کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).
Friday, 05/05/2017, 1:37
جەنگی سووریا، کاردانەوەی هەیە لەسەر دۆخی نەتەوەی کورد بەگشتی بەڵام کاردانەوەی راستەخۆی لە سەر ئێستا و چارەنووسی دوارۆژی رۆژئاوا زیاترە. کورد لەو بەشەدا پشکی شێری بەرکەوتووە لە بەرەکانی شەڕدا دژ بە داعش، هەروها پشکی شێری بەرکەوتووە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا. ئەمڕۆ زلهێزەکان پێگەیەکی تایبەتیان بەخشیوە بە کوردانی رۆژئاوا، بەڵام دوای کۆتای جەنگ چی؟
ئیدارەی ترامپ، لە یەکەم هەنگاوی دەستبەکار بوونیان لە کۆشکی سپی لە ساڵی ٢٠١٧ دا، دەستیان کرد بە بەردەوامیی دان بە سیاسەتە دارێژراوەکانی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش دا و درێژەدان بەو هاوپەیمانەتییەی کە لە نێوان وڵاتەکەیان و هێزە فەرمیی و نا فەرمییکان دا هەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاست دا. یەکێ لەو هاوپەیمانانە، هێزە کوردییەکانن لە ناوچەکەدا بە تایبەتی لە جەنگی سووریا دا کە ئەویش یەپەگەیە.
گرنگترین خاڵ، ئەمڕۆ بۆ کورد لە رۆژئاوا لەوەدایە کە بۆشایی سیاسیی تێدا بەدی ناکرێت، کوردی رۆژئاوا بە شێوەیەکی گشتی پاڵپشتی خۆیان بۆ هێزێکی سیاسیی کوردی دیاریکراو لە قەوارەیەکی سیاسیی یەکگرتوو دا خستۆتە روو. کە ئەمە بۆ ئیدارەی کۆن و نوێی ئەمریکا کارئاسانی کرد لە وێڵ نە بوون و گەڕان بە دوای هێزێکی ئامادەکراوی حازر بەدەست بۆ مامەڵە کردن و بەستنی هاوپەیمانییەتی لەگەڵی لە شەڕی دژ بە داعش و لە بەرەی دژ بە رووسیا دا.
ئیدارەی تازەی ئەمریکا، بەبێ سێودوو لێکردن بەردەوام بوون لە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ یەپەگە، هەر زوو لە ٢٤ فبرایەری ساڵی ٢٠١٧ دا، جەنەڕاڵ جۆزیف ڤۆتێل لە سوپای ئەمریکی رۆهەڵاتی ناوەڕاست دا سەردانی شاری کۆبانێی کرد، بڕیاری دا هاوکاری سەربازیی چڕ بکات بۆ یەپەگە. ئەم هاوکاریە بە خۆڕایی نەبوو، هەر لە دوای ئەوە پلانی لەناوبردنی داعش دووبارە خرا بەردەم ئیدارەی تازەی ئەمریکا وە کلیلی سەرکەوتن لەو جەنگەدا بە گرتنی شاری رەقە دەستنیشان کرا کە بە پایەتەختی داعش ناسراوە. هێرشی زەمینی، هەڵمەتە سەربازییەکان خرا ئەستۆی یەپەگە، بە کوردییەکەی قوربانی گیانی و ماڵوێرانی نرخی هاوکاری ئەمریکییەکانە بۆ کورد لە رۆژئاوا. ماڵپەڕی رادیۆ یورۆپ لە ٢٥ فبرایەری ئەم ساڵدا نووسی " قسەکەری هاوپەیمانان، رایگەیاند کە سەردانەکەی ڤۆتێل بۆ کۆبانێ، سەردانێکی پۆزەتیڤانە بوو وە دوپاتی کردەوە کە یارمەتی زیاتری کورد دەدەن بەهۆی ئەوەی هێزێکی کارێگەر بووە بۆ پشتیوانی لێکردن لەو هێزانەی کە لە هاوپەیمانیەتیدان لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعش دا". سەڕەڕای گرانبەها کەوتنی نرخی پشتیوانی ئەمریکا بۆ کورد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو واقیعە تاڵەی کە کورد تێکەوتووە، ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا سێ ئاماژەی گرنگی هەبوو بۆ رۆژئاوای وڵات،
یەکەم، لە شەڕی دژ بە داعشدا تا جێگیر بوونی دۆخی سیاسیی لە ناوچەکەدا هاوپەیمانییەتی نێوان کوردانی رۆژئاوا و ئەمریکا بەردەوام دەبێت.
دووەم، کورد بە سەدان ساڵە بێ دەنگ و خامۆشە بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی دیمەشەق، بەڵام ئێستا بووە بە هێزێکی کارێگەر و هەژماری بۆ دەکرێت لە سووریا.
سێیەم، گرنگترین خاڵ ئەوەیە، کە بە سەدان ساڵە وڵاتانی زلهێز بە تایبەتی ئەمریکا هەژماری تایبەتی بۆ تورکیا دەکەن! ملکەچی ئارەزوو و خواستەکانی دەبن، بە تایبەتی لە هەڵوێستی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە نەتەوەیی کورد. لە جەنگی سووریادا پینتاگۆن و "سی. ئای. ئەی" ئەمریکی بە نیگەرانیەوە هەنگاویان هاوێشتوە، هەموو کاتێک هەژماریان بۆ زویر بوونی تورکیا کردوە! بەڵام ئەمڕۆ بەبێ گوێدانە ئەردوغان، هەڵوێستی خۆیان روون کردۆتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا ئەمریکا " فەتحوڵا گولەن"ی دوژمنی "ئەردوغان" یان حەشاردا و پارێزگاریان لێ کرد.
ئەمریکا ئەو کارتانەی دەستی بەکاردەهێنێت بۆ سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر رووسیا، تاران و ئەنقەرە وە شەڕی پشکی دوای تەواو بوونی جەنگی سووریا دەکات.
تورکیا، سووریا، ئیران و عیراق ددانانێن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و دامەزراندنی کیانی سەربەخۆ، بۆ ئەو مەبەستە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کار بۆ سەرنەکەوتنی ئەو بیرۆکەیە دەکەن.
دانیشتنەکانی ئاستانا لە سەر مێزێکدا ئەنجام دەدرێت ئەوانەی لە دەوری ئەو مێزە کۆبوونەتەوە زۆربەیان دژ بە نەتەوەی کورد و پرسی کوردن. بەرژەوەندییەکان و هاوکێشەی هێز سەنگی مەحەکە بۆ دیاریکردنی ئاییندە. ئەو هێزە سیاسییە کوردییانە کە تەمسیلی پرسی کورد دەکەن، دەبێت زۆر بە ووریایانە و لێپرسراوانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، متمانەی سەدا سەد نەبەخشن بە هیچ زلهێزێک، خاوەن پلانی تۆکمە بن بۆ حاڵەتی سەرکەوتن یان لێقومان! کە هەر دووکی ئەگەری روودانی هەیە.
جەنگی دژ بە داعش لە سووریا و عیراق کۆتاییەکانی بەدەرکەوتوە، تورکیا لە هەموویان زیاتر نیگەرانی دەردەبڕێت بەرامبەر بەو مەسەلەیە. دوای خولی چوارەمی دانیشتنەکانی ئەستانا، بۆ راگرتنی جەنگ و سەقامگیر کردنی ئاشتی لە سووریادا، کە لەو هەفتەیەدا بەردەوامیی هەیە، ئەردوغان دەستی کردوە بە پروپاگەندە کردن بۆ شاباشی سیاسیی، بە مەرجێک خواستەکانی ئەو بێتە دی کە بریتین لە:
یەکەم، دژایەتی کردنی نەتەوەی کورد، فەرامۆش کردنی کورد لەلایەن ئەمریکا و هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ کورد لە رۆژئاوا لە جەنگی دژ بە داعش دا. پشتکردن لە کورد دوای تەواو بوونی جەنگ و سەقامگیربوونی دۆخی سیاسیی ناوچەکە لە تورکیا، سووریا، عیراق و ئیران.
دووەم، پشتیوانی و داڵدەنەدانی فەتحوڵا گولەن لە لایەن ئەمریکا، کە بە مەترسیەکی مەزنی هەژمار دەکات لەسەر کورسییەکەی خۆی و بە بەدیلێکی حازر بەدەست دەیبینێت.
سێیەم، پشتیوانی نەکردنی ئەسەد و لابردنی.
چوارەم، لە ئەگەری دەستکاری نەخشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا مەرج بسەپێنێت.
ئەردوغان، بۆ گەیشتن بەو چوار خواستە، دەستی کردوە بە شاباشی سیاسیی، مەزات کردنی کارتەکانی دەستی، هەرزانبەها کردنیان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی زلهێزەکان بە تایبەتی رووسیا و ئەمریکا. کارتەکانی دەستی تورکیا بریتین لە کارتی ئابووریی، سەربازیی و سیاسیی. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئەو کارتانە ئەوەندە بەهێزن بتوانن ئەردوغان بگەیەنن بە مەرامەکانی؟ ئایا تورکیایی ئەمرۆ لە لایەن ئەمریکا هەژماری جارانی بۆ دەکرێت؟
تورکیا، دۆخی ناوەخۆی وێرانە، جگە لە پرسی کورد، پارتی عیلمانی، ئیسلامیی و بە سەدان تەیاراتی تر هەن کە زۆربەی هەرە زۆریان لە سەنگەرن دژ بە ئەردوغان. ئەمریکا پێشوەخت خۆی ئامادە دەکات بۆ گرتنی جڵەوی دەسەڵاتی تورکیا، لە ئەگەری هاتنە پێشێی گۆڕانی کتوپڕ لە تورکیا و لێدانی ئەردوغان، باشترین جڵەو گولەنە کە پیاوی خۆیەتی، دەتوانێت کارێگەرانە بەکاری بهێنێت و نەهێڵێت جڵەوی دۆخەکە لە دەستی بترازێت. ئەمرۆ جۆری مامەڵەکردنی ئەردوغان لەگەڵ رووداوەکان، پەیوەندیی ناجێگیری لەگەڵ ئەوروپا و هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بۆتە مایەی نیگەرانی بۆ دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی و نەمانی متمانە بە ئەردوغان، بەو هۆیە فەتحوڵا گولەن، کارتێکە ئەمریکا دەستبەرداری نابێت بەهۆی ئەوەی خاوەن هەوادارێکی زۆرە لە تورکیا وە یەکێکە لە بەدیلە بەهێزەکان. لە دەرئەنجامدا دەردەکەویت کە فەتحوڵا گولەن هەر وەک کارتێکی فشار لە دەست ئەمریکا دەمێنێت و ئەو کاتەی دۆخەکە خوازیار بێت بەکاری دەهێنێت.
کارتی ئابووری بەدەست ئەردوغان لە تەنزیلاتە، یەکێک لە قازانجە ئابوورییە هەرە گرنگەکان پرۆژەی دامەزراندنی" ئاک،کیو،یۆ هێزی ئەتۆمی، تورکییە" کە رووسیا ئامادەیە بەرهەم هێنانی ئەو پرۆژەیە بگرێتە ئەستۆ کە تێچووی ٢٢میلیار دۆلارە، یان دابین کردنی سیستەمی پارێزگاری موشەکی رووسی ئێس ٤٠٠ بۆ تورکیا. ئەوکات تورکیا دەتوانێت سەربەخۆی سەربازیی دابین بکات وە پێویستی بە ئەمریکا نامێنێت. بۆ ئەو دەستکەوتە ئەگەری ئەوە هەیە رووسیا خواستی ئەردوغان بێنێتە دی کە لابردنی ئەسەدە، بەڵام نەک بە شێوەیکی کتوپڕ، ئەمە دوای تەواو بوونی جەنگ و رێککەوتن دەکرێت کە بەدیلی ئەسەد ئامادە بکرێت و ئەسەد ئاسا بەرژەوەندییەکانی رووسیا بپارێزێت، دواتر کە جەنگی سوریا کۆتای دێت بارودۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیر دەبیت، هەر دوو زلهێز بۆ پروپاگەندە کردن کە گوایە بڕوایان بە سەقامگیر بوونی سیستەمیی دیموکراتی هەیە، پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی سەڕۆکێکی تازە دەکەن، بەم شێوەیە ئەسەد دووردەخەنەوە. هەر چەندە رەنگە تورکیا لەو جۆرە ئاییندەیە دڵنیا نەبێت بەهۆی ئەوەی دۆخی سووریا وەک عیراق نییە، لە ساڵی ٢٠٠٣ دا ئەمریکا سەدامی رووخاند، بڕیاری داگیرکردنی عیراقی دا لە بەرامبەردا ڕکابەری نەبوو، بەڵام ئەمرۆ لە سووریا دۆخەکە جیاوازە هەر دوو زلهێز ئەمریکا و رووسیا لە زۆرانبازیین بۆ کنترۆڵ کردنی ئەو وڵاتە، کاتێک رێکدەکەون کە هەر دوو لایان بەرژەوەندییان جووت بێت، ئینجا ئایا ئەوە بە مانەوەی ئەسەد دەبێت یان نا ئەوەش بۆ تورکیا سەدا سەد دڵنەوایی نادات.
پرۆژەی دامەزراندنی" ئاک،کیو،یۆ هێزی ئەتۆمی، تورکییە" کە تیچووی ٢٢ میلیار دۆلارە، بۆ ئەمریکا پرۆژەیەکی ئێجگار سەرنج راکێش نییە، بەهۆی ئەوەی تەماحە ئابوورییەکانی ئەمریکا زۆر لەوە گەورەترە، تەنیا ئەو کاتەش دەتوانێت ئەو تەماحە گەورانە بە دەست بهێنێت کە توانی پلان و ستراتیژە دارێژراوەکانی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەر بخات، لە دەرئەنجامدا ئەو خاڵەش بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ پشتیوانی کردن لە ئەجێندای ئەردوغان لاوازە.
ئەمریکا خوازیار نییە تورکیا لە ئەمڕۆ بە هێزتر بکات لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو لە هەوڵی لاواز کردنیەتی، بە تایبەتیش لەو ساڵانەی دوایدا، تورکیا جێگەی متمانەی هیچ زلهێزێک نەماوە بەهۆی پەیوەست نەبوونی بە هیچ پەیوەندییەک و ئەو بەر ئەم بەر کردنی لە سەنگەرەکاندا. بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەوەدا نییە زلهێزێکی ناوچەیی بەرامبەر بەخۆی دروست بکات، لە ئاکامدا مەرج و گوتەی هەبێت کە وەک هێلیکی تەریب دژ بە مەرج و گوتەی خۆی بێت. کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا گرفتی ئابووریی و نەوت نییە، بەڵکو مەسەلەکە سەپاندنی هەیمەنە و کۆتنڕۆڵکردنە. لە دەرئەنجادا دەردەکەوێت کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە پارچە پارچە بوونی ئەو ناوەچەیەدایە نەک لە قوتکردنەوەی هێزیکی مەزن بەرامبەر بەخۆی، ئەو خاڵە بووە بە گرنگترین خاڵ کە مەترسی لەسەر دوا رۆژێ زلهێزە ناوچەییەکان هەیە بە تایبەتی لەسەر چارەنووسی ئیران و تورکیا.
سەرچاوە
http://www.middle-east-monitor.com/political-risk-analysis-astana-peace-talks-what-watch-mar-2017
http://www.rferl.org/a/top-commander-says-more-us-troops-needed-to-defeat-is/28331927.html
https://www.rt.com/news/387105-syria-talks-safe-zones/
http://www.world-nuclear.org/information-library/country-profiles/countries-t-z/turkey.aspx
http://en.kremlin.ru/events/president/news/54444
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست