مەترسییەکى زۆر گەورە بۆ سەر دەڤەرى گەرمیان
Wednesday, 12/04/2017, 19:15
دەڤەرى گەرمیان ناوچەیەکى زۆر فراوانە و پێش ئەوەى دانیشتوانەکەى ئەنفال و کیمیاباران بکرێن ، سەدان گوند و شارۆچکەى لە خۆدەگرت . هاوڵاتیانى دەڤەرى گەرمیان زۆر شۆڕگێڕو دڵسۆ ز و ماندو هیلاک و نان بدە بون و گەورەترین پشتیوانى شۆڕشى نوێی گەلەکەمان بون بە ڕابەرایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و ئەو دەڤەرە بە لانکى شۆڕش دەناسرا . ئەم دەڤەرە خاوەنى هەزاران شەهیدى پێشمەرگەو دەیان هەزار شەهیدى ئەنفال و کیمیا باران بوەو دوچارى گەورەترین مەینەتى بونەوە .
ئەوەى زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژەى بۆ بکەم کە بەدەگمەن کەسێک لەو دەڤەرە هەبوە پێشمەرگەى حیزبى تر بوبێت . کەواتە بەو پێو دانگە بێت خەڵکى ئەو دەڤەرە زۆریان بەسەر یەکێتیەوە هەیەو دەبێ یەکێتى نیشتمانى هەمیشە خۆى بە قەرزدارى ئەو دەڤەرە بزانێت . بابزانین یەکێتى لە ماوەى 25 ساڵى حکومڕانیدا کە خۆى شەریکى حکومەت بوە چ هەنگاوێکى ناوە بۆ ئاوەدانکردنەوەى ئەو دەڤەرەو ئایا کارێکى شایستەى بۆ هاوڵاتیانى ئەو دەڤەرە کردوە لە ئاستى گەورەی و دڵسۆزى هاوڵاتیانى ئەو دەڤەرەدا بوبێ ؟ .
بە داخەوە نە حکومەت و نە یەکێتى پاداشتى ماندوبونى ئەو خەڵکەیان نە داوەتەوە. گەرمیان دەڤەرێکى وشکەو ناوچەیەکى کشتوکاڵى نییەو بەرهەمى ئەو دەڤەرە تەنها بەرهەمى دانەوێڵەو حەیوانییە . ناوچەکەش بە جۆرێک ئاوەدان نەکرایەوە کە هاوڵاتیان بگەڕێنەوە شوێنەکانى خۆیان و پێشەى پێشویان دەست پێ بکەنەوە . خۆشبەختانە لە دەڤەرى گەرمیان نەوت و غاز دۆزرایەوەو کۆمپانیاى داناغازى ئیماراتى دەستى کرد بە گەڕان و نەوت و غازى زۆرى دۆزیەوە . هاوڵاتیان چاوەڕوانى ئەوەبون ئەوە ببێتە خێرو بەرەکەت بۆیان و دەڤەرەکەیان ئاوەدان ببێتەوە .
بەڵام مەخابن وادەرنەچوو . لە برى دامەزراندنى خەڵکى فەقیر و هەژار بەرپرسەکان خزم و کەس و کارە نزیکەکانى خۆیان دامەزراند لەو کۆمپانیانە و هیچ بەرنامەیکیش نەبوو بۆ ئاوەدان کردنەوەى دەڤەرەکە . لەم دوایەدا بە هۆى ئەوەى لەناو یەکێتى ناوەندى بڕیار نەماو سەرکردە باڵاکانى حیزب خەرێکى خۆدەوڵەمەند کردن و کۆکردنەوەى سامان بون و بیریان لە بەرژەوەندى یەکێتى نەدەکردەوەو بەو هۆیەوە پارتى بوو بە خاوەنى دەسەڵات و هەموو جومگەکانى دەسەڵاتى گرتە دەست و دەڤەرى زونى سەوزى پشت گوێ خست و هیچ پارەیەکى تەرخان نەکرد بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکەو بەو هۆیەوە پارتى پێگەى خۆى لە دەڤەرى سەوز بەهێز کرد.
سنوورى گرێبەستەکەى داناغاز ناوچەیەکى فراوانى دەگرتەوەو چەمچەماڵیشى لە خۆ دەگرت وەکو دەڵێن بەحرێکى غازى لێیە. بەرنامەى دانا غاز ئەوەبو شارێکى غازى لە نزیک چەمچەماڵ دروست بکات و 3000 هەزار میگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت و کۆمپانیایەکى پیترۆکیمیایی دروست بکات بۆ بەرهەمهێنانى بەنزین ، نەوتى سپى ، کازوایل ، قیر ، ڕۆنى سەیارەو بە دەیان جۆر بەرهەمى پلاستیکى . لە هەنگاوى یەکەمدا بڕى 10 ملیار دۆلارى بۆ ئەو کارانە تەرخان کردبوو ، دیارە لە داهاتودا کۆمپانیاکە گەورەتر دەبوو . خۆ ئەگەر ئەوە بکرایا ئەوە سەرتاپاى ناوچەکە دەبوژایەوەو بێکارى نەدەماو ڕێگاو بان دروست دەکران و دەبو بەغدا کارەبا لە هەرێمى کوردستان بکڕێت و دەڤەرى سەوز دەبوو بە خاوەنى پێگەیەکى ئابورى بەهێز و ژێرخانێکى ئابورى پێشکەوتو . ئەو کاتە چاوى لە دەستى پارتى و بەغداش نەدەبوو ، پێویستى نەدەکرد دەست لەکەس پان بکاتەوە . بەڵام پارتى ئەوەى بە مەترسى دەزانى بۆسەر دەسەڵاتى بنەماڵەى بارزانى و هەر زوو ڕێگرى لەو کارە گرت و پرۆِژەکەش ئەنجام نەدراو گومانى تێدا نییە یەکێتى تاوانبارەو بە بڕیارەکەى پارتى ڕازى بوە .
پارتى هەر ئەوەى نەکردوە بەڵک و ڕێگاشى لە داناغاز گرتوە بە دواى دەرهێنانى نەوت و غازدا بگەڕێت و تەنانەت لە نزیک چەمچەمال َ غاز خۆى دێتە دەرەوەو پارتى ڕێگاى نەدا دانا غاز بەرهەمى بهێنێت . لەوکاتەوە دانا غاز سکاڵا لەسەر حکومەتى هەرێم تۆمار دەکات لە دادگاى نێو دەوڵەتى کە بارەگاکەى لە لەندەنەو تا ئێستا دانا غاز چەندین ملیار دۆلار قەرزى کردۆتە ماڵ بەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەکو دەڵێن واخەریکە زیاتر لە 10 ملیارى تریش بکاتە ماڵ بەسەر حکومەتى هەرێم .
بەڵام سەیرەکە لەوەدایە پارتى باکى بەوە نییە هەرێم چەند قەرزدار دەبێت و دەیەوێت داناغاز ناچار بکات دەست بەردارى گرێبەستەکە ببێت و ئەو کات چەند پارەى بوێت دەیداتى و خەمى نابێت چونکە لە گیرفانى هاوڵاتیان دەردەچێت . پارتى بۆچى ئەم کارە دەکات ؟. پارتى چۆن دەستى گرتوە بەسەر نەوتداو بە تاڵانى دەبات و کەس ئاگاى لە حساب نییە ، دەیەوێت کۆمپانیاى تورکى بهێنێت و ببێتە شەریک لەگەڵیان ، چونکە داناغاز پارتى ناکاتە شەریکى خۆى . بەڵام پارتى پێشتر ئەمەى بۆ نەدەکرا چونکە سنورى زونى سەوز بوو . ئەم کارە پێویستى بە ڕەزامەندى بەرپرسانى یەکێتى دەبێت. دواجار خەونەکەى پارتى هاتە دى و دەلاقەیەکى خستە ناو سەرکردایەتى یەکێتییەوەو بەشێکى لێکڕین و بەلاى خۆیدا بردنى و بەو هۆیەشەوە شێواویەکى گەورەشى بۆ یەکێتى دروست کرد . ئێستا دەڵێن : پارتییەکانى ناو یەکێتى ، دواکەوتوەکانى پارتى . سیاسەت وا سوک بوە دەڵێن: جاران دەستەواژەى ڕەدوکەوتن بۆ دیاردەى کۆمەڵایەتى بەکار دەهات ، بەڵام ئێستا بۆتە پیشەى سیاسەت مەدارە گەندەڵ و تاڵانچییەکان .
ئەوەتا هەندێک لە ئەندامانى مەکتەبى سیاسى یەکێتى سەرەیان گرتوە بۆ ماستاو کردن و پیشاندانى ئیخلاسیەت بۆ جەنابى بارزانى و یەک و دوو دەچنەوە ماڵى باوان . سەرتان نەیەشێنم ئەوەتا ئەخبار بڵاو بۆتەوە کە حکومەتى هەرێم ، بەڵام نە حکومەتمان هەیەو نە پەڕلەمان و نەکەسیش گەڕاوەتەوە بۆ لاى کەل و پارتى تاک لایەنە بە ناوى حکومەتەوە گرێبەستێکى لەگەڵ کۆمپانیاى ( گەنەڵ ئێنەرجى) ئیمزا کردوە بۆ دەرهێنانى غاز لە گیڵگەى میران لە نزیک شارى چەچەماڵ . گوایە ئەم گرێبەستە لە ساڵى 2017 ئیمزاکراوە .
گومانى تێدا نییە قوباد تاڵەبانى کە بەناو جێگرى سەرۆکى حکومەتەو نوێنەرى زونى سەوزە ، هەرچەندە لە هیچ شتێکى تر ئاگادار نییەو پرسى پێناکرێت بەڵام لەم کارەدا پرسى پێدەکرێت و ئیمزاشى پێ دەکەن لەسەر گرێبستەکە چونکە مەبەستیانەو گرێبەستەکە وەکو حکومەتى هەرێم شەرعیەت وەردەگرێت و ناَلێن پارتى بە تەنها ئەمەى کردوە . ئەگەر قوباد تاڵەبانى کوڕى مامجەلال نەبوایا یەک دڵۆپ عەرەقى نەکردوە چۆن لەسەر حسابى خوێنى شەهیدان دەبێتەجێگرى سەرۆکى حکەمەت ؟. ئەگەر لە لەندەن بوایا ئەوپەڕى فەرمانبەرێک دەبوو . دەبوو بەیانى زوو بە تاریکى بچێت بۆ کار و سەعات چوارى ئێوەرە دەست لەکار هەڵگرێت و بە سەعاتێکیش بگاتەوە ماڵەوە . ئێستا ئەگەر پارتى مانگانە لەبرى شاردنەوەى داهاتەکان یەک ملیۆن دۆلارى لەسەر حسابى خوێنى شەهیدان بۆ بخەنە سەر حسابەکەى ، نەک ناڕازى دەبێت زۆریش مەمنون دەبێت . لێی بپرسن دەربارەى جادەو بانەکانى هەولێرو سلێمانى ئەوانەى هەولێر بە پارەى کێ ئەنجام دەدرێن و بۆچى هەر سلێمانى قەیران دەیگرێتەوە ؟. بۆیە با هاولاِتیانى دەڤەرى سەوز باش بزانن قوباد تاڵەبانى نوێنەرى خەڵک نییەو نوێنەرى خۆیەتى و ئەمیش لاسایی بنەماڵەى بارزانى دەکاتەوەو خۆى بە نوێنەرى بنەماڵە دەزانێت نەک میللەت و کار بۆخۆى دەکات نەک هاوڵاتیان . ئەمە ڕاستییەو ئەگەر وانییە یەکێتى خاوەنى دەریایەک لە خوێنى شەهیدانەو کەسى تێدا نییە لە قوباد تاڵەبانى شارەزاتر . ئەوەتا دوو مناڵ یەکێکیان سەرۆکى حکومەت و ئەوى تریان جێگرى سەرۆک ئەم هەرێمەیان وێرانکرد.
هاوڵاتیانى خۆشەویست و بەڕێز : کاتى ئەوە نەماوە لە ژێر پەردەو بە منگە منگ و پێچ و یەنا قسە بکەین . هەرێمى کوردستان لەبەر دەم مەترسى گەورەدایە . ئەوەتا مافیاکانى ئەم هەرێمە بەناوى حکومەتەوە سامانى ئەم وڵاتەیان تاڵان کرد . پارتى هەموو نەوتى کوردستانى خستۆتە ژێردەستى تورکیاو خەریکە بە شەریکى لەگەل َ هەندێک لە تاڵانچییەکانى ناو یەکێتى غازەکەش بکەن بە موڵکى تورکیا لە پێناوى بەرژەوەندى خۆیاندا .
ماوەتەوە ئەوەى رو بکەمە هەموو تێکۆشەر و نەوەکانى دەڤەرى شەهیدو ئەنفاڵ . ڕودەکەمە هەموو ئەوانەى کە دڵسۆزى ئەم گەل و نیشتمانەن ، کاتى ئەوە هاتوە دەنگى ناڕەزایی بەرز بکەنەوەو بەرەنگارى مافیاکان ببنەوە . دەرکەوت نە سەرانى یەکێتى و نە پارتى لە خەمى ئێوەدانین . ئەگەر خۆتان بەرگرى لە خۆتان نەکەن و داواى مافى خۆتان نەکەن بە ئومێدى کەس نەبن مافى ئێوە بپارێزێت و لێتان بپرسێتەوە .کاتى ئەوەیە هەموو خەڵکى گەرمیان و چەمچەماڵ هەرچى ئینیمایەکى حیزبیشیان هەبێت یەک بگرن و ڕێگا نەدەن غازەکەیان بە تاڵان بەرن . بڕوابکەن نە پارتى داهاتى ئەم غازە دەداتە پارتییەکان نە یەکێتیش داهاتى ئەم غازە دەداتە یەکێتییەکان و دزیش هەر دزە . هرکەسێک بێت . داوا ئەو یەکێتیانە دەکەم کە دژى بۆچونى ئەوانەن کە چونە باوەشى پارتییەوە ، پشتیوانى لە خەڵکى گەرمیا بکەن و نەهێڵن ئەو غازە بە تاڵان ببرێت .
ئەگەر ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە لە خەمى خەڵکى گەرمیاندایە لە برى ئەوەى کۆمپانیاى تورکى بهێنێت بۆ تاڵانى غازەکەیان ، با ڕێگا بدات کۆمپانیاى داناغاز دەست بە کارەکانى بکاتەوەو ڕێگرى لێ نەکات لە فراونکردنى کارەکانى و داواى لێبکەن پڕۆژەى شارى غازى و کۆمپانیاى پیترۆکیمیاویەکە بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوەو دڵنیابن داناغاز واز لەو قەرزانەش دەهێنێت کە کردونى بە ماڵ بەسەر حکومەتى هەرێمەوە . دەبێ هەموو لایەک باش بزانن مەترسى گەورە لەسەر هەموو خەڵکى کوردستانە بەگشتى و دەڤەرى گەرمیان بە تایبەتى . ئاخر ڕەوایە خەڵکى یەک دینارى لە غازى ناوچەکە دەست نەکەوێت و ئاوى خوارنەوەشى نەبێت و دەیان ملیار دۆلاریش قەرزداببن؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست