کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


مەسعود بارزانی لەمپەری سەرەکی دەوڵەتی کوردییە

Monday, 10/04/2017, 15:36


بەشێک لە کێشە فەلسەفییەکان لە 'نێو'ی دیاردەکاندا شاراوەن. ئەو شتەی کە دەکرێ وەکوو 'گێژاوی نێوەکان' ناودێر بکرێت، هەندێک جار تەمومژێکی خەست دەخاتە سەر دیاردەکان و دەرفەتی لێ تێگەیشتنیان هاستەنگ دەکات. لە دۆخێکی ئاوادا، بۆ ئەوەی کە لە دیاردەکان تێبگەین، پێویستە خۆمان لە نێوی دیاردە و گێژاوی نێوەکان بپارێزین و سەرنج بخەینە سەر 'خۆدی' دیارە و دانە پێکهێنەرەکانی. 
یەکێک لەو چەمکانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا باسوخواسی زۆری لەسەر کراوە چەمکی دەوڵەتە. سەرەڕای بەڵگاندنی جیاواز لەسەر دەوڵەت، کەچی گێژاوی نێوەکان تێگەیشتنی لەو دیاردەیە ئاستەنگ کردووە. ئەمەش، بە سێرەی خۆی، بووەتە هۆی ئەوەی کە کەسانێکی وەکوو سەرۆکی ماوە-بەسەرچووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، چەمکی دەوڵەتی کوردی وەکوو ئامرازێک بەکار بێنن بۆ بڵاڤۆکاندن و پڕۆپاگەندەی سیاسی تایبەت. 
بە باوەڕی من، بۆ ئەوەی شرۆڤەیەکی بابەتی لەسەر چەمکی دەوڵەت پێشبخەیەن، پێویستە خۆمان لە گێژاوی نێوەکان و ڕەهەندەکانی پێوانەیی (normative) ئەو دیاردەیە بپارێزین و، سەرنج بخەینە سەر خۆدی دەوڵەت و دانە پێکهێنەرەکانی. مەبەست لە ڕەهەندەکانی پێوانەیی ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو دیاردەیە باشە یا خراپ، پێویستە یا پێویست نییە و، دەبێ هەبێت یا نا. چونکە ڕەهەندەکانی پێوانەیی، لە پلەی یەکەمدا، گرێدراوی پێکهاتەی دەروونی مرۆڤەکان و، لە پلەی دووهەمدا، بەستە بە چۆنییەتی بەکارهێنانی دیاردەکەن. بۆ وێنە، ئەگەر چەقۆیەک مرۆڤێکی پێ بکوژرێت، ڕەنگە وەکوو شتێکی خراپ سەیر بکرێت. لە هەمان کاتدا، ئەگەر مرۆڤێکی پێ بپارێزرێت وەکوو شتێکی باش دەبیندرێت.
لێرەدا، با خۆمان لە ڕەهەندەکانی پێوانەیی بپارێزین و سەرنج بخەینە سەر خۆدی دەوڵەت کە دانە پێکهێنەرەکانی بریتین لە:
پاڕلمان یا باڵی زاگۆندانان، حکوومەت یا باڵی جێبەجێکردن، دادگەکان یا باڵی چاودێرکردن، سوپا یا باڵی پاراستن، پۆلیس، ڕێکخراوەی هەواڵگری و، گرتووخانەکان.
بۆ ئەوەی خۆمان لە گێژاوی نێوەکان بپارێزین، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە هیچ یەک لەو نێوانە ڕەها نین و، لە بری هەر کامیان دەکرێ وشەی دیکە بەکار ببرێت. بۆ وێنە، لە بری پاڕلمان، دەکرێت کۆنگرەی نەتەوەیی، کۆڕگەی نەتەوەیی، جڤینگەی گشتی، مەجلیس یا هەر نێوێکی دیکە بەکار بێت. هەروەها، لە بری دەستەواژەی حکوومەت، واتە ئەو دیاردەی کە هەر چوار ساڵ جارێک دەگۆڕێت، دەشێ نێوێکی دیکە بەکار ببرێت. بەڵام ئەگەر بۆ ئاسان بوونەوەی باسەکەمان، ئێمەش نێوە باوەکان بەکار ببەین، دەتوانین بەو شێوازەی خوارێ پێناسەیەکی بابەتی لە دەوڵەت گەڵاڵە بکەین:
دەوڵەت یانی پاڕلمان، حکوومەت، دادگەکان، سوپا، پۆلیس، هەواڵگری و گرتووخانەکان.  
بێگومان، ئەم دامەزراوانە دەکرێ دیموکڕاتیک بکرێن و دەشکرێ نادێموکڕاتیک بن، دەکرێ کاری باشیان پێ بکرێت و دەشکرێ نوێنەری کاری خراپ بن. بەڵام بە پێی ئەوەی کە ڕەهەندەکانی پێوانەیی مژاری باسەکمان نییە، خۆمانیان لێ دەبوێرین. ئەوەی کە سەرنجی دەخەینە سەر کارنامەی مەسعود بارزانی و کۆی ئەزموونی باشووری کوردستانە؛ بزانین لە پێناو دروستکردنی ئەم دامەزراوانەدا چییان کردووە.
هەر وەک دەزانین، لە ساڵی ١٩٩٢ەوە هەتا ئێستا، دوو حیزبی باندەستی باشووری کوردستان نەیانتوانیوە سوپایەکی نەتەوەیی دامەزرێنن و، هەر حیزبێک پێژمەرگەی خۆی هەبووە. لەوەش خراپتر، پەروەردە نەکردنی هێزی پێژمەرگەیە بە مێتۆدی مۆدێڕنی شەڕ. هەموومان بینیمان کە پاش هێرشی داعش بۆ شەنگال، چۆن پێژمەرگەی پارتی بە بەرچاوی دیمەنگر و کامێراکانەوە ڕای کرد و شەنگالی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی بەجێ هێشت.
پاش ئەوەی کە  لە ساڵی ٢٠١٣ دا خولی حکوومەتکردنی پارتی بەسەر چوو، دەبوایە مەسعود بارزانی وازی لە دەسەڵات هێنابایە و بواری حکوومەتکردنی بە حیزبەکانی دیکەش دابایە. بەڵام ئەو کارەی نەکرد و بەزۆرەملێ بۆ ماوەی دوو ساڵ خۆی بەسەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دا سەپاند. 
پاش ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٥دا دوو ساڵەکەی مەسعود بارزانی تەواو بوو و، پاڕلمانی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو حکوومەتکردنی پارتی بۆ دوو ساڵی دیکە درێژ بکاتەوە، ئەو جار پارتی پاڕڵمانیشی لە کار خست. 
واتە، هەتا ئێستا، مەسعود بارازانی بووەتە ئاستەنگکرنی سێ دانە لە جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەت کە بریتین لە سوپا، پاڕڵمان و، حکوومەت.
پتر لەوەش، سەرەڕای ئەوەی کە هەر دوو حیزبی باندەست خاوەن دادگە و گرتووگە و دەزگای هەواڵگری جیاوازی حیزبین، بەڵام هەتا ئێستا هەوڵێکی ڕژدیان نەداوە بۆ تێکهەڵکێشان و نەتەوەییکردنی ئەو دەزگا حیزبییانە. 
لەوانەش خراپتر، پارتی سیاسەتێکی زۆر نانەتەوەیی و خێڵەکی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەت لەگەڵ ڕۆژاوا و باکوور دا گێڕاوە کە مژاری باسەکەمان نییە. بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەیەکی نەتەوەییدا هەڵسووکەوتی لەگەڵ ئەو دوو بەشەدا کردبایە، بێگومان هێز و یارمەتی پەکەکە و پەیەدە دەبوون بە پاڵپشتی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان. 
نەتەنیا پارتی هیچ یەک لەو هەنگاوانەی هەڵنەگرتووە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکییە لە دروستبوونی قەیرانەکانی هەیی باشووری کوردستان؛ ئەو قەیرانانەی کە بە ئامانجی دیزە-بە-دەرخۆنەکردنیان، مەسعود بارزانی پەنای بردووە بۆ بانگەشەی گشتپرسیی دەوڵەتی کوردی.  
لە کۆتاییدا، ئەگەر باشووری کوردستان بەڕاستی هەڵوەدای ئازای و سەربەخۆیی یەکجارییە، پێویستە لە یەکەم هەنگاوا لەمپەری سەرەکیی ئەو ڕێگایە، واتە مەسعود بارزانی و هەر چەشنە چەمک و پێکهاتەیەکی خێڵەکی، چارەسەربکات.
کاردۆ بۆکانی، مامۆستای پێشووی زانکۆی دوبلنی ئیرلەندا لەبواری فەلسەفە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە