هەرێمی کوردستان لەسایەی بەرپرسانەوە بۆتە بازاری ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەر
Monday, 08/05/2017, 22:45
دوای بازرگانیكردن بە نەوت و چەك، بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان لە 8% ی بازرگانی جیهانی پێكدەهێنێت.
----------------------
لە هەرێمی كوردستانیش ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان روو لە زیادبوون دەكات، بە جۆرێك لەئێستادا بەندیخانەكان بوونەتە شوێنێك بۆ بازرگانی و ئاڵوگۆڕی مادە هۆشبەرەكان.
لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 ەوە تا مانگی 6 ی 2016 کە رۆژنامەی هەوال بڵاویکردۆتەوە، 161 كەس بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر سزادراون.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی تر تەنها لە ساڵی 2016 تا ساڵێ 2017 لە سنوری سلێمانیدا زیاتر لە 371 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان حکومەت نییە، بەڵام ئەگەر شتێک بەناوی حکومەتەوە هەبێت ئەوا هیچ هەنگاوێكی بۆ قەدەغەكردن یاخود سنورداركردنی بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان نەگرتۆتەبەر، ئەمەش زەمینەی بۆ بازرگاننی ئەو مادەیە رەخساندووە، جموجوڵی زیاتر بكەن. نەک هەر ئەوە بەڵکو بەرپرسانی حیزبی و حکومی ئەو مەترسییە گەورەیەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانیان قۆستۆتەوە و بازرگانی پێوە دەکەن .
ساڵی 2009 لە سلێمانی کاری رۆژنامەوانیم بۆ رۆژنامەی هاولاتی دەکرد. بە دواداچوونێکم کرد بۆ ئەنجامی دەستبەسەراگرتنی 50 کیلۆ مادەی هۆشبەر کە پێش سالێک و ٧ مانگ لە رێگای نێوان کەرکوک - سلێمانی لەلایەن حاکم قادر بەرێوەبەری ئەوکاتی ئاسایشی هەرێمەوە دەستی بەسەرا گیرابوو. بەڵام هیچ ئەنجامێکی ئاشکرا نەکرابوو. دەمویست بزانم ئەنجامەکەی چی بوو. پەیوەندیم بە حاکم قادرەوە کرد دەیوت پەیوەندی بە ئاسایشی سلێمانیەوە هەیە کە ئەوکات وەستا حەسەن بەرێوەبەری بوو. منیش ناچار بووم پەیوەندی بە وەستا حەسەنەوە بکەم و ئەو پێی وتم کە بە بەڵگە دەتوانێت بیسەلمێنێت ئەو بابەتە لای حاکم قادرە. لە راستیشدا کاتێک کە دەست بەسەر ئەو برە مادەیەدا گیرا، حاکم قادر وەک پاڵەوان لەرێگای شاشەی تیڤیەکانەوە رایگەیاند کە ئەو برە مادەیان دەست بەسەرا گرتووە. دواتر پەیوەندیم کرد بە حاکمی ئاسایشەوە و ئەو پێێ وتم کە هێشتا لێکۆڵینەوە لە پرسەکە دەکەن. بەلام ئەوەشی بە نافەرمی پێ راگەیاندم کە ئەو کەسانەی برە هێرۆینەکەیان پێوە گیراوە خزمی بەرپرسانی باڵان و پرسەکە دێزە بە دەرخۆنە کراوە. دڵنیام لەوەی کە تا ئێستاش هیچ ئەنجامێکی ئەو کەیسە ئاشکرا نەکراوە.
نامەوێ لەم وتارەدا، تەنها حاکم قادر تاوانبار بکەم بە پرسی تێوەگلان بە بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە، بەڵام ئەوە نمونەی مشتێکە لە خەروارێک. ئەوە وایکردووە کە لە ئێستادا ئیتر کوردستان هاوتەریب بە بازاری ساغکردنەوەی کاڵای وڵاتانی دراوسێ، بۆتە بازاری ساغکردنەوەی مادە هۆشبەرەکانی ئێرانیش.
ئەگەر بەرپرسانی حکومی و حزبی دەست وەرنەدەنە پرسی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە، دەزگا ئەمنیەکان دەتوانن بە ئاسانی کۆنترۆڵی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بکەن.
نابێت ئەوەشمان بیربچێت کە راگەیاندنی کوردیش رۆڵی خۆی هەیە لەوەی کە بەدواداچوونی جددی و هەمیشەیی نەکردووە بۆ ئەو کەیسە. بەڵکو وەک هەر رووداوێکی تر، بە هەواڵێک یان ئامارێک ساڵانە شتێکی لەسەر دەڵێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست