کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چەند ڕستەیەك لەمەڕ مردنی نەوشیروان

Saturday, 20/05/2017, 13:32


نەوشیروان مستەفا لەئاست جەلال تاڵەبانی ئاوا ئەدوێ: ئامادەم گەر فیشەکێك ڕوو لەتاڵەبانی بکات خۆمی ئەدەمە بەر.
هەروەها لە ئاست مەسعود بارزانیش بەم شێوەیە دووا: کوردستان لەدەستێکی ئەمیندایە وگرەنتی ٤ ساڵ ئارامی شەقامم داوەتێ.
لێرەوا بۆمان دەرئەکەوێ کەوا نەوشیروان زیاتر لە خزمەتی سەرکردەکاندا بووە و زۆر بەتەنگیانەوە چووە نەك هەرئەمەش، بەڵکو هیچ کات بەڕاستی پشتی ئەو سەرکردانەی بەرنەداوە و لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەدا بۆ خاتری تاڵەبانی، ئەندازیارێکی کامڵ و کارا بوو.
نەوشیروان هیچ کات سەرکردەی جەماوەر نەبووە و لەکاتی پێویستدا پشتی تێکردوون. بۆ نمونە هەفتەیەك پێش ڕووداوەکانی لقی چوار و بەدیاری کراوی ١٧ شوباتی ٢٠١١، نەوشیروان هانی خەڵکی دا بڕژێنە سەرشەقام و داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمی کرد. کەچی دوای ئەوەی چەتەکانی مەسعود دەستڕێژی گوللەیان لەخەڵکی سلێمانی و کرد و ڕێژوان و هاوەڵەکانیان شەهید و بریندار کرد،ئەم هات و ووتی ئەوانە خەڵکی گێرەشێوێنن و دواتر ووتی؛ ئەوەی ئێمە کردمان چۆن ئەوان سیناریۆیان هەبوو،ئێمەش بەهەما شێوە سینارێۆی خۆمان بوەو مەبەستمان بەڕاستی ئەوە نەبوە کەخەڵکی ئاوا بکەن.
کێن ئەوانەی زۆر بەمردنی نەوشیروان ناڕەحەتن؟
ڕۆڵی نەوشیروان چ لەکاتی شاخ و چ لەکاتی شار،تەنها کپ کردنی دەنگە ناڕەزاکان و یاخیان بوە. لەشاخ ئەوەی دژی جەلال و هێلەکەی ئەو بوون،ئەم لەهەوڵی ئەوەدا بوە خاویان بکاتەوە و دواتر پاشگەز بونەتەوە وەیان ڕێزەکانی یەکێتیان بەجێهێشتوە.. لە شاریش دوای ئەوەی ناڕەزایی خەڵك ئەستوور ئەبێ دژی یەکیتی و پارتی، نەوشیروان بزووتنەوەی گۆڕان دروست ئەکا و هەموو دەنگە یاخی و بوێرەکان گێژو وێژ ئەکا و سەریان لێ تێك ئەدا. هەربۆیە هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی زەرەر مەندی یەکەمن  بەڕوێشتنی نەوشیروان. لەهەمان کاتدا، مردنی نەوشیروان ئەبێتە هۆی ڕەچەنینێکی نوێ لەناو خەڵک و ئەبینین ماوەیەکی کەم جۆش و خرۆشی شۆڕش و ڕاپەڕین زیاتر کڵپە ئەسەنێ.
میدیا جیهانیەکان؛ هەریەك لە (bbc و cnn) گەڕام بەهیچ کلۆجێ هەواڵی مردنی نەوشیروانم نەبینی. ئاخۆ هۆکاری ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نەوشیروان کەسێکی جیهانی و هەرێمی نەبوەو لانی کەم وەك موقتەدا سەدری پێ نەکرا لەنێو گەلی خۆیدا؟
خاکێتی نەوشیروان مستەفا: لەو کاتەی نەخۆش ئەکەوێ و کوردستان جێدێڵێ،هەرگیز ڕازی نەبوە کەسی تر بەفەرمی شوێنەکەی بگرێتەوە و هەتا ئەو ڕۆژەی مرد،نە جێگر وە نەکەسێك دەست نیشان نەکرا بۆ ئەوەی لەکاتی نەخۆشی ئەودا،کارەکان بکا. ئەمەش خاکێتی نەوسیروان ئەخاتە جێگای گومان . ئایا بۆ ماوەی ٢ ساڵی ڕەبەق لە ووڵاتێکی سەرمایەداری وەك بەریتانیا لەژێر چاودێری پزیشك و چارەسەردا کەس هەبوە پێمان بڵێ چەندی خەرج کردوەو کێ ئەو پارەی بۆ دابین کردوە،ئایا ئەمە سیفەتی خاکێتی ناخانەتە ژێر سەد پرسیارەوە؟
دەسەڵاتی باشوور خەمخۆرترین و باشترین پارێزەریان لەدەست چوو. ئەبێ باش بزانن کەوا لەمەو دوا ئەبێ بگەڕێن بەدوای کەسێکی وەك کاکە نەوە کەزەحمەتە دەستیان بکەوێ بۆ ئەوەی جەماوەریان لێ هار نەکا. دەبا خەڵکی کوردستان لەئێستاوە خۆی ڕەشمەکە بەدەستی خۆیەوە بئاڵێنێ و خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکا.
داوایەکی بنەماڵەی بارزانی بۆ خانەوادەکەی نەوشیروان؛ بڕیارمان دا بۆ پرسەکە شێخ ئەدهەم بارزانی بنێرین و داوا ئەکەین شوێنی پێشەوەی بۆ دانێن و نەیەڵن کەس پێ بەپێڵاوەکانی بنێ،لەبەرئەوەی فازیڵ بەشارەتی ئیشی نیە تەنها چاوی شۆڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی بزانێ کێ بەمەبەست پێ بە پێڵاوەکانی شێخ ئەدهەم ئەنێ . دەنا هەروەك چۆن پار لەیادی هەڵەبجەدا کۆڕەکەمان بەجێهێشت،ئاوهاش گەر شایستەی شێخ ئەدهەم نەبێ،ئەوا بەجێی دێڵین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە