چیرۆکەکانی چیا: کە گوندی"کانی بەردەیان" سوتاند ، ئێمەش لەگەرەکی "مەجید بەگ" لەسلێمانی ئاگرمان لەوان،چیرۆکی ژمارە (١٤)
Saturday, 22/04/2017, 19:20
ئەم وێنەیە لە گوندی مالومەیە سەر گۆڕی شەهید "سەلاح مهەندیس"
---------------------------------------
کاتێک دەوەستم و دەمەوێت ئاوڕێک بدەمەوە لەو مێژووە لەخوێن هەڵکێشراوە ، لەناخەوە ئارەزووم دەکرد ئەو کاتانە بم توانیایە کە بە "گولە تەقێنراوەکانم ،پەلکە زێڕینەم بنەخشانایە " لێ لەگەڵ دڕندەیەکی وەک بەعسدا پەلکە زێڕینە چۆن دەنەخشێنیت؟
ئێمە دەمان زانی کە بەعس بەنیازبوو هەرچی گوندە سوتماکی کات و لەگەڵ زەودا تەختیکات . من بەرلەماوەیەک لە خۆشناوەتی بووم ، گوندەکانی ئەو ناوەم بینی بوو کە چۆن ئاگر لەجەستەی مێژوویان بەرببوو ؟ داروپەروویان چۆن سوتابوو ؟ چۆن بێخودان چۆڵکرابوون و ببونە کەلاوە ؟
لێرەش ڕژێم هەمان پلانی هەبوو ئێمە چەند شەوێک لەدەرەوەی " کانی بەردینە " کەمینمان دانا بەڵام هیچ ڕووی نەدا و ئەوان نەهاتن تاوانەیەکیان دابەین دەست لەپیرۆزێکان وەرنەدەن ، بە نەمانی ئەم گوندە قەڵەمڕەوی سەربازگەی سارداوی فراوانتر دەکرد ، ئیتر ماڵات و شوانی ئەم گوندە نەدەمان لەدەوری سەربازگە سیمکراوەکە نزیک بنەوە ، جگەلەوەش ئێرە گوندێکی قەرەباڵغ و نزیکی شاربوو ، کەزۆرجاران لێرەوە مەفرەزەکان دەچونە شارەوە .
شەوەکەی کاک "جەمال دیمکرات" و چەند پێشمەرگەیەک لەکانی بەردینەبوون کاک جەمال کادێرێکی پێشکەوتوی شۆڕش بوو ئەو کۆبونەوەی بەخەڵکی ئاوایی کرد بوو، لە ئەگەری ڕوخانی گوندەکەی ئاگادارکردبونەوە .
ئێمە لە گوندی "کانی گۆران" بووین ، گوندەکانی دۆڵەڕووت بەتایبەتی کانی گۆران باخی هەنجیرەکەی لەباخی بەهەشت دەچوو ، بەندە هەموو جارێک کە لەماڵەکان دەبوینە میوان ، نانێکی تیریم لە گیرفانم دەناو دەچومە باخەکەوە ئەو هەنجیرانەم لێدەکردەوە کە دەمیان کراوە بوو شیلەیان لێدەچۆڕا و هەنگ دەوری دابوون تامو چێژیان هێندە شیرین بوو لەهۆنراوەی" تاگور"دەچوو.
ئەو بەیانیە ڕۆژێکی جودابوو،ەدەنگی کۆپتەرو هەنتەرەکان پەیامی شەڕیان ڕاگەیاندوو ئێمەش لەدەرەوەی گوندەکە بەیاڵەکەوە دامەزراین ، دووهەنتەر دۆڵەڕووتیان دایە بەر ساروخ و لە گوندی فەیاڵ پێشمەرگەیەکیان زامارکرد ، کەدوایی باڵیان بڕێوە ، نازانم ئەو پێشمەرگەیە وەک پاڵەوانی ناو ڕۆمانەکەی "بیری لەش " ئەویش دەستی کردە وێنە کێشان ،یان نا؟
وەک پیشەی هەمووجارێک تەقە کرا لەکۆپتەرەکان و ئەوان دەچونە کەشکەلانی فەلەک و دەسوڕانەوە بەدەوری ئاسماندا ، ئاربیجێکان بواری نەدەدان کە پلانەکانیان جێبەجێ کەن . دەمەو چێشت هەنگاو بوو گردەکەی پشتی گوندی "کانی میکایل " سەدان جاش مۆڵیان کردوو لەوێدا بەبەرزایەکەوە، چونکە کۆپتەرەکان دایانی گرد لەپشتی گوندی کانی بەردینە ، ئەوان لەئێمەوە دورنەبوون دەمان دین وەک قەلەڕەش لەسەر خۆڵ وخاش بێت وابوون ، جاشەکان مۆڵ ببوون لەو گردە و شۆفڵ و سەربازەکانی بەعسیش گوندەکەیان دەڕوخاندو ئاگریان لە کاریتەو مزگەوت و قورئان و کانی و ماڵەکان بەر دەدا.
من و شەهید کەریمی نالەباخی لە سەنگەرێکدا بووین کە کۆپتەرەکان نزیک دەبونەوە تەقەمان لێدەکردن ، لەناکاو شەهید وەستا مەجید هاتەلامان و بەڕوەخۆشەکەی و خەندە شیرینەکەیەوە ڕووی لەمن کرد و ووتی : "ئەها ئەو هەموو پڕۆلیتاریا کوردە " مەبەستی جاشەکانی پشتی گوندی کانی میکایل بوو کە مۆڵ ببوون، منیش ووتم : ئەوانە" لومپی پڕۆلیتاریان " هەرسێکمان پێکەنین.
شەهید وەستا مەجید پیاوێکی قارەمان بوو ئەو لەشەڕی ئێراندا سنگی زامار ببوو جارێک پشانی داین ، چاڵێکی گەورە لەسەر سنگی بوو مستێک گەورە جێگەی دەبۆوە تێیدا ، بەڕاستی سەیر بوو...! مەرگ ئەوجارە شەرمی لێکردبوو، یادی بەخێر.
دوکەڵ و دیارنەمانی کۆپتەرەکان ملشکاندنی جاشە سوکەکان داگەڕانیان بەدیوی کانی بەردینەدا هەواڵی ئەوەیان دا کە بەعسێکان و خزمەتکارەکانیان گوندێکیان لەگەڵ خاکەکەی تەخت کرد و سوتماکیان کردو مەینەتیان بۆ خەڵکەکەی جێهێشت و ڕۆشتن .
گەر بەعسی و جاشەکان پێشرەویان بکردایە بۆ دۆڵەڕووت ئەوە شەڕێکی گەورە ڕووی دەدا ، گەرچی ژمارەیان هێندە زۆر بوو ڕەنگە هەر پێشمەرگەیەک نزیکی ١٠٠ جاش و سەربازی بەربکەوتایە تاشەڕی لەگەڵ بکەین، وای لەو سەردەمە زۆری کورد جاش بوو ، شەرم شکابوو ، کەرامەت چوبۆ قاتی .
ڕێچکەمانگرت و بەرەو" کانی بەردینە "کەو تینە ڕێگە ، لەنزیکەوە ئەو تراژیدیایەمان دی کە بەعسێکان دروستیان کردبوو ،
گوندەکەیان ڕوخاندبوو ماڵی خواش ئاگری تێبەردرابوو قورئان و کتێبە دینێکان بەبەر چاوی فریشتەکانەوە دەبونەخۆڵەمێش . کاریتەکانی ماڵان ڕەشداگەڕابوون و تەنکی و پەنجەرە شینەکان و دەرگاو باگردێن و دارەراو بەردو کولانەو داس و بێڵ و گاسن تێکەلی یەک ببوو، زەخیرەو ئاگردان و زۆپاو دار و نەوت ئاردو قاپ و قاچاغ ئاوێزانی یەکتر ببوون . چەند پیکابێک وەستابوو دوا کۆمەڵی فەرش و پێخەف و منداڵ و ژنەکانیان دەگواستەوە نازانم بۆشار دەچوون ، یان بۆ هۆردوگا زۆرەملێکان؟
مەڕو ماڵات و باڵدەکان سەریان لێشێوابوو بێماڵ وحاڵ کرابوون ، قازو مراوی مریشکەکان بەدەنگیان لاوانەوەیان دەکردو سەرگەردان ببوون ، مانگاکان گورس کرابۆ ملیان و ڕایان دەکێشان بۆناو پیکابەکان ، وەک ئەوەی بزانن دوا ڕۆژیانەو بەرەو کوشتارگاکانیان دەبەن بەرگریان دەکرد و دەیان بۆڕان دەنگیان لەگریانی ئەشکەنجە دەچوو .
دیمەنی پشیلەیەکی دایک و چەند بەچکەیەک ئاگری لەجەرگودڵ بەر دەدا ،چونکە پشیلەکە لایەک لەدەمووچاوی سوتابوو ، دیاربوو کولانەکەیان بەر تەوژمی ئاگرەکە کەوتبوو ، چۆلەکە کانیش ئیتر بێگوێسەبانە مانەوە ، نازانم بۆکوێ چوون چەند بەدەم گریانەوە جریوەیان کردوە، ئەم دیمەنە ڕێک لەڕۆژی حەشر دەچوو کە مەلاکان بانگەوازی بۆدەکەن لەووتارەکانیاندا.
بەر لەچەند ساڵێک تەلەفیزیۆنی خاک چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کردین " کاک سمایل ، کاک سمکۆ ، بەندە " لەسەر هەمان چالاکی بەناوی" ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروست کرد" . لەو چاوپێکەوتنەدا من ووتم : "سەیرە تاکو ئێستا جاشێک جگە لەوەی داوای لێبوردنیان نەکردوە ، بەئازایەتێوە نەهاتوون بڵێن بۆ بووین بەجاش و خۆفرۆش ؟
دەبوو ئەم کارەی بەعس بێوەڵام نەبێت ، لەخوار گوندە سوتاوەکە بە بازنەیەکی گەورە وەستاین و خەمبارو توڕەبووین ، نهێنی شەومان وەرگرت " جەمەلی عەلی باپیر" و بەڕێچکەیەک کەوتینە ڕێگە بەرەو شاری سلێمانی .
شەوداهات لەسەر قەراغی شار کەمینێکی پتەومان دانا و باقی هێزەکە کەوتینە ڕێگا بۆ ناوشار و گەیشتینە گەڕەکی "مەجید بەگ"
خەڵکی گەڕەکەکە لێمان کۆبونەوە ، ئێمە لەبەردەم ماڵی شەهید وەستا مەجید ئاومان دەخواردەوە ، پاش کەمێک هەر لەوێدا بڕیار درا کە مەفرەزەیەک بچێت لە زانکۆی سلێمانی بدات ، دیارە زانکۆ نەمابوو ئەوکاتە بەر لەچەند ساڵێک گواسرابۆوە بۆ شاری هەولێر ، بەڵام باڵەخانەکانی پڕ کرابوو لەهێزەکانی ڕژێم و دژە فڕۆکە چونکە شەڕی نێوان عێراق و ئێران شارەکانی کردبووە سەربازخانە و لەهەموو باڵەخانەیەک دژە فڕۆکەیەک دانرابوو .
پاشان ئێمە کەمینێک دانێین بۆ ئەو هێزەی بەهانای زانکۆوە دەچێت و لەو هێزە بەین ، خەریکی جیاکردنەوەی مەفرەزەیەک بووین بۆزانکۆ بچێت، لەناکاودا لەبەر دەماندا دوو ئۆتۆمێلی نەجدەی ڕەش هاتن بەدواشیانەوە چوار لانگرۆز پڕ لە هێزە تایبەتەکەی بەعس ، نێوانمان تەنها ١٥ بۆ ٢٠ مەترێک دەبوو ، هۆی هاتنی ئەمانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەوی ڕابردوو جاش هاتبوون بۆ ڕاو ڕووت و کاتێک پۆلیس و ئیجرام ڕۆشتبوون بەهانای خەڵکەکەوە ،جاشەکان ڕایان کردبوو ، ئەوانیش بەخەڵکی گەرەکەکەیان ووتبوو کە ئەگەر هاتنەوە زەنگمان بۆ لێدەن و ئاگادارمان کەن .
لەیەکێک لەماڵەکانەوە زەنگیان لێدابوو ، هێزەکەی دوژمن هاتنە بەردەمان و شەڕ دەستی پێکرد، شەڕی دەستەو ئێخە ، کەدەڵێم دەستەو ئێخە گەر شەونەبوایە ئەوە هەموومان یەکترمان دەناسێوە.
|
شەهید وەستا مەجید ، کاتێک شەهید بوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تردا ئەم وێنەیە بەعسێکان گرتویانە و لە ڕاپەڕینەکەدا لە ئەمنەکە دۆزراوەتەوە لەئەرشیفی بەعسدا |
ئەوەی لەسەر شانی ئێمە پێویست بوو کە بەساغی دەرچین ، پەڕینەوەیەک بوو بەناو بێژەنگی گولەکانی ئەواندا بۆ ئەو بەرشەقامەکە ، نازانم چۆن و بەچشێوەیەک پەڕینەوە لەوجێگەی وەستاین چەند دوکانێک بوو یەکێک لەدوکانەکان ڕۆنگۆڕی ئۆتۆمۆبیل بوو ، چاڵێکی پڕ ڕۆن و ڕەشایی باشترین سەنگەر بوو لەو دەمەدا .
هاوڕێەکم ووتی : کە تۆ پەڕیتەوە ووتمان دەترسین لاشەکەیمان بۆ دەرنەکرێت ؟ شێتگیرانە تەقەمان کرد تا بێدەنگمان کردن ،سوپاس هاوڕیم دەنا کەس ئەم چیرۆکەی نەدەبیست و ئەوەش دەچوە سەرسەروەری فایل ئەستورێک و خۆی پێوە بادەدا .
دوو هاوڕێمان کە هەردووکیان شەهیدن و ناویان کەریم بوو، لەم بەرو لەو بەری شەقامەکە بەئاربیجی لە لانگرۆزەکانیان دا ئاگریان تێبەربوو ، مەچەکی چەپم داخ بوو دوایی زانیم ، شەڕەکە هێندە سەخت بوو بواری بیرکردنەوە نەبوو کەدەبێت چۆن بەرخورد بکەین ؟ هونەری ئێستا تەنها نەشڵەژان بوو تا بەپێوە بمێنیتەوە.
تەنها پاش کەمێک هێزی ترهات بە هوتاف کێشان " ئەلهۆلل بەعس سامد" دەنگیان لەناو تەقەدا دەبیسرا و لێمان نزیک بوونەوە ئەوان خۆیان ترانجوو بەیەکەوەو بەدیواری ئەم بەر و ئەوبەردا نوسابون و تەقەیان لێدەکردین ، قوتابخانەیەک بەرامبەرمان بوو نازانم چۆن بەو خێرایە گەیشتنەسەرسەربانەکەی؟
لەکۆڵانی ئەو دیوەوە هەوڵمان دا بچینەسەر چەکەکان بوار یان نەدەدا، لەهەموو لایەکەوە تەقەمان لێدەکرا بڕیاردرا ، بگەڕێنە دواوە ڕێچکە گیرا ، بەدوای یەکدا بەسوکە تەقە وەک وەڵامێک بۆ بەرگری کردن ، گەڕاینەوە شەڕەکە ١٠ بۆ ١٥ دەقیقەی خایاند ، خەڵکی ئەو گەڕەکە شاهیدن چۆن ئەو شەوە گەڕەکەکەیان ببوو بەجەهەندەم ؟ گەیشتینە وەلای هاوڕێکانمان کە کەمینی خۆمان بوون.
پاش کۆبونەوەی هێزەکە زانرا خۆشبەختانەکە هیچ زیانمان نی یە ، من بیرم لەپشیلە سوتاوەکەی کانی بەردینە دەکردەوە کە سەری لێشێوابوو ، ئێمەش ئاوا سەرمان لەداگیرکەری ووڵاتەکەمان شێواندبوو ئەوشەوە. گەیشتینە گوندی "کەڵەکن " بەهەموو پێورێک دەبوو بەعسێکان هێرشی پێچەوانە بکەن چونکە ئەوان دەهری ببوون ، وانەیەکی وامان دادابوون کە فێربن . لەماڵێک لەکەڵەکن ئاومان دەخواردەوە ، پیرەمێرێک ووتی : "بۆیە سەدام دەڵێت ، هەموو ٢٤کاتژمێرێک دەبێت هەواڵی سلێمانیم بدەنێ" من ووتم : بەڕاست سەدام وادەڵێت؟
کە گەیشتینە دۆڵەڕووت دەمەو بەیان بوو ئێمە بەپێ گەڕاینەوە چونکە چاوەڕێی هێرشی دووبارەمان دەکرد ،زۆرمان پێچوو ڕۆژ بۆوە ،سەیرمانکرد هێزێکی زۆر هاتبوون لەمەڵبەندی دووەوە بۆ هەر ئەگەرێک . شەهید" شەوکەتی حاجی مشیر"
دەستی گوشین و پیرۆزبایی لێکردین ، مەفرەزەیەکی دەشتی هەولێریش هاتبوون ، ئەوەی بیرم ناچێتەوە کاک حەمە جەزای هونەرمەندیش هاتبوو بەڕووە خۆشەکەی مژدەی بەیانیەکی ئارامی دەداینێ .
لەدوایی ئەو چالاکیە بەعسێکان بڕیارێکیاندا لەهەر جێگەیەک لێیان بدرێت ، ئەو جێگەیە تەخت دەکەن ،گرنگ نییە ماڵە دوکانە یاخود هەر جێگەیەک بێت .
تێبینی : زۆر لەو پێشمەرگانەی لەو چالاکیەدا بەشدار بوون لەدوایدا لەجێگەی جیاوازو شەڕی جیاوازدا شەهید بوون و گیان بەخشیە نیشتمان ، هەندێکمان ماوینەتەوە ، من لەبەر ڕێزوو خۆشەویستم بۆ قوربانێکان ناتوانم ناویان بنوسمەوە ،چونکە هەموویم بیر نەماوە ، بەهیوام ڕۆژێک بێت کە کورد دەزگایەکی ئەکادیمی هەبێت بۆ ساغکردنەوەی هەموو قوربانێکان . سڵاو لەگیانی ئەو هاوڕێ ئازیزانە مان کە گیانیان بەخشی ، خۆشەویستیشم بۆ زیندۆکان بەهیوام ساغ و سەلامەت و هەمان پێشمەرگەبن بەمانا واتادارەکەی .
وە ک پێشترووتم: هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم نی یە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەکورتانە ، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم ، ئەمڕۆ کەسانی نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور ، دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە داگیرکەن و بۆخۆیانی بەرن و بیکەنە مێژووی کەسایەتیان کەنیانە ، وەزۆریان نەلەدور نەلەنزیک ئاگایان لەم هەموو ڕووداوەنەبوەو ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نی یە . ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست