خاوەن ماڵ بوو بە میوان
Tuesday, 25/04/2017, 20:02
زۆر جار و لە زۆر بونەداو لێرەو لەوێ دەگوترێت (ماڵ لە خانە خوێ حەرام کراوە ) . ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین و خۆمان نەکەین بە نەعامە ، ئەوە یەکێتى نیشتمانى کوردستانە لە خاوەن ماڵییەوە بۆتە میوان . کاتێک شۆڕشى نوێی گەلەکەمان بە ڕابەرایەتى یەکێتى نیشتمانى دەستى بە خەبات و تێکۆشان کردەوە لە ساڵى 1976- 1978 کە دەکاتە 10 ساڵى تەواو یەکێتى نیشتمانى کوردستان تاکە هێزى سەرەکى بوە لە گۆڕەپانى خەباتداو خاوەنى هەمو مەیدانەکە بوە . هێزەکانى پارتى بە ڕێکەوتن لەگەڵ یەکیتى ، ڕێگەیان پێدرا بگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانى خەبات و تا ئەو کاتە لە ناو ئێراندابون و لەبرى شەڕى حکومەتى بەعس بکەن ڕاوى پێشمەرگەیان دەکرد.
لێرەدا نامەوێت باسى ئەوەش بکەم کێ خاوەنى نەخشەو بەرنامەى ڕاپەڕێن بوە چونکە هەموو لایەک باش ئەو ڕاستییە ئەزانن و چیتر ئەو پرسە پێویستى بە ڕونکردنەوە نییەو ئەوە بۆتە مێژوى ئەم گەلە . بەڵام ئەوەى گرنگە لێرەدا بوترێت ( نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە ). زۆر سەیرە پارتى دواى 10 ساڵ بگەڕێتەوە گۆڕەپانى سیاسى هەرێمى کوردستان و ئێستا ئەو بۆتە خاوەن ماڵ و لایەنەکانى تر بونە میوان.
خۆ ئەگەر بە بە ویژدانەوەو لێکدانەوە بۆ خەبات و تێکۆشان و سەروەریەکانى یەکێتى بکەین ، دەبوو لەئێستادا یەکێتى خاوەن پێگەو دەسەڵاتى یەکەم بوایە ،یان لانى کەم شەریکى ڕاستەقینەى دەسەڵات بوایە . بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئێستادا یەکێتى بەشدارى دەسەڵاتیش نییەو بۆتە پاشکۆى پارتى و تەنها دەستى گرتۆتەوەو بڕیار و فەرمانەکانى پارتى جێبەجێ دەکات . کەواتە جێى خۆیەتى بڵێن : ماڵ لە خانەخوێ حەرام کراوەو باشترین نمونە ئەوەتا یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە خاوەن ماڵییەوە بۆتە میوان.
لە 12 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2015 کە پارتى تاک لایەنە بە بڕیارێکى حیزبى سەرۆکى پەڕلەمان و وەزیرەکانى گۆڕانى لە پۆستەکانیان دوور خستنەوە ، تا ئێستا هەرێمى کوردستان لە قەیڕانێکى سیاسى و ئیدارى و دارایی زۆر دژوار و مەترسیداردایە. هەموو لایەک باش دەزانن کاردانەوەى پارتى بەو شێوەیە لە بەرامبەر گۆڕاندا ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە سەرۆکى پەڕلەمان دەستى برد بۆ قسەکردن لەسەر هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم و کۆتایی هاتنى ماوەى یاسایی سەرۆکى هەرێم . لەوە بەدەر دکتۆر یوسف هیچ کارێکى نایاسایی ئەنجام نەدابوو .
لەو کاتەوە یەکێتى و گۆڕان و یەکگرتوى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى ، بەناو خاوەنى یەک پڕۆژەى هاوبەشن بۆ چارەسەرى ئەو قەیرانە سیاسیەى هەرێمى کوردستان . پارتى تا ئێستا هیچ پرۆِژەیەکى نیە ، بەڵام داواى خۆى هەیەو لەو کاتەشەوە تا ئێستا سورە لەسەر داواکانى خۆى بێ گوێدانە داواکانى خەڵکى کوردستان.
لە ڕاستیدا پارتى نەک کار ناکات بۆ چارەسەر کردنى قەیرانى سیاسى و کاراکردنەوى پەڕلەمان ، بەڵکو بەردەوام هەوڵ دەدات لەمپەڕ دروست بکات کە بارودۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات . ئەم پاشاگەردانیەى ئێستاى هەرێمى کوردستان و نەبونى یاساو لێنەپرسینەوە لە بەرژەوەندى پارتیدایە . هیچ بەرژەوەندییەکى پارتى زیانى بەرنەکەوتوەو بەردەوام نەوت دەفرۆشرێت و کەس ئاگادارى حساباتى نەوت نییە . موچە کراوە بە چارەک و نیوە موچەو ئەوەش لە کاتى خۆیدا نادرێت . کوڕى مەسعود بارزانى بە تەنها خاوەنى بیرە نەوتەو ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت بۆخۆى دەفرۆشێت وکەس نییە لێپرسینەوەى لەگەل َبکات .
پارتى لە پێناوى ئەوەى ئەم بارودۆخە هەر ئاوا بەردەوام بێت تا هەڵبژاردنى داهاتو ، ناو بەناو ئەم حیزبانە بە پرۆِژەوە سەرقاڵ دەکات . یان دەڵێن مەسعود بارزانى دەستپێشخەرییەکى نوێی هەیە بۆ چارەسەرى کێشەکان . بەڵام کە دێیتە سەر ئەرزى واقیع پارتى هیچ پڕۆژەیەکى نیەو تەنها حیزبەکان سەرقاڵ دەکات بە کۆبونەوەو کات بەڕێ دەکات .
ماوەى ساڵو نیوێکە زیاترە پەڕلەمان ئیفلیج کراوە ، یەک هەنگاو نەنراوەو بارو دۆخەکە وەکو خۆى ماوەتەوەو لە کاتێکدا پارتى داواى چارەسەر دەکات و پڕۆژەى هەیە ، بەڵام سورە لەسەر داواکانى خۆى و لابردنى دکتۆر یوسفى کردۆتە مەرج بۆ کاراکردنەوەى پەڕلەمان ، بەڵام قسە لەسەر ناشەرعیەتى دەسەڵاتى مەسعود بارزانى ناکەن .
لە ڕاستیدا ناکرێت هەموو تاوانەکان بخەینە ملى پارتى . ڕاستە پارتى حەز دەکات و کاریش بۆ ئەوە دەکات هەموو شتێک بە ویست و ئارەزوى ئەو بێت ، بەڵام ئەوە بێ هەڵوێستى چوار حیزبەکەیە بەرامبەر بە پارتى کار گەیشتۆتە ئەم قۆناغەى ئێستامان. هەتا ئێستا گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى پابەندن بە جێبەجێکردنى ناوەرۆکى پرۆژە هاوبەشەکەوە.
بەڵام یەکێتى و یەکگرتو لە دەرەوەى پڕۆژە هاوبەشەکەوە ، خەرێکى دانانى پڕۆژەى ترن . شاراوە نییە ئەو دوو حیزبە بە تەواوى کەوتونە ژێر هەژمونى پارتییەوەو سیاسەتێکى ڕون و ئاشکرایان نییەو کاتێک لەگەڵ گۆڕان کۆدەبنەوەو قسە دەکەن ، زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو قسانەى لەگەڵ پارتى دەیانکەن . یەکگرتوى ئیسلامى قاچێکى لاى پارتیە . دڵى لاى ئەردرغانە . ترسى لە یەکگرتوەکانى بادینانەو لە لایەکى تریشەوە یەکگرتوەکانى دەڤەرى سەوزیش بۆچونى جیاوازیان هەیە . کەواتە ئەم حیزبە بەم پێکهاتەو بەم بیرو بۆچونانەیەوە ، ناتوانێ ڕوڵ وکاریگەرییەکى دیارى هەبێت لە چارەسەرکردنى قەیرانى سیاسى هەرێمى کوردستاندا .
چۆن دەنگى ئەندام پەڕلەمانى کەمایەتییەکانى تورکمانى و ئاشورى و مەسیحى بونە موڵکى پارتى و پڕۆسەى دێموکراتیان تێک داوە ، یەکگرتوش هەمان کار دەکات . لە دەنگدانى پەڕلەمان ، 5 ئەندامى یەکگرتو دەنگیان نەداو ئەم قەیرانەى ئێستاى بە دواى خۆیدا هێنا .لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى دەنگیان نەدا دکتۆر هەڤاڵ ببێتە پارێزگار کە حەقى شەرعى خۆى بوو . گوایە ئەمانە کۆترى ئاشتین .
بەڵام ئەوەشمان لە یاد نەچێت کۆمەڵێَک سەرکردەو کادیرى ناو یەکگرتو ڕوڵێکى بەرچاویان هەیە و خاوەنى هەڵوێستی نەگۆڕن و شایانى دەستخۆشین . بەڵام وەکو دەردەکەوێت ئەوە هەڵوێستى شەخسى خۆیانە و بە دوریش نازانرێت هەندێک لە سەرکردەکانى یەکگرتو بۆچونى ئەوانەیان پێ باش نەبێت .
ئەگەر زۆر بە کورتى باسى یەکێتى بکەم دەبَى بڵێم : یەکێتى خاوەنى هەڵوێستى پێویست نەبوە بەرامبەر بە پارتى . دەبوو دواى دەرکردنى وەزیرەکانى گۆڕان نەک لەبەر خاترى گۆڕان بەڵکو بۆ بەهێزکردنى پێگەى خۆی ، وەزیرەکانیان لە حکومەت بکشاندەوە . بەڵام ئەوەیان نەکرد . دواى ڕێکەوتنى گۆڕان ویەکێتى ،یەکەم کاردانەوەى پارتى ئەوەبو کە ئامادە نییە کۆبونەوە لەگەڵ یەکێتى بکات ئەگەر گۆڕانیش بەشدار بێت . پارتى ئەو بڕیارەى بردەسەر . بەڵام سەیرکەن چۆن یەکێتى بێ پرس کردن بە گۆڕان هەموو ڕۆژێک لەسەرى ڕەشن و بارزانى دەستە مۆیان دەکات . سەیرکەن چۆن کڵاویان کردنە سەرو خستیانە ناو سیناریۆى ڕیفراندۆمەوە ، کە نازانن بۆچى ڕیفراندۆم دەکەن.
ئەوەتا بە فیتى بارزانى ئەردۆغانى ئاغاى دەستى کردوە بە بوردومانى ئەو شوێنانەى پەکەکەو پەیەدەى لێیە . بەڵێ مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارەو پارتى حکومەتى کوردیمان بۆ ڕادەگەیەنێت بە پاڵپشتى هەندێک لە سەرکردەى یەکێتى کە بونە داردەستى بارزانى و پشتیوانى لێ دەکەن .
با بپرسین بۆچى یەکێتى لە خاوەن ماڵەوە بوو بە مێوان ؟. بۆ ڕونکردنەوەى ئەم باسە دەبێ بڵێم : سەرانى هەر حیزبَکى سیاسى بە تایبەتى لە قۆناغ ڕزگارى نیشتمانیدا خاوەنى بەرنانەمەو ستراتێج نەبون بۆ داهاتو و چاوەڕوانى پێشهات و ڕوداوەکان بکەن و ئەو کاتە بڕیار بدەن ، توشى هەڵەى گەورەو تێشکانى چاوەڕوان نەکراو دەبن . سەرانى یەکێتى خاوەنى بەرنامەو ستراتیج نەبون .
بەرپرسان و سەرانى هەر حیزبێکى سیاسى بیریان لە وەرگرتنى پۆستى باڵاو کۆکردنەوەى سامان و خۆدەوڵەمەند کردن و خزم خزمێنەو تەکەتول و تەکەتول بازى کرد بۆ مانەوەى خۆیان ، دواجار لە ڕێڕەوى ڕاستە قینە لا ئەدەن و ئەو حیزبە توشى شکست و پاشە کشەى بەردەوام دەبێت.
یەکێتى یەکەم هەنگاوى شکستى لە چونى مامجەلالەوە بۆ بەغدا دەست پێ دەکات و لە پێناوى ئەو پۆستەدا بەردەوام تەنازولى بۆ پارتى دەکرد . کاتێک مامجەلال پۆستى سەرۆکى کۆمارى وەرگرت ، شوێنگرەوەى بۆخۆى دانەناو بەو هۆیەوە هێواش هێواش پاشاگەردانى دروستبوو .کاتێکیش مامجەلال تۆشى نەخۆشى بوو ، ناوەندى بڕیار نەماو فرە کوێخایی هاتە گۆڕى َو کەس پابەندى برٍیارى ئەوى تر نەدەبوو .بەندە ، 10 ساڵ پێشمەرگەى یەکێتى بوم . هەتا لە شاخ بوین بە سواڵ و پیتاکى خەڵک ژیاوین و پاتەى لاستیکمان لە پێدا بوە . هەتا دواى پڕۆسەى ئازادى عێراقیش بە گشتى هەموو ئەو بەرپرسانەى ئێستا خاوەنى سامانى زۆرن ، لە بارودۆخێکى زۆر خرابدابون و هیچیان نەبوو . ئەگەر لە ئێستادا سەیرى زۆرینەى بەرپرسە باڵاکانى یەکێتى بکەى ئەوانەى زۆرینەیان کوڕە هەژار بون و ئەوەش عەیبە نیەو بە پێڵاوى لاستیکەوە هاتونە خوارەوە ، خاوەنى کۆمپانیاى جۆراو جۆرن ، هەر لە گواستنەوەى نەوتى خاو ، خانو بەرە ، هێنانى خواردەمەنى ، دەرمان ، خەستەخانە ، ڤیلا، بەنزینخانە ، بەڕەتڵ ئاخر مۆدێلى سەیارە بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەسە نزیکەکانى خۆیان دابین کردوە .
زۆرن ئەو بەرپرسانەى خاوەنى ملیۆنێک و ملیۆنان و دەیان و بگرە سەدان ملیۆن دۆلاریشن . ئاخر ئەمانە چۆن دەتوانن چاکسازى بکەن و بەرژەوەندى خەڵکى بپارێزن . هەر ئەمانەن خاوەنى بڕیارن لەناو یەکێتیدا ، ئایا چاوەڕوانى ئەوەیان لى َ دەکرێت بڕیار لە دژى خۆیان دەرکەن و خۆیان سزا بدەن ؟.
قسەیەک هەیە ئەویش ئەمەیە : ئەڵێن یاخوا خەڵکى فەقیر دەوڵەمەند نەبێت و نەبێتە خاوەن دەسەڵات ، چونکە نە قەت تێر دەبێت و نە وازیش لە دەسەڵات دێنێت . نابَى مرۆڤ لە خۆیەوە بڵێت فڵانە کەس پیاوێکى زۆر باشە. یان بڵێت فڵانە کەس زۆر دەست پاک و ئەمێنە تا ئەو کاتەى : دەبینى کەسێک خاوەنى هێزو دەسەڵاتەو زۆر میهرەبانە لەگەڵ دەورو بەرەکەیی و ئازارى کەس نادات . ئەو کاتە ئەگەر بڵێی فڵانە کەس پیاوى چاکە ئەوە ڕاستە ، نەک ئەوانەى لە ناخیاندا دڕەندەن و دەسەڵاتیان نییە .
ئەو کەسە ئەمین و دەسپاکە کە پارەى زۆرى لەبەر دەستدا بێت و بیر لە دزین و تاڵانى نەکاتەوە ، بەڵام خەڵکانێک هەن ئەگەر بۆیان بکرێت هەموو شتێک بۆخۆیان دەبەن ، بەڵام کە هیچیان لەبەر دەست نەبێت چى بدزن؟. ئەو بەرپرسانەى ئێستا کە هەر یەکەیان خاوەنى چەندین ملیۆن دۆلارە ، ئەو کاتەى لە شاخ بون کەسێک بەخراپە باسى نەدەکردن . بەڵام وەکو دەڵێن ئێستا حسابەو ئەو نانە ، نانە ، کە ئەمڕۆ لە خوانە . ڕاستە گەندەڵیەکانى ناو پارتى لە حساب نایەن و بەراورد ناکرێن لە گەڵ ئەو گەندەڵیانەى لەناو یەکێتیدا ئەکرێن ، بەڵام لەناو پارتیدا ناوەندى بڕیار هەیەو بارزانى هەر بڕیارێک بدات جێبەجێ دەکرێت و بەو هۆیەوە پارتى وەکو دامەزراوەیەکى بەهێز دەردەکەوێت کەس ناتوانێت سەرپێچى بکات .
بەڵام لەبەر ئەوەى لەناو یەکێتیدا ناوەندى بڕیار نیە، پاشاگەردانى دروست بوە . لەناو یەکێتیدا کەسانێک هەن خاوەنى هێز و پارەن و حساب بۆ ئەوانى تر ناکەن . جارى واهەیە گروپێک لەدەورى یەک کۆبونەوەو بەرژەوەندى خۆیان دەپارێزن . سەیرکەن کێشەکانى ناو یەکێتى گەیشتۆتە ئاستێک کە نەیانتوانى بەرپرسى ئاسایشى کەلار بگۆڕن . نەیان توانى قایمقامى سەید سادق بگۆڕن وکەوتنە هەڕەشەو گوڕەشە لە یەکترى.
بە هۆى ئەم ناتەبیەوە کار گەیشتۆتە ئەوەى هەندیک بەرپرسى ناو یەکێتى پەیوەندى خۆى لەگەڵ دەوروبەر دروست دەکات و تەنها بیر لە بەرژەوەندى خۆى دەکاتەوە . یان گروپێک لە بەرپرسان ، بە ئارەزوى خۆیان هەڵس و کەوت دەکەن و گوێ بۆ ئەوانى تر ناگرن. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانى یەکێتى بەردەوام سەردانى بارزانى دەکەن و پشتیوانیشى لى َدەکەن ، ئەمە لە کاتێکدایە هەندێکى تریان دژى ئەو هەڵوێستەن و داوادەکەن لە پارتى دوور کەونەوە . ئەگەر ڕاستت دەوێت لە ئێستادا یەکێتى وەکو حیزب نەماوە . دەتوانى بڵێى کۆمەڵێک بەرپرس کە هەر یەکەیان خاوەنى بیرو بۆچونى جیاوازن و لە پێناوى پاراستنى بەرژەوەندى خۆیان جۆریک لە پەیویەندیان بەیەکەوە هەیە . بۆیە لە ئێستادا یەکێتى نەک هیچ مەترسى بۆ سەر پارتى نەماوە ، بەڵکو بۆتە پشتیوانێکى بەهێزى پارتی و فەرمانەکانى پارتى جێبەجێ دەکات . کەواتە یەکێتى لە خاوەن ماڵەوە بۆتە میوان . ماوەتەوە ئەوەى بڵێم ڕێکەوتنەکەى گۆڕان و یەکێتى بە کوێ دەگات؟.
بە بۆچونى بەندە ، وەکو چۆن پارتى لەگەڵ حیزبەکان ڕۆژگار بەڕى َدەکات و بە کۆبونەوە سەرقاڵیان دەکات ، یەکێتیش هەمان شێوە لەگەڵ گۆڕان دەکات و کات بەڕێ دەکات . گۆڕان هیچى دەسکەوت نەبوە تا ترسى لە دەستدانى هەبێت . تەنانەت ئەگەر لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتە خۆجەیەکانیش بکشێتەوە زیان ناکات . دەبى َگۆڕان کار لەسەر جەماوەرى ناڕازى بکات و ڕاستییەکانیان بۆ ڕون بکاتەوە . دەبێ گۆڕان بزانێت کە خەڵکانى ناڕازى زۆر لەناو حیزبەکانی تریش هەن . ئەگەر هەموو ناڕازیەکان ببنە پشتیوانى یەکترى ، دەتوانن گۆڕانکارى گەورە ئەنجام بدەن .
بە بۆچونى من گۆڕان لەگەڵ ئەم بەرپرسانەى یەکێتى ناگاتە هیچ ئەنجامێک ، چونکە یەک کەس لەناو یەکێتى نەماوە بیر لە بەرژەوەندى گشتى و ناوخۆى یەکێتى بکاتەوە . کەسانى داخ لەدڵى واهەیە لەناو یەکێتى تا بۆى بکرێت ئەو ڕیکەوتنە تێک دەدات و بە لاى ئەوەوە دانیشتن لەگەل َبارزانى شەرەفێکى ئەوەندە گەورەیە زۆر گەورەترە لە پاراستنى ڕێزەکانى یەکێتى و کار بۆ ئەوە دەکات یەکێتى بکاتە پاشکۆى پارتى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست