کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسی بێت سه‌ربه‌خۆییتان بۆ چیه‌ ؟

Sunday, 14/05/2017, 19:21


عه‌ره‌فات كه‌ره‌م سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز هاواری ده‌كرد و ده‌یوت؛ ئه‌م دیموكراسییه‌ی عیراق ئێمه‌ دروستمان كردووه‌ و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئێمه‌ له‌ وتوێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بین و به‌غدا بۆ كه‌س به‌جێ ناهێڵێن موزایه‌ده‌مان به‌سه‌ردا بكات و یه‌كه‌مین شوێن په‌نای بۆ به‌رین بۆ وتوێژ به‌غدایه‌  . هه‌ر لێره‌دا كۆمه‌ڵێك پرسیارم به‌میشكدا هات :
*ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسیه‌ و ئێوه‌ دروستتان كردووه‌، بۆچی ئه‌م ماوه‌ دوورودرێژه‌  ته‌بڵی ئه‌وه‌ لێده‌ده‌ن كه‌ عیراق له‌ شڵه‌ژانێكدا ده‌ژیت و بواری پراكتیزه‌كردنی دیموكراسی تێدا نابێته‌وه‌ و هه‌ر به‌عه‌قڵی ناوه‌ندێتی و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ و كه‌مایه‌تیه‌كانی تردا ده‌كات و هه‌زار و یه‌ك نمونه‌ی پێشیلكاریتان باس ده‌كرد و به‌هانه‌تان بۆ نادیموكراسیبونی به‌غدا ده‌هێنایه‌وه‌ .
* ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئێوه‌ دیموكراسیتان له‌به‌غدا چه‌سپاندووه‌، خێره‌ له‌ كوردستان ئه‌وه‌ی به‌ دیموكراسیتان كرد با به‌ده‌واری شڕی نه‌كردبێت و گرنگترین و پێویسترین ده‌زگای دیموكراسیتان په‌كخست . كه‌سانی  هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكتان به‌ فه‌رمانی حزب نارده‌  ماڵه‌وه‌ و، شه‌قێكتان وه‌شاندوه‌ هه‌ر وه‌ك سه‌ركرده‌ ملهوره‌كان قاچتان له‌ چمكی كه‌واكه‌ گیری به‌ستووه‌ و لیی نابێته‌وه‌ و بۆتان چاره‌نه‌كرێت. 
* ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسی بێت و ئێوه‌ش بنیاتنه‌ری بن، بۆچی ئیستا و هه‌ر له‌م كاته‌دا حزبه‌كه‌ی كاكه‌ عه‌ره‌فات ده‌ڵێت: باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ناكۆكیه‌كانی به‌غدا و كوردستان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و جیابونه‌وه‌یه‌ و وا موزایه‌ده‌ به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیه‌شه‌وه‌ ده‌كه‌ن  كه‌ خه‌ڵك واده‌زانێت سالێك نابات ئاڵای كوردستان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌شه‌كێته‌وه‌ .
* ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسیه‌ و ئێوه‌ش شه‌ره‌فی ئه‌وه‌تان به‌خوتان داوه‌ كه‌ ئه‌ودیموكراسیه‌ته‌ به‌ری ره‌نجی ئێوه‌یه‌. خێره‌ هه‌ر به‌ قسه‌ی ئێوه‌، هه‌ر ئه‌م به‌غدایه‌ ماف و پێویستیه‌كانی گه‌لی كوردستان دابین ناكات و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌یسه‌ر ناكات،  كه‌ به‌خۆتان به‌ ئاشكرا قسه‌ له‌م باره‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵین له‌ ناعه‌داله‌تی به‌غدا په‌نامان بۆ شوێنی تر بردووه‌ .
*ئه‌گه‌ر ئێوه‌ دیموكراسیتان له‌ به‌غدا چه‌سپاندووه‌، یه‌كێك له‌كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی دیموكراسی به‌ باشی به‌كارهێنانی ئابووری وڵاته‌ و باشكردنی داهاتی خه‌ڵك و به‌یه‌كسانی مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هاوڵاتیاندا، ئه‌ی خێره‌ ئێوه‌ ئیدعای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌  باشترین رێگه‌ بۆ خزمه‌تی كوردستان و راییكردنی كاروباری ئیداری هه‌رێم له‌ رێی  سه‌ربه‌خۆی ئابوورییه‌وه‌ به‌ده‌ر له‌به‌غدا ده‌بێت و، به‌م بۆچونه‌تان یه‌ك دونیا زه‌ره‌ر‌تان له‌ كوردستان دا و خستتانه‌ قه‌یرانێكی ئابوری واوه‌ كه‌ ناتوانن ته‌نانه‌ت مه‌عاشی فه‌رمانبه‌ران دابین بكه‌ن .
* ئه‌گه‌ر ئێوه‌ شانازی به‌ دیموكراسی به‌غداوه‌ ده‌كه‌ن، بۆچی هه‌را وهوریاتان گه‌یشتۆته‌ ئاسمان و ده‌ڵێن ‌تا ئێستا به‌غدا هیچ حه‌قوحقوقی پێشمه‌رگه‌ و جوتیارانی دابین نه‌كردووه‌ و فه‌رقو جیاوازی له‌ نێوان ئه‌و هێزانه‌دا ده‌كات كه‌ شه‌ری داعش ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت رێگڕی ده‌كات له‌ گه‌یشتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌ به‌خشراوه‌كانی ده‌وڵه‌تانیش به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان  .
*جا ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسی بێت  و ئێوه‌ شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رۆڵی سه‌ره‌كیتان بینیوه‌ له‌و چه‌مكه‌ چه‌سپیوه‌دا، بۆچی په‌یوه‌ندیه‌كانتان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وره‌به‌ر و جیهاندا به‌ده‌ر له‌ به‌غدا ده‌به‌ستن و ئاستی په‌وه‌ندیه‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌ر هیچ نه‌بێت با به‌قه‌ده‌ر ئه‌وان نیه‌ .
* ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسیه‌كه‌ی ئێوه‌ پراكتیزه‌ ده‌كات، بۆچی نارازیبون له‌ده‌ركردنی وه‌زیره‌كه‌تان له‌ به‌غدا  و یه‌كێك بۆ جێگره‌وه‌ی دانانێن و به‌ قسه‌ی خۆتان هه‌رچی به‌رپرسی ئێوه‌ له‌به‌غدا بێت لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و ده‌رده‌كرێن،  به‌ قسه‌ی ئێوه‌ بێت؛ ئه‌مانه‌ی ئێوه‌ ده‌ست و داوێن پاك و زاهیدن و ئه‌وان بوختانیان بۆ ده‌كه‌ن و  له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی راوه‌دویان ده‌نێن و راده‌كه‌ن بۆ كوردستان .
لێره‌دا ده‌بێت یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ و بۆ خه‌ڵكی كوردستان روونی بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م دووفاقیه‌ته‌ وه‌لاوه‌نێن،  یان به‌غدا مافی كوردی زه‌وت كردووه‌ و نادیموكراسیه‌ و باشترین چاره‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی راسته‌قینه‌یه‌، یان دیموكراسی عه‌یار بیست و چواره‌  و ئێوه‌ ده‌ستان هه‌یه‌ له‌و سیما جوانه‌ی و به‌رهه‌می دیموكراسیه‌ته‌كه‌ی به‌ر ئێوه‌ش ده‌كه‌وێت و ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ودا رێكبكه‌ون، نه‌ك ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بكه‌نه‌ داری ده‌ستتان بۆ  دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كانتان له‌مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد یان له‌ملاوئه‌ولا دا، نه‌ك  بۆچه‌واشه‌كاری  شیعاری راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی به‌كار بێنن .
 له‌وێشدا ئه‌گه‌ر به‌غدا مافه‌كانی كوردی به‌و دیموكراسیه‌ دابینكردووه‌ و ده‌توانێت ته‌نانه‌ت میله‌تی كرودیش بخهاته‌ خێرو خۆشیوه‌ ئه‌ی ئه‌م ئیدعا چه‌واشه‌كاریه‌ی سه‌ربه‌خۆییه‌تان  بۆچیه‌ . له‌م راوبۆچون و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌ی پاتری جوهه‌ری نیاز و مه‌رامی پارتی له‌م سه‌رقاڵكردنه‌ی خه‌ڵك به‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و ته‌نها ریفراندۆمیان وه‌ك كارتێك ده‌وێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌غدایه‌ی  كه‌ به‌خۆیان دیموكراسیان تێدا فه‌رزكردووه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی به‌كار بێنن و هیچیتر . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە