تی توركی بێت یان عێراقی له‌ كاتێكی دیاریكراودا جگه‌ له‌ په‌تێك و له‌دواجاردا له‌ملی هێزی هاوكاریكه‌ری بئاڵێت هیچ شتێكی تری لێ سه‌وز نابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ هێزی ده‌وڵه‌تین؛ سیاسه‌ت و ستراتیژ و پلان و پیلان و فه‌رمانی ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ چه‌ندین ده‌وڵه‌ت پشتگیریان بكات و له‌پێناو ئامانجێكی گه‌وره‌ هه‌زار پیلانیان بۆ دارێژێت  . ئه‌مانه‌ ئۆپۆزسیۆن نین كه‌ قوڵایی سیاسی و عه‌سكه‌ریان  به‌هه‌مان شێوه‌ و به‌قه‌د هێزه‌ كوردیه‌كانی خۆمان بێت و، سیاسه‌ت و یاری له‌و نێوه‌نده‌دا ئاڵۆزتره‌و له‌‌دواجاردا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی جیاواز  له‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسه‌ هه‌ستیاره‌كان رۆڵی گه‌وره‌ی خۆی ده‌بینێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە