هەموو ڕۆژێ یادی مەرگێک
Wednesday, 17/05/2017, 16:25
هەموو ڕۆژەکانی ساڵم لەمێژووی گەلەکەمدا ڕۆژی کارەساتێکی گەورەن، هەموو ساتەکانی پڕن لە تەزین، ڕۆژی ۱۷ی ئایار ڕۆژێکی تری شوومە لە مێژووی و ساڵ و مانگەکانی گەلەکەم، ئەو ڕۆژەیە لە دوا ئێوارەی ساڵی ۱۹٨۷ دواساتی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و کەچەند کاتژمێرێکی کەمی ماوە بۆ لێدانی یەکەم تەگبیری جەژنی ڕەمەزان، بەڵام ئەسەف و هەزاران مخاب ڕژێمی بەعسی فاشی گوندی وەرێ ی سەر بەناحیەی بێتواتەی دەیە بەر بۆمبی کیمیای.
ئەوڕۆژێ هەموو گەل ئامادەی قوربانی و گیان بازی بوو، لەپێناو شۆڕشێک کە ئومێدیان لەسەر هڵچنیبوو، کاتێک دوای ڕزگاری کوردستان هەموو تەمەنی ماوی قوربانیا بکات بەجەژن و خەمو ناسۆری دەستی دوژمنیان بیرباتەوە، گڵکۆی ئازیزانیان بکات بە مۆنۆمێنتێک و چی مرۆڤی سەر ئەم زەمینەیە پێیان ئاشناکات، چی دەسەڵاتی ئەو سەردەم هەیە لەئاست بێ دەنگی و هاوکاری ڕژێمی بەعسی فاشی شەرمەزار بکات، واش لەجیهان بکات دوای لێبوردن بکەن لە کورد و سەری شەرمەزاری لەئاست کوردا دانەوێنن.
بەڵام ئەسەف و هەزاران مخاب، ئەم شۆڕشە و خەباتەی تەواوی کوردستانی لەماوەی سەدەی ڕابردوودا، کوردستان لەسەری توشی خەڵتانی خوێن و سووتماک بوو، ئەمڕۆ دوای ۲٦ شەش ساڵ بۆ سەر مەزاری شەهیدانیان ساڵانە چەند کاتژمێرێک دێن و ڕادەوەستن و ڕێگاکەش وەک چۆن ئەوکات وێرانەبوو ئێستا کاولترە، دەسەڵاتێک نەتوانێ بە ۲٦ ساڵ سەرمەزارێک چەوڕێژکات و ڕێگاکەی هەر خۆڵبێت، ئەبێ چ دەسەڵاتێک بێت!
ئەوشۆڕشەی نەک نەی توانی یادەکانیان بۆ بکات بە جەژن، نەوەک هەر تەواوی تەمەن بەڵکو یادەکانیشان لەم ڕۆژەدا لەساتی کیمیاباران خەمناک ترە، نەک کارەسەتی خۆشناوەتی و گوندی وەرێ لەیاد کراوە، بەڵکو یادەکە یادێکی بێخاوەنە، چونکە قوربانیانی بەکەم دەبین و پارووی چەوری سەرفیاتی بەرژەوەندیان تیادە کەمە، هەر ئەوەشە وای کردوە، کەچەند کەسێکی کەم ساڵانە دێن بۆ ئەم یادە کە بوتڵێ ئاوی سەفەری سەڵاحیەتیان نیە، لەکاتێکدا سەدام بەهۆی کیمیاوە چەند ئەم گەلە نابوت کرد! ۲٦ ساڵ زیاترە ئەم دەسەڵاتەی کورد ئەم گەلە بەبەرچاوی دۆست و دوژمن نابوتتر دەکرێت، زیاتر دەتاوێنرێتەوە و هەوڵی لەناو بردنی دەدرێت.
وڵاتێک بوبێتە مەڵبەندی کۆکردنەوەی سامان و خۆ دەوڵەمەند کردن و بیر چونەوەی گەل ، پێویستە خەڵکی خاوەن قوربانی ڕێگە لەیاد کردنەوەی بگرێت، وڵاتێک مووچەیەکی شایستە بەقوتی خەڵکی خاوەن شەهید ڕەوانەبینێ، بڕیاری کەم کردنەوەی بۆ ڕوبعە موچە بدات و چەندین مانگ دوای بخات و کەس و کاریان لە پێناوی بژێوی بخاتە سواڵ، لەبری ڕێگەدان بەیاد کردنەوە، حەقە کەس و کاری قوربانیان وەک چۆن ئەوان لەسەر ئەمانە کیمیاباران کران، لەبری پێشوازی و تۆقە بە خڕە بەردی ئەوێ بەردبارانیان بکەن. پێویستە کەس وکاری شەهیدان لەبری یاد نەفرەت لەوانەبکەن کەساڵانە بەخۆ چەپکێک گوڵ بۆ خۆبادان دێنە سەر ئەم مەزاری قوربانیەکانیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست