داعش چییە؟
Sunday, 07/05/2017, 11:47
کاتێک لە داعش دەدوێین، ئەوا لە ئیسلام و کولتووری عەرەبی-ئیسلامی دەدوێین. بەڵام مەسەلەکە پەیوەند بە ئایینێکەوە تەنیا ئەوە نییە کە گەردووندیدییەکەی و ئەوجا ئامۆژگاری و ڕێساکانی دابڕاو لە مرۆڤ ڕاڤەبکرێن، واتا ناشێت ئایینێک دوای سەرهەڵدان و تەنینەوەی بەنێو خەڵکدا یەکسەر گۆڕانی چۆنێتی بەسەر مرۆڤانی وەرگریدا بهێنێت، چونکە مرۆڤەکان بەکەسکراوی، واتا سۆسیالیزەکراوی کۆمەڵگە و کولتوورێکی تایبەتین، بۆ نموونە مرۆڤەکان پەیوەند بە ئیسلامەوە سۆسیالیزەکراوی کولتوورێکی بەدەوی بیابانین بە مۆرکە تایبەتییەکانییەوە، وەک: تاڵانی، شەهوانییەت، حسابکاریی، پیس و پۆخڵی و هتد. لە بنەڕەتدا ئەوە مرۆڤی بەدەوی-بیابانییە کە بەردەوام لە شەری خۆهێشتنەوە (بەقا)دایە و دەبێت بە هەڵگر و بڵاوکەرەوەی ئایینی ئیسلام.
بەڵام ئێمە ئەمڕۆ، لەم سەردەمە داڕزاوەدا، ناتوانین هەروا ئاسان بڕیارێکی ڕوون و ئاشکرای لۆگیکی بەسەر دائشدا بدەین، واتا هەڵوێستێک وەربگرین هاوشێوەی ئەو تێڕوانینە باوانەی ئەمڕۆ کە سووک و ئاسان لەبارەی دائش دێنە دەربڕین. من دائش وەک فێنۆمێنێک وەردەگرم و ڕاستەوخۆ نایکەم بە بابەتی پێوەخەریکبوون، بەڵکو ڕەخنەییانە ئەو تێروانین یان ئەو تێزە جیاوازانە دەپشکنم کە لەبارەی ئەو دەربڕراون. لێرەدا ئامانجی ئەم ڕێگەبڕینە هزرییە ئەوەیە کە لە ڕەوتی خەریکبوونی ڕەخنەییماندا بەو تێڕوانینانەوە دەوری فێنۆمێنی دائش بدەین، تاکو بەو شێوەیە هێدی هێدی ڕۆشن ببێتەوە.
سەرەتا گەرەکە پرسێک یەکلابکەمەوە: من لێرەدا تیۆریی پیلانگێڕی وەلاوەدەنێم. ئەم تیۆرییە بەگشتی زۆر سادەیە و بۆ هەر کێشەیەک لە یەک پێشمەرجەوە دەردەچێت کە بریتییە لە دەستی دەرەکی، جا ئەو دەستە دەرەکییە شەیتان بێت، زیدەوەرە زۆر زیرەک و پێشکەوتووەکانی نێو گەردوون بن یان دەزگایەکی هەواڵگریی بێت.
ئەو تێڕوانینانە کە من بەهەندیان وەردەگرم، بریتین لە:
١- لە دائشدا سەرلەنوێ هەقیقەتی ئیسلام بەڕوونی دەرکەوتۆتەوە. ئەوە هەمان ئەو هەقیقەتەیە کە بۆ یەکەم جار لە کاتی داگیرکارییە ئیسلامییەکانی سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا دەرکەوت.
٢- دائش هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسلامەوە نییە، چونکە ئیسلام ئایینێکی لێبوردەیە.
٣- کولتووری ئیسلامی نەخۆشە، نەمانی هێزی دەوڵەتی لە ئێراق ڕێخۆشکەر بوو بۆ دیاردانی نەخۆشییەکە.
٤- دائش هەڵقوڵاوی شۆڤینیزمی ئەرەبی-سوننیە کە لە دێرزەمانەوە حوکمڕانیی ئەو ناوچەیەی کردووە کە ئەمڕۆ ناوی ئێراقە، بەڵام دوای لە دەستدانی دەسەڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٠٣ کەوتۆتە شەڕی سەندنەوەی ئەو دەسەڵاتەی، لێرەشدا ئیسلام وەک ئیدیۆلۆژی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی زامنێک بە خەباتەکەی بدات.
٥- دائش پەرچەکردارێکی توندڕەوانی سوننییە لەدژی چەوساندنەوەی ئەهلی سوننە لە لایەن شیعەکانەوە.
ئایا تا چەند ئەو تێڕوانینانە ڕاستی و تا چەند ناڕاستی، واتا یەکلایەنێتی، لە خۆ دەگرن؟
تێڕوانینی یەکەم بەراوردێک بە تایبەتی لەتەک سەرەتاکانی ئیسلامدا دەکات، لێرەشدا بۆ ئەوەی بناغەیەک بە خۆی بدات، ڕوودەکاتە گێڕانەوەکانی شارەزایانی سەرەتای ئیسلامی لەبارەی ئەنفالەکانی سەرەتا و توێژینەوە مێژوییەکان و وەک بنەما وەریاندەگرێت. لەم ڕوانگەیەوە موسڵمانە ئەرەبەکان کە بەدەوی بیابانی بوون، بە تایبەتی بۆ تاڵانی و گرتنی کەنیزەک و غولام شەڕیان دەکرد، کەواتە ئەنفالکردن هاندەریان بووە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دی. ئەم هەقیقەتە ئەرەبی-بەدەویە سەرلەنوێ لە ڕێکخراوی دائشدا دەرکەوتۆتەوە. زۆر توێژینەوەی مێژوویی لەو دەمە جەختیان لە ڕاستیی ئەو سەرەتایانەی ئیسلام کردووە، بە تایبەتی لە سەردەمی ئومەری کوڕی خەتاب پێش کۆکردنەوە و بەمەش تەزویرکردنی قورئان لە لایەن عوسمانی کوڕی عەفانەوە، واتا پێشانیان داوە کە چۆن ئەرەبە بەدەوییەکان بە ناوی ئایینەوە کولتوورە پێشکەوتووەکانی ئەو دەمەیان وێران کردووە و بەوەش بۆیان بوون بە مایەی لەکارخستنی کەسێتیی ئێتنیکی و پاشاگەردانییان. جگە لەوە نوێنەرانی ئەم تێڕوانینە جەخت لە ناکۆکیی هۆزەکی و دەسەڵاتخوازیی سەرانی ئەو دەمەی ئیسلام دەکەن کە ئەمڕۆ بە تایبەتی بوون بە میرات بۆ ئەرەبەکان و بە گشتی بۆ سەرجەم موسڵمانان، واتا ناکۆکییەکانی ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و لایەنگرانیان لە لایەک، عەلی و لایەنگرانی لە لایەکی دی. لەم ڕوانگەیەوە ناکۆکییەکان پەیوەندییان بە دەسەڵاتەوە هەبووە و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییە ئەرەبییەکانی ئەو دەمە، واتا سیاسی بوون نەک ئایینی.
ئایا کێشەی ئەم تێڕوانینە چییە؟ ئەم تێڕوانینە ڕەچاوی ئەو میانە مێژووییە دوورە ناکات کە لە نێوان مرۆڤانی دوو سەردەمی جیاوازدا هەیە. واتا ناشێت موسڵمانەکەی ئەمڕۆ هەمان ئەو موسڵمانە بێت کە لە سەردەمی محەمەد و خەلیفەکانیدا هەبووە. ئەرەبە بەدەوییە خۆ بە موسڵمان دانەرەکەی ئەو دەمە خاوەنی دەمارگیریی هۆزەکی بوو، ئێمە بێگومان دەتوانین تا ڕادەیەک ئەم دەمارگیرییە هۆزەکییە لە بەدەوییەکانی ئەمڕۆی وڵاتانی ئەرەبیدا بیبینین (ئاخر لەم ڕەوشەدا کات لە هەندێک ڕووەوە وەستاوە)، بەڵام ئەنفالکەرانی ئەمڕۆ بەزۆریی گەنجانی بێڕیشەی شارنشینن، کەواتە گەرەکە لەوە بهزرێین کە چۆن هەوڵ و ڕەوتەکانی مۆدێرنیزەکردن، تەنینەوەی شار و تەکنۆلۆژیای مۆدێرن و هتد، جۆرە کەسێتییەکیان بنیاتناوە کە ناشێت هاوشێوەی ئەو کەسێتییە بیابانییەی ڕابوردوو بێت کە لە ئایینی ئیسلامدا گفتی سامان و ڕابواردنی دەبینی. جگە لەوە داگیرکارییەکانی سەردەمی خەلیفە عومەر و دوای ئەو لە دۆخی هەڵچوونی ئیسلامدا بەرخران، بەڵام دائشییەکانی ئەمڕۆ لە سەردەمی تەنگژەی قووڵی ئیسلامدا وەک ئایین و کولتوور سەریانهەڵداوە، بەڵێ لە سەردەمێکدا کە تەنانەت خودی قورئان و "مەعسوم-بوون"ەکەی زۆر فراوانتر لە جاران دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.
تێڕوانینی دووەم داکۆکی لە ئیسلام دەکات وەک ئایینێکی لێبوردە، هاوکات بۆ ڕەوایەتیدان بە خۆی نموونەی ئایەت و حەدیس دەهێنێتەوە. بێگومان ئێمە دەتوانین لە مانیفێستۆی پیرۆزی موسڵمانانەوە، واتا لە قورئانەوە، داواکاری بۆ دادپەروەری و هەڕەشە لە بەدکاریی دژی کەسانی بێ دەسەڵات و بێ پشت و پەنا دەربکێشین، جگە لەوە لە ئاییندا بەگشتی ئامۆژگاری و ڕێسای ڕەفتارنواندن هەن کە هەردەم دەشێت وەک نموونە وەربگیرێن بۆ پێشاندانی ناوەرۆکەکانی ئەو ئایینە. بەڵام ئێمە هەمیشە دەگەین بە چەندین ڕاڤەی جیاواز کە کەسانی ئایینی ئەنجامیان داون و ڕاڤەکانیش دەشێت هۆکاری جیاوازیان هەبێت، وەک: ڕوونکردنەوەی ئایین بۆ کەسانی دی، یان وەک داکۆکی (ئاپۆلۆگی) لە دۆگمەکان، یان هەوڵی پاراستنی دەسەڵات.
کێشەی نوێنەرانی ئەم تێڕوانینەی دووەم ئەوەیە کە مرۆڤی هەڵگرتووی ئایینی نوێ، واتا ئارەبە بەدەویەکەی بیابان، لە تایبەتمەندییە مرۆڤییەکانی و لە سۆسیالیزەکراوییەکەی ئەو دەمەی دادەماڵن و وەک موسڵمان ئیدیالیزەی دەکەن: دەیکەن بە نموونەی باڵا لە سەرووی ئەو مرۆڤانە یان ئیماندارانەی دیکەوە کە ریالن، واتا جیهانین. کەواتە ئارەبە بەدەویەکەی بیابان هەڵدەزنێنن بۆ ئاستی مرۆڤی بێخەوش و نموونەیی کە خۆی لە پێناوی داواکارییەکانی خودادا بەخت دەکات، لێرەشدا نوێنەرەکانی ئەم تێڕوانینە هەر کارێک کە ئەو ئارەبە بەدەوییە کردوویەتی، بە یەک تاکە ناولێنان دەبڕێننەوە: "فتوحات".
ئەم تێڕوانینە بەتایبەتی لە جیهاندیدیی سوننیەوە هاتۆتە ئاراوە، کە ئاشکرایە جیهاندیدییەکی سۆفیستییە (سەفسەتەییە)، چونکە هەوڵ دەدات بە هێزی وشە و بە ڕاڤەکردنی وشە ڕەوایەتی بە خۆی بدات. سوننەمەزەبان زۆر جار وەک بەرگری لە ئایینی ئیسلام هانا بۆ سەفسەتە دەبەن، ئەوەش زۆر جار لەدژی ئەو تێروانینانە کە بۆ نموونە لە ڕوانگەی یەکەمدا پێشانمان دان. ئەم تێڕوانینەی دووەم بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە دانوستانی ئەرگومێنتەکانی تێڕوانینی یەکەم بکات کە لە سەرچاوە مێژوویەکانەوە پاڵهێز بۆ بناغەڕشتنی خۆی وەردەگرێت. ئایا کێشەکە لێرەدا چییە؟
ئێمە دەتوانین چەند هۆکارێک دیاری بکەین: ئیسلام بەگشتی و ئیسلامی سوننی بە تایبەتی لە ترسدا تۆقیوە: لە لایەک ترس لە هەژموونی خۆرئاوا و ئەو توێژینەوە هەمەلایەنیانە کە بە تایبەتی خۆرئاوا لە سەرجەم بنەماکانی ئیسلام و مێژووی هەرە سەرەتای ئەم ئایینەدا کردوونی، لێ لە لایەکی دی لە ترسدا تۆقیوە چونکە نوێنەرانی سوننی دەبینن کە دینناسی لەنێو هەناوی کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا هەمیشە پتر بووە و دەبێت بە سرووت و کرداری بێ-دڵی رواڵەتی، بەڵێ سەرلێشێواوییەکان خودی ئەو نوێنەرانەیان گرتۆتەوە و نازانن چۆن جڵەوی کێشەکان بگرن. لێرەشدا سەفسەتە چاکترین دەسوێژە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆ. بۆ نموونە لە ڕەمەزاندا کە مانگی ڕۆژووگرتنە، زۆرتر دەخورێت وەک لە هەر مانگێکی دیکەی ساڵدا. یان مرۆ دەبینێت کە پیاوانی ئایین چەند نائێستێتیکیانە ئایینەکەیان پیادە دەکەن، بۆ نموونە بەرەبەیان لە چەندین بڵندگۆی هەر مزگەوتێکەوە دەسەڵات دەنوێنن یان ڕۆژانی هەینی لە بڵندگۆکانەوە وتارەکانی گەفکردن و ترساندن و بەرۆکگرتنی کیژان ئاڕاستەی نێو سەرجەم ماڵەکانی هەر گەڕەکێک دەکەن، لێرەشدا پیاوانی ئاین بە چاکی دەزانن کە هیچ کەس لە دەرەوەی مزگەوتەکان گوێیان لێناگرێت. ئەی کەواتە بۆ ئەوها دەکەن؟ ئێمە لێرەدا خۆمان لە بەردەم پرسی دەسەڵاتی پیاوانی ئاییندا دەبینینەوە: ئەوان داوا دەکەن بەبێ سنور دەسەڵاتیان پیادە بکەن و نابێت هیچ دەستکارییەکی دەسەڵاتیان بکرێت، لێرەشدا هەر تێڕوانینێکی ڕەخنەیی بۆ ئایین دەربکەوێت، هەوڵ دەدەن بە دەسوێژی "تەکفیر" سەرکوتی بکەن. ئەم جۆرەی هزرینی سوننی کەمترین توانای پرسیاری نییە و هەموو شێوەیەکی پرسیار لەبارەی چییەتیی ئیسلام ڕەتدەکاتەوە.
تێڕوانینی سێیەم دەبێژێت: کولتووری ئیسلامی نەخۆشە، دائش پەلەقاژەی ڕزگاربوونە لە مەرگی ئیسلامی سوننی کە بەڕێوەیە، دائش نیشانەیە بۆ سەرەتای کۆتایی ئیسلامی سوننی، هەروەها ئەوە بەتایبەتی گەنجانی بێڕیشە و سەرلێشێواون کە لە لایەن ی ئایینییەوە فریو دەدرێن، کە پاشان بە حوکمی کەسێتییە بێڕیشەکەیان تاوانی ئەوپەڕی بەزەبر ئەنجام دەدەن. گەنجانی بێڕیشە لە زۆر وڵاتی جیهانەوە داعش وەک زامنێک بۆ کەسێتیی خۆیان دەبینن. ئاخر ئەوان زۆر برسین. ئەوان لە ژیان و پیشەدا شکستیان هێناوە، بەڵێ گەر تەنانەت ئەوان لە بەریتانیا و ئەڵمانیا ژیابێتن، لەو وڵاتانەش لە لایەن دایک و باوکیانەوە بە کیین و ترس لە ئازادی پەروەردە کراون، بۆیە هەرگیز بە ڕاستی نەژیاون؛ یان ئەوان وەک کەس لەنێو هەوڵی ئازادبووندا شکستیان هێناوە، کە ئیدی کیینیان لە ژیان بووە بە پاڵهێزی پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوێکی وەک دائشەوە، بەڵێ ئەوان تۆڵەی ژیانی نەژیاویان لە هەموو کەسێک، بە تایبەتی لە کیژان و ژنان دەکەنەوە، چونکە هەرگیز بوێییان بۆ خۆشەویستی نەبووە، یان لەبەر ئەوەی کوڕانی ترسنۆک بوون، ئەوا دوای شکستی پەیوەندییان یان هەوڵی پەیوەندیگرتنیان لەتەک کیژێکدا کینیان لە خودی ڕەگەزی مێییە هەڵگرتووە، کە پاشان دوای ئەوەی کیینەکانیان بەڕێی ڕێکخراوێکی وەک دائشەوە دەگیرێننەوە، ئیدی دەست دەکەن بە کیژفڕاندن و سێکسکردن، بە کوشتن و وێرانکردن. نوێنەرانی ئەم تێڕوانینە هەروەها ئەرگومێنت دەهێننەوە: ئایین لە بنەڕەتدا لەتەک هەست یان لەتەک دڵ دەدوێت، ئەوجا ئیمانهێنانی مرۆڤ بە هێزی ڕەهای سەرسروشتی وا دەکات کە مرۆڤ کۆنترۆلی حەواسەکانی (سێنسەکانی) بکات. بێگومان ئەم چەپاندنە مرۆڤ جووتمۆرال دەکات، سەرەڕای ئەوە مرۆڤ بەڕێی خوداپەرستییەوە تا ڕادەیەک دەگات بە شێوە ئارامییەکی ناخەکی، لێرەشەوە ئەو ئارامییە دەروونیە کەم یان زۆر لەسەر ڕوخساری دەردەکەوێت (گەر ڕاستەقینە بێت). بەڵام، وەک نوێنەرانی ئەم تێروانینە دەبێژن، ئەمڕۆ نەخۆشیی ئیسلام وای کردووە کە پێچەوانەی ئەو ڕەوشە نەک تەنیا لە لای توندڕەوانی دائشی و قائیدەیی و هتد دەربکەوێت، بەڵکو لای زۆرینەی موسڵمانانی نەریتیش، واتە: ئایین ناتوانێت بە دڵیان بگات، چونکە دۆخی هەنوکەی کۆمەڵایەتی کە دۆخێکی ئاڵۆزکاوە، ئەوانی شێواندووە و جگە لەوە حەزی بابەتە تەکنۆلۆژی و خۆراکی و ئابوورییەکان پتر ئەوانیان تەنیوە. نوێنەرانی ئەم تێڕوانینە ڕەوشێکی بەم چەشنە بە نموونەی بانگخوازانی ئیسلامی ڕووندەکەنەوە: ئەوان جیهادێکی کوێر بە ترساندن و تۆقاندنی ناخی مرۆڤ ئەنجام دەدەن، بەڵام گەر مرۆ لە ڕوخساریان بڕوانێت، دەبینێت کە حەواسەکانیان چەند بارگاوین، واتا "نور" هیچ ڕۆشنییەکی بە ناخی ئەوان نەداوە و ڕوخساریان بگەشێنێتەوە، بەڵکو نەوێریی بۆ ژیان وای لێکردوون هانا بۆ ئایین بەرن.
ئەم تێڕوانینەی سێیەم کە تا ڕادەیەکی زۆر پسیکۆلۆژیانەیە، بڕێکی ناکەم ڕاستی لە خۆ دەگرێت، بەڵام پرسی ئیسلامچێتی و ئەرەبچێتی کە لە هەناوی ئیسلامەوە بەڵگەیان بۆ دەهێنرێنەوە، ڕەچاو ناکات. ئارەب تا ئەمڕۆ خۆی بە خاوەنی ئیسلام دەزانێت، تا ئەمڕۆ محەمەدی پەیامبەری ئیسلام سەرە هەر مەزنەکەی ئەوە و تا ئەمڕۆ لەو مەزنتری تێدا هەڵنەکەوتۆتەوە، کە بەهای نوێی پێبگەیەنێت، بە پێچەوانەوە ئەم ئارەبە خۆی لە سەردەمێکی شکۆفەی دەسەڵاتدا نابینێتەوە، بەڵکو لە سەردەمی لاوازیی سیاسی و تەنگژەی مرۆڤی و کۆمەڵایەتیدایە. هیچ گەلێکی موسڵمان هێندەی ئارەب تووشی هەستی کەمنرخی نەبووە بەرانبەر خۆرئاوا. ئێمە لێرەدا دەگەین بە پرسی دەسەڵاتی ئەرەبی-ئیسلامی کە بێگومان لەنێو ناکۆکییە دێرینەکەی شیئیزم و سوننیزمدا دەڕەنجێت.
ئێمە دەتوانین تێزی چوارەم و پێنجەم لەیەک بدەین: دائش وەک پەرچەکرداری توندڕەوانی سوننی لەسەر چەوساندنەوەی ئەهلی سوننە لە لایەن شیئەکانەوە، ئەوجا هەوڵدانی ئینتەلگێنسیای شۆڤینیستی-ئەرەبی بۆ گەیشتنەوەیان بە دەسەڵات. لەم جێیەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە جیاوازییە ئیدیۆلۆژییەکانی سوننە و شیئە لە ڕادەیەکدان کە هیچیان ئەویدیکەیان بە موسڵمانی ڕاستەقینە نازانێت، ئەوجا ئەوەش فاکتە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێراقی ئەمڕۆدا ساڵی ٢٠٠٣ دەرفەت بۆ شیئەی زۆرینەی ئێراق ڕەخسا ببێت بە دەسەڵاتداری سەرەکی لە دەوڵەتدا، هەروەها ئەوەش فاکتە کە شیئەکان هەڵوێستی تۆڵەسێنیان بەرانبەر ئەهلی سوننە وەرگرت، کە تۆڵەی چەوساندنەوەیان بوو لە لایەن موسڵمانانی سوننیەوە لە کاتی کوشتنی حسێنی کوڕی عەلی بەدوواوە.
بەڵام لەم تێڕوانینەدا لایەنێک ڕەچاو نەکراوە: ئەوە تەنیا دائشییەکان نین کە لەدژی شیئیزم دەجەنگن، بەڵکو هەروەها زۆر مەلای سوننی و زۆر هۆزی ئەرەبی-سوننیش لە شەڕدان بۆ چێکردنی هاوسەنگیی سیاسی لە نێوان خۆیان و شیئەکاندا. جگە لەوە لە دائشدا پیادەکردنێکی ئەوتۆی ئایین دەردەکەوێت کە تەواو پێچەوانەی تێڕوانینی زۆر مەلای سوننی و هۆزە ئەرەبە سوونییەکانە. دائش ئایین بە ئامرازی وشکی پیادەکردنی ئیمانداری دادەنێت، ئەم ڕێبازەش وەک تاکە ڕێگەی زیتبوونەوەی ئەرەب بەرەو ڕووی شیئەکان و خۆرئاوا دەبینێت. ئەوە کیینە کە پاڵهێزی خەباتەکەی دائشە بۆ دەسەڵات نەک ئیمان.
ئایا چۆن ئێمەی کورد هەڵوێست بەرانبەر ئەم پرسە ئاینییانە وەربگرین کە پرسی ئیسلامی-ئەرەبین؟ لێرەدا پنتێکم دیاری کردووە کە وەڵامدانەوەی ئاسانە، واتا پنتی ئیسلامی-ئەرەبی. ئەوە ئاشکرایە کە لەنێو هەڵگرانی ئایینێکدا بەهۆی جیاوازییە ئێتنیکی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە جیاوازی زەق هەیە، کەواتە لای کورد گەرەکە پرسی ئیسلامی-کوردی زیتبکرێتەوە، ئەوەش ڕوودەدات گەر کوردە موسڵمانەکان وازبهێنن لەوە کە بە چاویلکەی ئەرەبی لە جیهان بڕوانن. ئەمە تەنیا ڕووناکاتە بانگدان و نوێژکردن بە ئەرەبی، بەڵکو ئەمە پرسێکی جیهانبینیە: موسڵمانە کوردەکان، بە تایبەتی مەلاکان، ئەرەبییانە جیهان دەبینن و لێی دەهزرێن، بەڵێ تەنانەت زۆرینەی مامۆستایانی زمانی کوردی ئەرەبییانە بە کوردی دەنووسن.
کورد ترادیسیۆنێکی دەوڵەمەندی لە تەسەوفدا هەیە. بەپیتکردنەوەی ئەم لایەنە دەروونییەی تەسەوف دەشێت ببێت بە ئەڵتەرناتیڤ تەنانەت بۆ ئیسلامی سوننی. کورد پێویست نییە سوننەمەزەب بێت، شافعی یان حەنەفی بێت، نەخێر، گەر ئەو زەردەشتی یان کریستیانی یان ئێزدی یان مولحید و هتد نەبوو، بەڵکو گەر ئەو موسڵمان بوو، ئەوا گەرەکە موسڵمانێکی ئیماندار بێت، ئەوەشی بۆ بەدیدێت گەر لەو شیمانانە بهزرێت کە چۆن ئایین بە دەروونی دەگات. ئاشکرایە ئایین هەمیشە بەڕێی زمانی دایکەوە بە دەروون دەگات. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن دەکرێت قورئان بە شێوەیەک دابڕێژرێتەوە کە ئیدی بتوانێت دەروون بۆ ئیمانداری ببزوێنێت، نەک هۆشی کوڕە یان کچە بە دەربڕینی هۆزانی و پەخشانیانەی قورئان بهەژێنێت، بەبێ ئەوەی هیچ کامیان توانیبێتی لە کرۆکی نووسراوەکەدا قووڵببێتەوە.
جگە لەوە هەندێک گۆڕانی چۆنێتییانە لای کوردەکان وەک سەرجەم دەبینرێن کە وامان لێدەکەن ڕاستەوخۆتر ڕوو لە کێشەی ئیسلام بکەین. وەک:
ئەمڕۆ لەنێو کوردەکاندا تەنیا موسڵمانان نین، بەڵکو کەسانێکی فرە هەن کە یان گەڕاونەتەوە بۆ ئایینی زەردەشتی یان ئەوپەڕی سۆزمەندانە لێی دەڕوانن و وەک ئەلتەرناتیڤ بۆ ئیسلام دەیبینن.
ئەمڕۆ ژمارەیەکی فرە کەسانی مولحید لەنێو کوردەکاندا هەن و هەرگیز مولحیدبوونی خۆیان ناشارنەوە.
هەروەها کورد تاکە گەلێکی زۆرینە موسڵمانی نەریتییە کە زمانەکەی خۆی لە کاریگەریی زمانی عەرەبی ئازاد کرد.
جگە لەوە ئاشکرایە کە ناسیۆنالیزم دەبێت بە لەبرییەک بۆ ئایینی ترادیسیۆنی، تەنانەت دەشێت خۆی ببێتەوە بە ئایین. ئێمە بەڕوونی لای ناسیۆنالیستە کوردەکان دەبینین کە بۆ ئەوان نەورۆز زۆر لە جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان پیرۆزترە.
فاکتێکی دی کە لە هەموو ئەوانەی سەرەوە گرنگترە، بریتییە لە: کورد تاکە گەلێکە لەنێو سەرجەم جیهانی ئیسلامیدا کە ئەلتەرناتیڤێکی بۆ ئیسلام هەیە و ئەویش ئوێجەلانیزمە. چۆن محەمەد مانیفێستۆی خۆی هەبوو، واتا قورئانی هەبوو، ئوێجەلانیش مانیفێستی خۆی هەیە، ئەوەش ئاشکرایە کە ئوێجەلان لە خۆی عیسایەکی نوێ تێدەگات. کەواتە خۆی بە پەیامبەرێک دەزانێت و بەمەش تێزی خاتەمولئەنبیا ڕەتدەکاتەوە. ئەو هەروەها نایەوێت مارکسیزمئاسا ئیسلام نەفی بکات، بەڵکو وەک کۆنباو ساغی دەکاتەوە و ڕینومایی دەکات، واتا سەرەو ژێر لە ئیسلام دەڕوانێت و بەمەش دەیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
-----------------------------------------------
تێبینی: ئەم نووسینە یەکێک بوو لە بابەتە بەشدارەکانی کۆنفرانسی "فەلسەفە، ئایین، سێکولاریزم" کە بەشی فەلسەفەی زانۆکی ڕاپەڕین مانگی 5ی ساڵی 2015 لە ماوەی دوو ڕۆژدا سازی کرد. لێرەدا تەنیا پوختەکەی بە کارتێداکراوی دراوەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست