دەبوایە پارتی ویەكێتی سوپاسگوزاری گۆڕان بن
Friday, 12/05/2017, 12:44
دەبوایە دەستەڵاتەكەی پارتی وشەریكەكانی منەتباری بزوتنەوەی گۆڕان بوایە چونكە گشت دەنگێكی ناڕازی لەئۆپۆزسۆنی چەكداریەوە ھەڵگێڕاوەتەوەو لەبازنەی بەرەنگاری مەدەنیدا كۆی كردوونەتەوە..
كولتوری عێڕاقی و كوردی ھێشتا گیانی تۆڵەسەندنەوەی بەھێزی چەكی تێدایە بەخودی دەستەڵاتیشەوە، كە لەبەرامبەر ھەر ڕقێكدا پەنا براوەتە بەر تفەنگ و خوێن ڕژاوە، یان مانۆڕی چەكداری كراوە، یان بەزەبری ڕیزبەستنی چەكداران دەزگا شەرعیەكان خراونەتە بەكودێتا، بۆ تاكی كۆمەڵگەش دروستە ئەمە پێوانە بكرێت، بۆیە ئاسان نەبوو ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان كردی، ھێنانەكایەی ئەو دیدەگایە لەڕووبەڕووبوونەوەی دەستەڵات، دەكرێ ھەندێ كەس ھەبن بەم نەفەسەی چەكداری بیركەنەوە بەڵام پڕۆژەی گۆڕان ئەوەیە كەئێستا لەمەیداندایە...
گۆڕان ئەگەر دەنگی ناڕازی چەكدار بكردایە سوچێكی ئەو فكرەی لەھەنبانەی سیاسی خۆیدا جێی دەكردەوە، بەڵام گەر سەرنج بدەن وەھا دیدێك نادۆزنەوە كە كرابێت بەپرەنسیپێك لەئێستاو قۆناغی داھاتووشدا...
بزوتنەوەی گۆڕان داھێنەری خەباتی مەدەنیە لەبەرامبەر دەستەڵاتێكی حزبی و عەشایەرو چەكدار، كە ئەم دەستەڵاتە بەھیچ جۆرێ بڕوامەند نیە بەم شێوە خەباتەو بەم نەھجە بەربەرەكانێ مەدەنیە...
بزوتنەوەی گۆڕان گۆڕەری ئەو فكرە چەكداری و بەربەرەكانێ توندەیە كەمیراتی كلتورێكی سەقەت و چەوتەو بەرلەھەموو كەس دوو حزب و لەناویشیاندا دوو بنەماڵەو دەست وپێوەندی ھەردوولا دەستیان پێوەگرتووەو چڕنوكیان لێ گیڕساندووە، بە سەرنجدان لەكۆی حكومداری شەڕ ڕەوی وجوتڕەوی و نھێنی ڕەوی ڕاستی سەرەوە دەسلمێت.
بەڵام دەكرێت ھەندێ جار بیری دەستەڵات بھێنینەوە كە تاسەر بزوتنەوەی گۆڕان ناتوانێ ئەو دەنگە مەزڵومەی ھەرێم لەچوارچێوەی مەدەنیەتدا بھێڵێتەوە، ڕەنگە لەئەنجامی بەردەوامی ئەو دۆخەی كە پارتی وشەریكەكانی دروستیان كردووە ئەو ڕكابەرە دروست ببێت كەبەھەمان تێڕوانینی خۆیان بەرەنگاریان ببێتەوە، واتا بڕواداری چین بەوە لەگەڵیان بجەنگن، چونكە حوكمێكی ٢٦ ساڵی كەگشت بەھا قیەمیەكان داڕمێنێ و سەروەتی گشتی بەڕۆژی ڕوون تاڵان بكات و تیرۆری حزبی بێنێتە وجود، ڕەخنەگران و میدیاكاران بكوژێ و بگرێ و لێیان بدات حەتمەن بەرەنگاری چەكداری دروست دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست