Tuesday, 25/04/2017, 13:02
تەلەگراف: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێری ٣ و چواری بەیانی، تورکیا بە ٢٦ فرۆكە بۆردومانی باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانی کردووە. ئامانجی بۆردومانەکە بریتی بووە لە شاخی شەنگاڵ و چیای قەرەچۆخ لە نزیک گوندی دیرەلوک لە رۆژئاوای کوردستان.
ئەوەی شایەنی باسە تا ئێستا هەواڵەکان وا رادەگەیەنن کە پێنج پێشمەرگە و یەک شەرەڤان شەهید بوون. تورکیا ددانی بەوەدا ناوە کە ئامانجی هێڕشەکان بنەکە و بارەگای پارتی کرێکارانی کوردستان بووە لەو ناوچانەدا، گوایە پەکەکە خەریکی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بوون بۆ هێرش کردنە سەر تورکیا. هەفتەی رابردوو پەکەکە بنکەیەکی پۆلیسی تورکییان تەقاندۆتەوە. رۆژنامەی تەلەگراف دەربارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستان دەنووسێت " سەڕۆکی یەپەگە سالح موسلیم، داوای لە ئەمریکا کرد فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ وەستاندنی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کوردستان، هەروها سالح موسلیم ئەوەشی گوت دەبێت هێزی هاوپەیمانان بێدەنگی بشکێنن بەرامبەر بەو تاوانەی تورکیا ئەنجامی داوە".
تەلگراف دەنووسێت، هێڕشەکانی تورکیا بۆ سەر سووریا و عیراق لە کاتێکدایە کە ئەردوغان تەنیا چەند رۆژێکە لە ریفراندۆم سەرکەوتوو بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی شیکەرەوە سیاسییەکان پێشوەخت ڕایان وابوو کە دوای بردنەوەی ئەردوغان لە ریفراندوم، هەوڵی ئەوەدەدا وڵاتەکەی زیاتر بخاتە نێو جەنگ و کێشەکانی سوریا و عیراقە و خۆی لە کێشەکاند بئاڵێنێت. تەلەگراف پێی وایە ئەو بۆردومانە نمونەیەکی خوێناویە بە تایبەتەی لەو دۆخەدا کە دۆناڵد ترامپ سەرقاڵی ئەوەیە هەموو هەوڵە دیبلوماسییەکانی چڕ بکات بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانەکانی بۆ کۆتای هێڕشەکانی بۆ سەر رەقەی پایەتەختی داعش.
شەرەڤانانی کورد پێیان وایە بارە قورسەکە لە شەڕی کۆتا دژ بە داعش لە شاری رەقە کەوتۆتە ئەستۆی ئەوان، بەو هۆیەوە ئەمریکا نیگەرانە کە تورکیای هاوپەیمان چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا هاوکار بێت لە کۆتا هەوڵەکانیدا بۆ لەناو بردنی داعش.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست