پارتى خەونە لە مێژینەکەى هێنایە دى
Wednesday, 19/04/2017, 22:59
بنەماڵەى بارزانى کە خۆیان بە خاوەن و دامەزرێنەرى پارتى دێموکراتى کوردستان دەزانن ، پارتى لە ڕۆژى دەستپێکردنى شۆڕشى ئایلولى ساڵى 1961 وە هەتا ئێستا بەردەوام کاریان بۆ ئەوە کردوە بە تەنها تاکە سوارى مەیدانى خەباتی ڕزگارى بن
لە دواى ئاشبەتاڵى ساڵى 1975 دواى ساڵێک و چەند مانگێک ، شۆڕشى نوێی گەلەکەمان بە ڕابەرایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەستى پێکردەوەو ئومێدێکى زۆر گەورە بۆ تاکى کورد گەڕایەوە. بەڵام بنەماڵەى بارزانى لە برى پشتیوانى لە شۆڕشە نوێیەکە بکەن ، بە هەموو توانایەنەوە دژایەتى ئەم شۆڕشەیان کرد.
بنەماڵەى بارزانى فەلسەفەیان ئەمەیە ( ئەگەر خۆمان شۆِرشمان پێ نەکرێت ، دەتوانین شۆڕش لەناو بەرین). لە ساڵى 1976-ساڵى 1986 کە دەکاتە 10 ساڵ یەکێتى شۆڕەسوارى مەیدان بوەو ناوچەیەکى زۆرى هەرێمى کوردستانیشى ئازاد کرد. دواى ئەوە پارتى بە ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتى ڕیگایان پێ درا بگەڕێنەوە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى یەکێتى . لەو کاتەوە تا ئێستا پارتى بە بەرنامە کار بۆ ئەوە دەکات یەکێتى لاواز بکات و بێدەسەڵاتى بکات و لە بڕیاردان و بەشداری کرند لە حکومەت پەڕاوێزى بخات . هەرچى رێگاو فرت و فێڵ هەیە بەکارى هێناوە بۆ گەیشتن بە مەیەستى خۆى . دواى نەخۆش کەوتنەکەى مامجەلال بارودۆخێکى باش بۆ پارتى هاتە پێشەوە. ناوەندى بڕیار لەناو یەکێتیدا نەماو زۆرینەى بەرپرسە باڵاکان خەریکى بەرژەوەندى خۆیان بون و بەو هۆیەوە یەکێتى لە ناوەندى بڕیاردان دوور خرایەوە . بنەماڵەى بارزانى دەستیان گرت بەسەر هەموو جومگە هەستیارەکانى دەسەڵات و هەموو سامانى هەرێمى کوردستان و یەکێتى واى لێهات تەنها فەرمانەکانى پارتى جێبەجێدەکرد و بەشدار نەبوو لە بڕیارداندا.
لەم دوایەدا بەرپرسانى یەکێتى بە باشیان زانى لەگەڵ گۆڕان ڕێک کەون و پەیوەندى نێوانیان باش بکەن بەو هیوایەى بتوانرێت هەردوو تاى تەرازوەکە بەرابەر بکەنەوە . پارتى زۆر ناڕەحەت و سەغڵەت بوو بەو ڕێکەوتنەو بە مەترسى دەزانى بۆ سەر دوارَۆژى دەسەڵاتەکەى .
بۆ شانسى پارتى زۆرى نەبرد کێشە کەوتە ناو بەرپرسە باڵاکانى یەکێتى و دواجار بەسەر دوو باڵى ناوەندى بڕیار و زۆرینەى مەکتەبى سیاسیدا بەشبون . لەم دابەشبونەدا ئەوەى دەرکەوت ئەوەبوو هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانى یەکێتى ڕێکەوتنیان لەگەڵ گۆڕان بە ئێستاشەوە پێ باشەو هەندێکى تریان پێیان باشبوو لەگەڵ پارتى ڕێکەوتن بکەن .
پارتى ئەم ناکۆکیانەى ناو بەرپرسەکانى یەکێتى بە هەل زانى و هەموو ڕێگایەکى گرتەبەر و کنەى تێداکردن و توانى هەندێکیان بکاتە دۆست و لایەنگرى خۆى . پارتى بەردەوام ئاگرى نێوان بەرپرسە باڵاکانى یەکێتى خۆش دەکرد . کار گەیشە ئەوەى بەرپرسە باڵاکان دەست بکەن بەشەڕە دەنوک لەگەڵ یەکترى و یەکترى تۆمەتبار بکەن . لە کۆبونەوەکانى خۆشیاندا ، هەر جارە یەکێک یان دوانیان ئامادە نەدەبون . کێشەکانى ناو یەکێتى کارێکى وایکرد ڕێکەوتنەکەى گۆڕان و یەکێتى بەرەو پێشەوە نەڕۆیشت لەبەر ئەوەى ناوەندى بڕیار نەمابوو لە ناو یەکێتیدا ، زەحمەت بوو بزانى کۆبونەوە لەگەڵ کێ دەکەیت و چى باس دەکەیت . قسەت لەسەر هەر بابەتێک بکردایە بەشێک ناڕازى دەبون و دواجار گلەیشیان دەکرد. ئەم بارودۆخە بۆ پارتى هەلێکى زێرین بوو .پارتى زۆر سودمەند بوو لە ناکۆکیەکانى ناو یەکێتى .
لەم دوایەدا یەکێتى نەخشە ڕێگایەکى بۆ چارەسەرى دۆخى سیاسى هەرێم ئامادەکرد و ئەنجومەنى ناوەندیش ڕەزامەندى لەسەر نیشاندا و بە نیازبون سەردانى لایەنەکان بکەن و ڕاو بۆچونیان لەو بارەیەوە وەرگرن . بەڵام ئەوەى چاوەڕوان نەکراو بوو ئەوەبوو هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانى یەکێتى تەنانەت بێ گەڕانەوەش بۆ وەرگرتنى بیرو بۆچونى ئەوانى تر لەگەڵ پارتى سیناریۆى هەڵکردنى ئاڵا لە کەرکوک و ئەنجامدانى ڕیفراندۆومیان خستە بازاڕى سیاسەتى خۆیانەوە .
بەڵام زوو دەرکەوت کە ئەم سیناریۆیە بۆ شاردنەوەى گەندەڵیەکانى نەوتە بە تایبەتى نەوتى کەرکوک . بۆ ئەوەبو کە مەشاعیرى هاوڵاتیان بجوڵێنن و دواکەوتنى موچەیان لەبیر بەرنەوە . بەڵێ زۆر بە خێرایی ئاڵا لە کەرکوک هەڵکراو هەر بەو خێرایەش لابرا لە ژێرهەڕەشەى ئێران و تورکیادا . وەڤدى پارتى و یەکێتى گەیشتە بەغدا و باسى هەڵکردنى ئاڵاو ئەنجامدانى ڕیفراندۆم کرا. هەر بەو خێرایەى هەڵکردن و لابردنى ئاڵاکە ، وەڤدى یەکیتى و پارتى وتیان مەرج نییە کە ڕیفراندۆممان ئەنجامدا سەربەخۆیی ڕاگەیەنین .
ئەى کەواتە ئەمە بۆچى و چى لە پشت ئەم گاڵتە جاریەوەیە . عەبادى پەیوەندى بە بارزانییەوە کردوە لە بارەى هەڵکردنى ئاڵا لە کەرکوک . بارزانى وتویەتى ئەوەمان بەسەردا تێپەڕیوەو نازانین چۆن چارەسەرى بکەین ؟. عەبادى پێی وتوە بڵێن بە بۆنەى نەورۆزەوە هەڵمان کردوەو لای بەرن . قاسمى سلێمانى چۆتە لاى پارتى و یەکێتى و بە زمانى هەڕەشە قسەى لەگەڵ کردون و ئەڵێن بارزانى وتویەتى یەکێتى ئەم پەندەى بە ئێمە داوە .
نێچیر بارزانى بە نهێنى سەردانى تورکیاى کردوە بۆ دڵنیایی کردنەوەى بەرپرسانى تورک لە ناڕاستى سیناریۆکانیان . پارتى گۆڵێکى باشى لە سەرانى یەکێتى کرد و لە خشتەى بردن و بەدەستى خۆیان سەرى خۆیان سفر کردو پارتیش ئاوێنەى دایە دەستیان و پێی گوتن ، سەیرى خۆتان بکەن ئێستا لە تەیرێکى زۆر مەعقول دەچن .
لە دواکۆبونەوەى یەکێتى و پارتى لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى یەکێتى لە هەولێر بەم جۆرە کڵاویان خستە سەرى یەکێتتى : بارزانى پێی وتون ئەنجامدانى ڕیفراندۆم پێویستى بە پەڕلەمان نییە و بۆ جێبەجێکردنى نەخشە ڕێگاکەشتان ئەوە دەخەینە دواى ڕیفراندۆم . کورت و کرمانجى پارتى تەڵەیەکى باشى بۆ یەکێتى نایەوەو ئەوانیش وەکو نێچیر کەوتنە تەڵەکەوە . بارودۆخى پارتى زۆر خراپ بوو بەتەنها لە گۆڕەپانەکەدا مابۆوەو بارودۆخى دواى تەواو بونى شەڕى موسڵیش بە بەرژەوەندى پارتى نابێت .
زیرەکانە یەکێتیان خستە داوى هەڵکردنى ئاڵاو ئەنجامدانى ڕیفراندۆم و ئەوەش لە هەنگاوى یەکەمدا فەشەلى هێناوە . لە ئێستادا بەشێکى زۆرى بەرپرس و کادیر و لایەنگرى یەکێتى دژى ئەوانە بون کە چونە لاى پارتى و داوادەکەن پاشەکەشە بکەن . یەکێتى خۆى ئارداوى بوەو ئێستا هیچى بۆ نەماوەتەوە لە هەوڵى ئەوەدایە گۆڕان بخاتە ناو یاریەکەوە . زۆر گرنگە سەرکردایەتى بزوتنەوەى گۆڕان زۆر ژیرانە مامەلە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بکات و بە هیچ شێوەیەک نەچێتە ناو ئەم یاریە دۆڕاوەوە. هەڵکردنى ئاڵا لە هەنگاوى یەکەمدا فاشیل بوو . بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆمیش ئەگەر لە ناوچە کێشە لەسەرەکانیش ئەنجام بدرێت دەبێ :
سەرەتا تەتبیع ئەنجام درێت و دواى ئەوە سەر ژمێرى و دواى ئەوە ڕیفراندۆم و ئەوەش لە ئێستادا ناکرێت ،خۆ ئەگەر ئەو ڕیفراندۆمە ناوچە دابڕێنراوەکان نەگرێتەوە ، ماناى وایە کورد دەستى شتوە لەو ناوچانە . ئەگەر لە ئێستادا لە جلەولا کە شارێکى کوردى بوە ڕیفراندۆم بکرێت ، ڕێژەى کورد لەسەدا حەوت تێپەڕ ناکات.
کەواتە دەبى َ بپرسین ئەنجامدانى ئەم سیناریۆیانە لەم کاتەدا لە پێناوى چیدایەو چى لە پشتەوەیە ؟. لە کۆتاییدا ماوەتەوە ئەوەى بڵێم : پارتى خەونى لە مێژینەى خۆى هێنایەدى و گەورەترین نەیارى خۆى کە یەکێتى بوو ، خستییە سەرساجى عەلى و کارێکى پێکردن با بەدەوارى شەڕى نەکات .
مەلا بەختیار ئامادەى کۆبونەوەکانى حیزبەکەى خۆى نابێت ، بەڵام بە چەقەنەیەک دەگاتە پیرمام .
بە قسەى بارزانى بەشدارى کۆبونەوەى حیزبەکەى خۆى دەکات . هەولێریەکانیش نایشارنەوەو دەڵێن تێکچونى پەیوەندى نێوان پارتى و یەکێتى بە زیانى ئێمەى هەولێرى تەواو دەبێت کە یەکێتین. هەندێکى ترى ناو یەکێتى زۆر لە مێژە لەسەر پارتى ساغ بونەوە .ئێستا بەوانەى لە پارتییەوە نزیکن دەڵێن :
دواکەوتوەکانى پارتى ، یان پارتییەکانى ناو یەکێتى . بەڵام ئەوەمان لە یاد نەچێت ژماریەکى زۆر لە بەرپرسانى باڵاى یەکێتى و کادیر و لایەنگرى یەکێتى داوادەکەن ڕێکەوتنەکەى نێوان گۆڕان و یەکێتى بەهێز بکەن و نزیک بونەوەیان لە پارتى پێ باش نییە چونکە دەزانن پارتى لەگەڵ یەکێتى راستگۆ نیەو هەمیشە تەنگەشەى بۆ دروست دەکات .بزوتنەوەى گۆر ِان دەبَى لە هەوڵى بەهێزکردنى پەیوەندى دا بێت لەگەڵ ئەو دڵسۆزانەى ناو یەکێتى کەدژى وابەستەیی یەکێتین بە پارتییەوە.
دەبێ بزوتنەوەى گۆڕان هەوڵى بتەوکردنى پەیوەندییەکانى بدات لەگەڵ ئەو کەسایەتى و لایەن و حیزبانەن کە بۆ ڕزگارى و سەرفرازى ئەم نیشتمانە خەبات دەکەن. کاتى ئەوەیە هەموو ئەوانەى دڵسۆزى ئەم گەل و نیشتمانەن یەکبگرن دژى ئەوانەى سامانى ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبەن و بونە کۆیلەو داردەستى دوژمنانى ئەم گەل و نیشتمانە .
17/4/2017
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست