کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حه‌زمان ده‌كرد بارزانیش باوكی كورد بوایه‌، به‌ڵام

Tuesday, 02/05/2017, 6:26


گه‌ر به‌ سه‌ر چۆنێتی دروستبونی وڵاتانی جیهان دا بچینه‌وه‌، هه‌ر یه‌كه‌و كه‌سێك یان خێزانێك یان كۆمه‌ڵێك یان بنه‌ماڵه‌یه‌ك رۆڵی گه‌وره‌ی خۆیان له‌ دانانی به‌ردی بناغه‌ و دامه‌زراندن وبنیاتنانی وڵاتی خۆیان گیڕاوه‌ . زۆرینه‌یان به‌ ئاشتی و ته‌بایی نێوخۆیی و رێزلێگرتنی كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ركرده‌ی  دیاریكراوی خاوه‌ن توانا و دلسۆز و خۆشه‌ویستی خه‌ڵك و خاوه‌ن پشت و په‌نای نێوخۆیی رۆڵی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی بنیاتنای ده‌وڵه‌تی هه‌بووه‌ . كه‌س هه‌یه‌ ماندیلای له‌بیر بچێت، یان جۆرج واشنتۆن یان كۆشماو یان گه‌ره‌نگ یان قه‌یسه‌ری روسیا ( سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی سه‌ركوتكه‌ر بووه‌ ) یان زۆرێك له‌ پاشاو خاوه‌ن موڵك و ماڵه‌كانی بناغه‌دانه‌رانی وڵاتانی جیهان . 
هه‌ر یه‌كه‌ له‌و دامه‌زرێنه‌رانه‌، سیفه‌ت و كاریزما و توانای تایبه‌تی خۆی هه‌بووه‌ و به‌ كرده‌یی دڵسۆزی خۆی بۆ میله‌ت و وڵاته‌كه‌ی ده‌رسختووه‌ و خۆی له‌ نێوبه‌رژه‌وه‌ندی گشتی میله‌تدا تواندۆته‌وه‌ و  پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ په‌یوه‌ندیه‌ ته‌سكه‌ بچوكه‌كانه‌وه‌ و ده‌ست و ده‌م پاك و خۆبه‌خش و له‌خۆبردوو و به‌خشنده‌ بووه‌، له‌ ئاست خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی خۆیدا به‌ گشتی . 
كه‌ ئه‌م واقعه‌ و ره‌فتاری ئه‌مانه‌ی لای خۆمان هه‌ڵده‌سه‌نگینین،هیچمان بۆ ناكرێت جگه‌ له‌وه‌ی ئاخی قوول هه‌ڵده‌كێشین . كه‌ ره‌فتاریان به‌راورد ده‌كه‌ین و سیفه‌ته‌كانیان لێكده‌ده‌ینه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ و عه‌قڵمه‌ندی و هه‌نگاوه‌كانیان ده‌خوێنینه‌وه‌" جیاوازیه‌كانیان له‌ قسه‌كردن نایه‌ن و شه‌رم دامان ده‌گرێت گه‌ر بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ به‌ڵكو خودایه‌ ئه‌مانیش شتێكی له‌م تایبه‌تمه‌ندی و سیفه‌تانه‌ی ئه‌وانیان تێدابێت، به‌ڵام پاش هه‌ڵسه‌نگاندنی ره‌فتار و هه‌نگاو و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ توشی شۆك ده‌بین، زیاتر گومانێكی یه‌كجار گه‌وره‌ لامان دروست ده‌بێت و خه‌م دامانده‌گرێت له‌ راستگۆیی ئه‌مانه‌ی لای خۆمان،‌ له‌ ئیدعای راگه‌یاندنی خۆشه‌ویستیان بۆ كوردستان وخاك و ئاو و خه‌ڵكه‌كه‌ی .
سه‌ركرده‌ی وا له‌ مێژووی جیهاندایه‌ كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك خۆ پیشاندانیان كردووه‌ بۆ مانه‌وه‌ی و خۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی، كه‌چی ره‌تیكردۆته‌وه‌ و خه‌باتی بێوچانی خۆی به‌ پۆست و پله‌ نه‌فرۆشتۆته‌وه‌ و مانه‌وه‌ی له‌ له‌لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات رتكردۆته‌وه‌ و به‌ ره‌فتاره‌كانی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتی كردۆته‌ نه‌ریتێكی نیشتمانه‌كه‌ی و یاسای له‌سه‌ر دانراوه‌، كه‌چی ئه‌وه‌انه‌ی لای خۆمان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی شه‌خسی وحزبی شه‌قیان له‌یاسا داوه‌ و بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان ته‌نانه‌ت باڵاترین ده‌زگای ته‌شریعی و یاساییان په‌ك خستووه‌ و كوفری یاسایی و سیاسیان كردووه‌ له‌ كاتێكی هه‌ستیاری وه‌ك سه‌ره‌تای بنیاتنانی وڵاتدا .
خه‌ڵكی واهه‌یه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌ و له‌ پێناو بنیاتنانی وڵاته‌كه‌یدا، سه‌رجه‌م سه‌روه‌ت و سامانی خه‌رج كردووه‌، كه‌چی لای خۆمان به‌ سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمانی له‌ پێش سه‌ربه‌خۆیی بونمان، خۆیان و بنه‌ماڵه‌و عێل و عه‌شره‌ت وتیتكزا و میمكزایان تا پشتاو پشت ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ و ئه‌گه‌ری دۆراندنیان داناوه‌ و خۆیان بۆ شكستی یه‌كجاره‌كی ئاماده‌ كردووه‌ و، خه‌تێكیان‌ بۆ پاش شكستهێنان داناوه‌، كه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكدا بمێننه‌وه‌ و ژانی خۆشگوزه‌رانی بۆ خێڵ و خێزانیان دابینكردووه‌ له‌كاته‌دا  به‌سه‌ریبه‌رن و چش له‌ میله‌ت و نیشتمان بێت .
سه‌ركرده‌ هه‌یه‌ بۆ یه‌كێتی و یه‌كبونی وڵاته‌كه‌ی، سه‌ری له‌سه‌ر داناوه‌ و نه‌یهێشتووه‌ دووله‌ت بێت و گه‌له‌كه‌ی په‌رش و بڵاو بن، كه‌چی ئێمه‌ تائێستا یه‌كه‌م هه‌نگاوی ده‌وڵه‌تبونمان نه‌ناوه‌ و، له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعیش  به‌سه‌ر دوو زۆندا دابه‌شبوین .
سه‌ركرده‌ی راسته‌قینه‌ی وای تێدایه‌، كه‌ به‌ یاسا و ئاشكرایی زۆرترین مه‌عاشی بۆ براوه‌ته‌وه‌، كه‌چی ره‌تیكردۆته‌وه‌ و ئاشكراكاری له‌ دارایی و ئابووری كردۆته‌ نه‌ریتی وڵاته‌كه‌ی و پاك و بێگه‌ردی چه‌سپاندووه‌ و یاساكانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بنیاتناوه‌ و، بۆته‌ پێشه‌نگی ده‌ستپاكیی وڵاته‌كه‌ی، كه‌چی ئه‌مانه‌ی لای خۆمان كه‌س نازانێت خه‌رجیان چه‌نده‌ و پاره‌یان له‌كوێیه‌ و نه‌وت بۆ كوێ ده‌روات و ده‌چێته‌ كیسه‌ وتوره‌كه‌ و ره‌قه‌می حسابی كێوه‌ . 
ته‌لارێك هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بنیاتنرابێت و پته‌وی فه‌رزكردبێت و توندوتۆڵی له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانه‌وه‌ سه‌لماندبێت، له‌دواجاردا چه‌ند لادان و تێكه‌ڵی و پشێویه‌كیی تێبكه‌وێت به‌ ئاسانی چاكسازیی تێدا ده‌كرێت و ریفۆرمی به‌ ئاسانی تێدا مه‌یسه‌ر ده‌بێت، كه‌چی ته‌لاری حوكمرانی ئێمه‌ له‌ بنه‌رت و بناغه‌ و بنه‌چه‌دا به‌ لاری و گه‌نده‌ڵی هاتووه‌ و كه‌س ئاگای له‌ هیچ سه‌روه‌ت وسامانێكی ئه‌م وڵاته‌ نیه‌، جگه‌ له‌ چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو نه‌بێت .
ئا لێره‌وه‌ ده‌توانین ئاشكرای بكه‌ین و سوربین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ چاوه‌روانكراوه‌ی كورد، كه‌ هه‌رته‌نها میله‌ت بوو له‌ پێناویدا بۆ چه‌ندین ساڵ قوربانی داوه‌، نه‌ به‌مانه‌ دروست ده‌بێت و، ئه‌گه‌ر به‌ هۆكاری بارودۆخه‌ بابه‌تیه‌كه‌وه‌ دروستیش بێت، به‌ فشه‌ڵی بنیات ده‌نرێت و ئه‌م وه‌زع و واقیعه‌ بێ بناغه‌یه‌ شله‌ژاوه‌‌ ناهێڵێت به‌رگه‌ی شنه‌ بایه‌كی توندبگرێت . جابۆیه‌ ئێمه‌ زۆر پێمان باش بوو ئه‌گه‌ر بارزانی له‌و سیفه‌تانه‌ی له‌خۆ بگرتایه‌ و باوكی كورد بوایه‌ و به‌ ره‌فتار و عه‌قڵیه‌ت و بیروبۆچون و به‌ پراكتیزه‌یی نه‌ریتی راست و دروست و یاسای فه‌راهه‌م بكردایه‌ و بناغه‌یه‌كی پته‌وی یاسایی له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانه‌وه‌ بنیات بنایه‌ ببوایه‌ پێشه‌نگی سه‌ركرده‌ و سه‌ركردایه‌تی  . به‌ڵام له‌ به‌راوردی نێوان ئه‌وانه‌ و ئه‌مان، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ده‌كه‌وێت كه‌ ده‌بێت بڵیین؛ هه‌یهات له‌ نزیكبون و به‌راوردكردنمان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك و وڵات . بۆیه‌ ده‌لێین؛  شیرداپیردا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە