پارتی و ئەردۆگان و داعش: سێکوچکەی تێرۆر
Friday, 28/04/2017, 23:33
جارێکی تر هێرش و بەزاندنی سەروەریی نیشتمان لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکیاوە. وجارێکی تریش هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی خیانەتی ناوخۆیی، پارتی.
لەشکرکێشی و دەستدرێژی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد بەگشتی و لەسەر ئاستی نەتەوەیی بەشێکە لەستراتیژی ئەم وڵاتەو ئەمە ڕاستیەکە لای هەمووان ڕوون وچاوەڕوانکراوە. بەڵام ئیتر لەمە دەرچووە، کە درەختی قەد بڵندی خەباتی شۆڕشگێڕانی کورد وڕێبەرایەتی پەکەکە بەڕەشەبای زەردی ئەردۆگان بچەمێتەوە، یان بەتەوری نەگریسی پارتی شیاوی بڕینەوە بێت. ئەمە درەختێکی بەژن زراڤە هەر ڕۆژ چرۆیەک بەڕەنگی خوێنی شەڕڤانانی دەردەکات و ئەردۆگان و بەژن چەماوەکانی پارتیش کە سەردەمیان بەسەرچووەو لەکۆنبووندا بۆگەنیان کردووە، بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن دەبنە ئەو پەینەی خاکی ئەم وڵاتە بەپیت دەکەن. خواستیان کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بنبڕ بکەن کەچی بوونە خاوەن دەسەڵاتی دیموکراتیک. خواستیان پەکەکە لەقەندیل دەربکەن، کەچی لەشەنگال سەری هەڵدا، خواستیان بەلکاندنی چەمکی تێرۆر بەپەکەکەوە گۆشەگیرو دابڕاوی بکەن کەچی بوونە بەشێک لەهاوکێشەی نێودەوڵەتی... لەداهاتووشدا پێشکەوتن هەربەردەوام دەبێت.
گەلۆ ئەم هەموو بێدەنگی و ڕەزالەتەی پارتی لەبەرانبەر ئەردۆگان و ئەم هەموو دوژمنایەتیە بۆ پەکەکە چییە؟ ئەگەر هۆکارەکەی ئەمەیە پەکەکە بنکەو بارەگای لە باشووری کوردستاندا هەیە، ئەدی دوژمنایەتی شۆڕشی مەزن و شکۆمەندی ڕۆژئاوای کوردستان چ پاساوێکی هەیە؟ کەواتە ئەم ماستەی پارتی دەیخوات موویەکی تێدایە کەهی کونەلووتی ئەردۆغانە، ودەبێ لەوێوە بۆی بگەڕێین!
تورکیا بەشێک لە ناوچەی باشیکی داگیرکردو سووپای خۆی لەوێدا جێگیر کرد، کەچی پارتی لەبری ئەوەی پێی بڵێ: لەخاکی من بڕۆدەرەوە. ڕووی لە یەزیدیەکانی سەر بە پەکەکەی خەڵکی شەنگال کرد، کە شەنگاڵ چۆڵ بکەن. بەساڵانە بنکەو بارەگای تورکیا لەناوچەکانی بامەڕنی و ئامێدی بوونیان هەیەو بۆ تاکەجارێکیش چییە پارتی ناوچەوانی خۆی لەبەرانبەریاندا گرژ نەکرد، کەچی ڕۆژ نییە بەپەکەکە نەڵێت: بڕۆنەوە بۆ وڵاتی خۆتان. میتی تورک وەک ڤایرۆس بەهەر کون وقوژبنێکی باشووری کوردستاندا بڵاوبوونەوە، کەچی تەنانەت ڕۆژنامەنووسان وچالاکوانانی مەدەنی سەر پەکەکە، ڕێگای خەباتی دیموکراتیکیان پێ نادرێت. گەلۆ تۆ بڵێی پارتێکی وا ڕاستگۆ بێت، لە پرسی سەربەخۆیی کوردستاندا؟ ئاخر یەکەمین و سەرەکیترین ئەرکی هەردەسەڵاتێک پاراستنی سەروەریی خاک و ئاو وئاسمانی وڵاتەکەیی و گیانی هاونیشتمانیانییەتی، ئیتر کاتێک ئەمە نەکرا واتای ئەمەیە وەها پارت ودەسەڵاتێک نەک هەر شایستەیی ڕێبەرایەتی کوردستانی بەرەو سەربەخۆیی نییە، بەڵکو تواناو شایستەیی ڕێبەرایەتی خێڵەکەی خۆشی نییە.
ئەو کێچەی کەوتۆتە ناو کەوڵی پارتیەوە، ئەگەر بەڕاستی لەبەرئەمە بووایە، پەکەکە کێشەو گرفتیان بۆ درووستدەکات، دەکرا لەبارەیەوە شتێک بڵێین. بەڵام ئەوان نەک تەنیا سەبارەت پەکەکە، بەڵکو ئەردۆگان هەر ڕۆژ سووکایەتیەک بە کوردوکوردستان دەکات کەچی ئەوان دڵۆپێک عارەقەی شەرم ناڕێژن!
ئەردۆگان گوتی: کورد نەتەوە نین و زمانەکەیان تەنیا لە ٣٠٠ وشە پێکهاتووە. کەچی پارتی هەستی نەڕووشاو غیرەتی کوردانەو خێڵەکیانەیان نەجوڵا..! ئەردۆغان گووتی: کۆبانێ ناوی عەینولعەرەبە ودانیشتووانەکەشی عەرەبن. کەچی پارتی دوولێوی داخراوی خۆیان بۆوەڵامێک نەکردەوە..! ئەردۆگان گووتی: کەرکوک کوردستان نییەو ئاڵاکەتان بهێننە خوارەوە. بەڵام پارتی بوێری گووتنی (نا)یەکی نەبوو..!
کێ هێندە گەمژەیە باوەڕ بکات پارتی بەهەڤاڵبەندی ئەدۆگان کوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەبات..؟ دەبێ ئەمە چ سەربەخۆییەک بێت، کە ئەم خاکە جێگای خەباتگێڕانی بەشەکانی تری کوردستانی تێدا نەبێتەوە، بەڵام داگیرکەران داوەت بکرێن؟ پارتی نەسەربەخۆیی کوردستانی گەرەکەو نەکۆنگرەی نەتەوەیی و نەیەکڕیزی نیشتمانی... وخەمی پارتی هیچکام لەمانە نییە، بەڵکو خەمی لەدەستدان وشکەستی پرۆژەکەیەتی. پارتی لەبەرانبەر پرۆژەی ئەلتەرناتیڤی پەکەکەدا هەڵدەلەرزێت و لەئاسۆوە لەبری ڕوناکی ئاوابوونی ئەستێرەی خۆی دەبینێت.
پرۆژەی پارتی ڕوخاندنی ناخی مرۆڤی کورد، وبچوککردنەوەی کەسایەتییەکەی وگەندەڵکردن وبەستنەوەیەتی بەپارەو ڕواڵەتیەکانی ژیان. بەڵام پرۆژەی پەکەکە بنیاتنانەوەی مرۆڤی کوردو گێڕانەوەی شایستەییەکەیەتی بۆی. پرۆژەی پارتی دەستپانکردنەوەیە لەبەردەم بێگانەو بەچەتەکردنی پێشمەرگەو بوون بەمقاشی دەستی داگیرکەرە. پرۆژەی پەکەکە بنیاتنانی عەشق وئەوین لەگەڵ خاک ووەفاداریی بۆ هەردڵۆپەخوێن وعارەقەیەک کەلەم پێناوەدا ڕژابێت. پرۆژەی پارتی قۆرغکردنی دەسەڵاتی سیاسی ماڵباتی و دەستبەرنەدان لەکورسی دەسەڵات وئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی هەر بایەخێکە لەم پێناوەدا. پرۆژەی پەکەکە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک وئازادی پشتبەستووە بەخۆ. پرۆژەی پارتی لەناوبردنی فرەیی وڕشتنی تۆوی دووبەرەکیە. پرۆژەی و پەکەکە یەکیەتی نەتەوەیی وبرایەتی گەلانە.
پرۆژەی پارتی، هەمان پرۆژەی ئەردۆگانەو پرۆژەی ئەردۆگانیش پرۆژەکەی داعشە. ئەردۆگان، بەدەستخستنەوەی شکۆی لەدەستچووی تورکیای لەداعشدا دیتەوە. ولەهەموو خاڵەکاندا یەکیانگرتەوە، وتاکەشتێک کەتاکۆتایی لەسەری ڕێکنەکەوتن تەنیا پرسی خەلافەت بوو. واتا لەنێوان ئەردۆگان وئەبووبەکری بەغدادیدا کێهەیان ببنە خەلیفە! من ئەم قسەیە هەروا بەهەوای شان ناکەم و لەگیرفانی خۆمی دەرناهێنم، وئەگەر چاوێک بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوواییدا بخشێنینەوە، بیرمان دێتەوە کەدوای ئازادکردنی گیراوەکانی تورکیا لە موسڵ لەلایەن داعشەوە، ئەبوبەکری بەغدادی لێدوانێکی داو گووتی: تورکیا دەبێ بەیعەت بکات! واتای ئەو قسەیە ئەمە بوو کە سەرنجی داعش سەبارەت تورکیا ئەمەیە کەهەموو شتەکان تەواون و تەنیا یەکلاکردنەوەی پرسی خەلافەت ماوە.
بەڵام لەوەتەی مرۆڤایەتی هەیە هەروا بووەو هەوراش دەمێنێتەوە. هەیە شکۆو ئابڕوومەندی ئەوینی خاک و مرۆڤایەتی هەڵدەبژێرێت، هەشە زەلیلی و خیانەت. ئۆجالان گووتەنی هەر هەستانێکی گەورەی مێژیی جمکێکی فێڵبازو خائینی هەیە.
زۆردەمێکە پارتی خۆی ساخ کردۆتەوە و پێگەی خۆی لە بەرەی گەل وخەباتەوە گواستۆتەوە بەرەی چەتەگەریی، و لەگەڵ ئەوەدا کە هەڵوێستی پارتەکانی تری باشووری کوردستان بەگشتی لەگەڵ پارتیدا جیاوازە. بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەی وەها چەتەگەرییەک، بە مەرایی سیاسیی و هەڵبژاردنی واژەو دەستەواژەیەک کەپارتی دڵی پێ نەهێشێت، و بەهەڵوێستی لاوازو شەرمنانە مەیسەر نابێت. شەرمەزارکردنی دەسترێژیەکانی تورکیا وهەوڵدان بۆپێشگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی، نێوەی ئەرکەکانمانە. و نیوەکەی تری بریتییە لە شەرمەزارکردنێکی ڕاشکاوانەی بێ ئەملاوئەولای ئەم چەتەگەرییەی پارتی. وهەرکەس هیوای خۆی لەسەر شانۆگەرییەکانی پارتی سەبارەت ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و ڕێکخستنەوەی ماڵی کوردو کاراکردنەوەی دامودەزگاکانی دەسەڵات بنیات بنێت، گاڵتەجاریی لەگەڵ خۆی خەڵک پەیڕەودەکات.
٢٦-٤-٢٠١٧
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست