کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حوكمرانیەتێكی دیموكراتی لەبری دەهۆڵ بۆدەوڵەتێكی تۆتالیتاری

Thursday, 13/04/2017, 19:01


سەركردەی زۆرێك لە میللەتانی بندەست هەوڵ و خەباتیان بۆ رزگاركردنی نەتەوەكەیان و پاراستنی كەرامەتی رۆَلەكانی بوە، لە قۆناغی رزگاری نیشتمانی یا دوای ئەو قۆناغە. ئەگەر بە ووردی لە بریار و هەنگاوە سیاسیەكانی سەركردایەتی كورد وورد بینەوە هەر لە سەرەتای بزووتنەوەی چەكداری ئەیلولەوە بە قۆناغەكانی ئاشبە تاڵی 1975 و1988و راپەرین و روخانی رژێمی سەدام تا ئێستا، بۆمان دەرئەكەوێ‌ ئەوەی پێی بوترێ‌ ستراتیجی نەتەوەیی ونیشتمانی لای ئەو سەركردایەتیە نەبوە.
------------------------------------
من نامەوێت باسی ووردەكارییەكانی ئەو قۆناغانە بكەم چونكە زۆریان لەسەر وتراوە ونوسراوە بەداخەوە مێژوویەكی تاڵی ئێمەیە، بەڵام تەنها ووردبونەوە لە ئەدای سەركردایەتی كورد دوای 9/4/2003 ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنێ‌ كە ئەو سەركردایەتیە هەرگیز ستراتیج و بەرنامەی نەبوە بۆ مامەلەكردن لەگەڵ دۆخی نوێی دوای بەرواری ئاماژەپێكراو، چونكە لەو ساتەوە  ئێمە لەبازنەیەكی بەتاڵا دەخولێینەوە لە عێراقی دیموكرات وفدرالدا !! ئێستاشی لەگەلدابێ  بە شێوازێكی سیاسی ویاسایی ئامانج وداوا رەواكانی كورد  بۆ عێراقی نوێ‌ گەڵالە نەكراو بەروونی نەخرایە بەردەم لایەنی بەرانبەر، بەپێچەوانەوە لەژوورە تاریكەكان وكۆبونەوە داخراوەكان كرانە قوربانی پارەو پۆستە كارتۆنیەكانی بەغدا. دەستوری ساڵی 2004 پەسەندكرا لەگەڵ ئەوەی بە مادەی(53/أ) ناوچەیەكی زۆری لە هەرێمی كوردستان دابری و بون بەناوچەی كێشە لەسەر، بەم پێیە رووبەرو و سنوری هەرێم  كەمتركرایەوە لەوەی لە یاسای ئۆتۆنۆمی ژمارە(33) ساڵ 1974دیاریكرابو، مادەی 58 یش بۆ هەڵخەڵەتاندن خرایە ناو ئەو دەستورە كە تا ئێستا دوای زیاتر لە 13 ساڵ هەنگاوی یەكەمی جێبە جێ‌ نەكراوە لەو سێ‌ هەنگاوەی تیایدا دیاریكراون. جارێكی تر هەمو ئەمانە لە دەستوری 2005 سەپێنرانەوە كەچی لایەنی كوردی زۆر بەگەرمی پشتیوانی لە پەسەندكردنی ئەو دەستورە دەكرد لەبری پێداگیری وهەڵوەستەكردن لە سەر یەكلاییكردنەوەی سنوری هەرێم. لەو رۆژەوە كورد بەشێوەی دامەزراوەیی ویاسایی روونی مامەلەی لەگەڵ بەغدا نەكردوە بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵكو لەسەر ئاستی شەخسی وحیزبی بوە ، بێئەوەی خەڵكی هەرێم یا نوێنەرەكانی لە پەرلەمان ئاگاداری ئەو كەین وبەینانەبن. بۆیەش تا ئێستا هەمو كێشەدروستكراوەكان بەهۆكاری بەغداوە بێ‌ یا هەرێم بە ناروونی وهەڵواسراوی ماونەتەوە بێ‌ چارەسەر. بەهەمان شێوەش پەیوەندی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەرودراوسێ‌ بەناشەفافی بەرێوەچوە، بەڵام لەهەمو ئەو پەیوەندیانەدا لایەنی هەرێم كەخودی حزبەكانن وەكو مەقاش بەكارهێنراون بۆ خزمەتی بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە، بۆیە دەكرێ‌ بڵێین زۆربەی ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ دەرو دراوسێ‌ یا وڵاتانی تر بە قازانجی كورد نەشكاوەتەوە. 
     دەربارەی شێوازی حوكمرانیش لەهەرێم، هەرچەندە بەرواڵەت ودروشمی بریقەدار هەوڵ دەدرێ‌ بە حوكمرانیەتێكی دیموكراتی وپێشكوتوخواز پەردەپۆشبكرێ‌، بەڵام لەراستی و واقیعدا  هەرچی بنەمای   دیموكراتیە بزرە تیایدا. چونكە ئیرادەی حیزب وبنەماڵە حوكمرانە نەك هی خەڵك، هەڵبژاردن جگە لەشانۆگەرییەك چیتر نیە، لەژێر سایەی حوكمی شمولی و حیزبدا هەڵبژاردن درۆیەكی شاخدارە(سەدام حسین) یش 99% دەنگی خەڵكی بەدەست دێنا لە راپرسیەكان !!  حیزبەكەی (حوسنی مبارەك) یش پێش دەركردنی بە چەند مانگێك زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمانی بەدەست هێنا !!. هەڵبژاردن بۆ دەساودەسكردنی دەسەڵات تەنها لە ژێر سایەی حوكمی دیموكراتی راستەقینە بایەخی خۆی هەیە  لە چوارچێوەی دەوڵەتی دامەزراوەیی، كە تیایدا یاسا حوكمران بێ‌ بە سەر هەمواندا بە حاكم ومەحكومەوە، نەوەك یاسا تۆرێك بێت تەنها ماسیە بچوكوكان پێوەی گیرۆدە بن. لە سایەی ئەزمونی 26 ساڵی ئەو حوكمرانیەتە، هەمو كایەكانی ژیانی ئەو هەرێمە رووەو دارمانن وەك، كشتوكال، تەندروستی، پەروەردەوخوێندن، پیشەسازی، ئاوەدانكردنەوە،دادوەری، كارگێری....هتد، وە لەسایەی ئەو حوكمرانیە شكستخواردوەدا ئەمرۆ زۆرینەی خەڵكی هەرێم خراوەتە دۆخێكی ناهەموارەوە لە هەمو كایەكان، بەشێوەیەك بێزاری تەواوی چین وتوێژەكانی گرتۆتەوە(كاسبكاران، مامۆستایان، خوێندكاران، فەرمانبەران، كرێكاران، پێشمەرگە، خانەنشینان....هتد)، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەمەبەست  وبەدەستی ئەنقەست دروستكراوە ، مووچە بوە بە( قوتی لایەموت) كاروبازار وەستاوە، لە كاتێكدا بۆ خۆیان هەروەك جاران داهاتی وڵات تەخشان وپەخشان دەكەن، چونكە داهاتی هەرێم بەهەمو حساباتێ‌ بۆی بكەی بەو شێوەیە كەمی نەكردوە، هەروەها لەو دیو سنوری هەرێمەوە بۆ عێراق  باروگوزەرانی خەڵك وەك خۆیەتی نە مووچە كەمكراوەتەوە  نەبازاریش پەكی كەوتوە، لێرەو لەوێش جیاوازیەكی ئەوتۆ نیە تا خەڵك لێرە بەو دەردە ببرێ‌، داهاتی هەر دولا نەوتە گەر بەهانە دابەزینی نرخی نەوت بێ‌ شەری تیرۆریش لەوێ  گەرمترە. 
     لێرەدا دێمە سەر مەبەستی ناونیشانی بابەتەكەم ودەپرسم گەر ئەمە شێوازی حوكرانیەت بێ بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و جۆری مامەلەكردن وپەیوەندی بێ‌ لەگەڵ بەغداو وڵاتانی دراوسێ‌ ودونیا، ئایا پرسی سەربەخۆیی وجاردانی دەوڵەت لەورێنەكردن و موزایەدەی سیاسی بەولاوە شتێكی تر هەیە !! چونكە ئەو كارە پێداویستی و ئامادەباشی خۆی دەوێت بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لە قسەو لێدوان بەڵاوە چیتر نەكراوە، قسەش ناچێتە گیرفانەوە و حەمامیش بەهین گەرم نابێ‌ !!، دامەزراندنی دەوڵەت پێویستی بە پشتیوانی هاوڵاتیان و وڵاتانی زلهێزە ، كاتێ‌ هاوڵاتیان تا ئەوپەری بێزاربن لەو شێوە حەكمرانیەتەو لە خراپترین دۆخدا گوزەران بكەن  مەحاڵە ئامادەی پشتیوانی وەها هەنگاوێك بن، لەو زۆنەی هەرێم كە تا ئاستێك هەڵبرینی دەنگی نارەزایی رێگە پێدراوە، زۆرینەی هاوڵاتیان ماوەیەكی باش هاتنە سەر شەقام وخۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجامدرا  دژی حوكمرانیەتی شكستخواردوی هەرێم، بە شێوەیەك كە هاواریان بۆ گەرانەوەی (عەبادی) دەكرد !!، لە كەركوكی قودس و دڵی كوردستانیش !! ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی سەر بەئیدارەی هەرێم بون لە گردبونەوەو خۆپیشاندانەكانیان داوای (گەرانەوەیان بۆ سەر بەغدا دەكرد) !!، ئەو دووحالەتە بە ئاشكرا واتای رەتكردنەوەی شێوازی حوكمرانیەتێكە كە چارەكە سەدەیەكە وەك حوكمی بنەماڵەیی خۆی سەپاندوە لەلایەن زۆرینەی هاوڵاتیانی كوردەوە لەناو هەرێم ودەرەوەیدا، جا ئەو حوكمرانیەتیە لە چواچێوەی هەرێمێكی فدرال بێ‌ وەك حاڵی ئێستامان یا لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە بێت كە تەنها بۆ موزایەدەی سیاسی  ناوبەناو دەوروژێنرێ‌ ئەگینا خۆشیان باوەریان وایە كە خەونی شاعیرانەیە !!. لەلایەكی ترەوە ئێمە خاوەنی سوپایەكی نیشتمانی رێكخراو وتۆكمەی پر چەك نین بتوانین پشتیوان بەهێزی خۆمان وڵاتمان بپارێزین بێ‌ هاوكاری ئەم وئەو، ئەزمونی شەری ئەو چەند ساڵەش لەگەڵ داعش و هاتنە ناوەوەی وڵاتانی دراوسێ‌ بۆ ناو هەرێم سەلمێنەری ئەو راستیەن. گەر بێینە سەر باسی سیاسەت و پشتیوانی وڵاتانی زلهێز بۆ پرۆسەی جیابونەوەو سەربەخۆییمان تا ئێستا زۆربەی لێدوانەكانی بەرپرسانی سیاسی وسەربازی ئەو وڵاتانە جەخت لەسەر یەكپارچەیی سەروەری وخاكی عێراق دەكەنەوە، هەتا رۆژێك بە ناراستەوخۆ یا شاراوەیئاماژەیەكیان بەو بابەتە نەداوە كە ئەو برادەرانە هەراو زەنای بۆ دەكەن !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە