کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی له‌ داعش ترسناكتره‌

Saturday, 15/04/2017, 19:38


ئه‌وه‌ی له‌دوا رۆژی كوردستان بروانێت و ره‌فتاری حزبه‌كانی لای خۆمان بخوێنێته‌وه‌، چه‌ند ئامانجێكی گه‌وره‌ی حزبی دوور له‌ ستراتیجیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌خوێنێته‌وه‌،  به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ به‌ نیازی زاڵبون به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌شه‌خسه‌نه‌ و حزبی كردنی پرسه‌كه‌" ده‌توانین بڵێین به‌مه‌به‌ستی داگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان بۆ چه‌ندین ساڵی تر" ئه‌م كرده‌وه‌ نایاساییانه‌ ده‌نێت و ده‌یه‌وێت كوردستان بكاته‌ پاشایه‌تیه‌كی سعودیا ئاسا. كه‌ له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر بۆی بكرێت به‌هه‌مان شێوه‌ی لێبكات و  ته‌نانه‌ت ناوه‌كه‌شی بكاته‌ پاشایه‌تی مه‌سعودیه‌ی كوردی به‌هه‌مان شێوه‌ی پاشایه‌تی سعودیه‌ی عه‌ره‌بی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌وه‌ی بۆی بكرێت له‌و مه‌به‌سته‌یدا هیچ درێغیه‌كی لێ نه‌كردووه‌، له‌وانه‌یه‌ وانه‌شی له‌ سه‌رانی سعودی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وره‌گرتبێت، كه‌ سه‌ره‌تای سعودیه‌یان چۆن كرد به‌ موڵك وبه‌ ناوی خۆیانه‌وه‌ و، تا ئێستا گه‌لی سعودیا به‌ده‌ستی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ و گه‌نده‌ڵیه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.
داعش كه‌  بۆ داگیركردنی كوردستان هه‌ڵمه‌تی هێنا و له‌ هه‌ولێر نزیكبووه‌وه‌، زۆر لایه‌نی ده‌ره‌كی به‌ هانای كوردستانه‌وه‌ هاتن ونه‌یانهێشت پێشره‌وی زۆر بكات و ئه‌گه‌ر هاتنی داعش بۆ ماوه‌یه‌كی كورت زه‌ره‌ری له‌ كورد گه‌یاندبێت و رۆڵه‌ی ئه‌م نیشتمانه‌ی شه‌هید كردبێت،  به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین كه‌ ته‌نها كرده‌وه‌یه‌كی كورت مه‌ودایه‌ و ناتوانێت تا سه‌ر له‌م ناوچه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ و، زیانه‌كانی كاتی ده‌بن و دواتر ده‌توانرێت بۆ یه‌كجاری تور بدرێن،  به‌ڵام حزبێك و كه‌سایه‌تیه‌كی نه‌رجسی به‌ چه‌واشه‌و فرتوفێڵه‌وه‌ بیانه‌وێت به‌ ناوی دیموكراسیه‌وه‌ هه‌رچیه‌ك ناوی دیموكراسیه‌ بسرنه‌وه‌ و ته‌نها ناوه‌كه‌ی له‌سیاسه‌تی نێوخۆی كوردستاندا بهێڵنه‌وه‌، چیان پێ بڵێیت جگه‌ له‌وه‌ی له‌ رووی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی میله‌تی ئێستا و ئاینده‌ی كوردستانه‌وه‌ له‌داعش خراپتر به‌سه‌ر كوردستاندا ده‌هێنن، ئه‌گه‌ر بۆیان بچێته‌ سه‌ر له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، به‌ تایبه‌تی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و باری سیاسی و ئاازادیه‌كان و دوارۆژی كوردستان ده‌خه‌نه‌ ژێر ره‌حمه‌تی بچوكترین نه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌وه‌ .
بۆیه‌. باشترین هه‌نگاو بۆ رێگه‌گرتن له‌ سه‌ركه‌وتنی  پارتی له‌م تاكه‌ ئامانجه‌ ستراتیجیه‌ی ئه‌وه‌یه‌؛ نه‌هێڵیت له‌م كاته‌دا سه‌ركێشی به‌چاره‌نوسی  میله‌ت و دوارۆژیه‌وه‌ له‌ پێناو ئامانجێكی تایبه‌تی و شه‌خسیدا بكات، نه‌ك له‌ پێناو رزگاركردنی كوردستان وه‌ك خۆی ئیدعای ده‌كات . بۆیه‌ هه‌نگاوه‌كانی پارتی له‌ رووی حزبیه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆی بچێته‌ سه‌ر، كوردستانێكی كۆناڵیكراوی نێوخۆیی دروست ده‌كات، كه‌ ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك سه‌ده‌ی ته‌واوه‌ به‌ ده‌ست بێ ده‌وڵه‌وتیه‌وه‌ ئازار ده‌چێشین و قوربانی بۆ به‌دیهێنانی ده‌وڵه‌ت ده‌ده‌ین، ئه‌وسا هه‌زار ره‌حمه‌ت له‌ زه‌مانی بێ ده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین و حه‌سره‌ت بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ناله‌بارانه‌ش ده‌كێشین  كه‌ به‌سه‌رمان بردووه‌ . جا له‌مباره‌وه‌ ئه‌گه‌ر داعش زیانه‌كانی كاتی بێت و له‌قۆناغێكی گوه‌زه‌ ردا بوو، ئه‌وا سه‌ڵته‌نه‌ت و پاشایه‌تیه‌كی كوردی بۆ چه‌ندین ساڵ ئازاری گه‌وره‌ به‌ هه‌ژارو كه‌م ده‌رامه‌تی میله‌ته‌كه‌مان ده‌به‌خشێت و زیانه‌كانی له‌وه‌ی داعش گه‌وره‌تر ده‌بێت . بۆیه‌ ده‌پرسم كامیان ترسناكترن؟ 
له‌م باره‌وه‌ قه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم كه‌ بێ ده‌وڵه‌ت و به‌ژێر ده‌سته‌یی بمێنینه‌وه‌، به‌ڵام ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی و ئازاد و عه‌لمانی و به‌یاسا و دوور له‌ ژێرده‌سته‌یی بنه‌ماڵه‌یی، جا هه‌ركه‌س و بنه‌ماڵه‌یه‌ك بێت و زامنی ماف و داخوازیه‌كانی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی گه‌لی كوردستان بكات نه‌ك كه‌سێك و بنه‌مالیه‌ك و عه‌شره‌تێك و ناوچه‌یه‌ك به‌ ته‌نها .
 ئه‌گه‌ر به‌راوردی نێوان زاڵمێك و ئه‌ویتر بكه‌یت، قه‌ت جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ره‌فتاریاندا نادۆزیته‌وه‌ و زۆر جار زوڵمی كه‌س و خه‌ڵكی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆت ئازار به‌خشتره‌ .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە